زۆنی نەگبەتی
لوقمان غهفور
2019-05-28   1864
ئێران، نەئەھێڵێت باشوری کوردستان حکومەتێکی باشی ھەبێت. نەئەھێڵێت ئەو زۆنی سەوزو نیلیو ڕەنگاوڕەنگە بەئارامی شەوو ڕۆژ بکاتەوە.
ھەندێک کەس وا تێدەگەن کە ئەوەی ڕوودەدات پەیوەندی بەدژایەتی بنەماڵەی بارزانییەوە ھەیە. بەڵام وا نییە! یارییە ڕوکەشەکە وا نیشاندەدرێت کە بەشێک لەحزبەکان دژی بنەماڵەی بارزانیو ئەو پێدرێژکردنەین. بەڵام ناوەڕۆکی کێشەکانو ھەمو گرێکوێرەکە "ئێران"ە، تا زۆنی ڕەنگاوڕەنگ لەباوەشی ئێران نەیەتە دەرەوە، ئەو ناوچەیە ئیسراحەت ناکات.
با ڕوونتری بکەمەوە جیاوازی ئێستا لەگەڵ ٢٠١٠ چییە؟! سەرۆکی ھەرێم لای پارتی بوو ئێستاش لای پارتییە. سەرۆک کۆماری عیراق لای یەکێتیی بوو، ئێستاش لای یەکێتییە. سەرۆکی پەرلەمان لای یەکێتی بوو ئێستاش لای یەکێتی دەبێت بەپێی ڕێکەوتنەکە. جێگری سەرۆکی پەرلەمان لای پارتی بوو ئێستاش لای پارتی دەبێت بەپێی ڕێکەوتنەکە. سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ھەرێم لای پارتی بوو ئێستاش لای پارتییە. بەپێی ڕێکەوتنەکە جێگری لای یەکێتی دەبێت. ئەگەر جوان سەیری پێکھاتە و ھەیکەلی حکومەت بکەین و بزوتنەوەی گۆڕان لە پۆستەکان بھێنینە دەرەوە. ھەمان دیکۆری ساڵی ٢٠١٠یە بەھەندێک ڕتووشەوە. کەواتە ئەو ئەنارکییەی دروستکراوە، تەنیا پەیوەندی بەوەوە ھەیە ئێران نایەوێت حکومەتی ھەرێم بکەوێتە سەر پێی خۆی کە ئەویش پەیوەندی بەو ئابلوقە ئابورییەوە ھەیە کە ئەمریکا خستوویەتییە سەر ئێران. ئێران نایەوێت نەوت و گازی ھەرێم ببێت بە بەدیلی نەوت و گازی ئێران بۆ ناوچەکە. بە کورتی دیوە روکەشەکەی سیاسەت لەزۆنی ڕەنگاوڕەنگ وایە کە دژی پێدرێژی بنەماڵەی بارزانین، بەڵام ئەوەی لەناواخندا ھەیە، شتێکی ترە، ئەوەیە ئێران نایەوێت حکومەتی ھەرێم پێکبێت و سەقامگیری بکەوێتە ناوچەکە.
ھەفتەی پێشوو وتارێکی نووسەری ئەمریکی ترودی ڕوبن - م خوێندەوە کە ئەم نووسەرە زۆر لەسی ئای ئەیە- وە نزیکە و جولەکەیە، نوسیویەتی و دەڵێت:"پێویست ناکات ئەمریکا و ئیدارەی ترەمپ خۆی لەگەڵ کوردەکان سەرقاڵ بکات چونکە ئەوانە دوێنێ ھاوپەیمان بوون ئەمڕۆ بوون بە بەشێک لە ئەجێندای ئێران"، ھەروەھا دیڤد برۆککس ستوونوسی واشنگتۆن پۆست چەند ڕۆژێک لەمەوبەر دەڵێت:"ئیتر نابێت ئەمریکا کوردی عیراق بەھاوپەیمان دابنێت، چونکە ئەوان دۆستایەتی ئێرانیان پێ باشترە!" دەشێت ئەم قسانە بۆ سیاسییەکی باشوری بکەیت پێکەنینی پێی بێت، بەڵام ئەمانە قسەی گاڵتەوگەپ نین. ئەمانە قسەی جددی نوخبەی ئەمریکین.
لەلایەکی دیکەوە ئێران چۆن خۆرھەڵاتی کوردستانی خەساندووە لەھەموو ھەستێکی کوردایەتی، دەیەوێت زۆنی ڕەنگاوڕەنگیش بەھەمان ڕیتم ژیان بەڕێکات. خۆ ئەگەر ھەر گۆڕانکارییەکیش لەناوچەکە لە ٢٠٢٠ ڕووبدات ئەوە یەکەم بڕیشکی ئاگرەکە بەر ئەو زۆنە دەکەوێت، دواتریش کەس خۆی لەو ماڵوێرانییە ناکات بە خاوەن وەک چۆن ئەو ماڵوێرانیەی لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ ڕوویداو کەس خۆی نەکرد بە خاوەنی.
چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لەڕاپۆرتێکی دورودرێژدا خوێندمەوە کە ئەمریکا ژمارەیەکی زۆر بنکەی سەربازی و ئەمنی ئێران-یان لە باشووری کوردستان دەستنیشانکردووە. ڕەنگە قسەی نێو ڕاپۆرتەکە ھەمان قسەکەی مەلا بەختیار بێت کە ئەڵێت ئەمریکا فشارمان لێدەکات دژی ئێران بین. ئەوە فشار نییە ئەوە پەیامە پێتاندەڵێت ئەو ھەموو بنکە سەربازیی و ئەمنییەی ئێران چی ئەکات لای ئێوە، ئەگەر ئەمە بۆ شێواندن و فەوتاندنی ھەرێم نەبێت و چ مەھامێکی تری لە پشتەوەیە.
ئەگەر لە زۆنی ڕەنگاوڕەنگ ھاووڵاتیانی ئاسایی سڕ و گێژووێژ کرابن بە ھەندێک دروشمی لابەلا، ئەوا ئەمریکا ھەڵناخەڵەتێت، ئاگای لە وردودرشتی ئەو پەیوەندیانەیە لەگەڵ ئێران. ئەم قسانەی من تەنیا تۆماری مێژووییە، ئەگینا دەشێت زۆرکەسی تریش پێش ئەنفال-ی ١٩٨٨دا درکی بە ترسی ئەنفال و ڕووداوەکان کردبێت و قسەشی کردبێت بەس کەس گوێی لێنەگرتووە، بە حوکمی ئەوەی سیاسیەکانمان ھێندە عەبقەرین لەسیاسەتدا کە ئەوان ھێڵنجیاندا و ڕشانەوە ئیتر قسەی ئەوان تەواو و یەقینە قسەی خەڵکانی تر بۆ تەنەکە خۆڵە. کە کارەساتیش ڕوویدا ھەریەک ئەیکا بە شانو ملی ئەوی تردا. ئەگینا تۆ بڵێی کەسێک نەبووبێت لە شۆڕشدا ساڵی ١٩٨٧ بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان بڵێت ئەم ڕسکە چییە ئەکەیت!؟ سوپای پاسداران لە ئێرانەوە دەھێنیت بۆ لێدان لە بۆرییە نەوتەکانی کەرکوک. ئەگەر وردتریش بڕوانین کە ئەنفال-یش ڕوویدا ھەموو نەھامەتییەکە بۆ ناوچەی سلێمانی و گەرمیان بوو. ھەموو ناوچەی بادینان ئەنفالی ھەشت تێیدا ڕویدا، کە زۆربەی خەڵکەکەی ڕویانکردە تورکیا و لە کەمپی پەنابەران نیشتەجێکران و دواتر گەیەندرانە ئەمریکا،. ئێستا زۆربەی ئەو خێزانانەی لێرەن لەوکاتە ھاتوون. منداڵەکانیان لەوپەڕی خۆشگوزەرانیدان. ئەوانەی ناوچەی سلێمانی و گەرمیانیش کە لە نوگرەسەلمان گەڕانەوە لە ئۆردوگاکانی شۆڕش و ڕزگاری بە نەبوونی و کولەمەرگی دەژین.
کۆتا قسەم ئەوەیە با چاوەڕوان بین ئەوەی ڕوودەدات ئەبێت بە مێژوو، وەک ئەو ھەموو ھەڵەت و پەڵەتەی لە سیاسەتدا پێشترکراوە.