سەرۆک تره‌مپ و 20 مایل بۆ كورد

لوقمان غه‌فور
  2019-01-14     1645

سەرۆک تره‌مپ له‌دوو تویتی جیادا كه‌ ته‌نیا یه‌ك سه‌عاتیان نێوان بوو، لەتویتی یەکەمدا هه‌ڕه‌شه‌ی له‌توركیا ئه‌كات به‌ خاپوركردنی ئابورییه‌كه‌ی ئه‌گه‌ر هێرش بكاته‌ سه‌ر كورده‌كان له‌سوریا، به‌ڵام له‌بنه‌ره‌تدا ھەردوو تویتەکە مه‌دلول و مه‌غزای تری هه‌یه‌.
من سۆزدارییانه‌ له‌م په‌یامه‌ ناڕوانم، كورد ته‌نیا تویتی یه‌كه‌م و دێرێكی ده‌بینێ، روپۆشێكی ئه‌ستور ئه‌دات به‌ دێڕه‌كانی تریدا، تویتی دووه‌م نابینێت و له‌دێڕی یه‌كه‌می ناڕوانێت كه‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ له‌كورد و رونیش نییه‌ مه‌به‌ستی په‌یه‌ده‌یه‌ یان په‌كه‌كه‌یه‌.
ئه‌گه‌ر دیقه‌ت بده‌ی تویتی یه‌كه‌م سه‌عات 5ی ئێواره‌ی 13 جێنیوه‌ری به‌كاتی واشنگتۆن بوو، ئه‌وی تریان سه‌عات 6ی ئێواره‌ی هه‌مان ڕۆژ وه‌ك دڵدانه‌وه‌ و ڕاگرتنی پالانس له‌نێوان كورد و توركیا.
له‌تویتی یه‌كه‌مدا ده‌ڵێت: "ده‌ستپێده‌كه‌ین به‌كشانه‌وه‌ی دره‌نگوه‌ختی درێژخایه‌ن له‌سوریا له‌كاتێكدا له‌ناویانده‌به‌ین ئه‌و به‌شه‌كه‌مه‌ی داعش كه‌ ماوه‌ له‌چه‌ند شوێنێك له‌رێی زۆر لایه‌نه‌وه‌. دووباره‌ هێرشده‌كه‌ین له‌رێگه‌ی ئه‌و بنكانه‌ی له‌وێوه‌ نزیكن ئه‌گه‌ر پێداچوونه‌وه‌یان بوێت. توركیا ئابورییانه‌ خاپورده‌كه‌ین ئه‌گه‌ر هێرش بكه‌نه‌ سه‌ر كورده‌كان. ناوچه‌یه‌كی ئارام به‌ 20 مایل دروست ده‌كه‌ین..."
له‌تویتی دووه‌مدا ده‌ڵێن: ".... له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، نامانه‌وێت كورده‌كات توركیا ئیستفزاز بكه‌ن. روسیا و ئێران و سوریا گه‌وره‌ترین سوودمه‌ندی درێژخایه‌نن له‌سیاسه‌تی ئه‌مریكا له‌ ته‌فروتوناكردنی داعش-دا، هه‌روه‌ها ئێمه‌ش سودمه‌ندین، به‌ڵام ئێستا كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزه‌كانمانه‌ بۆ نیشتمان. بیوه‌ستێنه‌ شه‌ڕ كۆتایی نایه‌ت!" 
ئه‌م دوو تویته‌ خوێندنه‌وه‌ی زۆر هه‌ڵده‌گرێت، به‌دوو ئاراسته‌ سه‌رۆك تره‌مپ قسه‌ له‌گه‌ڵ كوردی رۆژئاواو و توركیا ده‌كات، ئاراسته‌یه‌كیان ئیستفزازیی و هه‌ره‌شه‌، ئاراسته‌یه‌كیان دڵنیایی و ئارامی. سه‌باره‌ت به‌توركیا ئیستفزازی و هاندانه‌ كه‌ من بۆخۆم وای بۆ ده‌چم وا له‌توركیا بكات بۆ 1 مایل-یش بێت بچێته‌ ناوچه‌كه‌ و ببێته‌ دروستكردنی باری نائاسایی و داوا له‌ئه‌نجومه‌نی ئاسایش بكرێت كه‌ بڕیارێك ده‌ركات و دروستكردنی ناوچه‌یه‌كی ئارام بۆ كورده‌كان له‌رۆژئاوا دروست بكرێت هاوشێویه‌ی هه‌رێمی كوردستان دوای ده‌ركردنی بڕیاری مادده‌ی ٩٨٦ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش، ئه‌وكات ئه‌و ناوچه‌ ئارامه‌ ئه‌بێت به‌ ناوچه‌یه‌ك دوور له‌هه‌موو ده‌ستێوه‌ردانێكی وه‌ك روسیا و ئێران و سوریا، چونكه‌ تره‌مپ به‌روونی له‌تویته‌كه‌یدا ده‌ڵێت: "ناوچه‌یه‌كی ئارام به‌ 20 مایل دروست ده‌كه‌ین".
له‌لایه‌كی تره‌وه‌ ئه‌م په‌یامه‌ وا له‌توركیا ده‌كات به‌هیچ شێوه‌یه‌ك توخنی ناوچه‌كه‌ نه‌كه‌وێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ناوچه‌ ئارامه‌ به‌ قوڵی 20 مایل دروست نه‌كرێت و كورد له‌رۆژئاوا كیانێكی پارێزراوی نه‌بێت له‌رووی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌، ره‌نگه‌ ئه‌مه‌یان ترسێكی گه‌وره‌ بێت بۆ سه‌ر توركیا و توركیا هه‌تا ماوه‌ به‌ده‌ست ئه‌و هه‌رێم و ناوچه‌یه‌وه‌ گیرۆده‌بێت.
بۆیه‌ مه‌غزای تویته‌كه‌ی یه‌كه‌می سه‌رۆك تره‌مپ له‌و نیو دێڕه‌ی كۆتایدایه‌، ئه‌گه‌رنا بابه‌تی لێدان و تێسه‌ره‌واندن له‌داعش ئه‌گه‌ر هه‌ر كاتێك پێویست بكات، بابه‌تێكی لاوه‌كییه‌ له‌تویته‌كه‌دا، هه‌روه‌ها خاپوركردنی ئابوری توركیا بابه‌تێك نییه‌ لای رژێمه‌ دیكتاتۆره‌كان گوێ پێدراو بێت به‌نموونه‌ عیراق-ی دوای 1991 و دۆخی ئێستای ئیران له‌دوای ئابلوقه‌ی به‌رده‌وامی ئه‌مریكا له‌سه‌ری، بۆ گورزی سه‌ربازیش هه‌م توركیا خۆشی ده‌زانێت له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ گورزی سه‌ربازی لێناوه‌شێنرێت، هه‌م ئه‌مریكاش به‌رامبه‌ر ئه‌ندامێكی ناتۆ ئه‌و كاره‌ ناكات.
له‌هه‌موو حاڵه‌تێكدا قازانجی كوردانی رۆژئاوایه‌ و سه‌رۆك تره‌مپ دڵنیاییه‌كی پێدان كه‌ ئه‌وان پارێزراون و ئه‌و په‌یامه‌شی گه‌یانده‌ كوردانی رۆژئاوا كه‌ رژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌د و روسیا له‌خۆیان دوورخه‌نه‌وه‌، به‌دێرێكیش به‌روسیا و ئێرانی وت ئێمه‌ش له‌وێ نه‌بین ئه‌توانین ئه‌و مه‌له‌فه‌ به‌رینه‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایش و دنیای لێپڕكه‌ین.
ئێستا له‌ئه‌گه‌ری كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌سوریا كه‌ وه‌ك له‌تویتی یه‌كه‌مدا ئاماژه‌ی پێداوه‌ دره‌نگوه‌ختی درێژخایه‌ن ده‌بێت، خۆ ئه‌گه‌ر كورت خایه‌نیش بێت، ئه‌وا ئه‌و ئه‌ركه‌ له‌كۆڵ ئه‌مریكا ده‌كه‌وێته‌وه‌ هه‌روه‌ك له‌دوای ساڵی 1991 هیچ ناوچه‌یه‌كی هێڵی لێكه‌وتی نێوان هه‌رێمی كوردستان و رژێمی به‌عس له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ نه‌ده‌پارێزرا، به‌ڵكو ئه‌مریكا گرنتییه‌كی نێوده‌وڵه‌تی بۆ دروستكرد به‌ڵام باشور به‌ھۆی ململانێی حزبییه‌وه‌ قازانجی گه‌وره‌ی لێنه‌كرد. ده‌شێت ئه‌مریكا هه‌مان گره‌نتی بوێت بۆ خۆرئاوا، بۆئه‌وه‌ی چیدیكه‌ وه‌ك چه‌ند جارێك وتوویه‌تی نه‌بن به‌پۆلیسی هه‌ر ماڵێك، سه‌رۆك تره‌مپ رۆژی ٢ی جێنیوەری كاتێك كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ كابینه‌ی حكومه‌ته‌كه‌یدا كرد، په‌یامه‌كه‌ی روون بوو، وتی:"مانه‌وه‌ له‌سوریا مردنه‌".
له‌تویتی دووه‌مدا ئه‌مجاره‌ دڵنه‌وایی ده‌داته‌ توركیا و هه‌ڕه‌شه‌ له‌ كورده‌كان ده‌كات، ده‌شێت ناڕاسته‌وخۆ مه‌به‌ستی په‌كه‌كه‌ بێت نه‌ك په‌یه‌ده‌، ئه‌و نایه‌وێت كورد توركیا ئیستفزاز بكات، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌م كاره‌ بكه‌ن ئه‌وا ئه‌وان ده‌ستبه‌رداریان ده‌بن.
حیكمه‌تی تویته‌كه‌ی تره‌مپ له‌و دێره‌ی یه‌كه‌مدایه‌ و به‌ كورد و توركیا ده‌ڵێت، هه‌ركه‌س له‌ماڵی خۆی ئارام دانیشێت. له‌هه‌مان ساتدا به‌ روسیا وئێران و سوریاش ده‌ڵێت، لاوازبوون و نه‌مانی داعش سه‌رئێشه‌یه‌كه‌ له‌سه‌ر شان و ملی ئێوه‌ش نه‌ماوه‌ و ئێوه‌ سوودمه‌ند بوون، خۆ ئه‌گه‌ر به‌وه‌ رازی نین و ده‌ستبه‌رداری كوردانی رۆژئاوا نابن ئه‌وا داعش له‌نزیك ده‌رگاكه‌تانه‌ و زیندووكردنه‌وه‌ی ئاسانه‌.
له‌كۆتاییدا وای بۆ ده‌چم تره‌مپ به‌م دوو تویته‌ كوردی خۆرئاواو توركیا له‌یه‌ك ئاستدا بوه‌ستێنێت، كه‌ هیچیان ناكات به‌قوربانی هیچیان.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×