پێتوایه‌، كۆرۆنا چی له‌ رۆژنامه‌گه‌ریی كردووه‌؟

لوقمان غه‌فور
  2020-06-15     665
لوقمان غه‌فوور

په‌یمانگای رۆیته‌رز بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی رۆژنامه‌گه‌ریی پێیوایه‌ كه‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا ڤایرۆس پرۆسه‌ی به‌دواداچوونی هه‌واڵی لای خوێنه‌ر خێراتر و زیاتر كردووه‌، به‌ڵام به‌هۆی زیانگه‌یاندن به‌ بازاڕ، ئاژانسه‌كانی هه‌واڵ بۆ گه‌یاندنی به‌په‌له‌ی په‌یامه‌كانیان، زیاتر په‌نایان بردۆته‌به‌ر میدیای ئه‌له‌كترۆنی.

داخستنی بازاڕه‌كان به‌هۆی كۆرۆنا ڤایرۆس وایكردووه‌ كه‌ ته‌ماشاكردنی ته‌له‌فزیۆن و وه‌رگرتنی هه‌واڵ له‌ رێگه‌ی ئینته‌رنێته‌وه‌ زیاتر بێت. وێرای ترس له‌و زانیارییه‌ هه‌ڵانه‌ی كه‌ رۆژانه‌ له‌ رێگه‌ی ئینته‌رنێته‌وه‌ به‌رچاوی خوێنه‌ر ده‌كه‌وتن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌ر ئه‌وه‌ش له‌ دۆخه‌كه‌ چاوه‌ڕێ ده‌كرا كه‌ فه‌یسبووك و وه‌تسئه‌پ دوو كه‌ناڵی سه‌ره‌كی بن بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵی فه‌یك.

راپۆرتی ساڵانه‌ بۆ هه‌واڵی دیجیتاڵی په‌یمانگای رۆیته‌رز واینیشانده‌دات كه‌ خه‌ڵك زیاتر په‌نای بردۆته‌ به‌ر نوێترین ته‌كنۆلۆژیا، له‌ نێو ئه‌وانه‌شدا مۆبایلی زیره‌ك رۆڵی گه‌وره‌ ده‌گێڕێت له‌وه‌به‌رهێنانی هه‌واڵدا. پێویستیشه‌ په‌یمانگای رۆیته‌رز بۆ توێژینه‌وه‌ی رۆژنامه‌وانی بناسین كه‌ په‌یمانگایه‌كه‌ سه‌ر به‌ سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی زانكۆی ئۆكسفۆرده‌ كه‌ به‌دواداچوون ده‌كات بۆ كاری میدیایی.

راسمۆس كلاس نیلسن به‌رێوه‌به‌ری په‌یمانگای رۆیته‌رز ده‌ڵێت: "بابه‌تی سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ جوڵه‌یه‌كی خێرای میدیای دیجیتاڵی و میدیای مۆبایل ئه‌بینین، وێرای جۆره‌ها سه‌كۆی جیاواز". منیش ئه‌ڵێم نكۆڵی له‌وه‌شناكرێت كه‌ پاشه‌كشێی به‌رده‌وام هه‌یه‌ له‌ باوه‌ڕبوون به‌ هه‌واڵ و ترسی له‌راده‌به‌ده‌ریش هه‌یه‌ ده‌رباره‌ی زانیاری هه‌ڵه‌، به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان.

له‌ خۆپیشاندانه‌كانی هۆنگكۆنگ گه‌وره‌ترین نائارامی ده‌رباره‌ی به‌هه‌ڵه‌دابردنی میدیایی هه‌بوو، ئه‌وكاته‌ی خۆپیشانده‌ران و ئه‌وانه‌ی دژی ده‌سه‌ڵاتدارانی هۆنگكۆنگ بوون، ده‌یانویست به‌ره‌نگاری وڵاتی چین ببنه‌وه‌ له‌دژی یاسایه‌ك كه‌ چین سه‌پاندویه‌تی به‌سه‌ر هۆنگكۆنگ-دا.

بازاڕی هه‌واڵ تا ئه‌مساته‌ تاریك و لێڵه‌. ده‌زگاكانی راگه‌یاندن له‌سه‌رتاسه‌ری دنیادا ژماره‌ی كارمه‌نده‌كانیان كه‌مده‌كه‌نه‌وه‌، شانبه‌شانی كه‌مبونه‌وه‌ی داهاتی ریكلامی بازرگانی. به‌ڵام هێشتا ترووسكاییه‌ك ماوه‌، كۆمه‌ڵێك خه‌ڵك له‌ رێگه‌ی ئینته‌رنێته‌وه‌ تا ئێستا پاره‌ ئه‌ده‌ن به‌ هه‌واڵ، وێرای زیادبوونی نایه‌كسانی له‌ زانیارییه‌كان كه‌ وا ده‌كات له‌ توانادا نه‌بێت كه‌ زۆر میدیا كوالێتییه‌كی باشی هه‌بێت له‌ رۆژنامه‌گه‌ریی.

هه‌ندێك میدیا هێشتا هه‌واڵه‌كانیان له‌ چه‌ند دێرێك تێپه‌ڕناكات، به‌ڵام هه‌ندێكیان هێشتا ئه‌و توانایه‌یان تێدا ماوه‌ هه‌واڵ و راپۆرتی تێر و ته‌واو پڕ زانیاری بڵاوبكه‌نه‌وه‌ و بیبه‌خشن به‌خوێنه‌ر.

پرۆسه‌ی سه‌ركه‌وتن لای هه‌موو ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ ئه‌توانن جوان میدیا ببینن. نیوه‌ی ئه‌وانه‌ی كه‌ هه‌واڵ ده‌كڕن له‌ رێگه‌ی ئینته‌رنێته‌وه‌ یان له‌ نێو كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مه‌ریكیدا سه‌رقاڵی هه‌واڵن، پشتیان به‌ هه‌واڵی هه‌ریه‌ك له‌ زه‌ نیویۆرك تایمز و واشنگتۆن پۆست به‌ستووه‌و له‌به‌ریتانیاش هه‌ریه‌ك له‌ تایمز و ته‌له‌گراف.

سه‌باره‌ت به‌وانه‌ی كه‌ پێیانوایه‌ هه‌واڵی ڤیدیۆیی هه‌ژموونی خۆی ئه‌سه‌پێنێت به‌سه‌ر میدیایی دیجیتاڵ-یدا، زۆرێك له‌ ئه‌كادیمییسته‌كاتی رۆژنامه‌گه‌ریی له‌ ئه‌مه‌ریكا پێیانوایه‌ وڵاتانی وه‌ك به‌ریتانیا و ئوسترالیا و فه‌ره‌نسا و كۆریایی باشور، له‌ خوار ته‌مه‌نی 35 ساڵه‌وه‌ زیاتر هه‌واڵی دیجیتاڵی نووسراو ئه‌خوێننه‌وه‌ وه‌ك له‌وه‌ی سه‌یری هه‌واڵی ڤیدیۆیی بكه‌ن له‌رێگه‌ی ئینته‌رنێته‌وه‌.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×