لەڕۆژئاوا گەڕێن...خۆیان باشتر ئەزانن!

لوقمان غه‌فور
  2019-10-18     1355
کۆڵن کاھل نوسەرو ڕاوێژکاری سیاسی پێشووی کۆشکی سپی و ڕوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی پێشوی جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە ئەی بی سی نیوز، سێ ڕۆژ لەمەوبەر چاوپێکەوتنێکی پڕ سەلیقەی کرد. لە بڕگەیەکدا کە سەرنجی ڕاکێشام وتی کوردەکان (پەیەدە) کە ھێزی سەرەکی ھەسەدەیە لەگەڵ ئەمریکاییەکان پێش ١٠ی ئۆکتۆبەر و ھێرشەکانی تورکیا ڕازی بوون کە چەند کیلۆمەترێک بکشێنەوە. بەڵام کاتێک کە پەیەدە داواکەی گەیاندۆتە سەرکردایەتی پەکەکە ئەوان ڕەتیانکردۆتەوە. ئەمریکا لە ٢٠١٥ ەوە کە ھێزەکانی سوریای دیموکرات دامەزراوە دەیەوێت پەیەدە لە پەکەکە دابڕێت. ھەمیشە ئەم ڕەخنەیەی لەپەیەدە ھەبووە بۆئەوەی ناوچەیەکی دوور لە کێشە دەستەبەرکەن ئەبێت لەسەرکردایەتی پەکەکە دوورکەونەوە.

دوای چەند ڕۆژ شەڕکردن پرۆژەکەی ئەمریکا ھەمان پڕۆژەی پێشووی ڕێکەوتنەکەی نێوان ھەسەدە و ئەمریکا کە ئێستا جێبەجێ ئەبێت. بۆیە ئەوەی کە پێویستە دوای ئەم قۆناغە، کورد لە ڕۆژئاوا ھەنگاوی بۆ بنێت خۆڕێکخستنەوە و دەستکردن بە ئیدارەیەکی نوێ لەو ناوچانەی کە ئەوێتە ژێر دەستی. نمونەیەکی جوان پیشانی ناوچەکانی تر بدات بۆئەوەی لەئایندەدا ئەو ناوچە ئارامەی کە بە قوڵی ٢٠ مایل دروستدەکرێت مەبەستەکەشی لە نوسینەکانی پێشترمدا ڕوونمکردۆتەوە، بگەڕێتەوە ژێر دەستی و خۆی ئیدارەی بدات. چونکە وەک دەزانین دیمۆگرافیای ڕۆژئاوا وەک باشور و خۆرھەڵات نییە. عەرەب لە ھەندێک ناوچەی ڕۆژئاوای کوردستان نیشتەجێیە، وەک چۆن تائێستا ئەم پێکەوەییە پارێزراوە لەژێر چەتری ھەسەدە-دا، پێویستە گەشەسەندووتر بێت. ئینسان ئەگەر بیەوێت خانوویەک پێکەوە نێت، ئەتوانی سەرەتا لە ھۆدەیەکەوە دەست پێبکات.

لەھەمانکاتدا ئەوەی پێویستە ئەوەیە پەکەکە ئەبێت پیاچوونەوە بە سیاسەتی خۆیدا بکات. ناکرێت لەیەککاتدا خۆی وەک دۆستی ئەمریکا نیشان بدات لەناو منداڵدانی پەیەدەدا و لەباکگراوەنددا بەدیدو تێڕوانین و فەلسەفەی ڕوسیا بجوڵێتەوە و دڵی لەتەنیشت دڵی ئێرانەوە بێت. چونکە ھاوکێشەکە لەقازانجی خۆرئاوا کۆتایی نایەت.

سەرکردەکانی پەیەدە کە دڵی ھێزەکانی ھەسەدە-ن، خۆیان دڵنیان لەوەی زەحمەتە یاخیبوون لە ئەمریکا. ھەر بۆیە پێشتریش ڕازی بوون لەسەر پاشەکشە لەچەند کێلۆمەترێک، ئێستاش بە ڕێکەوتنەکە ڕازین، چونکە ڕوسیا باوکی ڕژێمەکەی ئەسەدە. ناکرێت باوک منداڵەکەی بکات بە قوربانی منداڵی کەسێکی تر، بۆیە لای ئەوان ھەر ئەمریکا بە گونجاوتر و باشتر ئەزانن. 

من ئەزانم ڕەفتاری سەرۆک ترەمپ ئەگۆڕێت بەگۆڕینی فشاری سەرکردەی کۆمارییەکان نەک دیموکراتەکان. ئەوانەی شیکاری دۆخی ئەمریکا دەکەن کەمتر شارەزان لەوەی کە لەناو کۆمارییەکان تەنیا سەرکردە کە بتوانێت ڕای سەرۆک ترەمپ بگۆڕێت میتچ ماکنۆڵ سەرکردەی کۆمارییەکانە لە ئەنجومەنی نوێنەران. کاتێک ماکنۆڵ ناڕازیی بوو لە کەیسێک ئەوا ترەمپ پەشیمان دەبێتەوە، ھەر ئەویش بووە کە لیندسی گراھام-ی ڕاسپارد کە پەلە بکات لە پڕۆژە یاسایەک بۆ سەپاندنی سزا بەسەر تورکیاو کەیسەکەی جوڵاند تا لە ژێر چنگی دیموکراتەکانی دەربێنن یان ھەر ھیچ نەبێت پڕۆژەیەکی پێکەوە بێت. کەیسی کوردانی خۆرئاواش یەکێک لەو کەیسانە بوو.

ئەوەی ماوەتەوە ئەوەیە بۆ ھەموو ئەوانەی کە نامەم بۆ ئەنێرن لەسەر بابەتەکان. من سۆزدارییانە نانووسم و باسی کوردایەتی لەنوسیندا بە خوێنەرەکانم ناڵێمەوە. من شیکاری دوو شت دەکەم و ئەیگوازمەوە، یەکەم: ئەوەی لەمیدیا بە تایبەتی بینراو و چاپکراو بەرچاوم ئەکەوێت. دووەم: ئەو پەیوەندییانەی ھەمن لەگەڵ کۆمەلێک ڕۆژنامەنووس و مامۆستاو خەڵکە ئەمریکییە ئاساییانەی ڕۆژانە ئەیانبینم کە زۆرجار تەنیا دێڕێکیش بێت بۆ من گرنگە و گوێیان لێئەگرم و قسەکانیان بەھەند وەرەگرم. بەدەر لەمە نووسینێک کوردایەتی لێبچۆڕێت جێدێڵم بۆ ئەوانەی کە حەزیان لێیە بەو شێوە بنووسن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
بەغدا دەستی بەکردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم کرد
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
كه‌شناسێكی كورد واده‌ی هاتنی شه‌پۆلێكی بارانباران و هه‌وره‌ بروسكه‌ی راگه‌یاند
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
ئێران لە رێگەی روسیاوە: ئیسرائیل نامانەوێت دۆخەکە ئاڵۆزتر بکەین
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×