(چین) به‌ ته‌نیا جێمه‌هێڵن

لوقمان غه‌فور
  2020-03-01     866

قوناغێكی نوێ هاتۆته‌ ئاراوه‌، ئێستا له‌وه‌ ده‌رچووه‌ ته‌نیا باسی لایه‌نی ته‌ندروستی نه‌خۆشیی ڤایرۆسی كۆرۆنا (COVID-19) بكرێت، چاوی میدیای ئه‌مریكی له‌سه‌ر دوو ئاراسته‌ ئیش ئه‌كات، یه‌كه‌م لایه‌نی ئابوری، كه‌ ئه‌مریكا به‌ شاده‌ماری جیهانی داده‌نێت، دووه‌م، خه‌ڵكانی دیموكرات و لیبراله‌كانی ئه‌مریكا خه‌می چین-یانه‌ كه‌ نه‌خۆشێكه‌، له‌هه‌موو جیهانه‌وه‌ كۆمینێتییه‌كه‌ی له‌ وڵاتان، جیاكاری ئیتنی به‌رامبه‌ر ده‌كرێت.

خۆپیشاندانه‌كه‌ی رۆژی 29ی فێبریوه‌ری شه‌قامی گرانت ئه‌ڤینۆ له‌ مه‌یدانی بۆرتسموس له‌ مه‌یدانی یونیه‌ن له‌ سانفرانسیسكۆ –ی ویلایه‌تی كالیفۆرنیا، هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و ره‌شبگیرییه‌ی كه‌ روسیا ده‌ستی پێكردووه‌ له‌ مۆسكۆ دژی هاووڵاتیانی چینی له‌ ژێر ناوی به‌ربه‌ستی ته‌ندروستی.

ره‌گه‌زپه‌رستی و جیاكاری به‌رامبه‌ر كۆمیونیتی چینی له‌جیهاندا له‌هه‌ڵكشاندایه‌، ئه‌ویش له‌ دوای كه‌وتنی دراگۆنه‌كه‌، كه‌ ئێستا نه‌ك توانای فڕێدانی ئاگری نه‌ماوه‌، به‌ڵكو له‌ په‌لوپۆ كه‌وتووه‌ و جیاكاری به‌رامبه‌ر ده‌كرێت. دروشمه‌كانی كۆمینیتی چین له‌ سانفرانسیسۆ –ی ئه‌مریكا نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ ئه‌مریكا چه‌ند توندیش بێت له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی چین له‌بواری ئابوری، به‌ڵام ره‌گه‌زپه‌رستی و په‌ڕگیری ناوێت به‌رامبه‌ر دراگۆنه‌ نه‌خۆشه‌كه‌.

ئه‌وه‌تا پارێزگاری مۆسكۆ، ته‌نیا له‌ رۆژێكدا 80 كه‌سی له‌ كۆمینیتی چینی ده‌ستگیركردووه‌ به‌بیانووی ئه‌وه‌ی سه‌رپێچی ئه‌و به‌ربه‌سته‌ ته‌ندروستی-یه‌یان كردووه‌ كه‌ مۆسكۆ دایناوه‌ بۆ كۆمێنتی چینی و پێویسته‌ جێبه‌جێی بكه‌ن. ره‌شبگیری دوو رۆژی رابردووی مۆسكۆ له‌ ناو مۆسكۆ-ی سۆڤیه‌تی سور-ی پێشوودا ئه‌وپه‌ڕی بێزراو و پێشێلكارییه‌ به‌وه‌ی كه‌ پێویسته‌ چینییه‌كان له‌سه‌ر نه‌كردنی ده‌مامك ئیهانه‌ بكرێن.
له‌كاتێكدا له‌ شارێكی وه‌ك مۆسكۆ هیچ جیاوازییه‌ك نییه‌ بۆ روسی و چینی-یه‌ك.

هه‌رزوو له‌وتارێكدا قسه‌یه‌كی د. ئه‌نتونی فۆشی-م خوێنده‌وه‌ كه‌ به‌رێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری به‌رگری و خۆپاراستنی نه‌خۆشییه‌ قورسه‌كانه‌ له‌ئه‌مریكا، كاتێك پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرد، هه‌موو خۆمان ئه‌پارێزین، به‌ڵام به‌و مانایه‌ نییه‌، كه‌ ئه‌و كه‌سه‌ چین-یانه‌ی له‌ ئه‌مریكان لێیان پترسین به‌ بیانووی ئه‌وه‌ی هه‌ڵگری ڤایرۆسه‌كه‌ن. ئێستا ئه‌مه‌ رێك له‌ مۆسكۆ پێچه‌وانه‌وه‌ بۆته‌وه‌.

په‌یامه‌ دزه‌پێكراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆی روسیا، ته‌واو پێچه‌وانه‌ی هه‌موو به‌هایه‌كی مرۆیییه‌ كه‌ ده‌ست باڵیۆزی چین له‌ روسیا كه‌وتووه‌ كه‌ داوا له‌ شۆفێری پاسه‌كانی ته‌واوی شاره‌كانی روسیا كراوه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر كه‌سێكی چین-یتان بینی به‌ په‌له‌ پۆلیس ئاگاداركه‌نه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی پشكنینی بۆ بكرێت، چونكه‌ ده‌شێت هاتبێت ڤایرۆسه‌كه‌ بڵاوكاته‌وه‌.

چین ئه‌و وڵاته‌ی به‌كه‌لوپه‌لو ئامێره‌كانی دنیای ئه‌وروپا و ئاسیا و ته‌نانه‌ت ئه‌مریكاشی بوژاندۆته‌وه‌، ئه‌مڕۆ جیاكاری نه‌ژادی به‌رامبه‌ر ده‌كرێت. ئه‌و دراگۆنه‌ی كه‌س نه‌یه‌وێرا توخنی كه‌وێت به‌هۆی فیشكه‌ی ئاگره‌كه‌یه‌وه‌ ئه‌مڕۆ له‌كاركه‌وتووه‌ و جیاكاری به‌رامبه‌ر ده‌كرێت. به‌ڵێ میخایل میشه‌ستن سه‌رۆك وه‌زیرانی روسیا به‌ئاشكرا داوای له‌ به‌رپرسان كردووه‌ هه‌ر كه‌سێك له‌ كۆمینیتی چینی له‌ روسیا نه‌خۆش بێت پێویسته‌ ره‌وانه‌ی چین كرێته‌وه‌. هه‌رئه‌مه‌ش بوو وایكرد له‌ 19ی فێبریوه‌رییه‌وه‌ مۆڵه‌تی هاتنه‌ ناوه‌وه‌ نه‌دات به‌و خوێندكاره‌ چین-یانه‌ی كه‌ له‌ روسیا ئه‌خوێنن و بووه‌ هۆی په‌ككه‌وتنی خوێندنیان.

ئه‌م جیاكاریی و راسیستییه‌ی دنیا به‌گشتی و مۆسكۆ به‌تایبه‌تی، دنیایه‌ك یاده‌وه‌ری سه‌رده‌می ماوی و كۆمۆنسزمی وه‌لانا و قسه‌ی ئه‌و مامۆستا چین-یه‌شم له‌یاد ناچێت كه‌ دوێنی له‌ زانكۆ وتی: " چین نه‌خۆشه‌، به‌ڵان هێشتا له‌سه‌ر پێی خۆیه‌تی". له‌به‌رامبه‌ردا منیش وتم: "كه‌واته‌ نابێت چین به‌ته‌نیا جێبهێڵین".

 ........... ......................... ....................... ............

تێبینی: فۆتۆكه‌: لایه‌نێكی خۆپیشاندانه‌كه‌ی رۆژی 29ی فێبریوه‌ری شه‌قامی گرانت ئه‌ڤینۆ-ی سانفرانسیسكۆ-یه

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×