لەسەر ئەوەی خەباتی چەکدارانەی پەکەکە لە حساباتی قازانج و زیاندا بۆ پرسی کورد لە تورکیادا مانای ماوە یان نا، دەکرێ هەر یەکەمان ڕای جیاوازمان هەبێ. بەڵام ئێستا کە چەک بە ڕەسمي دادەنرێ، وا باشە شت بە ناوی خۆیەوە ناو ببرێ و نەهێڵین کەفوکوڵی عاتیفي و تەپ و تۆزی ئایدۆلۆژي تێگەیشتنمان لەسەر هەندێک بنەمای سادە لێ تێک بدەن:
1. چارەسەری ئاشتییانەی هەر کێشەیەک بەوە دەست پێ دەکا، کە هەردوو لایەنی کێشەکە دان بە یەکتردا بنێن و بکەونە دانوستاندن. لایەنێکیان لایەنەکەی دیکە هەر بە تێرۆریست ناو ببا، دەکرێ باس لە ئاشتي بکرێ، بەڵام بە هیچ جۆرێک لە چارەسەر نا.
2. لە هەر ململانێیەکی چەکداریدا ئەوەی چەک دادەنێ لایەنە لاوازترەکەیە و دیاریکردنی ئاقیبەتەکانی دوای چەکدانانەکە پتر بە دەست لایەنە چەکدارەکە دەبێ، نەک بێ چەکەکە. بۆیە کاتێک لایەنی لاواز باس لە ئاشتي و چارەسەر بکا و لایەنی بەهێز باس لە کۆتاییهاتنی تێرۆر بکا، وەسفی بەهێزترەکە بۆ کردارەکە بەهێزترە وەک لە هی لاوازترەکە.
3. سەرکردەی دیلکراویش (هەڵبەت بە ئیحتیمالی کەمترەوە) دەکرێ ببێ بە لایەنێکی بەهێزی دانوستکار لەگەڵ لایەنی دیلکەردا. بەڵام کاتێک ئەو سەرکردەیە داوای چەکدانان لە لایەنەکەی خۆی دەکا و بە ڕەسمی دەست لە هەموو ئەو داوا و دروشمانە هەڵدەگرێ، کە لایەنەکەی خۆی لە پێناویاندا چەکی هەڵگرتووە و ئەمجا ڕوونیش پێت ناڵێ لایەنی بەرانبەر لە بەرانبەردا چي دەکا و لایەنی بەرانەریش خۆی تەنیا باس لە چەکدانان دەکا، ئەوا بە مەنتیق دەبێ لە باشترین حاڵەتیدا ئیحتیمال بۆ دانوستانێکی لاسەنگ بکەیت نەک بلیمەتی و نهێنيیەک، کە تۆ لێی تێناگەیت یان نایزانیت.
4. هەر ڕێکخراوێکی سیاسي و ناسیاسي لە گەورەترین بڕیاری چارەنووسسازانەیدا، کە خۆ هەڵوەشاندنەوەیە، ئارگومێنت و شەرعییەتی ئەو بڕیارە بەوە ڕوون بکاتەوە، کە سەرۆکە دیلەکەی ئەوەی داوا کردووە، بێ ئەوەی باس لە هەلومەرجی مەوزووعي بکا، ئەوا مەنتیق پێت دەڵێ، ئەو ڕێکخراوە پتر لەدەوری شەخسی ڕێبەرێک کۆبۆتەوە نەک ناوەڕۆکێکی دیاریکراو و پەیوەنديی ئەندامانیش بە سەرۆکەکەیانەوە لە گەوهەردا وەک پەیوەنديی موریدان وایە بە شێخەکەیانەوە لە تەریقەت و تایەفە دینيیەکاندا.
5. ژێردەست هەرگیز ناتوانێ سیستەمی سیاسي بە سەردەست بگۆڕێ، چ جای پارادایم و نیزامی سیاسيی جیهان. گەلی سەر وڵاتێکی داگیرکراو دەست بداتە خەباتی خوێناوي و لە هەمان کاتدا دەوڵەت-نەتەوە و سەرمایەداری ڕەت بکاتەوە، ئوتوماتیکي بڕیاری داوە نە دەوڵەتی هەبێ و نە سەرمایە. وەک ئەوە وایە، تۆ دوای ئەوەی دوکانی باوکت لێ داگیرکرابێ و ڕووت و ڕسوای ناو بازاڕەکە کرابیت، یاخي بووبیت و پێت بڵێن ئێستا تۆ چیت دەوێ، بڵێیت من دووکانەکەی باوکمم ناوێ و دەبێ ئێوەش دووکانەکانتان و مامەڵە بە دۆلار هەڵبوەشێننەوە (بۆ ئەوەی هەموومان کۆمەڵگەی دیموکراتیی دووکانداري پێکەوە ببەین بە ڕێوە). ئەمە، ئەگەر لە مێژووی سیاسيدا بە سەرمەستی ئایدۆلۆژي ئاشنا نەبووینایە، پێمان دەگوت شێتێتيی ڕووت.
من کە ئەمانەی سەرەوە دەڵێم، ڕێز و سپاسێکی لەدوایینەهاتووم هەیە بۆ خەبات و قوربانيی ئەو هەموو کچ و کوڕانەی چل ساڵ زیاترە سووتەمەني و گوڕ و تینی ئەو بزووتنەوەیە بوون؛ بۆ هەموو ئەو سەرکردانەی فیداکارانە نموونەی ڕێکخراوترین و بەدیسپلینترین جووڵانەوەی کوردیان پێشانی دنیا دا و بۆ ئەو بیروباوەڕانەی ئۆجەلان، کە پێگە و وێنەی ژنیان لە کۆمەڵگەیەکی پیاوسالارانەی وەک کورددا، هیچ نەبێ لە ڕێکخراوەکەی خۆیدا، ڕادیکالانە گۆڕي و بەگژ بونیادی عەشایرانەی ڕەگداکوتیوی کۆمەڵگەی کورديدا چوونەوە.
هەرچي پرسی چەکدانانە، من بەش بە حاڵی خۆم زۆر دەمێکە پێم وابووە، پەکەکە بۆ خەباتی باکوور ئەوەندەی بووە بە بار، ئەوەندە پرد نییە. بەڵام هەرگیز ئاواتم بەو ڕۆژە نەدەخواست، ئەو ڕێکخراوە تۆکمەیە بە بڕیاری باخچەلي و تەوقیتی دەوڵەتی تورک و لەژێر چاودێريی میتدا هەڵبوەشێتەوە؛ بە تایبەتیش لەکاتێکی وەک ئێستادا، کە پێدەچێ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست لەبەر ئیحتیمالی جێگۆڕکێی جیوسیاسيدا بێ. لە شڵەقانە جیۆسیاسيیەکاندا تەنیا ئەوانە کەڵک وەردەگرن، کە بە هێز واقعی سەر ئەرد دەپارێزن یان دەگۆڕن. ئەوانی دیکە دەبن بە ژێرەوە. پێم وابێ کورد بۆ سەدەی بیست و یەکەمیش خۆی بۆ خەباتی ژێرزەمینی داناوە. هیوادارم نائومێديیەکەم لە جێگەی خۆیدا نەبێ.