پێنج ساڵ بەر لەوەی فرۆکە خۆکوژەکانی ئەلقاعیدة خۆیان بدەن بە بورجەکانی ناوەندی بازرگانيی جیهانيدا لە نیۆیۆرک لە ٢٠٠١دا، سامۆیل هەنینگتن لە کتێبی (پێکدادانی کولتوورەکان)دا باسی لە کۆتایيی سەردەمی جەنگی ئایدۆلۆژي و بەرپابوونی سەردەمی جەنگی نێوان کولتوورەکان کرد. لەسەر ئەو مژارە زۆر مشتومڕ کراوە و دەکرێ. ئەوەی واقعە و بە چاوی خۆمان دەیبینین، ئەوەیە، شوناسە کولتووريیەکان، ئیدي دیني، ئەتني، مەزهەبي، تایەفەیي یان بگرە ئاراستەی سێکسي بن، تا بێ پتر بەرۆکی ژیانی ڕۆژانەی خەڵک دەگرن.
ئەوانەمان کە لە ئەوروپا دەژین دەبینین، پرسی شوناس چەندە بەرۆکی منداڵەکانمان لە قوتابخانەکاندا دەگرێ. بۆ نموونە لە ئەڵمانیادا، کە پۆلی قوتابخانەکانی هەندێک جار ١٥ بۆ ٢٠ شوناس تەنگ لەیەک شوێندا کۆ دەکاتەوە، کاتێک منداڵێک بە شوناسی ئەلبانیبوونەوە دەچێتە قوتابخانە، هەر زوو خۆی لە بەرەی دژ بە منداڵانی سێربي و کرواتيدا دەبینێتەوە؛ منداڵانی کورد دەبێ تەحەمولی پلاری منداڵە تورکەکان بکەن یان نەکەن، کاتێک وەک بێوڵات گاڵەتیان پێ دەکرێ؛ منداڵانی موسوڵمان، کە وردە وردە زۆرینە پێک دەهێنن، نمایشکارانە سەردەستيی خۆیان پێشانی منداڵە خریستیانەکان دەدەن؛ منداڵانی جوو و بگرە خوێندکارەکانیشیان ئەسڵەن ناوێرن لە هیچ شوێنێکدا خۆیان ئاشکرا بکەن، ئەگەر بزانن عەرەبی بە ژمارەیەکی بەرچاو لێن. منداڵان ناچارن لە تەمەنێکی یەکجار زووەوە خۆیان لەگەڵ نەخشەی ململانێ کولتووريیەکاندا ڕێک بخەن. هەندێک جار ئەو ململانێیە بۆ هەندێک بە چەقۆ خواردن تەواو دەبێ. شوناسی کوشندە، وەک نووسەری لوبناني-فەرەنسي ئەمین مەعلووف ناوی دەنێ، دەکرێ هەر زوو لە گەڵ سمێڵبۆرکردندا ببێتە ئەزموون.
هەڵبەت ئەمە پەیوەنديی بە پەرەسەندنی دیاردەی کۆچبەري و دەرکەوتنی کۆمەڵگەی هەمەکولتوور و هەمەچیزەوە هەیە لە وڵاتە پەرەسەندووەکاندا ، کە تێیدا دەوڵەت گران دەتوانێ شوناسی ڕەسميی خۆی بەسەر هاووڵاتيیەکانیدا بگشتێنێ. بەڵام کۆمەڵگەی بەشەري گیانی بەوەیە، شوناس هەمیشە خۆی فرەئاست پێکەوە دەنێ. کچەکەی من لە ئەڵمانیا کاتێک لە پاسدا دادەنیشێ، بۆ ئەڵمانێک "بیاني"یە؛ کە دەگاتە خوێندنگە بۆ هاوپۆلە ئەڵمان و پۆڵۆني و ئۆکراینەکانی، "موسوڵمان"ـە؛ کە دەکەوێتە بەردەم تورک و عەرەب و ئەلباني "کورد"ە؛ کە سەر لە کوردستان دەداتەوە "خارجي"ـە؛ کە لەگەڵ گرووپی قوتابخانەدا سەفەر دەکا بۆ فەرەنسا "ئەڵماني"ـە. شوناس هەمیشە لە پەیوەنديدا لەگەڵ بەرانبەردا خۆی دیاري دەکا و ئەوەندەشی، بە داخەوە، قەدەرێکی سەپاوە ئەوەندە ئیختیاري نییە وەک ئەوەی بەختیار عەلي تەسەوری دەکا، کاتێک دەڵێ ئینتیما قەدەرێکی داخراو نییە و ئەگەر ئینتیما بۆ کورد ئینتیما بێت بۆ قوربانیانی ئەنفال، بۆ شیعرو مۆسیقا، بۆ نالیو سالم ئەوا ئەو کوردە، بەڵام گەر ئینتیما بۆ کورد ئینتیما بێ بۆ حیزبە کوردییەکان و جەنگەکانیان ئەوا ئەو دوورە لەو ئینتیمایە. هەڵبەت تاک دەتوانێ بۆ خۆی وابەستەیيی عاتیفيی خۆی بۆ لایەنە جۆربەجۆرەکانی کۆمەڵە شوناسبەخشەکە یەکاڵا بکاتەوە و بە لایەنێکی ببەخشێ و لە یەکێکی دیکەی بسەنێتەوە. بەڵام تۆ وەک کوردێک کاتێک بۆ نموونە ناکوردێک دەبینیت کوێرانە جوێن بە کورد دەدا، ناتوانیت نیودڵگران بیت و لە دڵی خۆتدا بڵێیت، خەم ناکا، نیوەی بەر لایەنە خراپەکەی کورد دەکەوێ، کە خۆشم ئینتیمای بۆ ناکەم. جیهاديیە سوننيیەکان لە سووریا کە درووزيیەک دەگرن و سمێڵی دەتاشن و دەیکوژن، ناپرسن ئینتیمای بۆ کامە لایەنی دروزیبوون هەیە. پۆتێنسیالی کوشندانەی شوناسیش هەر لێرەوە دێ، کە ئینتیما بۆ کۆمەڵەیەکی شوناسبەخشی دیاریکراو لە ئاوێنەی کۆمەڵەیەکی دیکەدا ڕەنگ دەداتەوە نەک بە هەڵبژاردنی خۆت. قوربانيیە ڕاستەوخۆکانیشی هەڵبەت بە عادەت کەمینەکانن.
کەمینەکان بۆ ئەوەی خۆیان لە غەزەبی زۆرینەکان بپارێزن بە ئاگا و بێ ئاگا ڕێگەی جوداجودا دەگرنە بەر. ئەوەندەی مومکینە ناوچەی سەخت هەڵدەبژێرن؛ لاوازيی دیموگرافيیان بە شتی دیکە هەق بۆ دەکەنەوە؛ بۆ نموونە کارامەیي و دەستڕەنگینيی پیشەیي (هەورامي و ئەرمەن بۆ نموونە)؛ منداڵانیان بە گوێرەی بۆلوان لە دەوڵەتی زۆرینەکاندا باشتر پێ دەگەیەنن (جووەکان بۆ نموونە). زۆر جار کەمینە دینيیەکان دەست لە باوەڕی خۆیان هەڵدەگرن و دەچنە سەر ئەوەی زۆرینە بەهێزترەکان یان دێن هەندێک لە توخم و ڕەگەزی باوەڕی زۆرینە ئاوێتەی ئەوانەی خۆیان دەکەن، ئەوەی بە سینکرێتیزم دەناسرێ (ئێزیدي، کاکەیي، درووز). بەڵام میکانیزمێکی دیکە لە مێژووی مۆدێرندا هەیە، دەمێکە سەرنجی منی ڕاکیشاوە. ئەوەش هەوڵدانی کەمینەکانە بۆ بەرهەمهێنانی زۆرینەیەکی نوێ، کە خۆیان بەشێک بن لێی.
لە ئەڵمانیا و ئەوروپا بە گشتي زۆربەی جووەکان، ئەوانەی خوێندەواری پێگەیشتوو و دانیشتووی شارەکان بوون، لە پارتە کۆمۆنیستي و چەپەکاندا زۆر چالاک بوون. مارکس خۆی جوو بوو. برەودان بە ئایدۆلۆژیای سۆسیالیزم، کە کەمینە و زۆرینەی ئەتني و دیني وەک یەک تەماشا دەکا، دەکرێ بەڵای کوشندەی ناسیۆنالیزم لەسەر کەمینەکان دوور بخاتەوە. زۆر سەرنجی ڕاکێشام، کاتێک دیقەتم دا، نزیکەی هەموو ناوە گەورەکانی قوتابخانەی فرانکفۆرت لە ئەڵمانیای دوای جەنگە جیهانيیەکەی دووەمیش جوو بوون. وەک بڵێیت، نائاگا دەیانویست لەڕێی بنیاتنانی فۆرمێکی دیموکراتانەی ڕیفۆرمکراوی مارکسایەتي بەدیلێکی ئایدۆلۆژي بخەنە بەردەم کۆمەڵگەی زۆرینەی ئەڵمان، بۆئەوەی لە ناسیۆنالیزم دوور بکەونەوە. هەمان شت لە حیزبی بەعسی سووري و ئێراقيشدا بەدي دەکەیت. دووان لە سێ دامەزرێنەرەکەی ئەو حیزبە سەر بە کەمینەی مەسیحي و عەلەويی سووریا بوون (میشێل عەفلەق و زەکي ئەرسوزي). گەلێک لەناوە دامەزرێنەرەکانی ناسیۆنالیزمی عەلمانيی عەرەبي سەر بە کەمینە ناموسوڵمانەکان بوون (جۆرج حەبەش، ئنەتۆن سەعدە). ڕوونە قازانجی ئەو کەمینانە لەوەدایە، گەلانی زۆرینە موسوڵمانی ناوچەکە لەدوای ڕووخانی دەوڵەتی ئیسلاميی وەسماني لەدەوری شوناسێک کۆببنەوە، کە ئەوانیش لە خۆ بگرێ و دیسانەوە بەدەریان نەگرێ. تێوروکانی خوێندەوارانی کوردیش لە حزبی شیوعيی ئێراقي و بزووتنەوە چەپەکانی تورکیا بەدەر نییە لەو هەوڵدانە نەستانەیەی کەمینە بۆ بەرهەمهێنانی زۆرینەیەکی نوێ، کە جێی خۆیشی تێدا ببێتەوە. عەلەويیەکان لە تورکیا، بە کورد و تورکیانەوە، بە زۆرینە دەنگدەر و چالاکی ناو ئەو جەهەپە کەمالیستەن، کە لە دەرسیم بە دڕندانەترین شێوە کۆمەڵکوژی کردن. بۆ کەمینەیەکی دیني هەرچۆنێک بێ دەوڵەتێکی عەلماني باشترە وەک لە یەکێکی ئیسلامي، با لەو پێناوەشدا دەست لە بەشێکی للاوازتری شوناسەکەی هەڵبگرێ، کە کوردبوونە. دەشبینیت کوردانی شیعە و یارسان لە ئێران ئاسانتر لە پژاکی چەپ کۆ دەبنەوە وەک لە دیموکراتی ناسیۆنالیست.
عەلەويیەکانی سووریا بەم میکانیزمە لەڕێی بەعسەوە هیچ نەبێ سێچارەکە سەدەیەکیان نەک هەر بە سەلامەتي، بگرە بە سەردەستي بەڕێ کرد. لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەی لێی دەترسان ئاخري هاتە دي و کۆمەڵگەی زۆرینە سوننەی سووري ئێستا پەڕگیرانە سەری کردۆتەوە بە کۆشی شوناسە دینيیەکەیدا و وەک ڕۆنی قرچاو ناتوانێ یەک دڵۆپەئاوی کەمینەی ناموسوڵمان لە خۆ بگرێ. قەیرانی کەمینە دینيیەکانی دنیای موسوڵمان لە ڕۆژهەڵاتی ناوڕاستدا لە سەدەی بیستویەکەمدا بەوە قووڵتر بۆتەوە، کەڕۆژگاری سۆسیالیزم بەسەر چووە و ناسیۆنالیزمیش توند تێهەڵکێشی ئیسلامیزم بووە. بۆیە چیدیکە ئەمانە ناتونن لە پەنای سۆسیالیزم و ناسیۆنالیزمدا کەمینەبوونی خۆیان بشارنەوە. نە ئەوەندە گەورەن لە ڕووی ئەتنيیەوە ناسیۆنالیزمی خۆیان پەرە پێ بدەن و نە ئەوەندەش بچووکن تەواو لە زۆرینەدا بتوێنەوە. بۆیە نابێت بە دووری بزانیت لە داهاتوودا بەدوای ڕێگەی دیکەدا بگەڕێن، وەيی قۆناغەکەیان لەسەر سووکتر بکا. پەنابردن بۆ ئیسرائیل چیدي تابو نامێنێت و ڕەنگە خۆبردنەوە سەر کوردیش، ئەگەر کورد بتوانێ ببێ بە پارێزەریان، بە دوور ناگیرێ.
حاڵی حازر عەلەویبوون و درووزبوون و کوردبوونی عەلماني لە شوناسە کوشندەکانن لە سووریادا و لەبەر مەترسيی جینۆسایددان. عەلەوي بەرکوڵێکی بینیوە و درووز، ئیسرائیل نەبێ، خراپ دەیخوا. کوردیش چاوی لەسەر تاکانی تەرازووی هێزە لەنێوان تورکیا و ئیسرائیلدا.