پەرلەمانێکی داماو، بۆ؟

د. نوری‌ تاڵه‌بانی‌
  2025-08-09     208

دەستێوەردانی حیزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان لەکاروباری دامەزراوەو دەزگاکانی ھەرێمی کوردستان نکوڵی لێ ناکرێت.  دەستێوەردانی ئەو حیزبانە ئەگەر لەرێگای نوێنەرانیان لەناو ئەو دامەزراوانەدا بووایا ئاسایی بوو و لە وڵاتانی دیموکراسیدا روودەدات، بەڵام لە وڵاتی ئێمەدا ئەو دامەزراوانە کە پێویست بوو بەشێوەی دامەزراوەیی کاروباری ھاوڵاتیان بەرێوەبەرن بەبێ جیاوازی، لای ئەو حیزبانە جیاناکرێنەوە چونکە باڵادەستە بەسەریاندا. بۆ سەلماندنی ئەم بۆچوونە لەچوارچێوەی قانوونی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان و پێرەوی ناوخۆی ئەو پەرلەمانە دەرناچم.  
لە مانگی یەکی ٢٠٠٥ دوو ھەڵبژاردن لە عێراق و سێ ھەڵبژاردن لە ھەرێمی کوردستان ئەنجامدران،   لە شوباتی ئەو ساڵەدا ئاکامەکانیان لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان لە عێراق راگەیاندران.  ھەڵبژاردنی خولی دووەمی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان یەکێک بوو لەو سێ ھەڵبژاردنەو ھاوڵاتیانی کوردستان بە گەرمەوە بەشداریان تێداکرد بە ھیوای ئەوەی پەرلەمانی تازە ھەڵبژێراو دەستبەکاربێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان و چاککردنی باری گوزەرانیان، بەڵام کێشەی نێو ھەردوو حیزبی دەسەڵاتدار بووە ھۆی دواخستنی کردنەوەی کۆبوونەوەی ئەو پەرلەمانە، ئەوەش سەلماندی کە ئەو دوو حیزبە لە پەرلەمان بەتواناو دەسەڵاتدارترن و دەتوانن رێگا لە کۆبوونەوەی بگرن، ھەتا ئەگەر بەپێی قانوون و لەناو خەڵکدا بە نوێنەری خەڵکی کوردستان پێناسە بکرێت.  پاش نزیکەی چوار مانگ ئەوجا پەرلەمانی تازە ھەڵبژێراوی کوردستان توانی کۆببێتەوە، ئەو چوار مانگە بۆ ئەو دەمەی عێراق پێیدا تێدەپەری لە چوار ساڵی ئێستا بۆ کورد لەبارتربوو بۆ چەسپاندنی داواکاریەکانی لەچوارچێوەی ئەو دەوڵەتە کە بە قۆناغی دامەزراندنا تێدەپەری. پەرلەمانی کوردستان شەرعیەتی لەسەر ئاستی عێراق و نێودەوڵەتی وەرگرتبوو، چونکە بە پێی قانوونێکی عێراقی لەلایەن دەزگاێکی عێراقی  نێودەوڵەتییەوە ھەڵبژێرابوو، بۆیە دەیتوانی بەبآ کۆسپی قانوونی بریارو قانوون دەربکات بۆ پتەوکردنی ئەو قەوارە سیاسیەی لە ھەرێمی کوردستان دەمێک بوو ھەبوو.  بە پێچەوانەوە، حکومەتی عێراق و پەرلەمانەکەی، لەبەر باری نائەمنی و شەروشۆرو کوشتن لەبەشی زۆری ناوچەکانی عێراقدا کەم دەسەڵات بوون، بەشی زۆری ھێزە سیاسیەکانی عێراقی بەشداربوون لە شەرو پێکدادانا، حوکمی قانوون لەو ناوچانەدا جارێ جێگیر نەبووبوو. رێگەنەدان بە کردنەوەی پەرلەمانی کوردستان بووە ھۆی ئەوە ھەلێکی باش لەدەست کورد بچێت، ناکۆکی نێوان ئەو دوو حیزبە بەھۆی دەستێوەردانیان لە کاروباری پەرلەمان بووە ھۆی دواخستنی کۆبوونەوەی ئەو دامەزراوە سەرەکییەی کوردستان.  لەماوەی ئەو چوار مانگەدا تەنیا (٣) پەرلەمانتاری ھەڵبژێراو چووینە بەردەم باڵەخانەی پەرلەمان بۆ نارەزایی دەربرین، لەو ماوەدا دوو کۆبوونەوە ئەنجامدران بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لەو پەرلەمانتارانەی بە مەبەستی ھەڵوێست وەرگرتن بوو، بەڵام لە کۆتاییدا ھەر ئەو سێ پەرلەمانتارە چووینە بەردەم باڵەخانەی پەرلەمان.       
لە سەرەتای حوزەیرانی ٢٠٠٦دا بەھۆی تێپەربوونی ساڵێک بەسەر دەستبەکاربوونی پەرلەمان کۆبوونەوێکی داخراو سازکرا بۆ ھەڵسەنگاندنی کارەکانی لەو ماوەدا، لەگەڵ ھەوڵدان بۆ دیاریکردنی شێوەی ئەنجامدانیان، ئایا پەرلەمان بە پێی پێرەوی ناوخۆی کارەکانی ئەنجامداوە، یان پێشێلی ئەو  پێرەوەی کردووە؟ لێرەدا باس لە پێرەوەی ناوخۆی پەرلەمان دەکرێت چونکە ئەرکەکانی پەرلەمان و چۆنیەتی ئەنجامدانیان لەوێدا دیاری کراون، لادان لەو پێرەوە لادانبوو لەو قانوونە. ئەو پرۆسەیە دەبوو بە نھێنی ئەنجام بدرێت، بەڵام بەو شێوەیە نەکرا.  پەرەگرافی یەکەمی مادەی (١٤)ی ئەو پێرەوە چۆنیەتی ئەنجامدانی ئەو پرۆسەی دیاری کردووە، "ھەر ئەندامێکی ئامادەبوو لە دانیشتنەکە کاغزێکی مۆرکراو بە مۆری ئەنجومەنی پێدەدرێ و ناوی ئەو ئەندامانەی لەسەر دەنووسێ کە ئارەزوو دەکا بۆ ھەرکام لە پایەکانی دەستەی ھەڵیانبژێراو".  ئەگەر پەرلەمان رێز لەو قانوونە نەگرێت کە خۆی پەسەندی کردبوون چۆن دەتوانێ داوا لە وەزارەت و دەزگاکان و ھاوڵاتیان بکات رێز لە قانوون بگرن؟ سەروەری قانوون ھەر دروشمێکی سیاسی نییە، بەڵکو پرەنسیپێکی دەستووری و قانوونیە پێویستە ھەموو کەس و لایەنێک رێزی لێبگرێ، لەسەروی ھەموویانەوە پەرلەمان.  لەو رۆژانەدا باس لە ھەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکرا بەھۆی دەست لەکارکێشانەوەی سەرۆکی پێشووی لە پۆستەکەی. ئەو پرۆسەیە لە ساڵی ٢٠٠٥ و ئێستاش بەپێی پێرەوی ناوخۆی ئەو ئەنجومەنە ئەنجامدەدرێت.  پێشترو ئێستاش چەند کەسێک خۆیان بۆ ئەو پۆستە کاندیدکردبوو، ئەندامانی ئەو ئەنجومەنە بە نھێنی دەنگیان بۆ دەدەن، بەڵام ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان لە ماوەی چەند دەقیقەیەکدا کۆتایی پێھات، بێ ئەوەی سیمایەکی ھەڵبَژاردنی پێوە دیاربێت، چونکە ھەردوو حیزبی دەسەڵاتدار ماوەیەک پێش ھەڵبژاردنی پەرلەمان سەرۆک و جێگری سەرۆکیان دیاری کردبوون.  
بەرێوەبردنی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان پێویستە بەپێی پێرەوی ناوخۆ بەرێوەبچن، بەڵام زۆر جاران بەو شێوە نەبووە.  بۆ نموونە بەپێی پەرەگرافی یەکەمی ماددەی (٢٠)ی پێرەوی ناوخۆ، "دانانی بەرنامەی کاری ھەریەکێ لە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەن لەگەڵ ئەو پرۆَژەو پێشنیازو راپۆرتانەی گفتوگۆیان لەسەر دەکرێ، بەلانی کەمەوە پێش دوو رۆَژ لە بەستنی ئەنجومەن بە ئەندامانی پەرلەمان دەبێ رابگەیەندرێ"، ئەم پەرەگرافە کەم جار کاری پێکراوە.  کۆبوونەوەکانی پەرلەمان بەپێی مادەی (٥١)ی پێرەوی ناوخۆ دەبێ لەکاتی دەستنیشانکراودا ئەنجامبدرێن، بەڵام زۆر جاران ئەندامانی دەستەی سەرۆکایەتی سەعاتێک یان زیاتر لەو ماوە ئەوجا ھاتوونەتە ناو ھۆڵی پەرلەمان.  چەند جارێک ئەو "گلەییە" لەلایەن چەند پەرلەمانتارێکەوە لە دەستەی سەرۆکایەتی کراوە.  سەبارەت بە چۆنیەتی بەرێوبردنی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان، دەستەی سەرۆکایەتی دەبوو ریگا بە ئەندامان بدات بیرورای خۆیان ئازادانە دەربرن، بەڵام چەند جارێک ریگا بە چەند ئەندامێک نەدراوە راو سەرنجی خۆیان دەربرن، بە تایبەتی لە کاتی ئامادەبوونی میوانانی بیانی، یان لەکاتی گوفتوگۆکردن لەسەر چەند بابەتێکی زۆر گرنگ، بەڵام سەرۆکی پەرلەمان لە بەشی زۆری دانیشتنەکاندا راوسەرنج و"روونکردنەوەی"خۆی دەردەبڕآ و بە ئارەزووی خۆی قسەی کردووە، کۆنووسی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان، کە بەھەڵە بە " پرۆتۆکۆلەکان" ناودەبرێن ئەو راستیە دەسەلمێنن.
ئەرکی سەرەکی پەرلەمان تاوتوێکردنی پرۆژەی ئەو قانوونانەیە دەخرێنە بەردەمی بەمەبەستی پەسەندکردنیان، لەگەڵ لێپێچینەوە لە ئەدای حکومەت و وەزارەت و چۆنیەتی سەرفکردنی ئەو بودجەی ساڵانە بەقانوون پەسەند دەکرێن.  پرۆسەی تاوتوێکردنی پرۆژەی قانوونی بودجە ھەموو ساڵێک دووبارە دەبێتەوە، بۆیە پەرلەمان ساڵانە لێپێچینەوە لەگەڵ حکومەت و وەزارەتەکان دەکات تا بزانێ چەند لەو کارو پرۆژانەی لە بودجەدا پارەیان بۆ تەرخان کراوە جێبەجێ کراون و بە چ شێوەیەک سەرفکراون.  لە ناوەراستی ساڵی ٢٠٠٧ پرۆژەی قانوونی بودجەی ھەرێمی کوردستان خرایە بەردەم پەرلەمان، بەڵام لەبەر چەند ھۆیەک لەو ساڵە گوفتوگۆی جیددی لەسەر نەکرا، پرۆژەی قانوونی بودجەی ئەو ساڵە بە پەڵە پەسەندکرا.  پەرلەمان لەو قانوونەدا چەند ڕاسپاردەیەکی چەسپاند تێیدا داوا لە حکومەت کرابوو بودجەی ساڵی ٢٠٠٨ لە مانگی یانزەی ٢٠٠٧دا ئامادەبکات و ڕوونی و شەفافیەتی تێدابێت. ڕاسپاردەیەکی دیکەی پەرلەمان تایبەت بوو بە یەکگرتنەوەی ئەو وەزارەتانەی یەک نەخرابوون.  لە یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ تاوتوێکردنی پرۆژەی قانوونی بودجەی ساڵی ٢٠٠٨ چەند پرسیارێک لە نوێنەری حکومەت و ھەردوو وەزیری داریی کران دەربارەی ھۆی جێبەجێ نەکردنی ئەو ڕاسپاردانە.  دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان تەنیا دوو دەقیقە مافی قسەکردنی بە ئەندامان دا بۆ دەربڕینی ڕاو بۆچوونیان.  ھەڵبەتە لەو ماوە کورتەدا کەسێک ناتوانێ ڕاو سەرنجی خۆی لەبارەی پرۆژە قانوونێکی گرنگی وەک بودجە دەربڕێ، کە بەقەد پرۆسەی متمانەدان بە حکومەت گرنگی ھەیە.  چەند پەرلەمانتارێک داوایان لە سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد وەزیرە پەیوەندیدارەکان ئامادەبن لە کاتی تاوتوێکردنی بودجەی وەزارەتەکانیان، چەند پەرلەمانتارێکی دیکە داوای ڕوونکردنەوەیان کرد دەربارەی یەک نەخستنەوەی ئەو سێ وەزارەتە، کە دەبوو لەکۆتایی ساڵی ٢٠٠٧ یەکبگرنەوە.  لە موداخەلەێکدا وتم ئەو سێ وەزیرەی ئامادەی کۆبوونەوەی ئەو رۆژە بوون (٢٣ نیسانی ٢٠٠٨) ئەوان و حکومەتیش ناتوانن وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە، چونکە بڕیاری یەکخستنەوەی ئەو چەند وەزارەتە لە دەسەڵاتی ئەواندا نییە، ئەوە لە دەسەڵاتی مەکتەبی سیاسی ھەردوو حیزبی سەرەکی دایە.  ھەموو دەزانین چەندین کۆبوونەوە بۆ ئەو مەبەستە ئەنجامدراون، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتوونەتە دوا بڕیار.  بە داخەوە واقیع و قانوون لە وڵاتی ئێمەدا دوو شتی جیاوازن، بەپێی قانوون یەکخستنەوەی ئەو چەند وەزارەتە دەبوو بە ھەماھەنگی لەنێو حکومەت و پەرلەماندا بڕیاری لەسەربدرێت.  لەم سێ ساڵەدا ئەو کارە ئەنجام نەدراوە، ئەوەش کەم دەسەڵاتیی پەرلەمانی کوردستان دەردەخات.  لە کاتی تاوتوێکردنی بودجەی وەزارەتەکان دەبوو وەزیرە پەیوەندیدارەکان ئامادەبن تاکو پەرلەمان ئاگادار بکەنەوە لە ڕاوبۆچوونیان دەربارەی ئەو بڕە پارەی بۆ وەزارەتەکانیان تەرخانکراوە.  بەشی زۆری وەزارەتەکان داوای تەرخانکردنی پارەی زیاتریان کردبوو، بەڵام لەلایەن ھەردوو وەزارەتی دارییەوە کەمکرابوونەوە.  ئەو وەزیرانە ئەگەر لە پەرلەماندا ئامادەبوونایا دەیانتوانی وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتاران بدەنەوە، بە بۆچوونی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان پێڕەوی ناوخۆی پەرلەمان ھەر وەزیری دارایی ناچار دەکات بە ئامادەبوون لەکاتی تاوتوێکردنی پرۆژەی قانوونی بودجەدا.  لەو کۆبوونەوەدا دوو پرسیارم ئاراستەی ھەردوو وەزیری دارایی کرد دەربارەی بودجەی وەزارەتەکانیان، یەکەمیان، ئایا بوونی ئەو دوو وەزارەتە لەڕووی قانوونی و واقیعەوە ئەوە ناگەێنێ، کە ئەو پارەی بۆ بودجەی ھەرێم دەستنیشانکراوە دابەش دەکرێت لەنێو ئەو دوو وەزارەتەدا؟ ئایا دەکرێ ئاگاداری پەرلەمان بکەنەوە لە شێوازی ئەو دابەشکردنەدا؟ ئایا وەک جاران کە دوو ئیدارە ھەبوو بەھەمان رێژە دابەش نەکراوە؟  پرسیاری دووەمم دەربارەی چۆنیەتی یەکخستنەوەی ئەو (دوو) وەزارەتە بوو لە ئایندەدا، ئایا میکانیزمی یەکخستنەوەیان لەئێستاوە دیاری کراوە؟  داوایەکی دیکەی لیژنەکانی پەرلەمان و چەند پەرلەمانتارێک وەک ڕاسپاردە لە قانوونی بودجەی ٢٠٠٨دا چەسپێندرابوو پەیوەندیان بەو بڕە پارەیەوە ھەبوو بریاربوو لە بودجەی تەواکەری (تەکمیلی) لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٠٨دا حکومەتی بەغدا بیداتە حکومەتی ھەرێم بە رێژەی ١٧% و بخرێتە سەر بودجەی ھەرێمی کوردستان.  ئەو راسپاردانە ھەموویان تا ئێستا جێبەجێ نەکراون.  راسپاردەی پەرلەمان بە پەسەندکردنی بودجەی ساڵی ٢٠٠٩ پێش کۆتایی ساڵی ٢٠٠٨، ئەویش تا ئێستا ئەنجامنەدراوە.  ئەمانە چەند نموونەیەکن، دەتوانین نموونەی دیکە بخەینە بەرچاو سەبارەت بەکاری لیژنەکان، بە تایبەتی لیژنەی ئامادەکردنی پرۆژەی دەستووری ھەرێمی کوردستان، کە بەداخەوە بەشی زۆری کارەکانی بەشێوەێکی قانوونی ئەنجام نەداوەو پرۆژەکەش تا ئێستا بڵاونەکراوەتەوە، باس لەوە دەکرێت لەم نزیکانە دەخرێتە بەردەم پەرلەمان بۆ پەسەندکردنی بێ ئەوەی مافی ئەوەی ھەبێ لێی بکۆڵێتەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×