"ئایا عەلمانی تاکێک پێڵاو دەهێنێت؟"

ئیبراهیم سادق مەلازادە
  2025-05-09     508

لە کوردەواری دەڵێن "زاری بەڵێ درۆناکات"، بەو مانایەی گوفتار ڕەنگدانەوەی ڕەفتارە. دەزانین سەلەفییەکان نەک هەر عەلمانییەکانیان بەلاوە موسوڵمان نین، بەڵکو سۆفیی و ئیخوان و شیعە و ئەشعەری و دەیان گروپ و قوتابخانەی ئایینی دیکەشیان بەلاو موسوڵمان نین، یان بەلایانەوە بیدعەچی و لەڕێلادەرن، چونکە تەنها خۆیان بەلاوە گروپی ڕزگاربوون "الفرقة الناجیة"، وەک ئەوەی ئەوانە هەڵبژاردەی خودا بن. بەڵام ئەی لەڕوانگەی میانەڕەوترین گروپی ئیسلامی، کە ئیخوانەکانن، ئایا لەڕوانگەی ئەوانەوە وەک ئەوەی دکتۆر موسەننا فەرمووی "عەلمانی تاکێک قۆنەرە دێنن"؟

لە گفتوگۆ و زیهنییەتی نێوان د. موسەننا ئەمین و مەلا عەبدوللـەتیف "، "عەلمانی تاکێ پێڵاو ناهێنێت". سەرنج بدەن نەک عەلمانییەت "Secularism" بەڵکو عەلمانی "Secularist" تاکێ پێڵاو ناهێنێت، ئەوە رێک قسەی مەلا عەبدوللـەتیفە و لینکەکەی لەخوارەوە دانراوە، دواییش دکتۆر موسەننا پشتیوانی لەو پرۆژەیە دەکات و دووبارەی دەکاتەوە و دەڵێت "پێکەوە ببینە براو هاوکار، ئەو مەشروعەی مامۆستا ئیمانی پێیەتی، کە عیلمانییەت لای ئەو تاکێ قۆنەرەیە، ئیسلام ئەبێ عەزیز بێت لەو کۆمەڵگەیە".  ئەوەش مانای وایە کە جەنابی دکتۆریش عەلمانی بەلاوە تاکێک قۆنەرەیە. لەپەراوێزی ئەو سوکایەتییەی ئەو دوو موسوڵمانەی، کە بەو جۆرە تەعبیر لە ئاشتی و پێکەوە ژیان دەکەن، بەباشم زانی چەند خاڵێک بوڕوژێنم:

یەکەم: عەلمانییەت سیستمی دەستەڵاتە، دیوی دووەمی دیموکراسییەتێکی ڕاستەینەیە، جیاکردنەوەی ئایینە لە دەوڵەت و هیچ ناسنامەیەکی نیە بێجگە لە بوون بە چەترێک بۆ هەموو هاوڵاتییان لەسەر بنەمای هاوڵاتیبوون، مافەکانی مرۆڤ و پارێزگاریکردن لە ئایین، ڕەچەڵەک، نەژاد، زمان و کولتوری خۆیان. بەمانایەکی دیکە؛ جیاکردنەوەی ئایدیۆلۆجیای مەلاعەبدوللـەتیف و دکتۆر موسەننایە لەوەی بەو ئایدیۆلۆجیایەوە دەستبەسەر دەستەڵاتدا بگرن. لە سیستمی عەلمانیدا ئەوان وەکو دیندار دەتوانن ببنە دەستەڵاتدار، ببنە سەرۆک و ڕێبەر، تەنانەت حیزبەکەشییان لە هەڵبژاردنەکان بباتەوە و حوکم بکات؛ ئەوەیە سیستمی عەلمانی، ئایا لە سیستمەکەی ئەواندا ڕێگا بە عەلمانییەک دەدەن ببێتە سەرۆک و ڕێبەر؟ ئایا ڕێگا بە هەڵگری ئایینەکانی دیکە دەدەن ببنە سەرۆکی وڵات؟ ئایا ڕێگا دەدەن ژن ببێتە ئیمام و قازی؟ ئایا گرێنتی ئەوە دەدەن، کەمینە ئایینییەکان نەخەنە پەراوێز و جزیەیان بەسەردا نەسەپێنن؟ ئەوەی کە سەلمێندراوە، دەستەڵاتی عەلمانی لە سایەی دیموکراسیدا، بەیەک دووریی (مەسافە) لەهەموو ئایین و مەزهەب و ئایدیۆلۆجیاکان دەوەستێت، نەدژی هیچیان دەبێت، نە لایەنگری هیچیشیان دەبێت. بەڵکو ئیدارەی وڵات دەکات لەسەر بنەماکانی دیموکراسییەتێکی ڕاستەقینە و مافەکانی مرۆڤ و ڕێزگرتن لە جیاوازیی نێوان مرۆڤەکان. دەی ئەگەر ئەوە تاکێک پێلاو نەهێنێت، دەبێت بەدیلە سەرسوڕهێنەرەکەی ئەو دوو بەڕێزە چی بێت؟

دووەم: کاتی خۆی کە هێزە جیاوازەکانی ئەفغانستان  (موجاهیدەکان) گەڕانەوە کابوول، لەجیاتی ئەوەی حکومەتێکی نیشتمانی دابمەزرێنن کە هەموو هاوڵاتییان بەبێ ڕەچاوکردنی ئایین و مەزهەب و خێڵ، بپارێزێت، کەوتنە ناو یەک و لەشەڕێکی خوێناویدا یەکتریان کەلوکۆم کرد و وڵاتیان نقومی خوێن و توندوتیژی کرد. ئەو سەردەمە لە بابەتێکمدا ئاماژەم بەوەکرد، کە "عەلمانییەت" بۆ کەس گونجاو نەبێت، بۆ ئیسلامییەکان گونجاوترینە، بۆ ئەوەی بتوانن بە ئاشتی وڵات بەڕێوەبەرن، بەتایبەتیش لە ئەفغانستان. دواییش تاڵیبانییان لێ قیتبووەوە و لەماوەیەکی کورتدا لەکابوول وەدەری نان. تاڵیبان بەحوکمی ئەوەی هێزێکە لەمەلایەکانی ئەفغانستان پێکهاتووە و هێزێکی مەزهەبین، توانیان بەئاسانی جێی خۆیان بکەنەوە و ڕەنگدانەوەی ئەقڵییەت و بیرکردنەوەی زۆرینەی خەڵکی ئەفغانستانن. ئەوەش بۆهەمووان ڕوونە کە ئەوهێزە تاکڕەوە، باوەڕی بەهیچ بنەمایەکی دیموکراسی و فرەیی و هەڵبژاردن و مافەکانی مرۆڤ نیە.

سێیەم: ئێستا هەموومان دەزانین تاڵیبان هێزێکی مەزهەبین، نە بەنیفاق شەڕیان لەگەڵ ئەمریکاییەکاندا کرد و نە ئەمڕۆش بەنیفاق دەستەڵاتیان گرتۆتە دەست. ئەوەی باوەڕیان پێی هەیە جێبەجێی دەکەن، بەپێچەوانەی زۆرینەی ئیسلامییەکان بەتایبەتیش ئیخوانەکان. لێرەدا کەسێک نەبووە پرسیار لەو دوو ئیسلامییەی ناو گفتوگۆکە بکات؛ ئەگەر عەلمانییەت تاکێک پێڵاو ناهێنێت، ئەی بەدیلی ئەوان چییە؟ کەسێک پرسیاری نەکرد داخۆ عەلمانییەت بەلای ئەوانەوە چ جۆرە دەعبایەکە، کە تاکە پێڵاوێک نەهێنێت؟ چ قەباحەتێکی کردووە، کە موسوڵمانەکان لەسەردەمی عوسمانییەکان نەیانکردبێت، یا بەر لە عوسمانییەکانیش سەحابەکان لەشەڕی ئەلجەمەل (36هـ) لەنێوان دایکە عائیشە و خەلیفەی چوارەم عەلی کوڕی ئەبوتالیب، یان لە شەڕی صەفین (37هـ)، واتە دوای ساڵێک لە شەڕی جەمەل، لەنێوان خەلیفەی چوارەم عەلی کوڕی ئەبوتاڵیب و والی شام موعاوییەی کوڕی ئەبوسۆفیان، لەگەڵ یەکدیدا نەیانکردبێت؟ دەبێت عەلمانییەت چ قەباحەتێکی کردبێت کە کۆماری ئیسلامی ئێران، یان بەرەی نەتەوەیی ئیسلامی سوودان، یان دەولەی ئیسلامی لە عێراق و شام، یان ئیمارەتی تاڵیبان، یان دیکتاتۆرەکەی تورکیا، نەیانکردبێت.

چوارەم: ئەوەی ئەو دوو موجاهیدەی دیبەیتەکە باوەڕیان پێی هەیە ئەوەیە کە "عەلمانی تاکێ پێڵاو ناهێنێت". دەی تەواوی سەرانی پارتی و یەکێتی باوەڕیان بە دەستەڵاتێکی دینی نیە، بەدەیان هەزار کورد لە باشوور بەتایبەتیش دەستەبژێری خۆبەرۆشنبیرزان و نوسەر و هونەرمەند باوەریان بە دەستەڵاتێکی دینی نیە. ئەو دولایەنەی کە مەلا عەبدوللـەتیف و دکتۆر موسەننا نوێنەرایەتیی دەکەن؛ هەر لەئێستاوە بەهەزاران هاوڵاتی کوردیان بەلاوە تاکێ پێڵاو ناهێنێت. ئایا ئەوانە بیر لە قسە و هەلوێستەکانییان ناکەنەوە؟ ئایا ئەوەیە ئەو ئەدەبەی کە ئیسلام فێری کردوون؟ مەگەر ئەو قسەیە سوکایەتییەکی سۆر و سۆر نیە بەو سەدان هەزار کوردەی کە باوەریان بە دەستەڵاتێکی دینی نیە؟ پرسیارە گرنگەکەش ئەوەیە ئەگەر "عەلمانی تاکێ پێڵاو نەهێنێت"، ئەوانە دەستەڵاتیان بکەوێتە دەست دەبێت چۆن مامەلە لەگەڵ هەموو ئەو تاکە پێلاوانەدا بکەن؟ پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە ئایا سەرانی پارتی و یەکێتی باوەڕیان بە دەستەڵاتی دینی هەیە تا خۆیان بەلاوە عەلمانی نەبێت و بەدەربن لە تاکێک پێڵاو؟

پێنجەم: لەوە بەدەر وەکو هاوڕێم دکتۆر سەردار لەژێر سەردێڕی "کەنداوچێتی: سەرنج لە دیبەیتی د. موسەننا و عەبدوللـەتیف"، وەسفی کردبوو، بەو مانایەی هەردوکییان کەنداوین، پارەدارن و لەڕوانگەی لێکۆڵەری بە ڕەچەڵەک فەلەستینی ئادەم هەنیە، وەکو "هێزێکی کەپیتاڵیزم و ئیمپریالیست" مامەڵە لەگەڵ نەتەوە ژێردەستەکاندا دەکەن. بۆیە، لەو ڕوانگە کاپیتالیستی و ئیمپریالیستییەوە، دەکرێت ئەو دوو بەڕێزە عەلمانی بە تاکێک پێڵاو نەزانن، چونکە ئەو جۆرە هێزانە لەگەڵ دادوەری و بنەماکانی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤدا ئاسمان و ڕێسمانییانە. ئایدیۆلۆجیایەکی شۆفینیستیشی تێکەڵ بێت، کە خۆیان بە گروپی هەڵبژێردراو و فیرقەی ناجیە دەزانن، هەر ئەوەی لێچاوەڕوان دەکرێت کە مرۆڤی جیاواز لەڕوانگەی ئەو ئایدیۆلۆجیستانەوە بەدەردی دکتۆر موسەننا دەڵێت "تاکە قۆنەرەیەک نەهێنێت"، لە وڵاتێک کە داواکاری گشتیش لە سیستمێکی نیمچە عەلمانیشدا؛ نەجوڵێت و وەکو هەموو عەلمانییەک "تاکە پێڵاوێک نەهێنێت".

لینکی گوتارەکە: https://shorturl.at/Hb1qg

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×