کەرکوک، سریبرینیچای کوردستان!

ئیبراهیم سادق مەلازادە
  2023-09-08     217

لەو ڕۆژانەی ڕابردوودا، زۆر بە وردی بەدواداچوونم بۆ ڕووداوەکانی کەرکوک دەکرد، ئاگاداری زۆربەی هەڵوێست و راگەیاندنەکان بووم، هەموو ئاماژەکان دەیانگوت کەرکوک لەسەر لێواری جینۆسایدێکی دیکەدایە. بەحوکمی تایبەتمەندیم لە پڕۆسەی جینۆساید، هەموو نیشانەکانی جینۆسایدم دەبینین. لایەنێک کە بێدەنگ و بێ هەڵوێست بوو، بەتەنها لایەنی کوردی بوو، بەتایبەتی پەرلەمنتاران و بەرپرسانی کورد لە بەغدا، کە هەڵوێستێکی دوو سەرە بوو، لەلایەک، شەرمنانە و ترسنۆکانە بوو، لەوەی کە بە خێرایی نەکەوتنە جموجۆڵی سیاسی بۆ ئەوەی خەڵک شەهید نەکرێت و زیانەکان گەورە نەبن، بەڵام لەلایەکی دیکەوە، هاوکار بوو بۆ زیاتر گەورەنەبوونی کێشە و ململانێکە. میلیشیاکان و سوپای عێراق و دژەتیرۆری عێراقی، بە ئەقڵییەتێکی پاوانخوازانەی دژە کوردانە دەجوڵانەوە. ئاخر، بۆ ماوەی زیاتر لە شەش ڕۆژ ڕێگایەکی سەرەکی نیشتمانی نێوان شارە گەورەکان دابخرێت و بەدەیان هەزار هاوڵاتی ڕووبەڕووی فشار و کێشەی ئابووری ببنەوە، نە حکومەت و نە سوپا و نە پۆلیس نقەیان لێوە نەیەت و خۆپیشاندەرانی عەرەب و هێزی میلیشیاکان و هەندێک لە تورکمانەکان، لەگوڵ کاڵتریان پێ نەگورێت، نەک هەر ئەوە، بەڵکو لەلایەن حاکمی شارەوە بە ئاشکرا سوپاسیان دەکرا، بەڵام کە خۆپیشاندەرانی کورد دژ بەو دۆخە هاتنە سەر شەقامەکان، گوللە باران کران.

هەندێک لە نوسەر و ڕاگەیاندنکارەکان پێیان وابوو ئەگەر حیزبە سیاسییەکان لێبگەڕێن، خەڵکی کەرکوک هیچ کێشەیەکییان نیە. ئەم دەربڕینە لە دوو سەرەوە لە بێئاگایی و وەکو کاردانەوەی دژ بە حیزیەکان بوو؛ لەلایەک حیزبی سیاسی یەکێکە لە دیاردەکانی مۆدێرنیتێ و هیچ کۆمەڵگەیەکی مرۆیی نادۆزینەوە بێ حیزبی سیاسی. بێجگە لەوەی کە خودی حیزبەکان لە تاکەکانی ئەو کۆمەڵگەیە پێک هاتوون و وزە و توانایان لە چین و توێژەکانی کۆمەڵگە وەردەگرن. لێرەدا من باس لە باشی و خراپی حیزب ناکەم، بەڵکو باس لە دیاردەی حیزبی دەکەم، هەرچەندە کورد لەو بوارەدا خاوەنی حیزبی سیاسی مۆدێرن نین، چونکە هەڵگری جیناتەکانی خێڵ و تائیفەن، بەرەڵا کراون و بە ماڵی خۆیان کە نیشتمانی کوردستانە، نازاننەوە. لەلایەکی دیکەوە، ئەو دابەشبوونەی کە هەیە لە سنوورە سیاسییەکاندا نەماوەتەوە، بە هەموو پێوەرەکان دابەشبوونەکان بە کۆمەڵایەتی کراون و ئاسایی و نۆڕمالیزە کراون. نۆڕمالیزەبوونی ڕقبوونەوە و بەسووک و کەم تەماشاکردنی بەرامبەر، سنوورە ئاساییەکانی نێوان گروپە مرۆییەکانی بڕیون و بووە بە نەخۆشییەکی کۆمەڵایەتی. بێجگە لەوەی کە ئەو جۆرە دەربڕینە جۆرێکە لە بێ ئاگابوون لە ڕووداوەکانی ناوچەکە و تێنەگەیشتن لە پڕۆسەی سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگە هاوچەرخەکان.

هێزی دەستەڵاتدار لە کەرکوک کە پشتی بەستووە بە سوپا، میلیشیاکان و پشتیوانی ئیداری، زەمینەیەکی لەباری خولقاندووە بۆ دژە کوردبوون. زەمینەیەک کە ئەگەر نەشڵێین سەدەیەکە، بەڵام لەناوەڕاستی سەدەی ڕابردووەوە بە شێوەیەکی سیستماتیک کار دەکات. پڕۆسەی تەعریب، تا ئەمڕۆش بە چەندین شێواز لەبڕەو دایە و چاوچنۆکییەکی ئابووری زۆر ڕووی لە کەرکوکە، بەهۆی بەپیتی خاکەکەی و زۆربوونی دەستی کار بەهۆی کۆمپانیاکانی نەوت و پێگەی ستراتیژی ئەو شارە و زۆر فاکتەری دیکە. هەموو ئەمانە وایان کردووە ئەو شارە چاوی زۆر لەسەر بن. وایان کردووە، ئەگەر هەوڵەکان ئاشکراش نەبن، بە شاردراوەیی بەردەوام بن بە مەبەستی کەمکردنەوە و سنووردارکردنی چڕی دانیشتوانی کورد لە کەرکوک.

جگە لەوەش، حیزبە کوردییەکان، تۆمەتبارن بەوەی کە دەستەڵاتییان لەکەرکوک هەبوو، لەلایەک هیچ هەوڵێکییان بۆ ئاساییکردنەوەی کەرکوک نەبوو، لەلایەکی دیکەشەوە، ڕەفتار و ئاکاریان هێندە ناشیرین و هەڕەمکییانە بووە، جۆرێک لە ترس و بیمی لای گروپە مرۆییە جیاوازەکان دروستکردبوو. جگە لەوەی کە دوو پۆلیس و دوو ئاسایش و دوو جۆر ئاڕاستەی ئیداری لەکەرکوک کاری دەکرد. دوای ئەوەش، تا ئەوڕۆش هەردوو حیزبی سەرەکی بە ئەقڵییەتێکی تائیفی، نابەرپرسیارانە دژ بە یەکدی دەجوڵێنەوە، بەجۆرێک کورد لەو شارە بۆتە پاروێکی چەوری میلیشیاکان و عەرەبە هاوردەکان و خەڵکی نابەرپرس. لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەش، بە باشی دەرکەوت کە بوێری ئەوەیان تێدا نەبوو، ڕێگری لە کوشت و بڕی هاوزمانەکانییان بکەن. تا ئێستاش هەنگاوێکی بوێرانەیان نەناوە گرتن و تۆقاندنی خەڵکی کورد لەو شارە ڕابگرن.

لەهەموو حاڵەتەکاندا، ڕووداوەکان ئەوەیان سەلماند، کوشتن لەسەر ناسنامە، لە ئاوخواردنەوەیەک ئاسانترە و دەیان و سەدان پاساویان هەن بۆ کوشتنی بەرامبەر. پشت ئەستووربوون بە سوپا، میلیشیاکان و دەستەڵاتی ئیداری، جۆرێک لەخۆباییبوون و هێزی نابینای لای تاکەکان دروست کردووە بەمەبەستی زاڵبوون، زاڵبوونێکی کوێرانە و ڕیشەکێشانە، دژ بە گروپی بەرامبەر. زاڵبوونێک لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە پەسەندە، بۆ ئەوان شەرعییەتێکی نیشتمانی هەیە، بەوەی کەرکوک شارێکی عێراقیە و هەموو جۆرە جموجۆڵێکی ناعەرەبی لەو شارە، بە ئاڕاستەی دابەشبوون و کەرتکردن و لەتکرنی عێراقە. قوڵبوونەوەی ئەم ترسە بە کۆمەڵایەتی کراوە. ئەگەر لە ڕابردوودا حکومەت نوێنەرایەتی ئەو جۆرە گوتارەی کردبێت، ئێستا ئەو گوتارە دابەزیوەتە ناو خەڵک و خەڵک بۆخۆی دەیەوێت بەرگری لە یەکێتی خاکی عێراق بکات. لە گوتاری زۆرینەی حیزبە شیعییە دەستەڵاتدارەکان، سەدرییەکان و میلیشیاکاندا ئەو نیگەرانییە بەردەوام و بە ئاشکرا کار دەکات و لە گەشەکردنیش دایە. تاکە لایەنیش کە مەترسی بێت لەسەر دابەشبوون، لە گوتار و بیرکردنەوەی ئەواندا، تەنها کوردە.

تورکمانەکان، هەڵەیەکی میژوویی دەکەن کە پشتیوانی لەو نیگەرانییەی عەرەبەکان دەکەن، لەلایەک، ئەو نیگەرانییە لە حکومەت و دامودەزگاکانەوە نیە، بەڵکو هی خەڵکی هاوردە و میلیشیاکانە، بە ئامانجی زاڵبوون و دەستکەوتی ئابووری و ئیداری زیاتر. جگە لەوەش، ئەگەر ئەو نیگەرانییە ئەمڕۆ دژ بە کورد بێت، بەیانی ڕوو لەوانیش و لە مەسیحییەکانیش دەکات. ڕوو لە هەموو ناسنامە و هەستێکی ناعەرەبی دەکات. ئەوەش بەمانای ئەوە نا بەرەیەکی دژە عەرەبی دروست بکرێت و ڕووبەڕووی ئەو هەستە دژە ناعەرەبییە ببنەوە، بەڵکو بەهێزنەکردنی ئەو هەستە دژە ناعەرەبییە کە ئێستا تەنها هەستێکی دژە کوردییە و بە تێپەڕبوونی کات تەشەنە دەکات، لە وشیارییەکی شۆفینیستانەی کۆمەڵایەتییەوە سەر دەگرێت. بەهێزنەکردنی ئەو هەستە دژە ناعەرەبییە، لەوەدا لاواز نابێت پشتئەستوور بن بە دەوڵەتە دراوسێکان، یا بە جەمسەرگیری دژ بە عەرەب یا دژ بە کورد، بەڵکو دروستکردنی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی، بە خەسڵەتەکانی لێبووردەیی و گەڕاندنەوەی ماف بۆ مافخوراوان و نەهێشتنی فشارەکان لەسەر لایەنێکەوە بێت بە لایەنەکانی دیکە.

ئەگەر خێرا میکانیزمێکی ئیداری، کۆمەڵایەتی و سیاسی بۆ چارەسەرکردنی ئەو دۆخەی کەرکوک نەدۆزرێتەوە، ئەگەر ئەو جارەش نائارامی شارەکە بەزەبری هێز کۆنتڕۆڵ کرابێت، ئەوە بە دڵنیایی پەنگخواردنەوەکەی بەهێزتر دەبێت و تەقینەوەی داهاتووی کۆنتڕۆل ناکرێت، ئەوسا ڕووبەڕووی پڕۆسەی جینۆساید دەبنەوە، کە لە ناوەرۆک و روخسار و لەزۆر رووەوە لە جینۆسایدی سێربرینیچا دەچێت. لەو ڕووەشەوە، بە ئامانج گرتنی ئەو گەنجانەی کورد لەلایەن هێزە عێراقییەکان دوو نیگەرانی گەورەی لای من دروست کردوون:

یەکەم: کوشتن لەسەر ناسنامە بەپێی کۆمەڵێک داتا و ڕاگەیاندن، حەزێکی بەربڵاوە لەناو سوپا و خەڵک، واتە خواستێکی سیاسی کۆمەڵایەتیی و تەنانەت ئابووریشە. کوشتن ئەو دەرمانەیە کە برینەکانی گروپی دەستەڵاتدار سارێژ دەکات، رژانی خوێنی چوار کورد کۆتایی بە داخستنی ڕێگای کەرکوک هەولێر هێنا، چونکە خوێنی تێدا رژا. هێز بەکارهات و دەماری نێرایەتی هێزە عێراقییە شەرخوازەکانی تێدا تیمار کرا.

دووەم: ترسێکی دیکەش لای من کە پێشتریش هەبوو، ئەمجارەیان گەورەتر بوو، ئەویش مەترسی بوون بە سەرباز لەناو سوپای عێراقدا. سەربازانی کورد لەناو سوپادا، چیتر وەکو کورد بیرناکەنەوە. بیرکردنەوەی دەستەجەمعی سەربازەکان، وەکو گروپێکی سەربازی، بێجگە لەوەی کە لەسەریانە گوێڕایەڵی فەرمانە گشتییەکانی سەرەوەی خۆیان بن، ئەو بیرکردنەوە دەستەجەمعییە، بەهێزتر دەبێت لەوەی کە لەحاڵەتی ئاساییدا هەیە. نموونەی ئەو مێرمناڵەی کە کەوتبووە دەست کۆمەڵێک سەربازی کورد لە سوپای عێراق لە کەرکوک، هاواری دەکرد و دەیگوت من هیچ پەیوەندیم بە خۆپیشاندانەکانەوە نیە و من بێ گوناهم، بەڵام سەربازە کوردەکان بەزەییان پێیدا نەدەهاتەوە، چ جای ئەوەی لەوە بکۆڵنەوە داخۆ ئەو مێرمناڵە بەشدار بووە یان نا، یا هەر هیچ نەبێت تەمەنی لەخوار هەژدە ساڵییە و نابێت بەو جۆرە توندوتیژییە مامەلەی لەگەڵدا بکرێت. ئەوە چش لەوەی کە دەبوایە بەیەک یاسا و ڕێسا مامەڵە لەگەڵ هەموو گروپە مرۆییەکان بکرابوایە. ئینجا ئەگەر کوردێک (با سەربازیش بێت) لە نیگەرانی خڵکی کورد و هاوزمانانی خۆی تێنەگات، چۆن گلەیی لە سەربازێکی عەرەبی ناو سوپا بکرێت؟!

ڕێگریکردن لە جینۆساید، ڕێکاری توند و سەرتاپاگیری دەوێن. پێویستی بە گرتنەبەری پڕۆسەیەکی بەرفراوان هەیە بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی کۆمەڵایەتی کەرکوک، هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی هەموو ئەو کێشانەی کە هۆکارن بۆ نائارامی سیاسی و کۆمەڵایەتی. نەهێشتنی میلیشیاکان لەو دەڤەرە ئەرکێکی هەنووکەیی و مرۆییە، ڕادەستکردنەوەی شار بە پۆلیسی ناوخۆیی و دوورخستنەوەی هەموو جۆرە دیاردەیەکی سەربازی و میلیشیایی بۆ ئەوەی پڕۆسەی ئاساییکردنەوە کاریگەری لەسەر دۆخەکە هەبێت. ئەوەش دەزانم کە پارێزگار سەپێندراوە بەڵام بەهۆی ناتەبایی هێزە کوردییەکانەوە. بۆیە حیزبە کوردییەکان بەشێک لە بەرپرسیارێتی و گوناهی ئەو دۆخەیان لە ئەستۆ دایە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×