بەحەسەن عەلەوی بڵێن با داوای بوردن بکات!

ئیبراهیم سادق مەلازادە
  2023-05-17     652

نوسەر و سیاسەتمەداری عێراقی حەسەن ئەلعەلەوی، لەو رۆژانەدا وەسییەتی خۆی لە بەرنامەیەکی ڕاستەوخۆی تەلەڤیزیۆنی "هنا بغداد"، بڵاوکردۆتەوە و گوتوویەتی، "ڕاستەوخۆ لەو دیدارەدا و لەبەردەم ملیۆنەها کەس دەڵێم؛ کە کاتی خۆم هات و مردم، لە هەولێر بمنێژن، لە هەولێر، پێتەختی هەرێمی کوردستان، بەدیاریکراویش لە گۆڕستانی "شێخ ئەحمەد".

هۆکارەکەش دیار دەکات و دڵێت "چونکە نامەوێت لە گۆڕستانێکی مەزهەبی بمنێژن کە تیایدا جوێن بە عومەری کوڕی خەتاب دەدرێت، یا تیایدا مەدح و سەنای موعاوییە دەکرێت، وەک ئەوەی لە عێراق و زۆربەی وڵاتانی عەرەبی ڕوو دەدات. کورد مەزهەبی نین، باشترن لە عەرەبی شیعە و عەرەبی سوننە، ئەوەش قسەیەکی راستە هەر دەیڵێم ئەگەر هەمووان دژایەتیم بکەن. گۆڕستانەکانیشییان تاکە گۆڕستانن کە بە ئیسلامێکی ڕاست دادەنرێن چونکە مەزهەبی نین، بۆیەش دەمەوێت لە گۆڕستانێکی نا مەزهەبی بنێژرێم[1]".

حەسەن عەلەوی لە مێژووی خۆیدا بەعسییەکی بەتوانا و بەناوبانگ بووە و لە 1969 بەڕێوەبەری گشتی "ڕۆژنامەگەری" بووە لە وەزارەتی راگەیاندن. جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئیدارەی ئاژانسی دەنگوباسی عێراقی بووە لە نێوان ساڵانی ١٩٧٠ و ١٩٧١. سەرنوسەری گۆڤاری "ئەلیف باء" بووە، لە 1975 تا 1979، کە گۆڤارێکی سیاسی ژمارە یەک بووە لە عێراق و زمانحاڵی بەعس بووە، لە کاتێکدا کە لەو سەردەمەدا کوردستان سەر لە بەری هەلتەکێندراوە. ئەو لە دیدارێکی تەلەڤیزیۆنیدا لە 2017 بە ڕاشکاوی دڵێت "من لە نەوەی یەکەمی حزبی بەعسم، لە ساڵی ١٩٥٣، من بەعسیم[2]". هەروها، لو دیدارەدا لە 2018 پێشکەشکار لێی دەپرسێت "واتە تۆ باوەڕت بە فیکری بەعس هەیە؟"، لە وەڵامدا دەڵێت "بەڵێ، باوەڕم پێی هەیە و شتیشم بۆ ئیزافە کردووە"[3]. هەروەها، دەڵێت مشێل عەفلەق هەموو فەلسەفەی توێنب دزیوە. هەر لەو دیدارەشدا بۆخۆی باس لە ناوی میشێل عەفلەق دەکات و شۆفینییەتی لێ دەبارێت. ئەو داواکارییەشی بۆ ناشتنی لە کوردستان هەر رۆحێکی شۆفینییانەیە.

ئەگەر بەدواداچوونێکی خێرا بۆ هەڵوێست و قسەکانی حەسەن عەلەوی بکەین، خێرا بۆمان دەردەکەوێت کە ئەو کابرایە تا ئێستاش دڵی بۆ بەعس لێ دەدات، بێشەرمانە بەشان و باڵی "سەددام"دا هەڵدەڵێت[4] و کەسێکی هەڵپەرست و ناجێگیرە لە هەڵوێست و ڕاگەیاندنەکانی دا[5]. هەروەها لە دیدارێکیدا لەگەڵ ڕووداو کە ئەوکاتە هیوا جەمال گفتوگۆی لەگەڵ دەکات و بانگەشەی ئەوە دەکات کە "عیزەت ئەلدووری ئەمینداری گشتی حزبی بەعس، نامەیەکی بۆ ناردووە و "ئەمانەت یا (وەدیعة)ی حزبی بەعس"ی ڕادەستی ئەو کردووە، دەشڵێت: "من". پەیوەندیم لەگەڵیدا باش بوو، زۆرێک لەو تۆمەتانەی کە ئاراستەی دەکرێن، ڕاست نین”[6].

لە سەردەمێک کە ئەم پیاوە لە پێشەنگەکانی بەعس بووە، یەکێک بووە لەو زوڕناژەنانەی کە ڕووی بەعسییەکانییان ڕازاندۆتەوە و بە شان و باڵی سەددامییاندا هەڵداوە، جینۆسایدی فەیلییەکان بەڕێوە چووە. هەر لەو سەردەمەدا دوای نسکۆی 1974 بە هەزاران گوند و لادێ لە باشووری کوردستان سەرلەبەری هەڵدەتەتەکێندرێن و سەراوبن دەکرێن. خاک و ژینگە و ژیان و سەرچاوەکانی ئاو و باڵندە و پەلەوەرەکانی کوردستانیش لە ڕق و ستەمی بەعسییەکان ڕزگارییان نابێت. ئەوەچش لە تاوانە گەورەکانی ئەو ڕژێمەی عێراق لە هەشتاکان و دواتریش.

لە نوسینێکی راگەیاندنکار و نوسەری عێراقی مەتی کلو ئەوەش دەردەکەوێت کە حەسەن عەلەوی جگە لەوەی کە شانازی بە بەعسیبوونی خۆیەوە دەکات، رۆحێکی شۆفینیانەش دەردەبڕێ دژ بە میشیل عەفلەق، نەک لەبەر ئەوەی کە عەفلەق لەڕووی فیکرییەوە خراپە، بەڵکو لەبەر ئەوەی کە ناوی "میشێل عەفلەق" بووە، واتە ناوەکەی ئیسلامیی نەبووە. لە کاتێکدا کە بۆخۆی شوێنکەوتەی فیکر و ئایدیۆلۆژیای میشێل عەفلەق بووە[7].

لەگەڵ هەموو ئەو تاوانانەش کە حەسەن عەلەوی بە چاوی خۆی نەک هەر بینیویەتی، بەڵکو بەشێکیش بووە لەو سیستم و رژێمە تاوانکارە و بەشداربوویەکی سەرەکی بووە لە جوانکردنی ئەو رژێمە و تا ئەمڕۆش "داوای بوردنی" لە خەڵكی کوردستان نەکردووە. حەسەن عەلەوی دەبوایە ئەوەی باس بکردبوایە کە کورد ڕووبەڕووی جینۆساید بوونەتەوە، بۆخۆشی ئەگەر ڕاستەوخۆ بەشداریش نەبووبێت، بەشێک بووە لە ڕاگەیاندنی بەعس. ئەگەر بۆخۆشی بەشدار نەبووبێت، تەماشەڤان بووە و نقەی لێوە نەهاتووە. نەك هەر ئەوە، بەڵکو تا ئەمڕۆش باسی لەوە نەکردووە کە بەعس و سەرکردەکانی سێ بڕیاری جینۆسایدییان لە بەغدا دژ بە کورد ڕاگەیاندوون و کوردستانییان وێران کردووە. تا ئەمڕۆش شوێنەوار و کاریگەرییەکانی ئەو تاوانانە بەسەر خەڵکی کوردستان هەر ماون و کۆتاییان نەهاتووە.

لەبەر ئەم هۆیانە، چۆن لەبەردەرگای هەڵەبجە نوسراوە، بۆ بەعسییەکان نیە بێنە ژوورەوە،، بەهەمان شێوەش بۆ بەعسیەکان نیە لە گۆڕستانەکانی کوردستان بنێژرێن!.

 

[1] bit.ly/3IeAjYs

[2] bit.ly/45kDtEb

[3] https://www.youtube.com/watch?v=tD3tiCDzLxE

[4] https://www.youtube.com/watch?v=QrbPaoAosjk

[5] https://www.ahewar.org/debat/show.art.asp?aid=199902

[6] https://www.rudawarabia.net/arabic/interview/21012019

[7] https://www.ahewar.org/debat/show.art.asp?aid=692489

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×