پیرۆزباییەك، بەڵام!

ئیبراهیم سادق مەلازادە
  2022-08-24     504

لەو ڕۆژانەدا، هەردوو دیموکراتەکان یەکییان گرتەوە. پیرۆزبایی لەو خواستە دەکەم کە بۆدواجار گەڕانەوە سەر خوانی گفتوگۆ و بەخۆداچوونەوە. پێشینان گوتوویانە سوار تا نەگلێت نابێتە سوار. گلان ئاساییە، بەڵام سووربوون لەسەر گلان شەرمەزارییە.

لێرەدا، پرسیارە هەرە گرنگەکە ئەوەیە، جیابوونەوە بۆ و یەکگرتنەوە بۆ؟ ئەو فەلسەفەیە چیە کە لە پشت جیابوونەوە و یەکگرتنەوەدا هەیە؟ ئایا ڕوانگەی دیموکراتەکان لەکوێی مێژوو دایە بۆ خەباتی ڕزگاریی نەتەوەکەیان؟ ئایا پانتاییەك هەیە لەو یەکگرتنەوەیەدا بۆ ئومێد، بۆ قۆناغێکی نوێی خەبات؛ بۆ تێگەیشتن لەو قۆناغەی ئەمڕۆ و خۆئامادەکردن بۆ سبەی؟

نەبوونی وەڵامی دوو پرسیار لە مێشکی مندا گومانم وەپێش یەقینم دەخەن. ئەوانیش ئامانج و ئامرازن، داخۆ ئامانجەکان و ئامرازەکان لە چ قۆناغێکی بیرکردنەوەی ئەو بزووتنەوەیە دان کە دیموکراتە یەکگرتووەکە ڕێبەرێتی دەکات؟ هەر بزووتنەوەیەك، ئامانجەکانی سەروەریی نەتەوەیی نەبێت، ئەگەر لەبەینیش نەچێت، وەکو قۆزاخە هەر خۆی دەخواتەوە و ناتوانێت زەفەر بە دوژمن ببات. سەروەری نەتەوەییش پێویستی بە ستراتیژییەت و تاکتیك هەن. لەڕووی ستراتیژەوە سەروەری نەتەوەیی کۆمەڵێك حەڵاڵ و حەڕامی هەن، لەژێر هیچ بارودۆخێکدا، لەپێناو هیچ کەسایەتی و پیرۆزییەکدا، نابێت شکۆی ئەو حەڵاڵ حەڕامانە بشکێت. چونکە لەکۆتاییدا شکۆی نەتەوە دەشکێت، شکۆی مرۆڤەکان دەڕوخێت. بنچینەی ئەو حەڵاڵ و حەڕامانە بە ئەخلاقەوە بەستراونەتەوە. ئەگەر هەر کەسایەتییەکیش لە وەها دۆخێکدا بوێری دایە بەر خۆی و لەپێناو وەهمێکدا، هەر وەهمێك، خۆپەرستی و خەونی ڕێبەرێتی بێت، یا هەر وەهمێکی دیکە، بەدڵنیایی نسکۆ دەبات، زۆرجاران گەورەترین زیان بە خودی بزووتنەوەکەش دەگەیەنێت، کەمترینی ئەو زیانەش دواکەوتنییەتی لەکاروانی خەبات.

ئامانجەکە، پێویستی بە چیڕۆکێکە. چیڕۆکێکی نەتەوەیی. دەبێت ئەو چیڕۆکە ببێتە باوەڕ لای هەموو تاکێكی ئەو نەتەوەیە. باوەڕێك، لەسەر ژیانێکی سەربەرزانە بنیاتنرابێت. باوەڕێکی بێ نوزانەوە و لورانەوە. باوەڕێك دوور لە مەرگدۆستی. باوەڕێك، بنەماکانی بریتیبن لە بەها دیموکراسییەکان، مافەکانی مرۆڤ، ئازادی ڕادەربڕین و دادوەری و شکۆی مرۆڤەکان بێت. باوەڕێك لەهەمان کاتدا هەموو خەون و خولیای ڕزگاربوون بێت لەژێردەستەیی و گەیشتن بێت بە سەربەخۆیی و ئازادی.

ئەم ئامانجە، پێویستی بە ئامراز هەیە. یا باشتر بڵێم پێویستی بە ئەقڵی گەورە هەن. ئەقڵێک بتوانێت لەئێستای بەرخودان تێبگات و ئاییندەش بەڕوونی ببینێت. ئەقڵێك بوێری ئەوەی هەبێت پرسیار بکات. بوێری هەڵوەشاندنەوەی وەهمەکانی هەبێت. وەهمە پیرۆزکراوەکان. پرسیارکردن، هەرگیز لێدان نیە لەو مرۆڤانەی کە تا ئەمڕۆ بە پاڵەوان دەبیندرێن و بیندراون. هەڵوەشاندنەوە، بنەمایەکە بۆ تێگەیشتن لەناوەرۆکی کوتلە پیرۆزەکان و گەیشتن بە جۆرێك لە دڵنیایی بۆ هەموارکردنی هەر چیڕۆکێك کە تا ئەمڕۆ جۆرێك بووە لە باوەڕ، باوەڕێك کە لەماوەی زیاتر لە حەفتا ساڵدا هیچی بەدەست نەهێناوە، بێجگە لە حەشاماتێك لە قوربانی. ئاخر، ئەو پاڵەوانانەی ئەمڕۆ هەر دەمییان دەکەنەوە، دەڵێن؛ ئێمە چیایەکمان لە شەهید داوە. دەی ئەو چیایە بەبێ گەیشتن بە ئامانج، هەموو ئەو سەرکردانە دەخاتە بەردەم بەرپرسیارییەتێکی مێژوویی مەترسیدار. چونکە ئەوان بەهەزاران شەهیدییان پێشکەش بە چیڕۆکێك کردوون، کە لەکۆتاییدا گەڕانەوە بووە بۆ خاڵی سفر. شۆڕشکردن لەپێناو بەخشینی قوربانیی و ڕژانی خوێن نیە، بەڵکو لەپێناو ژیانە. بەرەوپێشبردنی ژیان. گەڕاندنەوەی بەهاکان بۆ ژییان. شکۆمەندی مرۆڤی کورد و بەهادار کردنی، لەکۆتاییدا لەپێناو گەیشتن بە سەربەخۆیی تەواو.

بۆیە، وەڵامە گرنگەکە بۆ پرسیارێكی تایبەت بە ئامرازی گەیشتن بە سەربەخۆیی، چیە؟ هەر باوەڕبوون بە توندوتیژی لەڕێگای بەکارهێنانی چەك و بوون بە قوربانی؟ ئایا ئەمە تاکە ڕێگای گەیشتنە بە سەربەخۆیی. ئەگەر وەڵامەکە بەڵێیە، فەرموون پێمان بڵێن؛ پلانی گەیشتن بە سەربەخۆیی و شکۆی نەتەوە لەڕێی چەکەوە بەکوێدا دەڕوات. بەکام قەراغی ڕوبارێکدا گوزەر دەکات؟ لەژێر کام شڕێوە و ڕەشەبادا دەگەین بە ئاسۆیەکی ڕوون؟ بۆ وەها وەڵامێك بەر لەخۆناسین، پێویستت بە ناسینی دوژمنە. دوژمنێك دەوڵەت، سوپا، فڕۆکە، درۆن، میلیشیا، پارە و دەستەڵاتێکی ڕەهای بەسەر وڵاتی داگیرکراوی تۆدا هەیە. هەق، بەتەنها بەخۆبەهەقزان، بەس نیە بۆ سەرکەوتن. باوەڕبوون بە چیرۆکێك بەتەنها کافی نیە بۆ گەیشتن بە ئامانج و وردەکارییەکانی ئەو چیڕۆکە. بەڵکو پێویستی بە ئەقڵی گەورە هەن لەهاوکێشەکان تێبگات؟

ئامرازی سەرەکی گەیشتن بە سەربەخۆیی، خەڵکە. دەبێت ڕێبەرێتی، چەند توانایەکی هەبن بۆ ئەوەی شایەنی ڕێبەرێتی بێت. لەوانەش؛ توانای مۆبیلیزەردن، توانای بەدەستهێنانی باوەڕی خەڵك بە چیرۆکی سەربەخۆیی، توانای هەڵسەنگاندنی ئەو قۆناغە و لێتێگەیشتنی، توانای لێکدانەوەی جەدوای بەکارهێنانی چەك و توندوتیژی دژ بە داگیرکەر. توانای ناسین و تێگەیشتن لە هێز و تواناکانی داگیرکەر، بۆ ئەوەی لەژێر ئەو هەڵومەرجەدا ئامرازەکانی خەباتێکی یەکلاکەرەوە دیاری بکات، بە کەمترین خوێن و نرخ.

پێم بڵێن، لەو هەموو پرسیار و وڕوژاندنانەدا، ئەو چیڕۆکە چیە کە خەباتێکی یەکلاکەرەوە، بە جوڵاندنی هەموو گروپە مرۆییەکانی نەتەوەکەت لەپێناو گەیشتن بەسەرەوەری و شکۆی هەمان ئەو نەتەوەیە، چین؟ ئەگەر دابڕان لەو پێناوەدا بووبێت و یەکگرتنەوەش هەر لەو پێناوەدا بێت، هێشتا شتێك دیار نیە. پرۆسەکە شتێکی کەمە، ئەویش ڕۆیشتنە بەرەو هەڵمەتێکی گەورەی یەکلاکەرەوە، لەماوەیەکی دیاریکراودا. شەڕ و نیوەشەڕ هەر یەکن. ئەگەر ئەو ڕێبەرێتییە نەتوانێت ئەو شەڕە بباتەوە، پێویستمان بە زیاتر بەخشینی خوێن نیە. ڕوبارێك لەخوێن دراوە. ئیدی لەگەڵ وشکەساڵی و وشکبوونی ڕووبارەکان، کاتی وشکبوونی ڕووباری خوێنی کوردیش هاتووە. مەبەستی من لێرەدا، خۆبەدەستەوەدان نیە. حاشا لەخۆبەدەستەوە دان و خۆپانکردنەوە لەبەردەم دوژمنی داگیرکەر، بۆ ئەوەی بنبڕمان بکات. سوکایەتی بە مرۆڤ و پیرۆزیەکانمان بکات؛ بەڵکو گەڕانە بەدوای ئەلتەرناتیڤەکان، ئەگەر ئەو شێوازە کلاسیکەی بەرخودان نەمانگەیەنێت بە سەربەخۆیی. ئالێرەوە بەڵامەکان بۆ پرسیاری گەورەتر دەست پێ دەکەن. پرسیارەکان داوای چیڕۆکی جیاواز و ئامرازی جیاوازمان لێ دەکەن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×