پەرجوو یان موعجیزە (Miracle)!

ئیبراهیم سادق مەلازادە
  2022-09-13     513

شەو، وشەی (Kurd)مان لە نێتفلێکس نوسی، داخۆ هیچ شتێکی تایبەت بە کورد لە نێتفلێکسدا هەیە؟ لە ئەنجامدا فلیمێکمان دۆزییەوە بەناوی "پەرجوو 2، خۆشەویستی"، (The Miracle 2: Love). ڕووداوەکان دەگەڕێنەوە بۆ پەنجاکانی سەردەمی سەرۆک وەزیران عەدنان مەندەریس. لە نوسین و بەڕێوەبردنی مەعسوم قورمز. لەو باوەڕەدام زۆربەتان ناوی مەعسومتان بیستبێت کە سترانبێژێکی ناوداری باکووری کوردستانە و زیاتر بە تورکی گۆرانی دەڵێت.

فیلمەکە نزیکی سەعات و نیوێکە و 2015 دەرچووە، باس لە گوندێکی زازاکی باکووری کوردستان دەکات. پێم خۆش بوو ڕوانگەی خۆم لە دوو خاڵی سەرەکیدا بخەمە ڕوو، هەرچەندە من تایبەتمەند نیم لە بواری سینەمادا، بەڵام لەڕوانگەیەکی کۆمەڵناسییانەدا قسەی لەسەر دەکەم. تەواوی فیلمەکە دەچێتە چوارچێوەی پڕۆسە بەشارستانی کردن.

یەکەم: مامۆستای تورک و هەوڵەکانی بۆ کردنەوەی قوتابخانە.

دیارە کە دوای شەڕی سەربەخۆیی تورکیا و کوردش تیایدا ڕووبارێک خوێنی لەو شەڕانەدا لەپێناو تورکیایەکی ئازاد ڕشت، لەسەر بنەمای چەند بەڵێنێکی مستەفا کەمال ئەتاتورك، دواییش ئەتاتورك لە بەڵێنەکانی پاشگەز دەبێتەوە و ژمارەیەك سەرهەڵدان و جمووجۆڵی سیاسی و چەکداری کوردی لە باکوور بەدوادا هاتن. ئەتاتورك، لەڕێی دەوڵەتەوە هەموو ئەو بزووتنەوە و جموجۆڵە چەکداریی و سیاسییانەی کوردی بە ئاگروئاسن سەرکوتکردن کردن.

پاشان، قۆناغی بەتورك کردنی کورد بەهێزەوە لە تورکیا دەست پێدەکات، بەتایبەتیش لەڕێی پەروەردە و خوێندنەوە، تا ئەمڕۆکەش بەردەوامە. بۆ هەر ئاوەدانی، گوند و شار و شارۆچکەیەك لەشکرێك لە مامۆستا بەڕێ دەخەن و مامۆستای تورك ڕۆڵێکی باڵا و کاریگەر لە بەتورککردنی کۆمەڵگەی کوردی باکوور دەبینن. ئەو ڕۆڵەی کە کەرتی پەروەردەی تورك، لە بە تورککردنی کورد لە باکوور دەیبینێت، تا ئەمڕۆش بەردوامە و لەوانەیە هیچ کەرتێك بەقەد ئەو کەرتە نەبووبێتە کابوس لەسەر ڕۆحی کورد و لە دونیادا وێنەی کەم بێت.

فیلمەکە، بە گفتوگۆ و مشتومڕی مامۆستایەکی تورك لەگەڵ هاوسەرەکەی دەست پێدەکات، کە لە شارێکی تورکیادا دەژین و دەیەوێت خۆی ژنەکەی و منداڵەکانی بڕۆن بۆ ئەو گوندە. بەڵام لە ئاکامدا ژنەکەی ڕازی نابێت و مامۆستاکە دوایی بەتەنیا ملی ڕێ دەگرێت بۆ گوندێکی دوورە دەستی باکووری کوردستان، کە هێشتا جاددەشی بۆ نەچووە.

دیمەنی گەشتنی مامۆستاکە بەو گوندە، لەخودی خۆیدا نوسینێکی زۆر هەڵدەگرێت. پیشاندانی ئەو خەڵکەی گوند وەکو چەکدار و کێوی و دەموچاو ناشیرین و ترسێنەر، جێگای تێبینی و لەسەر وەستانە. مامۆستای بەستەزمان بەحیساب ڕۆشنبیر و شارستانی و بە قاتێکی ئەفەندی بەسەر ئەو خەڵکە ڕەشوڕووت و ناشارستانی و (دڕندەیەدا) دەکەوێت، زەندەقی دەچێت. بەڵام دوایی کە خەڵكی گوندەکە دەزانن ئەو پیاوە مامۆستای قوتابخانەیە، هێندە تامەزرۆن، یەکسەر ماچی دەکەن و وردە وردە پەیوەندی نێوانیان ئاسایی دەبێتەوە.

دوایی ئاغای گوندەکە کە پێی دەڵێن (موختار)، بە مامۆستاکە دەڵێت: بەداخەوە قوتابخانەمان نیە. مامۆستاکە شۆک دەبێت. چۆن دەوڵەت ئەویان گواستۆتەوە بۆ گوندێكی ناوچیاکان و دوورە دەست و قوتابخانەشی نیە. بۆیە، خۆی دەپێچێتەوە بڕوات، بەڵام دوایی لەگەڵ موختار دەچنە شار بۆ ئەوەی داوای قوتابخانە بکەن. لەڕێگادا ژمارەیەکی زۆری چەکدار بەرەو ڕوویان دێن، مامۆستاکە دیسان زەندەقی دەچێت و دەڵێت ئەوانە باندن؛ واتە چەتەن؟

موختار پێی دەڵێت ئەوانە شەڕڤانن (combatant). هەڵبەت نازانم داخۆ ئەوکاتە کورد هیچ جموجۆڵێکی سەربازییان هەبووبێت یان نا. بەڵام ئەمە لەخۆیدا پیشاندانی ئەو دۆخەیە کە لە باکووردا هەبووە، دۆخێکی ئاڵۆز و دژ بەدەوڵەت. هەڵبەت کوڕێکی موختاریش یەکێکە لەو شەڕڤانانە و لە خاڵی دووەم باسی دەکەم. بەوجۆرە، شەرڤانەکان موختار و مامۆستا و برایەکەی دەناسن و هەر ئەوکات بەجێیان دێڵن بۆ ئەوەی لە سەفەرەکەیان بەردوام بن.

مامۆستاکە لای حکومەت بۆ کردنەوەی قوتابخانە هیچی بۆ ناکرێت، بۆیە نائومێد دەبێت و بەموختار دەلێت هیچ ناکرێت و دەڕۆمەوە. ماڵئاواییان لێ دەکات و شەو دەچێتە هوتێل، بەڵام دوایی پەشیمان دەبێتەوە و بەیانییەکەی موختار دەبینێتەوە و دەچێتە لایان بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەوان بگەڕێتەوە بۆ گوند، بەڵام بە پلانێکەوە.

لێرەدا ئەوەی کە جێگای تێڕامانە، پیشاندانی ئەو مامۆستایەیە وەکو فریادڕەس و قوربانیدەر. مامۆستاکە تەلەفۆن بۆ ژنەکەی دەکات و درۆی لەگەڵ دەکات و پێی دەڵێت: من ڕفێندراوم، چەتەکان داوای 2000 لیرەم لێ دەکەن، ئەگەر بۆم نەنێریت دەمکوژن. دیارە لیرەکانیشی بۆ دروستکردنی مەکتەبی گوندە. ئەو فکرەیەی مامۆستا لە دیتنی ئەو شەڕڤانانەوە دێت کە لەڕێگا دەیانبینێت و لێیان دەترسێت. هەرواش دەکات، ناویان دەنێت (چەتە)، نەك وەکو ئەوەی موختار پێیان بڵێت شەڕڤان.

بەوجۆرە، لەگەڵ موختار دەگەڕێنەوە گوند و شەڕڤانەکانیش دێنە گوندەکە و زبارەیەك دەکەن بۆ دروستکردنی قوتابخانەکە. پیشاندانی شەڕڤانەکان لەو کاری هەروەرزییە، جێگای تێڕامانە. لەخۆیدا پیشاندانی ئیڕادەیەکە بۆ گۆڕانکاری لە بەکارهێنانی توندوتیژی بە چەکەوە بۆ چەکی خوێندن، بەڵام بەسەرپەرشتی توركێک. قورمز تاچەند ئاگادارە لەو پڕۆسەیەی تورکاندن نازانم، بەڵام کە قوتابخانەکە دروست دەکرێت، ئاڵای تورکیا لەبەردەم قوتبخانەکە دەچەقێنن. شەڕڤانەکان دەگەڕێنەوە چیا. گوندەکە بەجێ دێڵن. بێ ئەوەی کاریان بەسەر ئالای تورکیاوە هەبێت یا دەست لەکاروباری قوتبخانەکەوە وەر بدەن، یا لەگوڵێک کاڵتر بە مامۆستاکە بڵێن. ئەمانە هەمووی پرسیارن.

منداڵەکانی گوند کۆدەبنەوە و وردە وردە کڵاسێکی قەڵەباڵغ دروست دەبێت و مامۆستای تورك بە سەبر و ئارامییەکی زۆرەوە. نزیك لە خەلك و وەکو باوکێك لەگەڵ منداڵەکان ڕەفتار دەکات. ئەوەی لە ژیانی ڕۆژانەدا مامەڵەی لەگەڵ تورك کردبێت، کەم وایە بەو جۆرە بن. جۆرێك لە موبالەغەیەکی یەکجار زۆر لە مرۆڤبوونی ئەو مامۆستایەدا پیشان دراوە. لە خاڵی دووەمدا باسی ئەو لایەنەی زیاتر دەکەم.

دووەم: خەڵك و ژیانی کۆمەڵایەتی گوند!

هەڵبەت، ژیانی گوندێكی دوورەدەستی ناوشاخەکان، لە پەنجاکان بەدڵنیاییەوە ژیانێکی ئاسان نەبووە، بەتایبەتیش کە هیچ سیمایەکی شارستانییان پێ نەگەیشتووە. جاددە و کارەبا و پڕۆژەی ئاوی تێدا نیە. کە پێشیان نەگەیشتووە، دیارە کە بەهۆی ئەو بارودۆخە ئەمنییەیە کە هێشتا لە باکوری کوردستاندا هەبووە. بەگشتی ئەوە لە دۆخی فیلمەکەدا دەخوێندرێتەوە.

موختار، یا ئاغای گوند، حەوت کوڕی هەن. یەکێکیان شەڕڤانە و یەکێکی دیکەش کەمئەندامە. تەواوی جەختکردنەوەی فیلمەکە لەسەر کەمئەندامەکە و شەڕڤانەکەیە.

سەبارەت بە شەڕڤانەکە، کوڕێکی لە مەکتەب دەخوێنێت. چەندین جار وەهای پیشان دەدات کە خەمبارە، قسە لەگەڵ مامۆستاکە ناکات، بەڵام مامۆستاکە زۆر گرنگی پێدەدات. ڕۆژێکییان لەپڕ شەڕڤانەکە کە ناوی (جەمیل)ـە دەگەڕێتەوە گوند. موختار و هەموو خەڵکەکە زۆر دڵخۆش دەبن. ژنەکەی داوای لێدەکات نەگەڕێتەوە بۆ شاخ. خۆی ڕادەستی دەوڵەت بکات و وازبێنێت. کوڕەکەش هەروا و هەموو ماڵباتەکەی. لەئەنجامدا ڕازی دەبێت خۆی ڕادەست بکات و ڕۆژێک سەربازی تورك دێن و بەقۆڵبەستی دەیبەن. دوایی مامۆستای تورك و باوکی دەڕۆن بۆ دادگا، ئامادەی دادگاییکردنەکەی بن. دادوەر، پێی دەڵێت تۆ حەقت هەیە 22 ساڵ زیندانی بکرێیت، بەڵام بەچەند هۆکارێك زیاندانییەکەی دەکەنە چوار ساڵ.

سەبارەت بە کەمئەندامەکە، کە ناوی عەزیزە، ڕۆڵی سەرەکی لە فیلمەکەدا دەبینێت. کەمئەندامییەکەی زۆر زۆرە. قسەی بۆ ناکرێن، سەروڕیشێکی ئاڵۆز و بەردەوام کریز بە دەم و لیچیدا دێتە خوارەوە. هەرچەندە مامۆستاکە سەرەتا جۆرێك لە ترس و دوایی نیگەرانی بۆ عەزیز پیشان دەدات. عەزیز بەردەوام دەچێتە بەردەم قوتابخانە و لە مامۆستاکە نزیك دەبێتەوە، مامۆستاکەش ئاشنای دەبێت و نزیکی دەکاتەوە و دەیکاتە قوتابی. فێری خوێندن و نوسینی دەکات. چیتر ناهێڵێت منداڵەکانی گوند لێی بدەن و گاڵتەی پێ بکەن. تا دەرفەتێك ڕێک دەکەوێت، ژنی بۆ دێنن. ژنەکەی زۆر جوانە و ناوی مزگینە. ژنەکە وەکو دیاری پێشکەش بە عەزیز کراوە. ئەوەی فیلمەکە ببینێت ڕووداوەکان دەبینێت ئەو ژنە چ ئازارێك دەچێژێت. بەتایبەتیش کە ژنەکانی گوند گاڵتەی پێ دەکەن و چەند جار سوکایەتی پێ دەکەن. عەزیزیش هیچی لەدەست نایەت. تا لە ئەنجامدا خۆی و ژنەکەی سەر هەڵدەگرن و دەڕۆن.

لە کۆتاییدا، ئەرکی مامۆستاکە تەواو دەبێت و دەگەڕێتەوە شارەکەی خۆی. گوندەکە بەجۆرێکی زۆر جیاواز بەجێ دێڵێت. خەڵکەکە لەچاو جاران زۆر ڕشنبیر و چاوکراوە بوون. دوای ماوەیەك، مامۆستاکە بۆ سەردان، بە سەیارەیەکی زۆر جوان دەگەڕێتەوە گوند. تەماشاکەن سەرەتا گوندەکە جاددەی نەبوو، بەڵام دوای ئەوەی مامۆستاکە دەچێت و گوندەکە دەچنە ژێر باری ئەو دۆخە نوێیە جاددەشی بۆ دەچێت. هەموو خەڵکی گوندەکە لە پێشوازی مامۆستاکە دان. سەرەتا خۆی و ژنەکەی لە سەیارەکە دێنە خوارەوە، خەڵکەکە وەکو شێت بەخێرهاتنی مامۆستاکە و ژنەکەی دەکەن. دوایی بە موختار دەڵێت بوەستن دوو کەسی دیکەشم لەگەڵ دان. بانگییان دەکات، پیاوێکی قۆز لە سەیارەکە دێتە خوارەوە، لەگەڵ ژنێک بە جلی مۆدێرن و دوو منداڵی جوانکیلە. کە تەماشای دەکەن ئەوە عەزیزە، بەتەواوەتی چاکبۆتەوە و هەموویان شۆک دەبن بە دیتنی عەزیز بەو جۆرە.

ئیدی، مامۆستاکە بۆ ئەو گوندە دەبێتە فریاد ڕەس. فێری خوێندەواری، زمانی تورکی،  پاکوخاوێنی و شارستانیەت و تەندروستییەکی باشییان دەکات. هەموو بەشارستانیکردنەکە لەگەڵ مامۆستای تورکەکە دەست پێدەکات. دەتوانم بڵێم پڕۆسەی بە توركکردنی گوندێکی وەها دوورەدەست، لە فیلمی پەرجوودا، نموونەیەکی بچووکراوەی هەموو باکووری کوردستانە. پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە، داخۆ کوردێکی وەکو مەعسوم قورمز لە بەرهەمهێنانی ئەو فیلمەدا دەیەوێت چیمان پێ بڵێت. ئایا پڕۆسەی بەتوركکردنی باکوور، بەو جۆرە بووە، یاخود کورد دوای ئەو پڕۆسەی بەشارستانیکردنە بوونەتە مرۆڤ و ئادەمیی؟

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×