وشیاری (وەعی) و ویست (ئیرادە)!

ئیبراهیم سادق مەلازادە
  2022-04-10     498

دوای ئەوەی زۆربەی دونیا چاوەڕوانی کەوتنی پێتەختی ئوکڕاین بوون بەدەستی ڕوسەکان، پیاسەکەی بۆریس جونسۆن لەگەڵ بریزنسکی لە شەقامەکانی کییف، تا ئاستێکی زۆر ئەو خەونەی ڕووسەکانی لەگۆڕ نا.

ئەوەی ئەو خەونەی ڕوسەکانی لەگۆڕ نا دوو خاڵی زۆر گرنگن. دوو خاڵ، نەك هەر بۆ ئەوان، بەڵکو بۆ هەموو نەتەوەکانی دونیا، ئەو نەتەوانەی خەونی سەربەخۆییان هەیە. خەونی ڕەدکردنەوەی ژیان لەپەراوێزی نەتەوە و دەوڵەتانی دیکە. خەونی ژیانێکی ئارام، لەسەر بنەما و بەها دیموکراسییەکان و بەها و مافەکانی مرۆڤ و دادوەری.

یەکەمییان، وشیاری. سەرکردە و خەڵکی ئۆکرایین هەر لەسەرەتاوە دەیانزانی چیان دەوێت. ئەم زانیارییەش لە تێگەیشتن و ناسینییانەوە هاتووە بۆ ڕوسیا. مێژوو و یادەوەری خەڵكی ئوکڕاین لەوە بۆتەوە ڕەفتاری ڕووسەکان لەبیربکەن، کاتێك لەلایەن ستالینەوە لە 1933 خرانە ژێر گەمارۆ و بەدەیان هەزارییان لە برسانا مردن. لەوە تێگەیشتوون کە دەوڵەتی ڕوسیا نەتەوەیەکی ئۆکڕانی بێناسنامە و لاوازی دەوێت. ئەم وشیارییە بەئاسانی دروست نەبووە، ڕەگوڕیشەکانی دەگەڕێنەوە بۆ مێژووێکی بەرچاو. بۆیەشە ئەوان ئامادە نەبوون بگەڕێنەوە بۆ ناو ئەو بازنە بەتاڵە. بگەڕێنەوە بۆ لەدەستدانی ئیرادە و خۆڕادەستکردن.

ئەم وشیارییە، بۆتە سەرچاوەی خاڵێکی گرنگی دیکە، ئەویش ویستە، ویست کە لەعەرەبیدا دەبێتە ئیرادە، بەبێ وشیاری دروست نابێت. هەموو فاکتەرەکانی دیکەش بەبێ وشیاری دروست نابن. هەر وشیارییە ڕوانگە (Vision) یەکی دروست بەرهەم دێنێت. لەو گۆشەنیگایەوە دەبێت لە خۆڕاگری ئۆکڕاین بڕوانین، کە لە بۆشاییەوە نەهاتووە. بڕیارێکی کتوپڕیش نیە.

ئەوانەش کە وشیارن بە خود و مافەکانی خۆیان و خاوەن ئیڕادەی خۆیانن، لەلەلایەن هەموو دونیاوە ڕێزییان لێ دەگیرێت.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×