فرەژنی لەبەر دەرگای ڕیفۆرمدا!

ئیبراهیم سادق مەلازادە
  2022-06-02     571

زۆرجار باس لە ڕیفرۆم دەکرێت، بەڵام بەهەڵە حاڵیبوونێك لە ڕیفۆرمی ئایینیدا هەیە. کە ڕیفۆرم لە ئەوڕوپا کەوتە سەر پێ، هەرگیز دەست بۆ دەقە ئاینییەکان نەبرا بۆ ئەوەی بیانگۆڕن، بەڵکو بە ئەرگومێنت و قسەلێکردن و ڕووبەڕووبوونەوەی کڵێسا، لە پڕۆسەیەکی درێژخایەندا، تواندرا هەموو ئەو حوکم و باوەڕە ئاینییانەی کە لە دووتوێی دەقەکاندا جێیان گرتبوو، هەڵبواسرێن. ڕاستە، خوێنێکی زۆر ڕژا، تا کڵێسا گەیشتە ئەو قەناعەتەی ئیدی کۆڵ بدات و چیتر لەسەر جیاوازی لێکدانەوە و شڕۆڤەکردنی دەقەکان خەڵك تۆمەتبار نەکات و بە زیندیق و لەئایین هەڵگەڕاوە هەژمارییان نەکات. دواییش سیستمی سیاسی گۆڕانکاری ڕیشەیی بەسەردا هات و سیستمی سەکولاریزم کە دیوی دووەمی بەها و نۆڕمە دیموکراسییەکانە، جێگای تەفسیرە جیاوازەکانی کڵێسای گرتەوە، دینداریش وەکو یەکێک لەبەها مرۆییەکان و بەشێك لە تایبەتییە هەرە گرنگەکانی مرۆڤ مایەوە.

لەسەر ئەو بنەمایەش بێت، عومەری کوڕی خەتاب یەکەم ڕیفۆرمیستە لە ئیسلامدا. چۆن؟ لەساڵی برسییەتیدا (عام المجاعة)، دەستبڕینی ڕاگرت و چیتر کاری پێنەکرد، چونکە خەڵك لەبرسان پەنایان بۆ دزی دەبرد، دەست بڕینیش یەکێکە لەو سزایانەی کە لە ئایەتەکانی قورئان، لە (سوڕەتی مائیدە، ئایەتی 38)دا بەڕەهایی تەشریع کراوە. هەروەها هەڵپەساردنی ئایەتی تایبەت بە بەشی ئەوانەی پێیان دەگوتن (دڵ ڕاگیراوەکان، لە سوڕەتی تەوبە ئایەتی 40)، کە ئەوانەبوون تازە دەبوونە موسوڵمان، بۆ ئەوەی نەگەڕێنەوە پاڵ دژمنانی ئیسلام، بڕە پارەیەکییان پێ دەدرا. دوایی عومەر ئەو بڕە پارەیەی ڕاگرت کە زانی دەستەڵاتی خەلافەت مەترسی لەسەر نەماوە. ئەمە بۆخۆی میتۆدێکە، دەتواندرێت پەنای بۆ ببرێت، مارتن لوسەریش لەشەڕی ڕووبەڕووبوونەوەی کڵێسادا هەر ئەوەی کرد. جگە لەوەش کە زۆربەی زاناکان باوەڕییان بە میتۆدی مەقاسید هەیە لە فیقهی ئیسلامیدا، بەمانای ئەوەی هەموو حوکمەکان بەمەبەستێك یا نیازێك بۆ ڕێکخستنی ژیانی کۆمەڵگە داندراون، کەی ئەو حوکمانە لە مەبەست و نیازدا چیدی ئامانجەکەی خۆیان نەپێکا، مرۆڤ ناچار نیە هەر لەسەرییان بڕوات، بەڵکو دەکرێت هەڵپەسێردرێن. هەربۆیەش ناوی نراوە حدود، بەمانای ئەوپەڕی سزادان، بەڵام دەکرێت لانیکەمی سزادانەکەش هەبێت بەپێی بارودۆخ و هەڵومەرجەکانی تاوانەکە.

لەهەمان کاتدا، کۆیلەتی، کە لە قورئاندا بە (ئەمە) و (موڵکی یەمین) ناویان هاتووە، حوکمێکە لەقورئاندا نەسڕاوەتەوە، لە فیقهی ئسلامیشدا چەندین بەشی بۆ تەرخان کراون و ڕێکخراوە، بەڵام ئەمڕۆ زۆرینەی موسوڵمانان نەك هەر حوکمەکەیان ڕاگرتووە، بەڵکو هەر باوەڕییان بەوە نیە مرۆڤێك بکرێت بە کۆیلە و وەکو کەلوپەل مامەڵەی پێوە بکرێت، یا خاوەنەکەیان هەر وەختێك ویستی بەبێ مارەکردن بچێت ئارەزووی خۆی پێبڕێژێت و دواییش بیفرۆشێت. بەشێك لە کاردانەوەی موسوڵمانەکانیشمان بینی لەدژی ڕێکخراوی دەوڵەی ئیسلامی (داعش) دژی بەکەنیزەك کردن و بردنی ژنان و کچانی ئێزیدییەکان. ئەمە پەیوەندی بە چییەوە هەیە؟

عەقڵی مرڤ هەمیشە لە گەشەکردنی بەردەوام دایە، کۆمەڵگە لە چوارچێوەی پڕۆسەیەکی بەردەوامدا گۆڕانکاری بەسەردا دێت، بەتایبەتیش دوای دەرکەوتنی تەکنۆلۆجیا و بچووکبوونەوەی دونیا لەڕووی ئاگاداربوون لە بەها و نۆڕمە جیهانیەکان و پەرەسەندنی کۆمەڵگەکان و گۆڕانکارییەکان. مرۆڤایەتی گەیشتۆتە ئەو قەناعەتانەی کە بەها و نۆڕمە جیهانیەکان، بەرهەمی عەقڵی مرۆڤن و بەئەزموون ئەو بەها و نۆڕمانە سەلمێندراون کە لەخزمەتی سەقامگیری و ژیانێکی ئارامدان، بۆیە دژایەتیکردنییان نەك هەر لەتوانادا نیە، بەڵکو لەبەرژەوەندی مرۆڤەکانیشدا نیە. تەها جابر عەلوانی لەو بارەیەوە، کە شارەزایەکی عەرەبی عێراق بوو لەبواری مێژووی ئیسلام و شەریعەتدا، دەڵێت "ئەگەر دەرگا و پەنجەرەکانیشتان بگرن، گۆڕانکاری لەڕێی هەواوە دێتە ژوورەوە و ناتواندرێت کۆنتڕۆڵ بکرێت، بۆیە دەبێت هەمیشە ئامادەی ئەوە بین چۆن مامەڵە لەگەڵ گۆڕانکارییەکاندا بکەین".

فرەژنی، وەکو کۆیلەتی، لەقورئاندا، بەکۆمەڵێك مەرجی زۆر قوڕس تەشریع کراوە، کە هەرگیز لەگەڵ ئەو پێڕەوکردنەی کە موسوڵمانەکان دەیگرنە بەر، یەکناگرێتەوە. لەناو سەد موسوڵمان ئەگەر یەکێکییان بدۆزینەوە بەهۆی پێویستییەکی لەڕادەبەدەر ناچاربووە ژنێکی دیکە بێنێت. دەستبردن بۆ ژنهێنانی دووەم و زیاتر لەلایەن هەموو ئەوانی دیکە، بەشێکە لەحەز و ئارەزووی نێرایەتی پیاوەکان و پەیوەندی بە جێبەجێکردنی بنەمایەکی ئاینیی و خواپەرستییەوە نیە، بێجگە لە چڵێسی. لەهەمان کاتیشدا، دوور و نزیك ئاوڕ لەو ژنانەش نادرێتەوە کە ئەوانیش وەکو نێرەکان حەز و ئارەزوویان هەیە. تەنانەت ئەو ژنانەش کە هاوسەرییان هەیە، لەوانەیە تیایاندا هەبن لەکێشەی جیددی سێکسیدا دەژین، بەڵام بێگومان بۆ ئەوان نەك هەر ڕێپێدراو نیە بیر لەهیچ جۆرە چارەسەرێك بکەنەوە، بەڵکو تا دەمرن ناوێرن بەئاماژەش باس لەو ئازارە دەروونییانەی خۆیان بکەن. یا ئەوەتا خۆیان بە تەڵاقدان دەدەن و دوور دەکەونەوە. کوژرانی ئەو هەموو ژنە زۆرانەش لەلایەن نێرەکانەوە، بەشێکە لەو کێشەیە.

یەکسانی نێوان ژن و پیاو لەڕووی ماف و ئەرکەوە، یەکێکە لەو بەهایانەی کە مرۆڤایەتی پێی گەیشتووە. پرسی جێندەر لەو سەردەمەدا هەموو کون و کەلەبەرەکانی تەنیوە. لەو چوارچێوەیەشدا فرەژنی، بووە بە هێمایەکی ناشرین و قبوڵنەکراو نەك هەر لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، بەڵکو بەملیۆنەها ژنی موسوڵمانی خواپەرستیش هەن بۆخۆیان قبوڵی ناکەن، بەسەدان هەزار پیاوی موسوڵمانیش هەن ئامادەنین بچنە ناو ئەو پرۆسەی فرەژنییە و باوەڕییان پێی نیە. ئایا ئەمانە باوەڕییان لاوازە، نەخێر، بەڵکو پەیوەندی بەو شەپۆڵە گۆڕانکارییانەوە هەیە کە بەسەر ئەقڵ و بیری مرۆڤدا هاتووە و ئەو حەزە دڕەی نێرایەتییان بەلاوە قبوڵ نیە.

لەپاڵ هەموو ئەو ڕەدکردنەوەیەشدا، ژیان بەرپرسیارێتییە، بەتایبەتی ئەوانەی کە لە پێگەیەکی بەرپرسیارێتی گشتی و میللیدان، تا جارێك کەسێکی ئاسایی بیر لەوەها پڕۆسەیەک بکاتەوە، دەبێ ئەوانە دەیان جار بیر بکەنەوە. ئەم جۆرە چڵێسییە، بەهەر پاساوێك بێت، بەشێکە لەو ناشیرینییانەی کە مرۆڤایەتی ڕەدی دەکاتەوە و بەنادادی و نایەکسانی و پێچەوانەی بنەمای خۆشەویستی نێوان مرۆڤەکان هەژمار دەکرێت. ژن مرۆڤە، ئاژەڵ نیە، وەکو ئەوەی ئاژەڵدارێك چەند دانەیەك ئاژەڵ لە باخچەکەی خۆی ڕادەگرێت بۆ دابینکردنی بەرهەمە ئاژەڵییەکان. هەر ئەو بیرکردنەوە مرۆییە جیهانییەش بوو کە کەسێکی وەکو عەبدولخالیق مەعروف بەر لە زیاتر لە سی و پێنج ساڵ پێی گەیشتبوو و ئەو جۆرە ئەخلاق و ڕەفتارەی رەد کردەوە.

ئەمە خودی ڕیفۆرمە لە ئاییندا. چۆن عومەری کوڕی خەتاب چەندین حوکمی لەقورئاندا ڕاگرتن و کەسیش بە زەندەقە و دژە ئایین تۆمەتبارییان نەکرد، ئاواش ژمارەیەکی زۆر لە حوکمی دیکە، چیتر لەگەڵ زەوق و خواست و لۆژیکی سەردەمدا نایەنەوە. مەبەستیش لە جێبەجێ نەکردنییان دژایەتیکردنی ئایین نیە، چوکە ئایینداری پێویستییەکی کۆمەڵایەتییە و خۆلێلادان و نکوڵیلێکردنی خزمەت بە کۆمەڵگە ناکات، ئایینداری پەیوندییەکی تایبەتی نێوان مرۆڤ و خوای خۆیەتی. بۆیە لەواقیعدا ئەو جۆرە حوکمانە ئیدی جێبەجێ ناکرێن، بەڵام هەرگیز مانای ئەوە نیە ئەو دەقانە لە قورئاندا بسڕێنەوە وەکو هەندێك لێی تێگەیشتوون، کە ناشبێت و جێبەجێش ناکرێت و لە کریستیانیتیشدا ئەوە جێبەجێ نەکراوە. بەڵام کڵێسا بەناچاری ملی بۆ گۆڕانکاریەکان دا و بەرگەی ئەو شەپۆڵە زۆرەی گۆڕانکاری لە سیستمی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووریدا نەگرت. بەو جۆرە، فرەژنی، لە واقیعی ئەوڕۆدا دیاردەیەکی هێندە نامۆ و ناشیرینە، مەگەر تەنها "باوەڕ"ێکی دۆگماییانە نەهێڵێت دیوە ناشرینیەکەی ببیندرێن، ئەگینا زوو یا درەنگ، وەکو کۆیلەتی دەپێچرێتەوە و قەدەغە دەکرێت، هەرچەندە لە هەرێمی کوردستاندا بەقانون سنووردار کراوە، بەڵام ئەو قانونە و دەیان قانونی دیکە، ڕۆژانە لەلایەن بەرپرسەکانەوە، بەر لە خەڵكی ئاسایی، پێشێل دەکرێن و کەسیش نیە لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکات. پرسیارە گرنگەکەش ئەوەیە، ئایا جێبەجێ نەکردن و سەرپێچیکردنی قانون بە پاساوی ئایینی و شەریعەت، حوکمی ئەو کەسانە قورستر دەکات؟ یا وەکو سەرخۆش مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات؟

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×