سیمبۆڵ، چیڕۆك و کەڕامەت! لە پەراوێزی سوکایەتیکردن بە کاکەییەکان

ئیبراهیم سادق مەلازادە
  2022-07-24     156

سەنتریزم، خۆ بەسەنتەردانان، واقیعێکە لە عێراق حاشا هەڵنگرە، بەکۆمەڵێك هۆکارەوە. لەپێشەوەی هەموویانەوە، زۆرینە، یاخود هێزی فیزیکی زۆرینە، هێزێك هەرگیز ناتواندرێت دەسکاری بکرێت، بەمانای ئەوەی ناتواندرێت کەم بکرێتەوە، ناتواندرێت بە چاوتروکانێك بکرێتە هێزێکی وشیار. ئەو هێزە فیزیکییە، بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ، هێزێکی ناهەشە، هێزێکە لەدەرەوەی بیرکردنەوەیە. هێزێکە، کتومت چەمکی مێگەلی بەسەردا دەچەسپێت. بۆیە، ئەو هێزە کاتێك لەگەڵ کەمینەیەک ڕووبەڕوو دەبێتەوە، دەیەوێت ئەو هەژموونە فیزیکییەی خۆی بسەپێنێت. ناهەشی خۆی لە دڕندەترین شێوازدا دەخاتە ڕۆژەڤەوە، وەکو ئەوەی لەبەرامبەر هاوڵاتییەکی کاکەیی کردیان. هەر ئەو هێزە ناهەشەیە  ئەوە نزیکەی سەد ساڵە، بەو لۆژیکەوە عێراق بەڕێوە دەبات. چی بکرێت باشە؟

کاکەییەکان، وەکو هەموو گروپێکی مرۆیی دیکە، هەڵگری سیمبۆڵەکانی خۆیانن. سیمبۆڵ، بەشێکی دانەبڕاوە لە خەیاڵدان و چیڕۆک و بیرکردنەوەی مرۆڤەکان. ئەوانەی لەناخەوە کاکەییەکانییان زامدار کردووە، بۆخۆیان نقومی سیمبۆڵە ئەفسانەییەکانن. ئەوانەش کە فشە بە سمێڵ دەکەن، بۆخۆشییان هەڵگری سیمبۆڵی هەمەجۆرن. لەو دووڕیانەشەوە، بەنیەتێکی پێشوەختە و پلان بۆداندراو، بە ڕەهەندێکی زۆرینەی هەژمووندار، زانیویانە و دەشزانن چۆن لە ڕێی سیمبۆڵەکانەوە گروپێکی مرۆیی نەك هەر زامدار بکەن، بەڵکو لەڕێی ئەو زەبروزەنگە سیمبۆڵیکەوە، کەڕامەتی ئەو گروپە بشکێنن و بیانخەنە ناو دۆخێکی ئاڵۆز و ترسناك، بۆ ئەوەی متمانە لەدەست بدەن و چیتر لەو شوێنە هەست بە ئاسایش و ئارامی نەکەن. لەڕێی لێدان لەو سیمبۆڵەوە دوو بژاردە دەخاتە بەردەست ئەو گروپە مرۆییە؛ یا ئەوەتا تاوانەوە و بوون بە بەشێك لەوان، وەکو ئەوەی کە ڕۆژانە کار لەسەر شیعەبوونی کاکەییەکان دەکەن، یا ئەوەتا کۆچکردن و دوورکەوتنەوە لەو ناوچەیە و خۆڕزگارکردن. واقیعی عێراقی دوای 2003 لێوانلێوە لەو دیاردەیە وزۆرینەی کەمینە مرۆییەکان، ناوەڕاست و باشووری عێراقییان بەجێهێشتووە. لەپێشەوەی هەمووشیانەوە مەسیحییەکان و سابیئەکان. ئەگەر بەر لە 2003 کورد بەئامانجگیراو بووبێت، ئێستا هەموو کەمینە ئاینییەکانیش بە ئامانج دەگیرێن.

چیڕۆك، چ چیڕۆکی ئایینی بێت یا ئایدیۆلۆژی، یا بەها و نۆڕمەکانی شارستانیەتی ئەمڕۆ، بنەمایەکن بۆ بەیەکەوە بوونی گروپە مرۆیەکان. بێی ئەو چیڕۆکانە، مرۆڤەکان هیچ بنەمایەکییان بۆ بەیەکەوە بوون نامێنێت. چیڕۆکە دینییەکان هەموویان یەك ڕەهەندی غەیبییان هەیە، پەیوەندی بە لۆژیک، درێژی و کورتی، زۆری و کەمی و زانستی و نازانستییەوە نیە. چیڕۆکە ئایینییەکان، پێویستییان بە باوەڕە. ئەو باوەڕەش بیناکردنێکی کۆمەڵایەتییانەیە. هیچ جیاوازییەك لەنێوان سیمبۆڵە ئاینییەکاندا نیە. ئەوەی بۆ ئایینێك باوەڕێکی پتەو و زانستییە، بۆ یەکێکی دیکە، ئەفسانە و پڕوپوچە، ئەمە لۆژیکی ناهەشی زۆرینەیە بەرامبەر کەمینە. ئەی چۆن چارەسەری پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی نێوان گروپە مرۆیەکان بکەین؟ چۆن بتواندرێت بەیەکەوەژان پێشبخرێت و بەختەوەری بۆهەمووان بە کەمینە و زۆرینەوە دابین بکرێت؟

لەدووتوێی بەها و نۆڕمە ژیارییەکانی ئەمڕۆ، یەك ڕاستی هەیە، دەبێت هەموومان "ئەگەر بمانەوێت مرۆڤانە بژین"، لەدەرەوەی بەها و نۆڕمە ئاینییەکان باوەڕی پێ بێنن. ئەویش ئازادییە بۆ هەمووان لە بیرکردنەوە و دەربڕین و ئازادی بیروباوەڕ و سەرتاپا مافەکانی مرۆڤ. ئازادی بیروباوەڕ مانای چییە؟

ئازادی، بۆ کەسێکی شیعەی عەرەب یا کورد، یا بۆ کەسێکی سوننی عەرەب یا کورد کە زۆرینەن لە عێراق و کوردستان، بەمانای لە شار و لادێکان وتاری مزگەوتەکان بە ئاشکرا، ئازادی لە خستنەڕووی سیمبۆڵە ئاینییەکان، بیناکردنی مزگەوتەکان بەشێوەیەکی بەربڵاو. خۆڕێکخراوکردن لە چوارچێوەی گروپە جیاوازەکان و حیزبە سیاسییەکان، کە بەدەیان گروپی ئیسلامی شیعە و سوننیمان هەن لە عێراق، نەك هەر ئەوە، بەڵکو لە عێراق بە دەیان هەزار چەکداری میلیشیایی هەن، هەڵگری بیروباوەڕی ئایینی شیعیی یا سوننین. تا ئێرە، واقیعە و ناتواندرێت ئینکار بکرێت. ئازادیش بۆ ئەو زۆرینەیە، واقیعە و پێچەوانەکەی لەدەرەوەی توانای دەستەڵات و گروپە کەمینەکانیش دایە. ئەمە لەهەموو دونیا وایە، بێجگە لە فەوزای هێزی میلشیایی و وشیاری کۆمەڵایەتی و سیاسی. لەبەرامبەردا گروپە مرۆییەکانی دیکەش لەو کۆمەڵگەیەدا دەژین. بەپێی بنەما مۆدێرنەکان، پێویستە هەمان ئەو مافانەیان هەبن کە زۆرینە هەیەتی. بەشێکیش لەو مافانە لەسەر شانی گروپی زۆرینەیە لەبەرامبەر گروپی کەمینەدا، چۆن؟

بەپێی بنەما مۆدێرنەکان، واتە بەپێی ئەو بەها و نۆڕمانەی کە ژیاریی ئەمڕۆ لەسەری دامەزراوە، هەموو مرۆڤەکان ئازادن لە خواپەرستی خۆیان، ئازادن لە دەرخستنی سیمبۆڵەکانی خۆیان. هەموو کۆمەڵگە بەیەکەوە، بە زۆرینە و کەمینەوە، سەرچاوەی دەستەڵاتن. بەو مانایەی ئەنجومەنی نوێنەران، لەچوارچێوەی سیستمێکی دیموکراسی/ سەکولاردا، تاکە سەرچاوەی شەرعیی نوێنەرایەتی کۆمەڵگەن. بۆ هیح کەسێك نیە، بڵێت؛ "ئاینی من ڕاستە، هی تۆ هەڵەیە". بەڵکو هەر کەس پابەند دەبێت بە بنەماکانی ئاینی خۆی، بەپێی هەست و نەستی مرۆڤی بەرامبەر، هەڵگری هەر چ جۆرە بیروباوەڕێك بێت، تەنانەت "نائایینیش"، بەپێی بنەما ژیارییەکان، نابێت بە دەستەواژەی "ئایینی من ڕاستە و هی تۆ هەڵەیە، هەستی بریندار بکرێت". ئەمە سادەترین بنەمای ژیانێکی سەردەمییانە و ژیارییانەیە. ئایا ئەو ڕێزگرتنە وەکو گروپ دەبێت دابین بکرێت یان وەکو تاك؟

بێگومان ئەو ئازادییە دەبێت وەکو تاك دابین بکرێت، چۆن؟

ئەوەی بنەمایە و دروستە، مرۆڤەکان وەکو تاك بەهادارن نەك وەکو گروپ. پێویست ناکات گروپە مرۆییەکان وەکو گروپ لەیەکتر جیابکرێنەوە، بەڵکو لە چوارچێوەی دەوڵەتدا، قانونی باو، هەموو مرۆڤەکان وەکو مرۆڤ دەپارێزێت، نەك وەکو گروپ. موسوڵمانێك، مەسیحییەك، کاکەییەك، ئێزیدییەک، سۆفییەك وەکو تاك مافی ژیان و ئازادی ڕادەربڕین و ئاییندارییان هەیە، نەك وەکو گروپ. هێزەکە لە گروپدا نیە، بەڵکو لە تاکێكی خاوەن کەڕامەت دایە. بەو مانایەی ڕێزگرتن لە موسوڵمانێك چونکە بەشێکە لە گروپێك، ئەوە لادانە لەو لۆژیکەی کە ژیاریی ئەمڕۆ لەسەری دامەزراوە. بەڵکو ڕێزگرتنەکە لەمافەکانی ئەو مرۆڤە، لە خودی خۆیدایە وەکو تاك، ئەگەر بەتەنها بێت، یا هاوئایینەکانی زۆرینەی کۆمەڵگەش بن.

کەواتە بە کورتی دوو بنەما زۆر گرنگن؛

یەکەمییان: بریندارنەکردنی بەرامبەر بەهیچ شێوازێک و میتۆدێك، بەهۆی ئەوەی هەڵگری بیروباوەڕێکی تایبەت بەخۆیەتی، تەنانەت بەوەش کە کەس بەکەس نەڵێت بیروباوەڕی ئایینی تۆ هەڵەیە و هی من ڕاستە. هی تۆ لە شەیتانەوەیە و هی من لەخوداوەیە.

دووەمیشییان: بەها لەخودی مرۆڤەکان دایە وەکو تاك، نەك وەکو گروپ. مسوڵمانێك یا مەسیحییەك یا کاکەییەك ڕێزلێگیراون، نەك بەهۆی ئەوەی سەر بە گروپێکی دیاریکراون، بەڵکو لەبەر ئەوەی مرۆڤن و خاوەنی تایبەتمەندی خۆیانن، دەبێت ڕێز لەو تایبەتمەندییەیان بگیرێت. وەکو تاك ژیانیان پارێزراو بێت، نەك لەبەر ئەوەی سەر بەگروپێکی دیاریکراون.

لێرەدا تاکە گروپ کە سەرچاوەی هێز و دەستەڵاتە، خەڵکە، کۆمەڵگەیە بەگشتی وەکو یەك پێکهاتەی سەرەکی، لەچوارچێوەی نیشتماندا.

لەسەر ئەو بنەمایەش، گاڵتەکردن بە سیمبۆڵەکانی ئاینێکی تایبەت، توندوتیژیی سیمبۆڵیکە، وڕوشاندنی کەڕامەتە، هەستپێکراویشە تا هەست پێنەکراو بۆ خودی قوربانییەکە، لە دوتوێی ئایدیۆلۆژیایەکی ئایینی دیاریکراوەوە دەردەچێت و هێرشبەرەکە دەبێت ڕوبەڕووی قانون بکرێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×