کوردۆفۆبیا و مایەپوچی ئایدیۆلۆجیای تورکۆسەنتریزم!

ئیبراهیم سادق مەلازادە
  2022-05-22     742

بێشکچی زیاتر لە سی ساڵ پێش ئێستا گوتوویەتی؛ "ئەو سیاسەتەی تورکیا لە کوردستان پەنای بۆ دەبات، سیاسەتی دەوڵەتی تیرۆرە. لەکۆتاییشدا ئەوە تاکە سیاسەتە کە تورکیا هەیەتی لەئاستی پرسی کورددا"، هەروەها بەردەوام دەبێت و دەڵێت "تورکیا دەڵێت بەردەوام دەبین لەسەر سیاسەتی سەرکوتکردن تا کەسێك نەمێنێتەوە بتوانێت وشەی (کورد)ی بەسەر دەمدا بێت، چ جای ئەوەی بوێرێت داوای مافە نەتەوەیی و دیموکراسییەکانی بکات"، "بۆیەشە، تورکیا پشت بە سیستمی سزا و تیرۆر دەبەستێت، بەجۆرێك هەر ئەوانە ناگرێتەوە کە باس لە مافەکان دەکەن، بەڵکو پەلاماردانی ماڵبات و گوند و ئەو خێڵانەش دەگرێتەوە کە لێیەوە هاتوون".

ئەوەی ئێستا دەیبینین، سیاسەتی کوردۆفۆبیایە بەهەموو ماناکانییەوە. کوردۆفۆبیا یا دژەکوردبوون، ڕێك وەکو دژە سامیبوون بەمانای دژە جووبوون. چۆن دژە جووبوون یەکێکە لە فۆڕمەکانی ڕەگەزپەرستی (ڕاسیزم)، بەهەمان شێوە کوردۆفۆبیا، فۆڕمێکە لە فۆڕمەکان ڕەگەزپەرستی. دژە جووبوون دەربڕینی ڕقە لەدژی تاکی جوو یا جیاکارییە لەسەر هەموو ئاستەکانی دژەجووبوون. بێشکچی لەکتێبەکەیدا "کوردستان کۆڵۆنییەکی نێودەوڵەتی"، بەجوانی ئایدیۆلۆجیای دەوڵەت دەخاتە ڕوو کە لەسەر بنەمای دژە کوردبوون دامەزراوە و هەر کوردێکیش بیەوێت لەتورکیا جێی ببێتەوە دەبێت واز لە کوردبوون بێنێت و بە گوتن و کردەوە خۆشحاڵی خۆی وەکو تورك بەیان بکات، بەڵام ئێستا لەدژەکووردبوون دەرچووە بۆ کوردۆفۆبیا، بەمانای ئەوەی مەترسی کوردبوون زۆر لەقەبارەی خۆی گەورەتر پیشان دەدات و لێیان بووە بە شیزۆفرینیا. شیزۆفرینیا وەکو نەخۆشییەکی دەروونی جددی، کە مرۆڤەکان بە شێوەیەکی نائاسایی و تێکەڵ بەوەهم و ڕەفتاری ناڕێك، واقیع لێکدەدەنەوە.

سیاسەتی دژە کوردبوون زۆر ترسناكترە لەسیاسەتی "دژە سامی بوون"، چونکە جووەکان لەدژی "دژەسامیبوون" پەنا بۆ قانون دەبەن. بەڵام تورکیا لە سیاسەتی دژەکوردبووندا بەئاشکرا بەهەموو کوردێك دەڵێت لەهەرکوێیەك بن دەستم پێتان دەگات، مادام باس لە کوردبوون و سەروەری کورد دەکەن. بێشکچی سی ساڵ بەر لە ئێستا دەڵێت تورکیا بەتەنها پێڕەوی لە سیاسەتی پەرتکە و زاڵبە ناکات، بەڵکو سیاسەتی "پەرتکە و زاڵبە و وێرانی بکە" بەکار دێنێت. سیاسەتێك هەموو سنوورەکانی ئەخلاقی کۆلۆنیالیزمی بڕیون. کۆلۆنیالیزم لەو وڵاتانەی کە داگیری دەکردن لەسەر بنەمای قانون ڕەفتاری دەکرد و هەوڵی دەدا سیستمێکی هاوشێوەی ئەو سیستمەی کە لە وڵاتی خۆیدا پێڕەوی دەکرد، دابمەزرێنێت و لە کۆلۆنیەکانیدا پێڕەوی لێدەکرد. بەڵام تورکیا پێڕەوی لە سیستمی دابەشکاری و وێرانکاری دەکات.

تورکیای ئەردۆغان لەدوتوێی تورکیزم/ئیسلامیزم یا ئیسلامۆ/تورکیزم، دەیەوێت بەها و نۆرمە ڕەگەزپەرستییەکانی بەسەر دونیای رۆژئاواشدا بسەپێنێت. لیستێك لە ناوی ئەو کوردانەی کە چالاکی دەکەن، دەداتە سوێد، پێشتریش داویەتی بە ئەڵمانیا و زۆربەی وڵاتانی ئەوڕوپا بەمەبەستی بەشەیتانکردنی کورد و بزووتنەوەی سیاسی باکوور. لەلیستێکدا هێندە کوێرانە و داخ لەدڵانەیە، نوسەر و توێژەر و پزیشکی کورد دکتۆر سیراج بلگین دەخاتە ئەو لیستە، کە لە 2015 کۆچی دوایی کردووە و لەژیاندا نەماوە. هەروەها، ژنێک کە دوور و نزیك نەك هەر پەیوەندی بە تورکیا و باکووری کوردستانیشەوە نیە، بەڵکو هاوڵاتی سویدە و ساڵانێکی درێژە پەرلەمانتاری ئەو وڵاتەشە، بەڵام چونکە ژنێکی چالاکە و باس لە کوردبوون و بەرگری لەمافەکانی کورد دەکات، دەیخاتە لیستی تیرۆرەوە و داوای ڕادەستکردنی دەکەن بە تورکیا.

لەو لایەشەوە، دوورترین بستە خاكی باشوور نەماوە رۆکێتی بۆ نەنێرێت یا بە دڕۆن کوردانی باکوور بە ئامانج نەگرێت. یا لەناو شارەکان تیرۆرییان نەکات. هەر ئەمڕۆ 22ی مانگی پێنج، لەپەلامارێکیدا دوو ڕزگاربووی شاڵاوەکانی ئەنفال دەکوژێت، دوو ڕزگاربوو، کە بەعس نەیتوانی بیانکوژێت، بەڵام ڕقی ڕەگەزپەرستانەی تورك پێکانی. لە ڕۆژئاڤای کوردستانیش زۆر جەرگبڕتر و بێویژدانانەتر پڕۆسەی داگیرکاری و گۆڕینی دیموگرافیای شارە بنەڕەتییە کوردنشینەکانی رۆژئاڤای کردوونەتە ئامانج.

شەڕی تورك، شەڕی پەکەکە نیە، بەڵکو شەڕی کوردبوونە. پەکەکە تەنها پاساوێکە بۆ شکاندنی کەڕامەتی کورد. بەهەموو پێوەرە مرۆیی و قانونییەکان شەڕەکە لەسنووری شەڕی پەکەکە و هێزەکانی سەربە پەکەکە دەرچووە، هەر ئەمڕۆ نا، زۆر لەمێژە، بەلام واقیعییەتی سیاسی و هەژموونی دەولەتی تورك بەسەر ناوچەکە و کۆمەڵێک هۆکاری دیکەش کە لەدەرەوە توانای هێزە ناوچەییەکان دایە، بوونەتە هۆی بێدەنگبوون لەو سیاسەتە وێرنکارییە و بێدەنگکردنی هەموو دەنگێك کە باس لە کوردبوون دەکەن. کوردبوون وەکو فۆبیا، کوردبوون وەکو ژەهر بۆ تەمەن و واقیع و کۆمەڵگە و دەستەڵاتی تورك. بۆیە وەکو بلند ئەجەوید دەیگوت "کورد لە باشووری ئەفریقاش قەوارەی ببێت، ئێمە لێی دەدەین و لەناوی دەبەین"، بۆیە تورکیا دژی ئەو کوردانە نیە کە وەکو تاكێکی ڕیسوای ملکەچ بۆ سیاسەتەکانی تورک و شانازیکردن بە تورکبوونەوە دەژین، بەڵکو دژ بە هەموو جۆرە سەربەخۆییەکە ئەگەر بەتەواوەتیش بێلایەن و ئاشتیخواز بێت.

تورکیای نوێ نموونەی کۆلۆنیالیزمێکی دژواری دژەمرۆڤە، کوردۆفۆبیا و دژە کووردبوون بە بنەما دەگرێت بۆ لێدان لەهەموو دەنگێکی کورد. لەڕاستیدا لەسیاسەتی تورکیادا "کوردی باش، ئەو کوردەیە کە مردووە". ئالێرەدایە، سیاسەتی ڕەگەزپەرستانەی تورکیا ڕێك لەگەڵ ئەو قاعیدەیە یەک دەگرێتەوە کە فلادیمێر پوتین پێڕەوی لێدەکات. سیاسەتی لۆژیکی هێز، دژ بە بەها و نۆرمە مۆدێرنەکان. ئایا ڕۆژئاوا لەوە بە ئاگایە کە تورکیا ئەو جورجە بنکڕەیە، بووە بە هۆکارێک بۆ ناشیرین کردنی ئەو بەها و نۆڕمانەی کە شارستانییەتی رۆژئاوای لەسەر دامەزراوە و ڕۆژانە لەمانا و ناوەرۆکەکەی بەتاڵی دەکاتەوە؟ ڕۆژئاوا دەیان پێڤاژۆیان دژ بە سیاسەتی ڕەگەزپەرستانەی باشووری ئەفریقا (پریتۆریا) گرتەبەر، کە لە ڕوانگەی بێشکچییەوە تورکیا لەمێژە سیاسەتی باشووری ئەفریقای بەجێهێشتووە و پێشی کەوتۆتەوە، بۆیە دەبوایە نەتەوە یەکگرتووەکان و دونیای ئازاد پێش لەو سیاسەتە ڕەگەزپەرستانەییەی تورکیا بگرن و بیوەستێنن.

ئێستاش، تورکیا ڕۆژانە لە باکوور، ڕۆژئاڤا و باشوور سیاسەتی ڕەگەزپەرستانە و دژەکوردانەی خۆی لەڕێی داگیرکاری بە بەکارهێنانی هەموو ئامرازەکانی دەوڵەت درێژە پێ دەدات. هەروەها، بەخەونی گەڕاندنەوەی ویلایەتی موسڵ و داگیرکردنەوەی باشووری کوردستان. ئایا ئەوەی بۆدەچێتە سەر؟ ئەوە پرسیارێکە، وەڵامەکەی وابەستەیە بە سەرکەوتنی لۆژیکی هێز و دونیای ملهوڕی پوتینییەکان و گروپە ئادیۆلۆژییە ئیسلامیستەکانی هاوپەیمانی تورکیا و ئادیۆلۆژیای تورکۆسەنتریزم.

لەکۆتاییدا، خواستی نەتەوەکان سەردەکەوێت، ئەو سیاسەتەی تورکیاش بە دڵنایی، سیاسەتێکی مایەپوچ و بێ ئابڕوانەیە، چونکە لەگەڵ بنەما دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و بەها و نۆرمە مۆدێرنەکاندا نەك هەر یەك ناگرێتەوە، بەڵکو کار لەسەر سڕینەوەی ئەو بنەمایانەش دەکات.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×