وتاری ئیسلامی و نارسیسیزم
ئیبراهیم سادق مەلازادە
2021-08-18   662
ڕەهەندەکانی قەیران زۆرن. ڕەهەندی قەیرانی فیکریش زۆر لق و پۆپی لێ دەبنەوە، وتاریش یەکێکە لە ڕەهەدە گرنگەکانی. کاتی خۆی لە 1995 کتێبێکی تەها جابر عەلوانی، نوسەری عێراقی پۆستئیسلامیست و کۆنە ئیخوانم لە عەرەبییەوە وەرگێڕایە سەر کوردی. کتێبەکە ڕەخنەیە لە مێژوو و ڕەوڕەوەی دەستەڵاتی موسوڵمانەکان، لە سەردەمی ئەمەوی و عەبباسییەکان و تادواییش، بەراوردێك لەگەڵ واقیعی ئەمڕۆ و دەرهاوێشتەکانی مۆدێرنە. کتێبەکە (قەیرانی فیکری هاوچەرخ)، کە قەبارەیەکی بچووکی هەیە و زیاتر چەند هێڵێکی گشتین لەنێوان ڕەخنە لە کۆمەڵێك ڕووداو و ڕەفتاری توراس و چۆنییەتی مامەڵە کردن لەگەڵ سەردەمی ئەمڕۆی تەکنۆلۆژیا و ململانێی فیکرە جیاوازەکان. ئەوکاتە کۆمەڵێك چەمک و وشەی تازە هەبوون، هەم بۆمن نوێبوون هەمیش لەوەرگێڕاندا هێشتا بەتەواوی دەستم بەسەرییاندا نەدەشکا، بۆیە لەو ڕووەوە کەموکوڕی هەبوون. لەگەڵ ئەوەشدا کتێبەکە بۆمن دەروازەیەكی تازە بوو بۆ بیرکردنەوە و تێگەیشتن لەو چەمکانە.
لەڕوانگەی ئەو کتێبەوە تێدەگەین کە دونیای نوخبەی ئیسلامییەکان چەند نارسیسیست و لە قەیران دان، تا ئەمڕۆش. بەهەمان ئاست ئەو کۆمەڵگەیەشییان وابەستەی قەیرانی بیرکردنەوەی خۆیان کردووە. بەهەمان ئەو ئاستەی کە بزووتنەوە قەومی و چەپەکانیش لەکۆنتێکست و ڕەهەندە فیکرییەکانی خۆیان، کۆمەڵگەی خۆیان گیرۆدەی ڕواڵەتبازی و تێگەیشتنە سەقەتەکانی خۆیان کردوون. بەکورتی دەتوانین بڵێین ڕەوتە فیکرییەکان هەموویان لەو قەیرانبازییەدا یەك دەگرنەوە، هەڵبەت بەلەبەرچاوگرتنی جیاوازییەکانییانەوە.
ئەمڕۆ لە تەلەڤیزیۆنی ڕووداودا، یەکێك لە "کادیرە دیارەکانی" ڕەوتی ئیسلامی کوردستان لە وەڵامی پرسیارێکدا لەسەر هۆکارەکانی ڕاکردنی ئەو خەڵکەی ئەفغانستان لەدەستی تاڵیبان، گوتی:
"ئەو خەڵکە هەموویان دز و تاوانبارن، دەترسن لە دەستگیرکران و دادگاییکردنییان، بۆیە ڕادەکەن، ئەگینا ئەوە نیە تاڵیبان عەفواتی ڕاگەیاندووە".
ئەم بیرکردنەوە و جەمسەرگیرییە، قەیرانێکە خەڵك و خاك زیاتر گیرۆدەی دواکەوتن و نائارامی دەکات. ژیانێکە لەناو مێژوو و بستێك بەرەو دونیایەکی فراوان و لێبووردەیی بڕ ناکات. ئەو جۆرە وتارە، نارسیسیزم و خۆ بەباشدانان و خەڵک بەتاوانباردانانی لێدەبارێت. ئەوانە، گیرۆدەی ڕوانگەیەک بوون کە پێیان وایە تەنها موسوڵمان تاوان ئەجام نادات، گەندەڵی ناکات، نموونە و پێشەنگە لە ئیدارە و لە خواناسی و دەستپاکی و بنەما ئەخلاقییەکان. ئەوم ڕوانگەیە زۆر ئیشکالئامێز و ترسناکە. هەر بەهۆکاری جیاوازی فیکری و باوەڕەوە، بەرامبەرەکانی خۆی بە تاوانبار و دز و جەردە هەژمار دەکات. لەکاتێکدا خودی دروستبوونی تاڵیبان بۆ ڕزگاربوون بوو لە گەندەڵی و جەردەیی و شەڕی ناوخۆی حیزبە ئیسلامییەکانی ئەفغانستان، بەو مانایەی ئەوانەی سەنگەرییان لەناو کابوول و دەڤەرەکانی دیکەی ئەفغانستان لەیەك گرتبوو ئیسلامی بوون نەك قەومی و عەلمانی و چەپ. دەستییان بەخوێنی هەزاران کەس سوور بوو لەو شەڕە ناوخۆییەدا. لەلایەکی دیکەوە، ئەزموونی دەستەڵاتی شەش ساڵەی لەمەوبەری خودی تاڵیبان، ئەزموونێکی تاڵ و ناشیرینی ئەو زەمەن بوو، بەهەزاران ئەفغانی لەو شەش ساڵەی حوکمی ئەواندا بەرەو هەندەران پەڕاگەندە بوون. هەر لەو کتێبەدا کە لەپێشەوە باسم کردووە، چەندین نموونەی دیماگۆجیەت و نارسیسیزمی سەردەمە جیاوازەکانی دەستەڵاتی ئەمەوییەکان پیشان دەدات، یەکێکیش لەوانە موعاوییەی کوڕی ئەبو سوفیانە کە دامەزرێنەری دەستەڵاتی ئەمەوییەکانە و بووە هۆکارێك بۆ کوژرانی هەزاران موسوڵمان، بەشێکیش لەوانە سەحابە و خەڵکی نزیك بوون لە خودی پێغەمبەر و سەحابەکان، ئەوە چش لەوەی کە یەزیدی کوڕی موعاوییە، کە دوایی کردی بە جێگرەوەی خۆی، کەسێکی خوێنڕێژ و دامێن پیس بوو. لەدەستەڵاتی عوسمانییەکانیش هەربەو جۆرە خراپتر نەبووبێت ئاساییتر نەبووە، بێگومان لەکۆنتێکستی زەمەن و زەمانی خۆیاندا. ئەوی مانای وانیە کە دەستەڵاتی کڵێسا و هێز و گروپەکانی دیکە لەڕۆژئاوا و شوێنەکانی دیکەش باشتر و جوانتر بووبن. قسە لەوەدا نیە، بەڵکو قسە لەو وتارە ئیشکالئامێزە دایە کە هەست بە بەرپرسیارێتی ناکات و هێشتاش فێرنابێت بە بەرپرسیارێتییەوە لێدوان بدات و ڕوانگەیەکی دروستیان بۆ ئایندە و کێشەکان هەبێت.
ئەو عەقلییەتەی کە هەموو جوانییەکانی مرۆڤ بە ئایدیۆلۆژیاوە دەبەستێتەوە، عەقلییەتێکی نارسیستانەی ترسناکە. هەرگیز ناتوانێت دیکتاتۆر نەبێت، ناتوانیت لێبووردە و ئارام بێت لەبەرامبەر نەیار و فیکرە جیاوازەکاندا. ناتوانێت لەوە تێبگات کە ئەخلاق و جوانی مرۆڤ بیناکردنێکی کۆمەڵایەتییانەیە و دەکرێت هەر مرۆڤێك خاوەن هەر ئایدیۆلۆژیایەك بێت، لە چرکەساتێکی زەمەنی جیاوازدا دووچاری تاوان یا کێشەی جیاواز ببێتەوە. دەکرێت گەندەڵی بکات و دز دەربچێت. دەشکرێت هەرگیز نزیکی ئەو جۆرە تاوانانە نەبێتەوە و دادوەر و جوان بێت. نموونەی زۆریش لەوبارەیەوە هەن.
ئا لێرەوەیە قەیران سەری قەیران دەخوات و ناتوانن مەسافەیەك لەنێوان خۆیان و ئایدیۆلۆژیا وەربگرن و مرۆڤانە بیر بکەنەوە و بەکوێری حوکم بەسەر خەڵكدا نەدەن. هەر هیچ نەبێت ئەو ئایەتە جێبەجێ بکەن کە دەڵێت "دادوەر بن، ئەوە نزیکترە لە تەقوا". تەنانەت لەو ئایەتەشدا ڕەهابوون لەمرۆڤ داوا ناکرێت، چونکە کەس نیە لەسەر زەوی بەڕەهایی بتوانێت خراپ یان باش بێت. خراپبوونیش پەیوەندی بە سەلماندنی خراپەکارییەکەوە هەیە. هەر حوکمدانێکیش لەسەر نەیارە فیکری و سیاسییەکان بەڕەهایی بەڵگەی کۆلەواری فیکری و ڕق و ناشیرینی ئەو کەسانەیە.