کەوتنی ئەردۆغان، کەوتنی پاوانخوازیی!

ئیبراهیم سادق مەلازادە
  2023-05-07     550

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە ٢٦ی شوباتی ١٩٥٤ لە شاری ئەستەنبوڵ لەدایک بووە، بەڵام ڕەچەڵەکی لە شاری ڕیسا سەرچاوەی گرتووە کە دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا لەسەر دەریای ڕەش. ئەردۆغان لە ساڵی 1983 لەگەڵ دامەزراندنی پارتی رەفاه، دبێتە ئەندامی ئەو پارتە ئیسلامییە. دواتر دەبێتە سەرۆکی لقی ئیستەنبوڵی ئەو حیزبە. هەروەها ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری بڕیارە ناوەندییەکانی حزب لەساڵي 1985. ئەردۆغان لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی شاری ئیستانبوڵ کە لە ٢٧ی ئازاری ١٩٩٤ بەڕێوەچوو، بە سەرۆکی شارەوانی شاری ئیستانبوڵ هەڵبژێردرا. ئەوەی کە جێگای تێبینی بوو، ئەردۆغان لەماوەی سەرۆکایەتی شارەوانیی ئیستەنبۆل، کۆمەڵێک خزمەتی باشی ئەو شارەی کرد و توانی متمانەی خەڵك بە شێوەیەکی خێرا بەدەست بێنێت.

لە 12ی کانونی یەکەمی ساڵی 1997، ئەردۆغان بەهۆی پارچە شیعرێکەوە کە لەکاتی پێشکەشکردنی وتارێکدا بۆ جەماوەر لە شاری سێرت وتبووی، سزای زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا. دوای ئەوەی ئەردۆغان لە زیندان ئازاد کرا کە چوار مانگی خایاند، لەگەڵ هاوڕێکانیدا بڕیاریاندا پارتی داد و گەشەپێدان لە ١٤ی ئابی ٢٠٠١ دابمەزرێنن لە ئەنجامی پێداگری بیروڕای گشتی و پێشهاتە دیموکراسیەکانی وڵات، لە لایەن دەستەی دامەزرێنەر وەک سەرۆکی پارتەکە هەڵبژێردرا. لە 15ی ئازاری 2003  ئەردۆغان دەبێتە سەرۆک وەزیرانی تورکیا. ڕۆژی یەکشەممە 10ی ئابی 2014 گەلی تورکیا ئەردۆغانیان وەک سەرۆکی کۆماری تورکیا هەڵبژارد، کە دەبێتە دوانزەهەمین سەرۆک لە مێژووی تورکیا.

سەختترین و مەترسیدارترین چرکەسات لە ژیانی سیاسی ئەردۆغاندا لە ناوەڕاستی ساڵی 2016 بوو، کە ژمارەیەک ئەفسەر هەوڵی کودەتایەکی سەربازیی شکستخواردوویان دا، کە ژمارەیەک کۆماندۆی یاخیبوو، دوای ماوەیەکی زۆر کورت لە ڕۆشتنی ئەردۆغان، هەڵیانکوتایە سەر ئەو هۆتێلەی کە لێی بوو. ڕاستەوخۆ، گولەنییەکان کە هێزێکی ئیسلامی سۆفیی نەورەسین، بە رێبەرێتی بانگخوازی ئیسلامی تورکی نیشتەجێی ئەمریکا فەتحوڵا گولەن، تۆمەتبار کران بە جێبەجێکردنی ئەو کودەتایە. ئەردۆغان هێرشی کردە سەر ئەو کەسانەی کە بە "پیلانگێڕ" وەسفی کردن، کە لە دەرەوەی تورکیا نیشتەجێن و ڕەخنەی لە لایەنگرانی، فەتحوڵڵا گولەن گرت. بەوجۆرە، ئەردۆغان بە دەنگی گولەنییە موسوڵمانەکان گەیشتە دستەڵات، بەڵام تا ئێستاش رێژەیەکی زۆری گولەنیەکان لە گرتووخانەکانی تورکیادا قایم کراون. ئەم هەڵگەڕانەوەیە لە هاوپەیمانە موسوڵمانەکانی و لێدانییان بە دەستێکی ئاسنین، بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە لەسەر پاوانخوازی (ئۆتۆریتاریانیزم) و دەستەڵاتخوازی ئەردۆغاندا. ئەوەش کە جێگای تێبینییە، بە هەزاران گولەنی لەسەر کارەکانییان دوور خرانەوە، ڕێژەیەکی زۆری ئەو گولەنییانەش کوردی باکووری کوردستان بوون، لەوانەش رێژەیەکی زۆریان مامۆستای قوتابخانەکان بوون.

هەر لە چوارچێوەی ئەو پاوانخوازییەی کە ئەردۆغان کاری بۆ دەکرد، لە ساڵی ٢٠١٧دا ڕیفراندۆمێکی بۆ دەستوورێکی نوێ ئەنجام دا، بەو پێیەش سیستەمی کۆماریی لە تورکیا دامەزراند، لە کاتێکدا کە دژایەتییەکی توندی نزیکەی نیوەی دەنگدەرانی تورکیا بوو. هەروەها یەکێك لەو بەربەستانەی بەردەم ئەردۆغان سوپا بوو. سوپایەك کە چەندین جار کودەتای ئەنجام داوە و دەستوەردانی لە سیاسەتدا دەکرد، بەتایبەتش بۆ سنووردارکردنی توانای ئیسلامییەکان لەو وڵاتەدا، کە خۆی بە پارێزەری کۆماری تورکیا دەزانی. لە ساڵی ٢٠١٣ ئەردۆغان توانی گورزێکی توند لەو دامەزراوە سەربازییە بدات، کاتێک توانی 17 کەس لە ئەفسەرە دیارەکانی تورکیا دەستگیر بکات، دوای ئەوەی بە تاوانی پیلانگێڕی بۆ ڕووخاندنی پارتی داد و گەشەپێدان تۆمەتبار کران ئەو ئەفسەرانەی لە میدیاکاندا بە "ئەرگەنەکۆن" ناسرابوون. ئەو ئەفسەرانە، بەم دواییە لەلایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوە ئازادکران و بێتاوان دەرچوون لەو تۆمەتانەی کە درابوونە پاڵیان.

هەروەها، لە چوارچێوەی دۆسیەی "ئۆپەراسیۆنی چەقۆ"دا، سەدان کارمەندی سەربازی لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان و سیاسەتمەدارانی عەلمانیدا لەبەردەم دادگاکاندا ئامادەبوون و بەشێکی زۆریان سزا دران. هەروەها، سەرکردەکانی هێزەکانی سوپا و هێزی دەریایی و ئاسمانی وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە دەستگیرکردنی ٢٠٠ کارمەندی سەربازی لە لێکۆڵینەوەکانی دۆسیەی "سلێجهامەر" لە ساڵی ٢٠١١ دەستیان لەکارکێشایەوە. بەو جۆرە، ڕێگای دەستگرتن بەسەر سوپادا، لەبەردەم ئەردۆغان واڵا بوو و بەتەواوەتی هەموو رێگاکانی پاوانخوازی لەبەردەمدا کرانەوە.

 

ئەردۆغان و ئیسلامیزم!

ئەردۆغان، لە هەناوی حیزبی رەفاهی ئاڕاستە ئیسلامی دێتە دەرەوە. لێرەدا بواری ئەوەمان نیە باس لە چۆنییەتی سەرهەڵدانی ئیسلامیزم لە تورکیا بکەین، بەڵام ئەوەی گرنگە لێرەدا ئاماژەی پێ بکەم، لە دوای جەنگى دووەمی جیهان، وردە وردە ناسیۆنالیزم و ئیسلامیزم وەکو پرۆژەیەک تێکەڵکراونەتەوە و وەکو بازنەیەکى تەواوکارى یەکترى سودیان لێبینراوە، ئەوەش نەك هەر لە تورکیا، بەڵکو لە ئێران و لە دونیای عەرەبیش. بەجۆرێك، زۆرێک لەو نوسەر و بیرمەندانەی کە کتێبەکانییان سەرچاوەی ئیسلامییەکانن، لە فیکری عروبیدا وەپێش ناسیۆنالیستەکان کەوتوونەتەوە. ئەوەی خودی حەسەن بەناش بخوێنێتەوە، بەشی ئەوەندە تێدەگات چۆن ئەو پیاوە عروبە و ئیسلامیزمی تێکەڵ کردوون، وەکو دوو ڕووی یەک دراو. بۆیە لەو بارەیەوە جیاوازییەکی ئەوتۆ لە پڕۆژەی ئیسلامۆ/ناسیۆنالیزمی نەتەوەکانی دەوروبەردا نابینم، کە پاوانخوازی لەڕۆحی ئەو پڕۆژە ئایدیۆلۆژییە نوێیەدا شەپۆڵ دەدا. ئەو ئاڕاستە ئیسلامۆ/ناسیۆنالیستییەی ئەردۆغان ئەو کاتە بەتەواوی کەوتە ڕۆژەڤەوە، کە لەگەڵ پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا (مەهەپە) بوو بە هاوپەیمان و تا ئێستاکەش و لەو هەڵبژاردنەی 2023 ێـش، هەر هاوپەیمانن، بێ ئەوەی چرکەساتێکیش شەرمی بەو جۆرە هاوپەیمانێتییە بێت.

ئاڕاستە ئیسلامییەکەی ئەردۆغان، کە ئاڕاستەیەکی پاوانخواز و فراوانخوازیشە، دوای دەستپێکردنی بەهاری عەرەبی لە ساڵی ٢٠١١، دەستبەجێ گروپە ئیسلامییە سیاسییەکانی پەیوەست بە ئیخوانەکانەوە وەک ئامرازێک بۆ بەهێزکردنی ڕۆڵی تورکیا لە ناوچەکە لەباوەش گرت. ئەمەش لەپێناو کردنی تورکیا بە پێشەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی ئیسلامی، کە زۆربەی چاودێران پێیان وایە هەوڵەکانی ئەردۆغان گەڕاندنەوی عوسمانیزمە، لە فۆڕمێکی تازەدا. ئەردۆغان بە هێزەوە پشتیوانی لە حکوومەتی محەمەد مورسی کرد، کە ئەندام و بەربژێری ئیخوان موسلیمین بوو و بوو بە سەرۆکی هەڵبژێردراوی میسر. پاشان لە کۆتای هاتنی دەستەڵاتی مورسیشدا، باوەشی بۆ ئیخوانە هەڵاتووەکانی میسر کردەوە. پشتگیریکردنی ئەردۆغان لە ئیخوانەکان، بەرەی تەقلیدی وڵاتانی سوننی مەزهەبی پەرت کرد، کە سعودییە و میسر و تورکیا سێگۆشەیەکی دیاربوون تیایدا بەرامبەر فراوانخوازی ئێرانی ئیسلامی شیعە مەزهەب.

لەناوخۆی تورکیاش، بارستایی جەماوەری ئەردۆغان، لە نێو بنکەی موسڵمانە پارێزگارەکانی ناوچە گوندنشینەکانی ئەنادۆڵەوەیە. بەو مانایەی پێگە و گوتاری ئیسلامییانەی ئەردۆغان، وای کرد خەڵكێکی زۆر تەنانەت لەناو کوردی باکووریش باوەڕ بەوە بێنن کە ئەردۆغان رێبەرێکی ئیسلامییە و بەرگری لە پرسە ئیسلامییەکان و برایەتی ئیسلامی دەکات. بەڵام لە بەرامبەردا، تیمی پارێزەرانی ئەردۆغان، کە بەرگری لە ئەردۆغان دەکەن، هەزاران دۆسیەیان لە دژی سیاسەتمەداران و چالاکوانان، پێشکەش بە دادگاکانی تورکیا کردوون، بەهۆی ڕەخنەکانیان لە ئەردۆغان، جا چ لە ڕێگەی میدیاوە بێت یان سۆشیال میدیا. لە ژێر دەسەڵاتی ئەودا زۆرترین ژمارەی ڕۆژنامەنووس لە تورکیا زیندانی کراون، کە تورکیا لەسەردەمی ئەردۆغاندا بە گەورەترین زیندانی ڕۆژنامەنوسان لە دونیادا وەسف دەکرێت. تاوانەکانی دەستەڵاتی پاوانخوازی سەردەمی ئەردۆغان دژ بە خەڵکی باکووری کوردستان، هەموو سنوورە مرۆیی و ئایینی و قانونییەکانی بڕی.

 

ئەردۆغان و کورد

چیرۆکی ئەردۆغان لەگەڵ کورد چرۆکێکی سەرەتا دڵخۆشکەر بوو، بەتایبەتیش لەگەڵ دەستپێکی پڕۆسەی ئاشتی. بەڵام لەپڕ پڕۆسەی ئاشتی کۆتایی پێهێنا و  جۆرێك لە جەنگی لەگەڵ کۆمەڵگەی کوردی و هێزە سیاسییەکانی باکوور ڕاگەیاند. لەو ڕۆژەوە، ئەردۆغان دژبەرێکی تەقلیدی ناوخۆی کوردی باکوورە، جەنگی لەگەڵ رۆژئاڤای کوردستان ڕاگەیاندووە و لە مارسی 2018 پەلاماری عەفرین و سەرێکانیێ دا و بە سەدان کورد لەو پەلامارەدا کوژران و بەهەزارانیش دەربەدەر بوون، بەجۆرێك پڕۆسەی داماڵینی ئەو ناوچانە لەکورد بە شێوەیەکی سیستماتیك دەستی پێ کرد. ڕۆڵی سوپای تورکیای ئەردۆغانیش، لە باشووری کوردستانیش ڕۆڵێکی تاوانکەرانە و داگیرکەرانەیە و فشارێکی لەڕاددە بەدەر دەخاتە سەر هێزە سیاسییەکانی باشوور لەپێناو دەستکەوتە سیاسیی و ئابوورییەکانی.

ئەوەی ئەردۆغان دایمەزراندووە، جۆرێکە لە ئیمپراتۆرییەت. ئیمپراتۆریەتێك، کە دیارترین خەسڵەتی پاوانخوازی، دستەڵاتخوازی، بەکارهێنانی ئایین و لێدان لە هەموو ئەو بەربەستانەی دێنە بەر دەمی. کوردۆفۆبیای ئەردۆغان لە ئاستێك دایە، بەئاشکرا ڕایگەیاند کە ئەو بێتەوە سەر دەستەڵات ناهێڵێت سەڵاحەددین دەمیرتاش لە زیندان ڕزگاری بێت، لەکاتێکدا دەنگدان و لایەنگیری پارتێکی سیاسی، یەکێکە لە مافە بنەڕتییەکانی هەموو تاکێك لە دەوڵەتێکی مۆدێرندا. هۆکارەکەش ئەوەبوو کە دەمیرتاش بە ئاشکرا گوتی بەڵێ بۆ کەمال کلیچدار ئۆغلۆ، لەپێناو ڕووخاندنی ئەردۆغان.

دەرنەچوونەوەی ئەردۆغان لەو هەڵبژاردنەدا، مانای وانیە کلیچدار ئۆغلۆ تورکیا دەکاتە بەهەشت بۆ کورد، کەسیش لە چاوەڕوانی ئەوەدا نیە، بەڵام دەرنەچوونەوەی ئەو پاوانخوازە، کۆتاییهاتنی ئەو ئەزموونەیە کە بازرگانی بە ئایینی خەڵکەوە دەکات. دژە کوردبوونی کردووە بە یەکێک لە ستراتیژییەتەکانی، بە ئامانجی ژیاندنەوەی عوسمانیزم، عوسمانیزمێک کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نقوم کردبوو لە جەهل و دواکەوتوویی، کۆتایی بەو چیڕۆکە تاڵە دێت و سەردەمکی نوێ، لە ململانێ بە میتۆد و شێوازی تازە دەست پێدەکات. ئاماژەکان دەڵێن؛ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێی ئەردۆغان سەقامگیرتر دەبێت.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×