ئیسلامیەکانی کورد و هاوسۆزی لەگەڵ ئەردۆغان!

ئیبراهیم سادق مەلازادە
  2023-05-13     602

ئایا هاوسۆزی ئیسلامییەکان بەهۆی دژایەتییانە بۆ پرسی کورد؟ چی وا لە ئیسلامییەکان دەکات پشتیوانی لە ئەردۆغان بکەن؟ دیارە کە ئیسلامیەکان هاوسۆزی و پشتیوانییان بۆ ئەردۆغان ناشارنەوە، تا ئاستێك کە هەندێكییان هێندە دوور دەڕۆن سوکایەتی بە هەدەپە دەکەن و تۆمتباری دەکەن بە بەرگریکار لە هاوڕەگەزبازیی. لە دوا پێشهاتیشدا، بەپێی هەواڵێکی رێکخراوی ستاندارد، د.عەلی قەرەداغی و د. سەید ئەحمەد پێنجوێنی و ٦٤ کەسایەتی جیهانی ئیسلامی پشتیوانییان بۆ ئەردۆغان دەربڕیوە[1]. پرسیارە جیددییەکەش ئەوەیە کێ باشتر بەرژەوەندی کوردی باکوور دەزانێت، کوردی باکوور خۆیان کە هەدەپە (HDP) نوێنەرایەتییان دەکات، یان کوردی پارچەکانی دیکە؟

دوو هۆکاری سەرەکی هەن وادەکەن ئیسلامییەکان هەرگیز پاشەکشە نەکەن لەو هەڵوێستەیان کە پشتیوانییە لە رەجەب تەیب ئەردۆغان.

یەکەم: ناسنامەی تورکیا لە نێوان ئیسلام و ڕۆژئاوادا. ئەردۆغان کە بە بەهێزترین کەس دوای ئەتاتورک هەژمار دەکرێت، توانی وەستانێک بە ئاڕاستەی فیکری و کولتوری تورکیای دەوڵەت و تورکیای موسوڵماندا بکات.

ئەتاتورک، تورکیای بەرەو ئاڕاستەیەکی دژە ئیسلام برد، ئاڕاستەیەک کە ناوبانگێکی دژواری بۆ خودی سەکولاریزم دروست کرد، لەکاتێکدا تورکیا پێڕەوی لە سەکولاریزم نەدەکرد، بەڵکو مۆدێلی فەڕەنسی هەڵبژارد کە جیایە لە مۆدێلی سەکولاریزم. بەو مانایەی هەموو سیمبۆڵێکی ئایینییانەی لەدەوڵەتدا قەدەغەکردن، بەجۆرێك توندڕەوی نواند بەرامبەر کولتوری تەقلیدی (ئیسلامییانەی) خەڵك، شەپقەی بەسەر پیاواندا سەپاند. جگە لەوەش سەرداپۆشین (حیجاب)ی بەهەموو جۆرێك لەناو دامزراوەکاندا قەدەغە کرد. عەرەبەکان (سەکولاریزم) و لایکییان (لایسیتێیان) بە هەڵە و بەیەك چەمک وەرگێڕاونەتە سەر زمانی عەرەبی و ناویان ناوە عەلمانییەت[2]. بەڵام ئەو چەمکە هەرگیز بەدیلێکی گونجاو نیە بۆ هەردوو چەمکی سەکولاریزم و لایکییەت یا لایسیتێ. ئەوەش کە شارەزای سیستمی سیاسی وڵاتانی رۆژئاوا بێت لەو چەمکە باش تێدەگات. ئەمەش وایکردووە کە ئیسلامییەکان پێیان وابێت ئەردۆغان دەیەوێت تورکیا بەرەو دونیای ئیسلامی بگەڕێنێتەوە، ئەمە تاچەند وایە، ئەوە لە داهاتوودا زیاتر دەردەکەوێت، بەڵام لەڕاستیدا دەتوانین دەوڵەتی ئەتاتورک بە لایستێ وەسف بکەین، بەڵام سەردەمی ئەردۆغان بە سەکولاریزم، چونکە ئەردۆغان ئەو ڕەقیی و دژایەتییەی نێوان ئایین و دەوڵەتی نەهێشت. ئەمەش بەڵگەیەکی باشە بۆ ئیسلامییەکان بۆ ئەوەی لە سەکولاریزم تێبگەن.

دووەم: جیاوازی ئایدیۆلۆژیی ئیسلامیەکان لەگەڵ پەکەکە، وای کردووە، زۆرینەی ئیسلامییەکان هیچ سۆزێکییان بۆ کوردی باکوور نەبێت. ئەوە ڕاستە کە هەدەپ خاوەندارێتی لە پرسی کورد دەکەن، بەڵام بە تێگیشتنی ئیسلامیەکان لەسەرەوەی هەمووشییانەوە ئەردۆغان، هەدەپ باڵی سیاسیی پەکەکەیە و ئاڕاستەکەشی هەر هەمان ئاڕاستەی چەپگرایە و دژ بە ئیسلامن. لەو بارەیەشەو، ئسلامییەکان پێیان وایە دۆخی کورد لە سەردەمی ئەردۆغاندا زۆر باشتر بووە تا سەردەمی پێشووتر.

ئایا زۆرینەی کوردی تورکیا وەها بیر دەکەنەوە؟ لەلایەک هەدەپ تەعبیر لەو ئاڕاستەیە دەکات، کە زیاتر لە نۆ ملیۆن کەس دەنگی پێداون. لە لایەکی دیکەشەوە، زۆرێک لە کەسایەتی ئایینی باکووریش لەو بارەیەوە جیا بیر دەکەنەوە. جارێکییان لە ئیستەمبۆڵ لە مانگی سێی 1997، لای مەلا عێزەددین یەڵدرم بووم، کە سەرۆکی ئەوکاتی رێکخراوی وەقفی زەهرا بوو، کەسێکی تورکمانی ئیسلامیی لەگەڵ پیاوێکی ئیخوانیی کورد، کە دیاربوو پێشتر مەلا عێزەددینییان دەناسی سەردانییان کرد. لەمیانەی قسەکردندا بە خراپ باس پەکەکەیان کرد، بەوەی کە دژە ئیسلامن. مەلا عیزەددین لە وەڵامدا گوتی:

"هەڤال، بەرێ خۆ بدێ. ئێمەی کورد لە باکوور، لەگەڵ تورک لەشەڕی مان و نەمان داین. بۆیە، ئەز خزمەتکاری پێڵاوی هەموو گەریلایەکم تا کوردستان ڕزگار دەبێت. بەڵام کە کوردستان ڕزگار بوو، من یەکەم بەرهەڵستکاری پەکەکە دەبم".  

ئەمە هەست و نەستی کوردی باکوورە، ئەو کوردانەی کە کەم تا زۆر ئیعتیبارێک بۆ کوردبوونی خۆیان دادەنێن و ناسنامەی کوردبوونی خۆیان وەپێش هەر ئیعتیبارێکی دیکە دەخەن. ئەمە پەیوەندی بە پەکەکەبوونەوە نیە، بەڵکو پەیوەندی بەو هەموو ئازارەوە هەیە کە لە دەست تورکیا بینیویانە و ئەم ئازارەش، لە سەردەمی ئەتاتۆرکەوە تا سەردەمی ئەردۆغان هەر بەردەوامە و خراپتر نەبووبێت باشتر نەبووە.

مەلا عێزەددین لە رەمەزانی 2000، لەگەڵ 18 کەسایەتی دیکە لەلایەن دەوڵەتەوە شەهید کران، ئەوکات شهیدکردنییان دایە پاڵ حزبوڵا، کە لەلایەن میتەوە دروستکرابوون و کوردی باکوور چیڕۆکی ئەو حیزبوڵایە باش دەزانن، ئەو حیزبوڵایەی کە ئێستا بەناوی هودا پار (Huda Par) خۆیان رێکخستۆتەوە و پشتیوانی لە ئەردۆغان دەکات. هەروەها وەقفی زەهرا رێکخراوێکی ئاڕاستە کوردی نورچییەکانە، بە پێچەوانەی گولەنییەکان کە ئاڕاستەیەکی تورکانەیان هەیە. بەوجۆرە، (وەقفی زەهرا سەر بە قوتابخانەی مەلا سەعیدی کوردین، گولەنیەکانیش سەر بە قوتابخانەی سەعیدی نەورەسین). ئەم دوو کەسایەتییە لەڕووی فیزیکییەوە هەر یەکن بەڵام لەڕووی ئینتیماوە، سەعیدی نەورەسی تەواو جیاوازە لە مەلا سەعیدی کوردی، کە تورکەکان دەسکاری تەواوی فیکر و کارەکانی مەلا سەعیدی کوردییان کردووە[3].


[1] https://web.facebook.com/STANDARKURD/posts/ pfbid0hTRJahqjJwZUxzaKcpUe5qFpNYX6pbXnV2anrcmVgTm73jy4xqwUpZyugEVudwyjl

[2] بۆ زیاتر تێگەیشتن لەو چەمکە دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ ئەو لینکە بە زمانی ئینگلیزی: https://www.economist.com/the-economist-explains/2020/11/23/what-is-french-laicite

[3] بۆ زیاتر وردەکاریی دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ بابەتێکی نوسەر بەناوی "پرۆسەی ئاشتی لەنێوان پۆست ئیسلامیزمی ئەردۆگان و  پۆست ناسیۆنالیزمی ئۆجەلاندا"، کە لە ژمارە ٤١٥ی رۆژنامەی چاودێر “ڕوانگە و ڕەخنە”دا بڵاوکراوەتەوە و دواتر لە 2013 لە ماڵپەڕی دەنگەکاندا بڵاو کراوەتەوە.

http:// http://dengekan.ca/archives/25715

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×