کەڵەگایی تورکیاو پاساوەکانی!

ئیبراهیم سادق مەلازادە
  2022-07-23     333

پاساوەکانی تۆپپارانی هاوینەوەواری پەرەخ چیبوون، گەشتیارەکان؟ لۆژیکی تورك وەهایە، مادام گەشتیارەکان لەهەرێمی "کوزەی ئێراک"ن، ئەگەر عەرەبیش بن هەر پەکەکەن، ئاخر لەچاوی تورکیا، هەموو بوونەوەرێکی کوزەی ئێراک ئامانجی شەرعین بە پاساوی پەکەکەییبوونەوە. پەکەکەییەکانیش باش و مام ناوەنجی و خراپ و زۆر خراپیش هەن. خۆی کێشە لە پەکەکەیە، خۆ دەتوانن هەموویان خۆیان باش بکەن. زۆریش ئاسانە. باشبوون، واتە مردن، دەتوانن هەموویان لە گۆڕێکی بەکۆمەڵدا جێگایان ببێتەوە، ئەوکاتە تورکیا دەتوانێت بیانبوورێت. خۆ ئەگەر هەر زیندوو بن، بشچنە باشووری ئەفریقا، هەر خراپن. تاکە مەرجی باش بوون لەچاوی تورکیا تەنها مردنە. ئەمە ئەو لۆژیکەیە کە تورکیا دژ بە کورد پێڕەوی لێ دەکات. کوردی باش ئەو کوردەیە مردووە.

ئەمن نازانم، داخۆ ئەو کوردانەی دۆستی تورکیان، یا بەمەرجەکانی تورکبوون ڕازین، ئەوان لەکام کاتاگۆرین. ئەو پرسیارەم لە برادەرێكی باکووری کرد، لەوەڵامدا گوتی، ئەو جۆرە کوردانە، دەیانەوێت بەختەوەر بن. مەرجی بەختەوەربوونیش لە تورکیا تەنها تورك بوونە. بۆیە، لێرەدا کوردبوون نیە تا باشبوون و خراپبوون هەبێت، چونکە کورد مادام لەژیان دان، هەموو جۆرەکانی هەر خراپن.

عوسمانییەکان، لە سێ ڕەهەندەوە، کوردییان وێران دەکرد، بەگژەوەنانی ئەرمەنییەکان، برسیکردن و گێلکردن، لەڕێی نەخوێندەوارکردن. عوسمانییەکان، بەناوی مەترسی ئەرمەنییەکان لەسەر ئیسلام، هەمیشە سەرۆک خێڵە کوردەکانی هاند دەدا دژیان بوەستنەوە. برسیکردنیش لەڕێی سەپاندنی باجێکی قورس بەسەر جوتیار و وەرزێرە کوردەکان لەلایەك و زۆرجاریش پەلاماردان و دەستبەسەرداگرتنی گەنم و دانەوێڵە لەماڵان. ساڵی گرانییەکە گەواهیدەری ئەو ئەخلاقە نامرۆڤانەی عوسمانییەکان بوو. سێیەمیش گێلکردن، پڕۆسەیەک بوو لەڕێی هێشتنەوەی کورد بە نەخوێندەوار. بێجگە لەو حەجرە و مزگەوتانەی کە خوێندنێکی ئاینییان تێدا هەبوو، پڕۆسەی خوێندەواری لەناوچە کوردییەکاندا نەبوو. ئەمەش هۆکارێك بوو بۆ گێلکردن.

سەعیدی کوردی، کە دوایی تورکەکان کردییان بە سەعیدی نەورەسی، لە خوتبەیەکیدا لە شام، کە دوایی بە "ڕەچەتەی کوردان" بەناوبانگ بوو، دەڵێت کورد سێ نەخۆشی هەن، تا ئەو سێ نەخۆشیەی بمێنن، بەرەوپێش ناچن، ئەوانیش:

نەخوێندەواری

نەخۆشی

خۆخۆری

ئەوەش دیارە کە نەخوێندەواری دایکی هەموو نەخۆشییەکانە.

عوسمانییەکان کوردییان وەکو موسوڵمان دەویست بۆ ئەوەی هەمیشە وەکو کەر بیانهاژۆن و شەڕییان پێ بکەن. بەڵام بچوکترین جموجۆڵی خۆبەڕێوەبەری لە فۆڕمی ئیماڕەتەکان، لێی دەدرا و لەناو دەبران. ئیمارەتی سۆران، بەدرخانییەکان و تاد، نموونەی زەقن لەو بارەیەوە.

هەر ئەمڕۆ هاوڕێمان دکتۆر هەورامان عەلی نوسبووی؛

(شێخ عبدالسلام بارزانی، گۆڕی پڕ نوربێت،  ئەو سەرکردە کورد و ئاینییەی کە تورکەکان لە ساڵی ١٩١٤ لە موسڵ لە سێدارەیان دا. ئەو براگەورەی مەلا مستەفاو شێخ ئەحمەد بارزانی بوو. تەبعەن لە سێدارەدانی ئەویش خەتای "چەکدارانی پێ کا کا" بوو!).

ئەو ڕاست دەکات، وەختی پەکەکە لە ساڵی 1914 دامەزرا، شێخ عەبدولسەلام بارزانییان بەتۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە، دەستگیر کرد و دوایش لەسێدارەیان دا. پەکەکە، لەمێژە لەسەدەی نۆزدەمیشەوە، پاساویان دەدایە عوسمانییەکان بۆ برسیکردن و گێلکردنی کورد، چونکە هاوکاری ئەرمەنییەکانییان دەکرد. کە کۆماری تورکیاش دامەزرا، پەکەکەییەکان بوونە هۆکارێکی سەرەکی بۆ لەسێدارەدانی سەید ڕەزا، شێخ سەعیدی پیران و تاد، هەموو جموجۆڵەکانی دیکەی کورد بۆ سەربەخۆیی.

ئەمڕۆ پەکەکەی مۆدێرن هەیە، ئەگەر هەزار ڕەخنەشمان لەسەری هەبێت، کەهەشمانە و پێشتر لەسەریشمان نوسیوە، ئیمتیدادی پەکەکەییە کلاسیکەکانن، ئەمڕۆش بەردەوام پاساو دەدەنە دەوڵەتی تورکیا بۆ ئەوەی لەکورد بدەن. ئاخر، دوای ڕیفراندۆمیش کە ئەردۆغان یەک دونیا سوکایەتی بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد، بە پاساوی پەکەکەییبوونیەوە بوو!. قەدەری کوردیش ئەوهایە، لەلایەك پەکەکە وازی لە سەربەخۆیی کورد هێناوە و لەلایەکی دیکەشەوە سەیفەتی جوداخوازیشی بەسەردا بڕاوە.

ئێستا تورکیا فەقیرەی چی بکات، چۆن دەستی بە کوزەی ئێراک بگات، ئەگەر پەکەکە نەکاتە پاساو؟ لێرەدا پێوستمان بە بیرکردنەوەیە بۆ ئەوەی ئەگەر پەکەکە نەبێت، کێ دەکرێت بە پاساو؟ بەدڵنیایی کێ باس لە سەربەخۆیی دەکات ئەو دەبێتە پاساو. بەدڵنیایی ڕیفراندۆمچییەکان ڕاستەوخۆ دەبنە ئامانجی تورکیا. ئەوکات، ئەگەر پەکەکە نەمێنێت، ڕیفراندۆمچیەکان دەبن بە پاساوێكی چەور بۆ داگیرکردنی کوزەی ئێراک بۆ ئەوەی بیکەن بە گونەی تورکیا. ئاخر، جارێكیان بیست ساڵێک لەمەوبەر لەهۆڵەندا، تورکێكی دوکاندار، (کە هێشتا کەلوپەلی تورکیم دەکڕی)، لێی پرسیم، تۆ تاڵەبانیت یان بارزانی؟

گوتم: هیچییان، من کوردستانییم.

گوتی: ئەها، تۆ پەکەکەی، من شت بە پەکەکەییەکان نافرۆشم؟

وەڵامم نەدایەوە، چونکە عەقڵێکی وەها شایەنی وەڵامدانەوەی زیاتر نیە. جگە لەوەش بەو برادەرانەم گوت کە لەگەڵم دابوون؛ مادام ئەو غەشیمە بە کوردستانیبوون، کە پێی وایە پەکەکەییبوونە و پێی قەڵس دەبێت، دەبا هەر قەڵس بێت، ئەوەندەیە جارێکی دیکە سەر بە دوکانەکەیدا ناکەمەوە. ئەو برادەرانەش کە لەگەڵم بوون، ئەلحەقی بەڵێنیان دا سەر بەو دوکانەدا نەکەنەوە.

جارێکی دیکە، تورکێکی ئەکادیمیستی "باش"، مەبەستم ئەوەیە شۆفێنی نەبوو، تەنها ئەوەندە نەبێت، ڕقی لە پەکەکە بوو، چونکە بەقسەی خۆی حەزی بەشەڕ نەبوو، حەزی لە ئەردۆگانیش نەبوو. بەڵام دەیگوت؛ پەکەکە یەك چاکەی بۆ ئێوە لە کوزەی ئێراک هەیە. منیش پرسیم، ئاخر پێش ئەوەی پێم بڵێی چاکەکە چیە، کوزەی ئێراک ناوێکی دیکەشی هەیە. لە وەڵامدا گوتی؛ لێم توند مەکە، من سیاسی نیم و ناویش بۆمن گرنگ نیە.

پێم گوت، باشە بەهەرحاڵ، چاکەی پەکەکە چیە، مەگەر هەموویان کوردی خراپ نین، مادام لەژیاندا ماون؟

گوتی: پەکەکە وەکو هێزێك، شورەی حەوشەی دواوەی هەرێمی کوزەی ئێراکە، دڵنیابە بە، پەکەکە نەمێنێت هەرێمی کوزەی ئێراک بەشی یەك ڕێککەوتننامەی نێوان تورکیای ئەردۆگان و ئێران و عێراق دەکات. دواییش گوتی: تەماشا بکە، خۆ ئەگەر پەکەکە نەبێت، هەرێمی کوزەی ئێراک وەها بە ئاسانی قبوڵ ناکرێت، بەئاسانی لەسەر زەوی دەیسڕنەوە. کەوتنی پەکەکە، هەرێمی کوزەی ئێراک و بەتایبەتیش حیزبی بارزانی دەبێتە ئامانجی ڕاستەوخۆی دەولەتی تورك. ئەمە پێویستی بەسەلماندن نیە، ئەمە مەتەڵیش نیە، ڕاستییەکە وەکو مانگی چواردە دیارە.

لەدڵی خۆمدا گوتم، دەستەڵاتی سیاسی لە تورکیا، کە پەیوەندی سیاسی و ئابوورییەکی تۆکمەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و بەتایبەتش پارتی و یەکگرتووەکان هەیە. هەرێمێک کە لەڕووی دەستورییەوە دانی پێدانراوە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش وەکو (KRG) ناسراوە. نوێنەرایەتی لەزۆربەی وڵاتە گرنگەکان هەیە هەر بەناوی نوێنەرایەتی (KRG). بەڵام، دەستەڵاتدارانی تورکیا زمانییان لاڵ دەبێ، توشی شێرپەنجە دەبن، هار و مار و تار دەبن، هەر حامێس نا، بەڵکو دەتەقن ئەگەر بڵێن (هەرێمی کوردستان)، ڕێك وەکو ئەو هاوڕێ ئەکادیمیستە. خۆ ئەمەش مەتەڵ نیە.  (کوزەی ئێراک) ویلایەتەکەی موسڵیش نیە کە لە میساقی میللی خۆیاندا بە گونەی تورکیای دەزانن. بەڵام لێرە، بۆ ئەوەی نەڵێن (KRG) هەر شیمالە عەججایەبەکەی جینۆسایدکراوی دەستی عێراقە.

لەوەش ڕۆشنتر، هاوڕێیەک بۆی گێڕامەوە؛ 2017، لەدوای ڕیفراندۆم بە کارێک لە ئیبڕاهیم خەلیلەوە ویستم بچمە تورکیا. تەنها لەبەر گەردانەکەم کە نەخشەی کوردستانی گەورە بوو، سێ چەتەی تورک کە سەر بە گروپە تایبەتەکەی ئەردۆگان بوون، بەڕیشێکی درێژ و سمێڵی قوتکراو و فانیلەیەكی خاکی بە ئاڵای تورکیا و پانتۆڵێکی سەربازی، منیان برد بۆ نزیك سلۆپی و سێ سەعات و نیو لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کردم، لەو سێ سەعات و نیوەدا، بەبێ زێدەڕۆیی دووهەزار جوێنییان بە بارزانی، تاڵەبانی، ئۆجەلان و شێخ سەعید و سەید ڕەزا دا. ئەوەی بەلامەوە سەیر بوو جوێندان بوو بە کوردە باشەکانیش، چونکە مردبوون. کەڕەتێکییان نەخشەکەی هێنا بەتوندی چەقاندییە سەر ڕومەتم و گوتی: ئەوە بارزانی پێی داویت هەی سەگ، دەبێت بیخەمە سەر جەنازەکەت و بەدیاری بۆ بارزانیت بنێرمەوە.

زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×