بەریتانیا و کورد و تازیەباریی!

ئیبراهیم سادق مەلازادە
  2022-09-09     673

شاژنی بەرتانیا، لە تەمەنی 96 ساڵیدا مالئاوایی کرد. خەڵكی بەریتانیا بە گشتی خەم دایگرتن بۆ "شا"ژنێك کە نزیکەی سێ وەچەی بەڕێکردوون. خەڵكێك هەبووە لەدایک بووە و کۆچیشی کردووە، تەنها شای بینیوە. کۆچی شا وەکو هەر بابەتێکی دیکە، کوردی بەسەر دوو بەرە یان زیاتر دابەش کردوون بە مۆتیڤی جیاوازەوە. لێرەدا دەمەوێت لە دوو خاڵدا باس لە چەند کێشەیەک بکەم.

یەکەم: شا بۆ بەریتانییەکان، وێڕای ئەوەی کە ڕێ بەخۆی نادات دەستوەردان لە کاروباری سیاسیدا بکات، بەڵام سیمبۆڵی ژمارە یەکی شانشینی بەریتانیای مەزنە. بێجگە لەوەش کۆمەڵێك وڵاتی دیکە لەژێر هەژموونی ئەو شایەدا خۆیان دەبیننەوە و بەسیمبۆڵی خۆیانی دەزانن، لە بۆنە ڕەسمیەکاندا سوێند بە ژیانی ئەو شایە دەخۆن.

کورد بەگشتی لەو ڕووەوە، چونکە بێ دەوڵەتە، کەمتر هەست بەو بۆشاییە دەکات. ڕەخنە لەوە دەگرێت کە چی لەبەردا بووە، یا ئەوە 70 ساڵە شایە و دانەبەزیوە. بێ ئەوەی بزانن کە ئەوە سیمبۆڵی باڵای وڵاتێکە، وڵاتێك کە سەردەمانێك ڕۆژی لێ ئاوا نەبووە، کە تا ئەمڕۆش بەریتانییەکان بەو عەقلییەتەوە بیر دەکەنەوە. شا کۆکەرەوەیە، شکۆی وڵاتە و لەژێر هیچ پاساوێکدا لۆمەی ناکرێت، بەتایبەتیش کە پێگەیەکی پیرۆزکراوی هەیە و سەرۆکی کڵێسای ئینگیلیزیشە. یادەوەری پێکەوەیی کۆمەڵگە ڕەنگڕێژە بە ڕابردوو. تاکەکان هەستی پێ بکەن یان نا، زۆر بە ئاسانی دەخرێنە ژێر کاریگەری مدیا و رەهەندە کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ئایینی و سایکۆلۆجییەوە.

کورد لەو ڕووەوە، لەلایەک سیمبۆڵێکی کۆکەرەوەی نیە. ئەوەی هەشییانە حیزبەکان دابەشیان کردووە و شکۆیان لێ سەندۆنەتەوە. بۆ نموونە مادام ئاڵا لەلایەن حیزبێکەوە گرنگی پێدراوە، کەچە پەڕۆیەکە و هی هەمووان نیە. لەوە بەدەر سیمبۆڵێکی دیکەی لە نموونەی شا نیە. لەوانەیە ڕێژەیەکی زۆر جۆرێک لە خۆشەویستییان بۆ شێخ مەحمود، شێخ سەعیدی پیران، سەید ڕەزا، قازی محەمەد، یا مستەفا بارزانی هەبێت، بەڵام لەژیاندا بوونایە، کەمترییان پێ نەدەکردن هێندەی بە سەرکردە زیندووەکانی ئەمڕۆیان کردووە. بۆیە، کە دەبینن بەریتانییەکان هێندە بەجۆشەوە گرنگی بە کۆچی شایەك دەدەن، کە 70 ساڵ شایان بووە، خاوەنی هەموو شتێکە لە بەریتانیا، لەوانەیە ملوانکەی بەری بە دەیان ملیۆن پاوەند بخەمڵێندرێت، بەلایانەوە سەیرە، چونکە سەختە لە ستراکتۆری دەوڵەت و شکۆمەندی و هەژموون و ڕەهەندە مێژوویەکانی ئەو دەوڵەتە تێبگەین. بۆ نموونە من تا نەگەیشتمە هۆڵەندا و ڕێم بە باڵوێزخانەدا نەکەوت، نرخ و بەهای بالوێزخانەم نەدەزانی. تا لەپۆلی خوێندنی زماندا خەڵكم نەبینی داوای فەرهەنگی زمان، بە زمانی خۆیان دەکرد، نەمدەزانی فەرهەنگێك بە زمانی خۆم چەندە گرنگ و بەهادارە. ئەو پرسەش هەر وایە. مرۆڤ کە شتێکی نەبێت، هەستیشی پێ ناکات، یا لە باشترین حاڵەتدا قەدری نازانێت. بەڵام کورد لە باشوور، چونکە کێشەی لەگەڵ دەستەڵاتی باشوور هەیە، ڕێژەیەکی زۆر، حەز بەوە دەکەن ئەو هەرێمە کە موڵکی خەڵکی باشووری کوردستانە، ڕادەستی بەغدای بکەنەوە.

دووەم: بەریتانیا هەمیشە بەوە تۆمەتبار دەرێت کە لە دوای جەنگی یەکەمی جیهان، کوردی بە ئەنقەست دابەش کردووە. ئەوەندەی من لەو بوارەدا، خوێندوومەتەوە و هەڵسەنگاندم بۆی کردووە، وەهای دەبینم، کە بەریتانیا لە سەروبەندی جەنگی جیهانیدا، کە دەوڵەتێکی کۆلۆنیال بووە و یەکێك بووە لە سەرکەوتووەکانی جەنگ لەپاڵ هاوپەیماناندا، نە دۆستی کورد بووە، نە دوژمنی کوردیش بووە. لە سیاسەتدا بەرژەوەندی کار دەکات. نەك هەر بەریتانیەکان، هەموو وڵاتانی دونیا، تەنانەت ئیمپڕاتۆرەکانیش، هەر وابوون. ئەمەوی و عەبباسی و عوسمانیەکانیش هەر وابوون. ئیماڕەتە کوردییەکانیش ئەگەر مابانەوە هەر وا دەبوون. ئەگەر کوردیش لە جێی بەریتانیەکان بوایە، هەر شتێکی وەهای دەکرد، کە بەرژەوەدیەکانی خۆی بپارێزێت. لەلایەکی دیکەشەوە، ناکرێت بەریتانیا لە کورد کوردتر بێت و بێت لەخۆیەوە دەوڵەتێک بۆ کورد دابمەزرێنێت، لەکاتێکدا کورد بۆخۆیان لەو سەردەمەدا خاوەنی چەد خەسڵەتێك بووە، ڕێگر بووە لەوەی دیار بێت: لەوانەش: یەکگرتوو نەبووە و دابەش بووە بەسەر چەند خێڵ و ناوچە و بنەماڵەیەکدا، هیچ شتێک نەبووە کۆیان بکاتەوە، تەنانەت مێژووش. بەشێکی زۆری لەژێر هەژموونی ئایینیدا لەو کاتانەی کە خودی تورک و عەرەب خەریکی پلان و ستراتیژییەتی خۆیان بوون بۆ قەوارەیەکی نەتەوەیی، ڕێژەیەکی زۆری کورد بۆ لەدەستدانی دەستەڵاتی عوسمانی کڕوزاونەتەوە. کەمال ئەتاتورک توانی کوردە سوننەکان بە هێزەوە بەکار بێنێت لەدژی بەریتانییەکان بە مۆتیڤی ئەوەی بەریتانیەکان هاتوون خاکی موسوڵمانان داگیر دەکەن و جیاوازی دەخەنە نێوان موسوڵمانان. لەو کاتەی کە لە دێرسیم شۆڕش بووە بۆ سەربەخۆیی کوردستان، ڕێژەیەکی زۆری کوردی سوننە کە زۆرینەن بەهۆی مەزهەبەوە پشتیوانیان لە کوردە عەلەویەکان نەکردووە و زیاتر داویانەتە پاڵ کەمال ئەتاتورک. بەهەزاران کورد خوێنی خۆی بەخشیوە لە شەڕی سەربەخۆیی تورکیا دژ بە بەریتانیا و فەرەنسا. لە باشوور، ڕاستە شێخ مەحمود ڕێبەرێتیی سەربەخۆیی کوردی کردووە، بەڵام لەلایەك ئەو ناوچانەی لەژێر دەستیدا بوون زۆر سنووردار بوون. ژمارەیەکی زۆر لە خێڵە کوردییەکان لەجیاتی ئەوەی بچنە ژێر ڕکێفی مەملەکەتە کوردییەکەوە، پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە ئینگلیزەوە کردووە. لە مەسەلەی بەکارهێنانی چەکی کیمیاویدا، شێخ شەڕی دژ بە دەستەلاتی کۆلۆنیالزمی ئینگلیزی ڕاگەیاندووە و بەهەر پاساوێك بێت لێیان هەڵگەڕوەتەوە، هەرچەندە بەکارهێنانی ئەو چەکە هیچ پاساوێك هەڵناگرێت، وێڕای ئەوەی کە بەوردی نازانم کاریگەری و چەندێتی ئەو بەکارهێنانە چۆن بووە. دەمێنێتەوە ئەو دەستەبژێرە ناسیۆنالیستە کوردییەی ئەو سەردەم، کە زۆربەیان سەرەتا لە ئیستەمبۆڵ بوون، پەیوەندییەکی لاواز و پچڕپچڕیان بە گروپ و خێڵە کوردیەکانەوە هەبووە. زۆر جێگای متمانەی خێڵەکان نەبوون. بۆیە هەوڵەکانیشییان بەشێوەیەکی سنووردار ماوەتەوە. سەرباری هەموو ئەو پەرتەوازەییەش، کورد لەڕووی دیپلۆماسییەوە، نزیک بووە لە سفڕ. نەخوێندەوارییش لە کوردستان لەبەرزترین ڕێژەدا بووە. بێجگە لە سلێمانی و ئامەد کە بەشێوەیەکی سنووردار ناویان هەبووە، لەو سەردەمەدا ناوی کام شار هاتووە و گرنگی هەبووە؟

ئەوەشمان بیر نەچێت کە کورد لە یادەوەری ئەوڕوپیەکاندا جیاوازە لەگەڵ ئەو یادەورییەی کە سەبارەت بە تورک و عەرەب هەیان بووە. عەرەبەکان خاوەنی دەستەڵاتی "ئمپراتۆری ئەمەوی و عەبباسی بوون" و دەرگاکانی ئەوڕوپایان لە ڕۆژئاوای باشوورەوە هەژاندوون، وەهاش چوونەتە ناو یادەوەری ئەوڕوپییەکان. هەروەها تورکەکان خاوەنی دەوڵەتی عوسمانی بوون، دەوڵەتێك کە نیوەی ئەوڕوپای داگیر کردبوو و لێی دەترسان. ئەوهاش چوونەتە ناو یادەوەری ئەوڕوپیەکان. ئەی کورد؟ لە تەواوی ئەو مێژووەدا لە پەراوێزدا ژیاوە. لە پەراوێزدا وەکو ڕەعییە خزمەتی بە ئایین و بەو ئیمپراتۆرییانە کردووە. بۆیە، لەو هەرایەی جەنگیشدا کورد هەر پەراوێز بووە. کە میراتی عوسمانیش دابەش دەکرێت، کورد نەك هەر وەکو یەکەیەکی بەهێز و یەکگرتوو دەرنەکەوتووە، بەڵکو هەر بۆخۆی سوور بووە لەسەر برایەتی تورك لە پەراوێزدا، دەشیەوێت هاوپەیمانان حیسابی بۆ بکەن و ئایندەی خۆیانی لەسەر بینا بکەن. بۆیە لەو ڕووەوە پێویست ناکات لۆمەی خەڵك بکرێت، یا بنوزێتەوە، بەڵکو دەبێت لۆمەی خۆی بکات، بۆ ئەوەی دەرس لەو ڕابردووە وەربگرێت، کە وەریش ناگرێت.

هەنوکە، نەک سەد ساڵ پێل ئێستا، هاوپەیمانان داوای لێ دەکەن هێزی پێشمەرگە یەک بخەنەوە و هێزێکی نیشتمانی دروست بکەن، تا ئێستاشی لەگەڵ دابێت، ئەو ئامانجە بەخاوی و ناتەواوی و نادیاری ماوەتەوە. لەو چرکەساتەی مێژوودا کە عێراق بووەتە دەوڵەتێکی چەپرەك، هەردوو حیزبی سەرەکی کە جڵەوی ئێستا و ئایندەی کوردییان ها بەدەستەوە، لەجیاتی ئەوەی ستراتیجییەتێکی نیشتمانی هاوبەشییان هەبێت بۆ ئایندەی ئەو هەرێمە تاقانەیە، ئەوان شەڕییانە لەسەر پێگەی سەرۆکی عێراق، کە وەکو کەلاکێکی تۆپیو وایە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×