لەکۆتاییدا، پارتی کرێکارانی "کوردستان"، هەڵوەشاندنەوەی خۆی ڕاگەیاند و بڕیاریدا، چەکەکان بێدەنگ بکرێن. بێدەنگکردنی چەکەکان، بەشێوەیەکی یەکلایەنە، "ئاشتی نەرێنیی" یۆهان گاڵتۆنگی (Johan Galtung) بیرهێنامەوە. ئاخر، گاڵتۆنگ پرۆسەی ئاشتی دابەشی سەر هەردوو ئاستی ئەرێنی و نەرێنی دەکات. لەڕوانگەی گاڵتۆنگدا ئاشتی نەرێنی (Negative peace) بریتییە لە نەبوون یا نەمانی توندوتیژی ڕاستەوخۆ و ئاشکرا، وەکو شەڕی چەکداری یاخود سەرکوتکردن و ئازاردانی جەستەیی، بەو مانایەی لایەنەکان چیتر یەکدی ناکوژن، بەڵام مانای وانیە کە کێشە بنەرەتییەکانی وەکو نادادپەروەری، نایەکسانی، یان ستەم و توندوتیژی سیمبۆڵیک چارەسەرکراون.
لەدۆخی باکووری کوردستان و لەسەر بنەمای ئاشتیی نەرێنییدا، لەبەردەم چەند خەسڵەت و تایبەتمەندییەک داین، هەوڵ دەدەم لەدوو خاڵدا کورتییان بکەمەوە:
یەکەم: بێدەنگکردنی چەک و ملکەچکردن بۆ ئاشتیی نەرێنی، واتە وەستاندنی دوژمنکاری دەوڵەت، وەستاندنی جەنگ و ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی و سڕکردنی دڕۆنەکان. وێڕای ئەوەی، کە بۆی هەیە نایەکسانی و ستەمکاری داگیرکەر درێژەی ببێت و بەردەوام بێت.
دووەم: لەو دۆخەی باکووردا، داواکاری بێدەنگکردنی چەک لە دەوڵەتی قوڵەوە دەستی پێکردووە. ئەوەش بەمەبەستی بەهێزکردن و وەرگرتنەوەی کۆنتڕۆل، لەکاتێکدا، کە بۆی هەبوو دەوڵەت لەهەڵومەرجی نوێی ناوچەکەدا کۆنتڕۆڵی خۆی لەدەست بدات. هۆکارەکەشی هاتنەناوەوەی بکەری دیکەی بەهێزبوو، لەوانەش ئیسڕائیل. تێکچوونی باڵانسی هێز لەناوچەکەدا لەبەرژەوەندی ئیسڕائیلدا بوو. پاشەکشەی کۆماری ئیسلامی و لاوازبوونی پرۆکسییەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو، کە هێشتاش لەناو شەپۆڵەکانیدا دەژین. هەرچەندە دەوڵەتی تورکیا لە سوریا بەڕەکەی لەژێرپێی کۆماری ئیسلامی ئێران دەرهێنا، بەڵام بێئاگا لەوەی کە ئیسرائیل دەستپێشخەری ئاسمانیی سووریای بەدەستەوەیە و لەگەڵ نەمانی ڕژێمی ئەسەد و پاشەکشەی کۆماری ئیسلامی ئێران و پڕۆکسییەکانی، ئەو دەستپێشخەرییە بەهێزتر بوو.
ئەوەی ڕاستیش بێت، بەش بەحاڵی خۆم، ماوەیەکی باشە پشتیوانی لە ئەرگومێنتی بێدەنگکردنی چەکەکان دەکەم. دوای ئەوەی بۆ دەیان ساڵ شێوازێکی خەبات بێجگە لە ئاڵقەیەکی نەپساوەی توندوتیژی و بەردەوامبوونی خوێن و فرمێسک بەبێ ئەنجام، مرۆڤ دەبێت ڕێگای دیکە تاقیبکاتەوە. لە دیدارێکمدا لە 2004 لەگەڵ ڕۆژ تیڤی لە برۆکسل باسم لە گرنگی و حەتمییەتی خەباتی مەدەنی کرد، لەکاتێکدا کە هێزی چەکدار دوای ئەوهەموو کات و ئەوهەموو خوێنە، واپێدەچێت بێجەدوا بێت. ئەوکاتە هێشتا پارتی کۆمەڵگەی دیموکراتیک (دەتەپە) لە باکوور دانەمەزرابوو، کە دواتر لە 9ی تشرینی دووەمی 2005 دامەزرا. لەڕاستیشدا ئەو فشار و ئەنجامانەی لەو بزووتنەوە مەدەنییە بەدەستهاتوون، زۆرن. خۆ ئەگەر ئەو بزووتنەوەیە زیاتر پراگماتیک بوایە و لە ئایدیۆلۆجیای چەپی رادیکاڵ دووربکەوتبایەوە، لەوانەبوو دەرەنجامەکان، ئەمرۆ بەجۆرێکی دیکە بوان. بەڵام ئەمرۆ دوای بیست ساڵ، واپێدەچێت زیاتر بەرەو پراگماتیزم بڕۆن، بەتایبەتیش لەگەڵ دەستپێکی ئەو پرۆسەیەی ئێستای ئاشتیی نەرێنی تورکیا و باکوور.
شایەنی باسە، خەباتی مەدەنی لەسایەی دەوڵەتێکی نەژادپەرستدا، ئاسان نیە، بەڵام بەهەموو پێوەرەکان باجەکەی کەمترە و قازانجەکەی زیاترە. لەو پڕۆسەی چەکدانانەدا دەگەینە چارەسەرێکی گرنگ، ئەویش ڕادەستکردنی بڕیاری سیاسییە بۆ بزووتنەوەیەکی مەدەنی، بەو مانایەی تا ئەمڕۆ کلیلی ململانێی سیاسی بزووتنەوەی سیاسیی باکووری کوردستان بەدەست خۆیانەوە نەبوو، بەڵکو بەدەست قەندیلەوە بوو. مەرجەعییەتی سەربازی و زیهنییەتی توندوتیژی هەمیشە زاڵە بەسەر ئەقڵییەتی هەر هێزێکی چەکدار. بۆیە، لەمەودوا، بزووتنەوەی سیاسیی باکوور، دەچێتە قۆناغێکی نوێوە، لەلایەک بڕیاری سیاسی دەکەوێتە دەستی خۆی، بەپێی هەڵومەرجە تازەکان دەتوانێت هەنگاوەکان دیاریبکات و ئامانجە ستراتیجییەکانی لەسەر بنەمای ئەو قۆناغە نوێیەدا دابڕێژێت.
ئەرگومێنتێک هەیە، لەسەر بنەمای ئەو پەندەی کە دەڵێت "مست لە درێشە دەگەڕێتەوە"، پێیوایە "چەک گرنگە بۆ ئەوەی دوژمن بترسێت. هێندەی دوژمن گرەو لەسەر هێز دەکات، هێندە لەسەر ئاشتی ناکات". ئەم ئەرگومێنتە دەکرێت بۆ زۆر قۆناغ و دەڤەری دیکەی دونیا و نموونەی دیکە ڕاست بێت، بەڵام بۆ ئەو قۆناغەی ئەمڕۆ کورد لەباکوور ڕاست نیە، لەبەر چەند هۆکارێک:
یەکەم: تەڤگەری باکوور، ساڵانێکی درێژە سنووردار بووە، بەتایبەتیش دوای ڕاپەرینی کورد لە رۆژئاڤای کوردستان و گواستنەوەی قوڕسایی هێز و چەک بۆ ئەو پارچەیەی کوردستان. ڕاستە چالاکی سەربازی بەردەوام بوون و توندوتیژیی هەر لەبڕەودا بووە، بەڵام بەدیوەکەی دیکەدا هێندەی داگیرکەر سوودی لەو چالاکییانە بینیوە، دەیەکی ئەوەش کورد سوودی لێنەبینیوە. بەو مانایەی داگیرکەر هەمیشە بە پاساوی گروپێکی "تۆقێنەر" دەستی لەهیچ دوژمنکارییەکی دژ بە کورد نەپاراستووە. بەجۆرێک ئەو وڵاتە بووە بە زیندانێکی گەورە بۆ سیاسیی و رۆژنامەنوس و میدیاکار و چالاکوانە سیاسییەکانی کورد.
دووەم: بەهەموو پێوەرەکانی هێز و جەنگی ڕزگاری، دوای زیاتر لە 45 ساڵ تەڤگەری باکوور ڕاستە لە چیاکانی باکووردا شەڕیان کردووە و هەبوون و چالاکی گەورەیان ئەنجام داوە، بەڵام نەیانتوانیوە لەناو ئاوەدانییەکاندا بەشێوەیەکی بەردەوام بمێننەوە و شوێنێک بەشێوەیەکی بەردەوام ئازاد بکەن. هۆکارە سەرەکییەکەشی ئەوەبووە کە هاوسەنگی هێز هەمیشە لەقازانجی داگیرکەردا بووە. لەوەها هەڵومەرجێکیشدا ئەگەر 45 ساڵی دیکەش ئەو شەڕە خوێنبەربوونە بەردەوام بێت، نەداگیرکەری نەژادپەرست دەگەیەنێتە قەناعەت کە لەنەژادپەرستی خۆی دابەزێت و مافە بنەڕەتییەکانی نەتەوەیەک دەستەبەر بکات، نە پارسەنگی هێزیش گۆڕانکاری بەسەردا دێت. بۆیە گۆڕینی شێوازی خەبات و ڕووبەڕووبوونەوە هەنگاوێکی چارەنووسسازە.
سێیەم: ئەوەش بۆهەموو لایەک ئاشکرایە کە ساڵانێکی زۆرە شەڕی چەکداری گواستراوەتەوە باشوور و بە سەدان کیلۆمەتری خاکی باشووری کوردستان لەژێر کۆنتڕۆڵی سوپای داگیرکەر دان. لەو هەڵومەرجەدا، لەبوونی چەکی پێشکەوتووی ئەو هێزە داگیرکەرەدا، دەیتوانی رۆژانە ئەندامانی چەکداری تەڤگەری باکوور ڕاوبکات و بیانکوژێت. بەجۆرێک بستێکی باشوور نەماوە دڕۆنەکانی داگیرکەر بەسەریدا نەسوڕێنەوە. لەوەها هەڵومەرجێکیشدا هەموو جۆرە جموجۆڵێک وەکو خۆکوشتن وابوو.
تەڤگەری ڕزگاریخوازی باکووری کوردستان، لەزۆر ڕووەوە لە خەباتی رەشپێستەکانی باشووری ئەفریقا دەچێت. دوای ڕاگرتنی توندوتیژی و ئازادکردنی نیلسۆن ماندێلا لە زیندان، پڕۆسەی ئاشتی ڕاگەیاندرا. هەرچەندە دەوڵەتی ئاپارتهاید لە باشووری ئەفریقا لەژێر فشاری کۆنگرەی نیشتمانی ئەفریقی، پەنای بۆ پڕۆسەی ئاشتی برد و ماندێلای لەزیندان ئازاد کرد، واپێدەچێت هەمان شت لە تورکیاش دووبارە بووبێتەوە، بەڵام فشارەکانی سەر دەوڵەتی تورکیا هێندەی هەرێمی و جیۆپۆلیتیک بوون هێندە هی تەڤگەری باکوور نەبوو، بەمانای ئەوە نا کە ئەو تەڤگەرە کاریگەریی و فشاری لەسەر دەوڵەت نەبووبێت، بەڵکو بەمانای ئەوەی فشارەکان لەپڕ لەئەنجامی گۆڕنکاری لە باڵانسی هێز لەناوچەکەدا، دەوڵەتی تورکیای ناچار کرد پەنا بۆ بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان ببەن.
لەکۆتاییدا، دەتوانین بڵێین، دەوڵەتێک کە زیاتر لە سەدەیەکە، بەهەموو ئامرازە بەردەستەکانییەوە، لەسەر بنەمای سیاسەتی نەژادپەرستی، نەتەوەیەک دەچەوسێنێتەوە، بەڵام لەپڕ دوابەدوای گۆڕانکاری لەهەڵومەرجە هەرێمییەکان، ئەو دەوڵەتە لەپڕ ڕایدەگەیەنێت، کە ئێستا "کاتی ئاشتییە". ئەگەر ئەو ئاشتییە بەمانای داماڵین و بێدەنگکردنی چەک بێت، بەبێ ئەوەی دان بە ماف و مێژوو و ئازارەکانی نەتەوەیەکی داگیرکراودا بنرێت، بەبێ ئەوەی "پڕۆسەی دادوەری ڕاگوزەر" ڕابگەیەندرێت و ئەو نادادپەروەری و زوڵمەی کە سالەهایە وەکو کابوسێک چۆکی بەسەر سینگی باکوور داداوە، کۆتایی پێ بێت، ئەوە پێی دەگوترێت "ئاشتی نەرێنی". بەو مانایەی ململانێی سەربازی دەوەستێت، بەڵام ئەو زوڵم و زۆرەی کە ململانێکەی بەرهەمهێناوە، هەر بەردەوام دەبێت و هەر ماوە.
پرسیارە گرینگەکە ئەوەیە، بۆچی ئاشتی نەرێنی، کە گاڵتۆنگ بانگەشەی بۆ دەکات، گرینگە؟ گاڵتۆنگ دەیەوێت پێمان بڵێت زۆرێک لەوجۆرە ئاشتییانەی کە هاتوونەتە ئاراوە، زوڵمێکی قوڵییان لەپەناخۆیاندا حەشار داوە، چونکە ئەو دەوڵەتە لەو قۆناغەدا:
پۆزش ناهێنێتەوە و داوای بووردن ناکات،
دادپەروەری ڕاگوزەر لەئارادا نیە و جێبەجێی ناکات،
فشارە ئەمنییەکان لەتەواوی باکووری کوردستان بەردەوام دەبن.
لەڕوانگەی گاڵتۆنگەوە "ئاشتی ئەرێنی"، یان ئاشتی ڕاستەقینە، پێویستی بە چارەسەرکردنی توندوتیژی ستراکتۆرال هەیە، بەمانای ئەوەی ئەو سیستمە سیاسییە نەژادپەرستییەی کە زیان بە بوون و مانەوەی نەتەوەیەک دەگەیەنێت، لەڕێگای قەدەغەکردنی زمان و چەوساندنەوە لەچەندین فۆڕمی جیاوازدا، پێویستی بە هەڵوەشاندنەوەی ستراکتۆڕالی ئەو سیاسەتە هەیە کە ئەودەوڵەتە بەشێوەیەکی سیستماتیک گرتوویەتییە بەر. هەر بۆیەشە، "ئاشتی نەرێنی" دەکرێت دەرگا لەبەردەم "ئاشتی ئەرێنی" واڵا بکات، بەو مەرجەی بزووتنەوەی مەدەنی و خەباتی سیاسیی جەماوەری بچێتە قۆناغێکی پێشکەوتووترەوە. بەو مانایەی خەباتی مەدەنی لێرەوە دەست پێدەکات.