شەپۆڵی ناڕەزایەتیەکانی ئەورووپا و گەورەبوونی درزی نێوان خەڵک و دەسەڵات

شاهۆ پاڵانی
  2026-10-21   

قەیرانی متمانە لە سێبەری جەنگ و فشارە ئابوورییەکاندا

 

ئەورووپا بە قۆناغێکی هەستیاری سیاسی و کۆمەڵایەتیدا گوزەر دەکات. خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە فەرەنسا و چەندین وڵاتی دیکەی ئەورووپا، پرسیارێکی بنەڕەتی دەوروژێنن، ئایا ئەم ناڕەزایەتییانە تەنها کاردانەوەن بەرامبەر بە گرانی و سیاسەتە ئابوورییەکان، یان نیشانەی قەیرانێکی قووڵترن لە پەیوەندیی نێوان هاووڵاتییان و دەسەڵاتی سیاسیدا؟

هەرچەندە هۆکارەکانی خۆپیشاندانەکان لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە جیاوازن، بەڵام کێشەیەکی هاوبەش لە پشتی ئەم پێشهاتانەدا هەیە، ئەویش نادڵنیایی ئابووری، نایەکسانیی کۆمەڵایەتی و کەمبوونەوەی متمانە بە توانای حکومەتەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی خەڵک.

یەکێک لە فاکتەرە سەرەکیەکانی پەرەسەندنەکان لە شەقامەکانی ئەوروپا، قەیرانی ئابووریە کە بۆتە هۆی گەورەتربوونی درزی نێوان حکومەت و کۆمەڵگا. بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان، قەیرانی نیشتەجێبوون، فشارەکانی سەر داهاتی خێزانەکان و کێشەکانی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، بە تێکڕا بوونەتە بارێکی قورس لەسەر شانی هاوڵاتی و ئەو داهاتەی کە مانگانە دەستی دەکەوێت، زۆر بە ئاستەم دەتوانێ بیگەیەنێتەوە مانگی داهاتوو، ئەمەش وەک خاڵی سەرەکی ناڕەزایەتیەکان چاوی ڵێدەکرێت.

لە فەرەنسا، ململا‌نێ لەسەر سیاسەتی بودجە و پاراستنی مافە کۆمەڵایەتییەکان بەردەوامە. لە ئیسپانیا و پورتوگالیش، نرخی بەرزی خانوو و لاوازبوونی توانای کڕین لە کێشە سەرەکییەکانن. بەڵام قەیرانەکە بەتەنها ئابووری نییە. کاتێک هاووڵاتییان هەست دەکەن بڕیارە سیاسییەکان ناچنەوە سەر ڕێگای پێداویستییەکانیان، متمانەیان بە دامەزراوەکانی دەوڵەت لاواز دەبێت و ئەمەش ڕەنگە ناڕەزایەتیی ئابووری بگۆڕێت بۆ قەیرانێکی سیاسی.

هەڵبەتە قەیرانی ئابووری وابەستەو تێکهەڵکێشی قەیرانی سیاسیە، ئەو قۆناغە ناسەقامگیرەی لە ئێستادا ئەوروپای پێدا تێپەڕ دەبێت هۆکارەکانی فرە ڕەهەندن، یەکێک لە ڕەهەندە هەرە سەرەکیەکان کاریگەری جەنگی درێژخایەنی ئۆکرائین و ڕوسیایە لەسەر سیاسەت و ئابووری ئەوروپا. هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە ساڵی ٢٠٢٢، هاوسەنگیی ئاسایشی ئەورووپای گۆڕی و خزاندیە نێو قەیرانیێکی گەورەی وزە و بەرزبوونەوەی نرخەکان، لە لایەکی تریشەوە زۆرێک لە وڵاتانی ئەورووپا بەهۆی نیگەرانی و ترسیان لە هەڕەشەو هەژموونی ڕووسیا، ناچاربوون بە زیادکردنی بودجەی بەرگری و دابینکردنی پشتگیریی دارایی و سەربازی بۆ ئۆکرانیا، هەڵبەتە ئەم ترسەی ئەوروپاش لە هەژموونی ڕوسیا، پێشینەی مێژوویی هەیەو متمانەیان بە یەکتری زۆر لاوازە.

وڵاتانی ئەوروپا ئەم سیاسەتە لە ڕوانگەی ئاسایشی نەتەوەییەوە بە پێویستییەکی ستراتیژی دادەنێن، چونکە پێیان وایە قەتیسکردنی هەڕەشەی ڕووسیا و سنووردارکردنی لە ئۆکرانیا، دەتوانێت ئەوروپا لە فراوانبوونی هەژموونی ڕوسیا و  هەڵکشانی ناسەقامگیری بۆ ناو ئەوروپا بپارێزێت.  بژاردەیەکی ستراتیژیی لەم شێوەیەش هەڵبەتە تێچووی دارایی خۆی هەیە. زیادبوونی خەرجییە سەربازییەکان، لەگەڵ قەرزی کەڵەکەبووی سەر حکومەت و فشارە ئابوورییەکان، توانای حکومەتەکان بۆ وەبەرهێنان لە پەروەردە، تەندروستی، نیشتەجێبوون و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان تەواوی خزمەتگوزاریە جۆراوجۆرەکانی تر سنووردار دەکات.

هەرچەندە ئەستەمە هەموو کێشە ئابوورییەکانی ئەورووپا بە جەنگی ئۆکرانیا ببەسترێنەوە، بەڵام ناشتوانین کاریگەریی ئەم جەنگە لەسەر ئەولەویەتە دارایی و سیاسییەکانی ئەورووپا پشتگوێ بخەین. بۆیە دەتوانین لێرەدا پرسیارێکی چارەنوسساز بوروژێنین کە دەڵێ، ئایا ئەورووپا دەتوانێت لە ئەگەری درێژەکێشانی ئەم جەنگە لەیەک کاتدا و هاوتەریب، ئاسایشی سەربازیی سنوورەکانی و ئاسایشی ئابووری و کۆمەڵایەتیی هاووڵاتییانی بپارێزێت؟ هەڵبەتە وەڵامی ئەم پرسیارە لە هەگبەی داهاتوودا دەدۆزینەوە، ئەگەر جەنگ بەم نزیکانە کۆتایی پێ نەیێت.

ئەگەر حکومەتەکان نەیانتوانی هاوسەنگی لە نێوان ئەولەویەتە ئەمنی و کۆمەڵایەتییەکاندا بپارێزن، ئەوا مەترسیی قووڵبوونەوەی ناڕەزایەتییەکان ڕوو لە هەڵکشان دەکەن. کەمبوونەوەی متمانە بە پارتە نەریتییەکان دەتوانێت دەرفەت بۆ بزووتنەوە پوپۆلیستی و ڕادیکاڵەکان بڕەخسێنێت، ئەم بزووتنەوانە دەتوانن سوود لە ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان وەربگرن بۆ فراوانکردنی نفووزی سیاسیی خۆیان.

لە هەمان کاتدا، خۆپیشاندانە ئاشتییانەکان واتای لاوازیی دیموکراسی ناگەیەنن. بەپێچەوانەوە، دەتوانن دەربڕینی خواستی کۆمەڵگا بن بۆ بەشداریی زیاتر لە بڕیاردانی سیاسی و داواکردنی لێپرسینەوە لە دەسەڵات، بەڵام ئەوەی مەترسیەکە قوڵتر دەکاتەوە و دیموکراسی دەخاتە ژێر پرسیار ئەوەیە، کە ناڕەزایەتیەکان بێ وەڵام بمێننەوەو هاوڵاتیان متمانەیان بە توانای گۆڕانکاری لە ڕێگەی دیموکراسیەوە لەدەست بدەن.

بۆیە داهاتووی سیاسیی ئەورووپا پەیوەستە بە چۆنیەتی مامەڵەکردنی حکومەتەکان لەگەڵ ئەم قەیرانانە. ئەگەر حکومەتەکان بتوانن چاکسازیی ئابووری و کۆمەڵایەتی جێبەجێ بکەن، خزمەتگوزارییە گشتییەکان بەهێزتر بکەن و هاووڵاتییان لە بڕیارداندا بەشداری پێ بکەن، ئەوا ئەم قۆناغە دەتوانێت ببێتە دەرفەتێک بۆ نوێبوونەوەی دیموکراسی. بەڵام ئەگەر فشارە ئابوورییەکان بەردەوام بن و درزی نێوان کۆمەڵگا و دەسەڵات فراوانتر ببێت، ئەوا ئەگەری ناسەقامگیریی سیاسی و جەمسەرگیریی کۆمەڵایەتی زیاتر دەبێت. ئاڵنگاری سەرەکی ئەوەیە کە ئەورووپا چۆن دەتوانێت لە نێوان پێداویستییەکانی بەرگری، سەقامگیریی ئابووری و دادپەروەریی کۆمەڵایەتیدا هاوسەنگییەکی بەردەوام دروست بکات.

شەپۆلی خۆپیشاندانەکانی ئەورووپا تەنها کاردانەوەیەک نین بەرامبەر بە گرانی و بڕیارەکانی حکومەتەکان، بەڵکو دەکرێ وەک نیشانەی ململا‌نێیەکی قووڵتر لە نێوان ئەولەویەتەکانی دەوڵەت و چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگا لێک بدرێتەوە. جەنگی ئۆکرانیا و زیادبوونی خەرجییەکانی بەرگری ئەم ململا‌نێیەیان ئاڵۆزتر کردووە، هەڵبەتە لەسەرەتای ئەم ساڵیشەوە گرژیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جەنگی ئەمریکا/ ئیسرائیل و ئێرانیش بێ کاریگەری نەبووەو باری ئابووری ئەوروپای قورستر و سەختتر کردووە بەتایبەت قەیران و گرانبوونی وزە، کە کاریگەری نەرێنی فرەلایەنەی لێکەوتۆتەوە. بۆیە هۆکارەکانی قەیرانەکە فرەڕەهەندن و پەیوەندی بە پێکهاتەی ئابووری و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی سیاسەتیشەوە هەیە.

ئەورووپا بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆی پێویستی بە توانای بەرگری هەیە، بەڵام سەقامگیریی درێژخایەن تەنها بە هێزی سەربازی دابین ناکرێت. ئابوورییەکی بەهێز، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و متمانەی هاووڵاتییان بە دامەزراوە سیاسییەکانیش بەشێکی بنەڕەتین لە سەقامگیری ئاسایشی هەر وڵاتێک.

لە کۆتاییدا گەرەکە بگووترێ، مەترسییە گەورەکە بۆ دیموکراسیی ئەورووپا ئەوە نییە کە خەڵک خۆپیشاندان دەکەن، بەڵکو ئەوەیە کە ڕۆژێک چیتر باوەڕیان بە توانای گۆڕانکاری لە ڕێگەی دیموکراتییەوە نەمێنێت. بۆیە پرسیارە بنەڕەتیەکە جارێکی تر خۆی نیشان دەداتەوە، ئایا سەرکردایەتیی سیاسیی ئەورووپا دەتوانێت لە نێوان پاراستنی ئاسایشی دەرەوە و دابینکردنی دادپەروەری و ئاسایشی ناوخۆدا هاوسەنگییەکی دروست بدۆزێتەوە؟

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
ڕۆژنامەیەکی ئیسرائیلی گومان دەخاتە سەر گێڕانەوەی فەرمیی حکومەتی عێراق لەبارەی تەقینەوەکەی حەشدی شەعبی
دوو کۆمپانیای نەوتیی لە هەرێم یەکیانگرت: سەرمایەکەیان لە هەرێمی کوردستان دەگاتە سەروو ملیارێک دۆلار
تەسنیم: ئۆکرانیا هەزاران فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لەهەرێمی کوردستان جێگیر کردووەو تاران ئەم کارە بەدوژمنایەتی دەزانێت
کۆمسیۆنی عێراق جێگرەوەی سێ پەرلەمانتاری عێراقی کە کەرکوکییەکی تێدایە، دیاریکرد
دوران کاڵکان: پەکەکە تەواوی هێزەکانی لە سنوورەکان کشاندووەتەوە و ئەنقەرەش هیچ هەنگاوێکی کردەیی نەناوە
فراکسیۆنی یەکگرتوو: ئامادەنین بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان پشتی لایەنێکی سیاسی بگرین
کۆشکی سپی لێکۆڵینەوە لە دیارنەمانی چەند ملیۆن دۆلارێک و گومانی "کڕینی پێگە" لە نزیک ترەمپ دەکات
شەپۆلێکی پاییزە ڕوو لە عێراق دەکات؛ بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ کەشوهەوا بە ناجێگیری دەمێنێتەوە
وەزیری بەرگری تورکیا: تا ئاسایشی سنوورەکان مسۆگەر دەبێت هێزەکانمان لە عێراق و سووریا دەمێننەوە
بانکی ناوەندیی عێراق کێشەی حەواڵە هەڵپەسێردراوەکانی پێش گۆڕینی نرخی دۆلاری چارەسەر کرد
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×