ئەوەی دەیفرۆشن، لێتان ناکڕین!

ئالان م. نوری
  2021-07-23     738
دوای 30 ساڵ لە دەسەڵاتی قێزەونترین فۆرمی باڵادەستی "کوردایەتی" لە هەرێمی کوردستاندا و بە تایبەتی لە دوای 2003 وە، بەها کۆمەڵایەتی و نیشتمانی و ئەخلاقییەکان بە رادەیەک قڵپ بوونەتەوە کە ڕەنگە چەندین نەوەی تازە پێگەیشتوو ئەستەمە بزانن رۆژێک لە رۆژانی نزیک، ئەم سیستەمە سیاسیەی ئێستا و ئەو بەها ئەخلاقییانەی بەرهەمی دێنن، بە نزمترین شێوازی بژێوی و هەڵوێست و گوزەران دەژمێردران.

رووداوەکانی سەرەتای ئەم مانگەی شاری سلێمانی لە نێوان جووت ئامۆزای هاوسەرۆکی یەکێتی، زۆر بە زەقی قڵپکراوەیی ئەو چەمک و بەهایانەی جارێکی دیکە بە ڕووماندا تەقاندەوە. بە تایبەتی بە رووی ئەوانەدا کە بەهای سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقیی باشتر، هێشتا لە بیرەوەریی جەمعی و ویژدانیاندا ماوە.

لە سەر ئاستی شەخسی، دەمێکە کۆڵم داوە لە شەرمەزارکردنی پەیڕەوکەرانی بەها قڵپکراوەکان، بەوانەشەوە کە تا ئەمڕۆیش بە هاوڕێ و دۆست و کەسی خۆمیان دەزانم. دەمێکیشە بێ هیوام لە گۆڕینی شێوازی ژیان و بژێوییان. بەڵام لە پێناوی پاراستنی بیرەوەریی جەمعیمان و گەیاندنی بە نەوە تازەپێگەیشتووەکان، بە ئەرکی دەزانم ئەمانەی خوارەوە بڵێم:

ناکرێت، بە فەرمی، لە باڵاترین ئاستی حکومیدا باس لەوە بکرێت کە دوو دەزگای مووچەخۆر و "فەرمانبەر"ی حکومەت، بە شیوەیەکی سیستێماتیکی و وەک یەکەکەیەکی هەماهەنگ و بۆ چەندین ساڵ کاری قاچاخچێتی و بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان و چەندین تاوانی قورسی لەو جۆرەیان ئەنجام داوە، بەڵام تەنها یەک نەفەریش نەدرێت بە دادگا و، بەپێی یاسا، مافی گشتیی لێ داوانەکرێت و، بەپێی هەمان یاسا، مافی داکۆکی لە خۆی پێ نەدرێت. لە بریی ئەوە تەنها چەند کەسێکی بەرپرس وەلا بنرێن و ئاو بێنە و دەست بشۆ، ئەمەش بە سەقامگیر کردنی ئارامی و ئازادیی ئابووری بە خەڵک بفرۆشن و چاوەڕوان بن لێیان بکڕین!

ناکرێت داهاتەکانی چەندین ساڵەی بەدەستهێنان و وەگرخستنی بەروبوومی ئەو تاوانانە دەرهەق بە ئابووریی نیشتمانی بە موڵکی حیزبی قائید بزانن و بەڵێن بدەن کە بیگێڕنەوە بۆ "حیزب" و...ئەمەش‌ بە سەروەریی یاسا پێمان بفرۆشن و چاوەڕوان بن لێیان بکڕین!

پاش هێنانە دەرەوەی شڕ و شیتاڵی پیس و پۆخڵی بونیادە تاوانکارەکان کە لە سێبەری حیزب و دەوڵەتداریدا، بێ‌ترس لە سزا، بۆ چەندین ساڵ کاریان کردووە، ناکرێت باسکردنی پاراستنی "هێمنی" و "دان بەخۆداگرتن" و "یەکریزی" ببن بە ترۆپکی کاردانەوەی ئەوانەی خۆیان بە موعارەزە و کۆمەڵگای مەدەنی و هێزی دێمۆکراسی بە خەڵک دەفرۆشن و، چاوەڕوان بن لێیان بکڕین!

دوای ئەوەی بە فەرمی زانرا کە بە سەدان پەیجی سۆسیاڵ‌میدیا، بریتی بوون لە سوپای "مێش"ی ئەلەکترۆنی و بە سەدان کارمەندی "پەیجەوان"، کە دوور نییە لەسەر میلاکی حکومەتی هەرێم یش مووچەیان وەرگرتبێت، کاریان تێدا کردووە. پاش ئەوەی ئاشکرا بوو کە ئامانجی سەرەکیی کارەکانیان دروست کردنی زڕە-رای گشتی بووە لە دەوری کەسایەتیی سەرۆکی فەرماندە "حفظه الله"، پاش هەموو ئەمانە، ناکرێت داکۆکی لەوانە بە ناوی "رۆژنامەنووس" بە مەبەستی "نان بڕاو نەکردنیان" بە ترۆپکی هەڵوێستی ساندیکایی بە خەڵک بفرۆشرێت و چاوەڕوانیش بن لێیان بکڕین!

ناکرێت گفتی جێگری سەرۆکی وەزیران بە "نان بڕاونەکردنی" کارمەندانی سوپای "مێش"ی ئەلەکترۆنی ناوبراو و هێنانەوەیان بۆ ژێر باڵی "حفظه الله" یەکی دیکە، بە دەستکەوتی سەندیکایی رۆژنامەوانی بە خەڵک بفرۆشرێت و چاوەڕوانیش بن لێیان بکڕین!

ئەم گاڵتەجاڕییەی بە چەمکی دەوڵەتداری و ئازادیی ئابووری و حیزبایەتی و سەروەریی یاسا و دێمۆکراسی و موعارەزە و،،،تاد، دەکرێت، هیچی نۆرماڵ نین و لە رابوردوویەکی زۆر نزیکدا، هەموو ئەمانە بە قێزەون و تاوان و ئیرتیزاق لەقەڵەم دەدران….ئەو چەمکانە زادەی بیر و تێکۆشان و مێژووی هەزاران ساڵەی کۆمەڵگای مرۆڤایەتین و ئەوان نین کە گۆڕاون….ئەوەی گۆڕاوە ئەخلاقی باو، سیاسەتبازیی باو، کوردایەتیی باو و، شڕە خۆرانی دەوروو بەریانن. ئەوانن کە تازە فێری پڵاوخواردن بوون بۆیە پارووەکە دەکەن بە لووتیاندا!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×