وانەکانی ئەفغانستان… بۆ ئەوانەی عەقڵ میوانیانە!

ئالان م. نوری
  2021-09-15     697

 (1 لە 3)

شەڕێکی درێژخایەن، گرانبەها و ...پڕ قازانج!
پاش 20 ساڵ لە داگیرکردنی ئەفغانستان لەلایەن ئەمریکاوە و لەناوبردنی دەسەڵاتی "ئیمارەتی ئەفغانستانی ئیسلامی" کە بزوتنەوەیەکی کەمناسراوی ئەوسا بە ناوی "تاڵیبان"ەوە پێکیانهێنابوو، کۆتایی مانگی رابوردوو، هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیان کشانەوە و  بزوتنەوەی تاڵیبانیش لە چەند هەفتەیەکدا زۆربەی هەرە زۆری جوگرافیای ئەو وڵاتەیان کۆنترۆڵ کردەوە.
ئەم ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتە، لە چوارچێوەی رێککەوتننامەیەکدا روویدا، کە لە شوباتی ساڵی رابوردوودا، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترامپ، لەگەڵ بزوتنەوەی تاڵیباندا، مۆری کرد و، سەرۆکی نوێ، جۆ بایدن، پابەندی بوو. ئەوەندە نەبێت کە بۆ ماوەی 3 مانگ جێبەجێکردنی کشانەوەی سوپای ئەمریکای دواخست، بێ ئەوەی بتوانێت دەزگاکانی "حوکمڕانی"ی ئەو وڵاتە لە هەرەسهێنانێکی ئابڕوو تکێن بپارێزێت.
لەماوەی ئەم 20 ساڵەدا، حکومەتی ئەمریکا (بەپێی راپۆرتی زانکۆی براون) نزیکەی دوو تریلیۆن و 500 ملیار دۆلاری لە شەڕ لە ئەفغانستاندا و لە مەسرەف کردن لەسەر "حکومەت"ەکەی ئەفغانستان، کە خۆی نەخشەداڕێژی بوو، خەرج کرد. ئەمە بێجگە لە نزیکەی 825 ملیار دۆلاری دیکە کە بریتییە لە مەسرەفی تا ئێستای تەندروستی و کۆمەڵایەتیی سەربازە دێرینەکانی ئەم شەڕە، لەگەڵ خزمەتی قەرزی ئەو تێچوونانەیە کە خەزینەی ئەمریکا بۆ بەردەوامیدان بەم شەڕە گرتوویەتییە ئەستۆ.
لە پاڵ ئەمریکاشدا، بەپێی راپۆرتی دەزگای راگەیاندنی BBC، بە تەنها بەریتانیا و ئەڵمانیا، کە دووەم و سێیەم هێزی بیانی بوون لە ئەفغانستاندا، بە درێژایی ئەم 20 ساڵە نزیکەی 50 ملیار دۆلاری دیکەیان خەرج کردووە. واتە کۆی گشتیی تێکڕای ساڵانەی خەرجیی شەڕی ئەفغانستان بریتی بوو لە نزیکەی 115 ملیار دۆلاری ساڵانە. (ئەمەش، بۆ بەراورد، زیادترە لە کۆی بودجەی حکومەتی فێدراڵی عێراق لە ساڵی 2019 دا. واتە پێش قەیرانە داراییە خنکێنەرەکە) ئەم خەرجییە، گەر بەسەر دانیشتوانی ئەفغانستاندا بەش بکرایە، هەر یەکێکیان زیاد لە ئەوەندە و 1/3ی تێکڕای دەرامەتی ساڵانەی ئەفغانییەکی بەر دەکەوت! (ئەمەش بە پێی دوا ئاماری بانکی نێودەوڵەتی ساڵی 2019). لە کۆی ئەم پارانەی بۆ ئیدارەدانی داگیرکردنی ئەفغانستان تەرخان کرابوو، تەنها بایی مەسرەفی یەک ساڵ لەو 20 ساڵە چوو بۆ ئاوەدانکردنەوە و قەرەبووکردنەوەی بۆردومانی بەردەوامی شار و گوندەکانی ئەفغانستان. زۆربەی ئەم پارەی ئاوەدانکردنەوەیەش لەلایەن ئەو دێوەزمەی گەندەڵیی ئیدارییەوە قووت درا، کە لە رادەی گەندەڵیدا لە مێژووی هاوچەرخی وڵاتانی دونیادا کەمهاوتا بوو و تەنها گەندەڵیی وڵاتێکی دیکە، کە هەر ئەمریکا داگیری کرد، خۆی دەدات لە شانی، ئەویش عێراقە!! ئەمە جنێوێکی سیاسی نییە بە دەسەڵاتی زاڵی ئەفغانستان و عێراق، بەڵکو خستنە رووی ئامارە بێلایەنەکانی دەزگاکانی چاودێریی گەندەڵین لە جیهاندا.
ئەم وێنە پڕ نەهامەتییە، تراژیدیایەکی دیکەی ناسۆری ئینسانەکانی ئەو وڵاتەی بۆ زیاد بوو، کاتێک کۆتایی مانگ بەبەرچاوی جیهانەوە لە سەر شاشەی تەلەفزیۆنەکان وێنەی پاڵەپەستۆی دەیان هەزار ئەفغانی بینرا کە هەوڵیان دەدا دەرگاکانی فڕۆکەخانەی کابوڵ بشکێنن و خۆیان بخزێننە دوا فڕۆکەکان کە بەرەو تاراوگەکانی دونیا بیانبەن. جا ئەمە چ لە ترسی قەتلوعامی تاڵیبان بێت یان بە هیوای ژیانێکی باشتر لەوەی لەمەودوا لە ئەفغانستان چاوەڕێی دەکەن، هەر وێنەیەکی پڕ بێڕێزی بوو بە بەهای ئینسان.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ئەمریکا قوربانییە مرۆییەکانی ئەم 20 ساڵەی رابوردوو، تا تەقینەوەکەی بەر دەرگای فڕۆکەخانەی کابوڵ، بەم شێوەیەی خوارەوە بوو:
قوربانییانی سیڤیل: 47415، کوژراوانی دەزگا سەربازی و ئەمنییەکانی ئەفغانستان: 66000، کوژراوانی بزوتنەوەی تاڵیبان و هێزە چەکدارەکانی دیکە:‌51190، کوژراوانی کارمەندە فریاگوزارییەکان:‌444، کوژراوانی رۆژنامەنووسان: 72، کوژراوانی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا: 2461، کوژراوانی هێزەکانی دیکەی ناتۆ: 1144، کوژراوانی خاوەن گرێبەست لەگەڵ‌کۆمپانیا ئەمنی و سەربازییەکاندا: 3846. ئەمەش واتە تێکڕای کوژراوانی ساڵانە 8626 کەس بوون لە ساڵێکدا و زۆربەی هەرە زۆریان ئەفغان بوون و لەناو ئەوانیشدا ژێژەی زیاد لە 40% یان خەڵکی سیڤیلی بێدەسەڵات بوون.

"تاڵیبان": منداڵە سیحر لێکراوەکان
نزیکەی 30 ساڵ لەمەوپێش بزوتنەوەیەکی چەکداری خاوەن دیسپلینی بەهێز هاتنە مەیدانی جەنگی ناوخۆی ئەفغانستانەوە کە بە "تاڵیبان" ناوبانگیان دەرکرد، ئەمەش چونکە زۆربەیان لە بنەڕەتدا خوێندکاری قوتابخانە ئاینییەکانی کامپی پەنابەران، لە دەورووبەی گەورەشاری پاکستانیی پیشاور، لە سەر سنووری ئەفغانستان بوون. زۆربەشیان  لە هەمان نەتەوە و خێڵ و بگرە خزمی یەکتریش بوون.
ئەمانە هەر لە منداڵییەوە خرانە ئەو قوتابخانە ئاینییانەوە، چونکە رێی بژێویی دیکە لە بەردەم خۆیان و خانەواندەیان نەبوو. زۆربەی خانەوادەکانیان نان پەیداکەریان لە جەنگدا لەدەست دابوو یان باوکیان لە کامپ بەجێی هێشتبوون و خۆی جەنگاوەری لایەنێکی شەڕی ناوخۆی ئەفغانستان بوو. ئەو شەڕەی دوای رووخاندنی دەسەڵاتی شیوعییەکانی ئەو وڵاتە. لە 1992 ەوە لە نێوان سەرکردەی باندە چەکدارە دژە سۆڤێتەکان هەڵگیرسا.
ئەوکات، لە کۆتایی حەفتاکان و بە درێژایی هەشتاکان، ئەو منداڵەی بچوایە قوتابخانە ئایینییەکانەوە، بژێویی خۆی و خانەوادەکەی بە پارەی سوعوودییە و وڵاتانی دیکەی پاڵپشتی "جیهاد دژی کۆمۆنیزم" مسۆگەر دەکرا. پیشاوەریش زۆرینەی هەرە زۆری پەنابەرانی ئەفغان تێیدا سەر بە نەتەوەی پەختوون بوون (لە میدیاکاندا بە پەشتوون ناو دەبرێن). لەبەر ئەوە زۆرینەی هەرە زۆری خوێندکارانی ئەو قوتبخانانە، منداڵی خزم و کەسی یەکتری هۆزەکانی نەتەوەی پەختوون بوون. هەر لە منداڵیشەوە بوون بە نان پەیداکەری خانەوادەکانیان کە زۆربەیان بێ باوک بوون. ئافرەتانی خانەوادەکانیشیان، لە ژینگەیەکی زۆر دژواری کەمپەکاندا، لە شارێکدا کە باندەکانی بازرگانیی ماددە هۆشبەرەکان کۆنترۆڵیان کردبوو، لەژێر چاوی دڕندانەی ئەوانە بوون کە دەیانویست فرسەت لە فەقیری و بێکەسی و بێدەسەڵاتییان بێنن.
ئەم ژیانە رۆژانە پڕ حەسرەتەی منداڵە خوێندکارەکان، رێکخراوێکی چەکداری لێکچووی لە رووی ئیتنی و عەشایەری و مەزهەبی لێ دروست بوو کە جەنگاوەرەکانی جگە بەرپرسی رێکخستنەکانیان فیگەری باوک لە ژیانیاندا نەبووە و بەو هۆیەوە بەرپرس بوو بوو بە ئەو فیگەرە لە ژیانیاندا و بەهۆی ئەوەشەوە دەیتوانی ملکەچیی رەها بۆ فەرمانەکانی بسەپێنێت. ئەم منداڵانەی جاران و تازە جەنگاوەرانە لەسەر بەسووک تەماشاکردنی جیاوازی و هەمەچەشنەیی لە جۆرێک لە قوتابخانەدا گەورە بوون کە توندوتیژیی لە بیرکردنەوەیاندا دەچەسپاند و نەریتی خێڵایەتی تێکەڵ بە بنەماکانی عیبادەت دەکرد.
لە چاوی ئەم جەنگاوەرە منداڵی-شێواوانەدا، هەمەجۆری و جیاوازی یەکسان بوو بە سەرکردە شەڕانگێزەکانی باندە چەکدارەکانی ئەفغانستان. (سەرەڕای ئەوەی لەدەرەوەی ئەو قوتابخانانەی لێی پەروەردە بوون،خودی ئەفغانستان وڵاتێکی فرەچەشنەی ئیتنی و کولتووری و فرە خێڵییە). لەوەش ترسناکتر، تەنها ئەزموونیان دەربارەی ئافرەت، دایک و خوشک و هاوسەر، بریتی بوو لە ئافرەتی پەنابەری بێ دەسەڵات و بێتوانای ئەوتۆ کە هەر ساتێک لە دەرگای ماڵ بچاوونایە دەرەوە، دەبوونە نێچیر. لەبەر ئەوە لە ماڵدا قایم کردنیان و پۆشینیان لە چاوی تەماعکار ، لە مێشک و ویژدانی ئەماندا بوو بە بەشێک لە پێداویستییەکانی عەقیدەی ئاینییان.
دیسپلینی سەربازی و بێ رەحمیی تاڵیبان لە سەپاندنی "یاسا"کانیاندا، تەنانەت بەسەر جەنگاوەرەکانی خۆشیاندا، وێنەیەکی جیاواز بوو لە بەرامبەر سەرکردە و باندە شەڕکەرەکانی شەڕی ناوخۆی ئەفغانی کە بە گەندەڵی و نا یەکسانی لە سەپاندنی سزا و یاساکانیاندا ناسراو بوون و زۆربەیان بە بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان و کڕین و فرۆشتنی کۆیلەی سێکسەوە خەریک بوون. توانای تاڵیبان لە خێرا بردنەوەی شەڕەکانیان دژ بە یەک لە دوای یەکی سەرکردەی باندە چەکدارە پەختوونییەکان، بووە مایەی سەرسوڕمانی جیهان. لە ماوەی چەند ساڵێکی کەمدا لە هیچی نەبووەوە گەیشتنە ئەوەی کۆنترۆڵی زۆربەی ئەفغانستان بکەن. ئەم ماشێنە سەربازییەی تاڵیبان تەنها کاتێک پەکی کەوت (پێش شەڕی ئەمریکا) کە گەیشتنە شارە گەورەکان و ئەو ناوچانەی کە پەختوون زۆرینەی دانیشتوانیان نەبوون.

تاڵیبان و وەهمی دژایەتیی ئەمریکا
لە ساڵی 1998 ەوە، پاش دەستگرتنی تاڵیبان بەسەر کابوڵ و ناوچەی فراوان لە باکووری ئەفغانستاندا، دەستیان کرد بە هەوڵی بازدان بەسەر دەزگای هەواڵگریی پاکستاندا، بەمەبەستی پەیوەندیی راستەوخۆ بە حکومەتی ئەمریکاوە. ئەو کات بیل کلینتۆن سەرۆک بوو و لە کۆتایی ماوەی یاسایی سەرۆکایەتی دووەم جاریدا بوو. تاڵیبان پەیوەندییان بە کۆمپانیای (هالیبێرتۆن) ەوە کرد، کە (دیک چێینی) ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی بوو و کەسایەتییەکی بەهێزی ناو ریزەکانی پارتی کۆماری بوو و لە دواتریشدا دەبێت بە جێگری سەرۆک لە دوای سەرکەوتنی جۆرج بوش لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2000 دا. هەروا، لە کاتی کامپێنی هەڵبژاردنەکاندا، تاڵیبان خزمەتگوزارییەکانی (کۆندەلیزا رایس) یان بەکرێ گرت (ئەویش دواتر دەبێت بە ئەندامی ئەنجومەنی ئەمنی نەتەوەیی و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کابینەی جۆرج بوش دا) بۆ یاریدە دانیان لە خستنە رووی پرۆژەیەکی ستراتیژی بۆ بەرچاوی حکومەتەکەی بیل کلینتۆن، کە تاڵیبان ببنە پارێزەر و زامنکاری هێڵێکی نەوتی ستراتیژی تا وڵاتە بەرهەمهێنەکانی نەوتی سۆڤێتی جاران ببەستێتەوە بە بەندەرەکانی پاکستانەوە و بە ناو ئەفغانستاندا بڕوات. ئەمەش بە مەبەستی پچڕاندنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی ئەو وڵاتانە بە میراتگری سۆڤێت؛ روسیا وە. تاڵیبان لەو کاتەدا تازە بە جیددی دەیڕوانییە ئەرکە قورسەکانی حوکم و لە هەوڵی بەدەست هێنانی رەزای ئەمریکادا بوو تا لە دەروازەی ئەمریکاوە شەرعییەت وەک حاکمی ئەفغانستان بەدەست بێنێت، ئەمریکاش چاوەڕیی ئەوە بوو کە تاڵیبان کۆنترۆڵی تەواوی ئەفغانستان بەدەست بێنن، تا وەکو خاوەن دەوڵەت مامەڵەیان لەگەڵ بکات.


تاڵیبانی دوودڵ لە نێوان دوو ناسنامەدا

پێش ئەوەی ڤێرژنی تاڵیبان 1.0 بە تەواوی کۆنترۆڵی ئەفغانستان بکات و تواناکانی لە دروستکردن و ئیدامە دانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا تاقی بکاتەوە، ناسنامەیەکی بۆ خۆی دروستکردبوو لە ناو ئەفغانستاندا وەک پاڵەوانی نەتەوەی پەختوون و نەریتە خێڵەکی و دێنیشینییەکانیان لەبەرامبەر هەژموونی کولتووری (تاجیک) ەکان کە زمانەکەیان (داری) ە و، زمانی فەرمیی دەوڵەتی ئەفغانستانە و هەژموونی کولتوورییان دەگەڕێتەوە بۆ چەندین سەدەی پێشووتر. هەروەها لە بەرامبەر کولتوور و زمانی ئوزبەکی کەهاوشانی زمانی داری زمانی فەرمی بوو لە ئیمپراتۆریەتەکانی دوای هێرشی مەغۆلییەکان بۆ ناوچەکە.
کێشەی خۆناساندن وەک پاڵەوانی نەتەوەی پەختوون لەوەدایە کە ئەم نەتەوە گەورەیە بەسەر هەردوو وڵاتی ئەفغانستان و پاکستاندا دابەش کراوە. پاکستانیش کێشەی کۆنترۆڵکردنی ناوچە خێلەکییە پەختووننشینەکانی زۆرە و، مەیلی نەتەوەی پەختوون بۆ یەکگرتن و دروستکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ لە ناوەڕاستی ئاسیادا، بە هەڕەشە بۆ یەکێتی خاکی پاکستان و دەسەڵاتی دەوڵەتی پاکستانی دادەنێت.
شەڕی ناوخۆی ئەفغانستانیش لە 1994 ەوە، لەگەڵ‌کۆنترۆڵکردنی کابوڵ لە لایەن تاڵیبانەوە، بوو بە شەڕێکی ئیتنی لەنێوان تاڵیبانە پەختوونییەکان و بەرەی باکووری پێکهاتوو لە پارتە باکوورییەکانی تاجیک و ئوزبەک و هەزارە(کە تاجیکن بە ناسنامەیەکی کولتووریی شیعی جیاوازەوە).
دەرکەوتنی تاڵیبان بەم ناسنامە نەتەوەییە پەختوونییە بووە مایەی ساردبوونی پێوەندییەکانیان لەگەڵ‌ دەزگای هەواڵگریی پاکستاندا و یارمەتییە دارایی و سەربازییەکانی پاکستان بۆ تاڵیبان کزببون. لێرەوە ملیاردێرێکی سوعودی کۆنە جەنگاوەری شەڕی دژ بە سۆڤێت بە خۆی و رێکخراوە چەکدارەکەیەوە هاتە سەر خەت، کە ناوی بن لادن بوو و رێکخراوەکەشی ناوی قاعیدە بوو. ئەو، کەلێنە دارایی و لۆجستییەکەی پاکستانی بۆ تاڵیبان پڕ کرتەوە.
بەڵام بن لادن تازە گلابووە بەرەنگاربوونەوەیەکی راستەخۆ لەگەڵ ئەمریکادا و لە چەند وڵاتێکی دونیا چەند تەقاندنەوەیەکی ئەنجام دا لە دژی بەرژەوەندییە راستەوخۆکانی ئەمریکا. ترۆپکی کارەکانی بن لادن دژی ئەمریکا دەستگرتنی خۆکوژەکانیان بوو بەسەر ٣ فڕۆکەی مەدەنی بە سەرنشینەکانیانەوە و بەکارهێنانیان بوو وەک بۆمبا بۆ هێرشکردنە سەر شاری نیویۆرک و واشینتۆن لە 2001/9/11 دا. دوای ئەم هێرشە سەرۆکی ئەمریکای تازە هەڵبژێردراو هەڕەشەی لە تاڵیبان کرد کە دەستبەجێ بن لادن رادەستی وڵاتەکەی بکەن، دەنا خراپیان بەسەر دێنێت.

وانەکانی ئەمەی لە سەرەوە باسکراوە…
وانەی یەکەم: شەڕی 20 ساڵەی ئەفغانستان ئەو هەموو ماوەیە بەردەوام نەدەبوو ئەگەر تێچوونی گیانیی هێزە نێودەوڵەتییەکان ئەوەندە کەم نەبوایە و ئەو پارەیەی بۆ بەردەوامی ئەو شەڕە تەرخان کرا ئەوەندە زۆر نەبوایە کە دامەزراندنی زیاد لە 300 هەزار بن دیواری ئەفغانی لە سوپا و هێزە ئەمنییەکاندا و گرێبەستی زەبەلاح بۆ کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتی بیانی لە بواری ئەمنی و لۆجستیدا لە ئەفغانستان و لەوەش زەبەلاحتر بۆ کۆمپانیاکانی دروستکردنی چەک و پێویستییە سەربازییەکان لەلایەن مۆڵگەی پیشەسازیی سەربازیی ئەمرییکا و ئەورووپای لی نەکەوتایەوە.
وانەی دووەم: توندڕەوی و بێڕەحمی و "عەدالەت" لە دابەشکردنی زوڵم و زۆر و تێکەڵکردنی دەمارگیریی خێڵەکی و نەتەوەیی و جێندەری لەگەڵ ئیمانداریدا، ئەگەرچی بەڵایەکی کەمتر بوو لە بەڵای باندە چەکدارەکانی دیکەی شەڕی ناوخۆی ئەفغانستان، بەڵام لە ناوەڕۆکدا دەستدرێژییەکی قێزەون بوو بۆ سەر کۆمەڵگا و بۆ سەر ئایین لە هەمان کاتدا. منداڵیی پڕ نەهامەتیی ئەنجامدەرانی هەرگیز نابێت بە پاساو بۆیان.
وانەی سێیەم: دژایەتیی تاڵیبان بۆ ئەمریکا، لەسەر بنەمای عەقیدەی ئایینی، خەیاڵێکە کە واقیع نایسەلمێنێت. تاڵیبان وەک هەموو بزوتنەوە (خۆچوێنەر بە فاشیزم)ەکانی جیهانی سێ‌، کە بێ ئەوەی ناچار بن توند و تیژن، قیبلەنمای عەقائیدی و سیاسییان تەنها تینوێتییە بۆ دەسەڵات و چی دی نا.
وانەی چوارەم: تاڵیبانی خۆچوێنەر بە فاشیزم و توندوتیژ بە بێ ناچاری، 20 ساڵ لەمەوپێش لای هێزە خاوەن تەئسیرەکان لە ئەمریکادا، وەک شەریکی پرۆژەیەکی ستراتیژی، قەبووڵ بوو، تەنها بە مەرجی ئەوەی  بیانتوانییایە کۆنترۆڵی هەموو ئەفغانستان بکەن… پێدەچێت لەمەودواش  ئەو بۆچوونە سەردێڕی هەڵوێستی ئەمریکا بێت بەرامبەر بە تاڵیبانی 2.0.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×