صەڵاحەددینی ئەیوبی... ئینسان و کارەکتەری مێژوویی یان" موقەدەس" ی ئیسلام و عوروبە و کوردایەتی؟

ئالان م. نوری
  2021-03-26     626
ماوەیەک لەمەوبەر گرتەیەکی ڤیدیۆیی کەسێک کەخۆی بە (پیر لوقمان) و بە زیندووکەرەوەی ئاینی زەردەشتی لە نێو کورداندا دەناسێنێت دەربارەی هەڵسەنگاندنی بۆ صەڵاحەدینی ئەیوبی بڵاو بۆوە. لەو گرتەیەدا ئەم زاتە رایدەگەیەنێت کە ئەو و گروپەکەی، وەک بەشێک لە هەڵوێستی ئاینییان لە ماڵەکانیاندا، رۆژی ٣ تف لە وێنەی صەڵاحەددینی ئەیوبی (دامەزرێنەری سەڵتەنەتی ئەیوبی) دەکەن. ئەمەش چونکە، بەپێی گوتەی ئەو، قەتڵوعامی کردووە لە زەردەشتییانی ناوچەکانی کوردستان و ئەو شەڕانگێزییەی بەستەوە بە هەڵوێستی ئاینی ئیسلام بەگشتی بەرامبەر بە ئاینی زەردەشتی.

دەکرا ئەم فێستیڤاڵی (تف)ی ئاینییە، وەک هێمایەکی ئاستی نزمی ئاخاوتنی خاوەنەکەی تەماشا بکرایە و بابەتەکە هەر بەوەندە کۆتایی بهاتایە...بەڵام...

لەپاش بڵاو بوونەوەی ئەم گوتارە، هەر لە وەزیری ئەوقافی هەرێمەوە تا خەڵکانێکی دیاری سەر بەو حیزبانەی پاشکۆی ئیسلامی بە ناوەکانیانەوە هەیە کەوتنە پێشبڕکێی دەعوای یاسایی دژی ئەم زاتە و لە دەعواکاندا سووکایەتی کردن بە (صەڵاحەددینی ئەیوبی) یان بە سوکایەتی و هێرش بۆ سەر قودسییەتی ئیسلام لە قەڵەم دا.

پێشتریش ئەم سیناریۆی هەڵچوون و گوڕو تین دانە بەر خۆیە بۆ داکۆکی لە موقەددەساتی ئیسلام لەسەر  باسکردنی گەندەڵی لەسەردەمی خەلیفە عوسمانی کوڕی عەففان لەلایەن پارلەمەنتارێکی پارتی دێمۆکراتی کوردستانەوە نمایش کرا.

ئەوسا و ئێستاش مەبەستی بەندە لە نوسینم، دەربارەی کێشانی بازنەی تەقدیس لەدەوری رووداوی مێژوویی و کەسایەتییەکان لە مێژووی ئیسلامد،ا بۆ ئەوە نییە کە داکۆکی لە کەسانێکی وەک ئەم شالیارە یان ئەو پەرلەمانتارە بکەم، بەڵکو لەبەر ئەوەیە کە بەلای بەندەوە هەوڵی فراوانکردنی کایەی موقەددەس و ئاینی لەو بوارانەدا کە نە تەقدیس هەڵدەگرن و نە لە بنەڕەتدا پەیوەندییان بە خودی ئاینەوە هەیە، بێڕێزییەکی زۆر گەورەترە بە ئاین و، لەوەش مەترسیدارتر، دەستوپێ بەستنەوەی دێمۆکراسی و ئازادیی رادەربڕینە و بەربەستە لەبەردەم توێژینەوەی زانستی لە مێژووی هاوبەشی هەمووماندا.

جا هەروەک لە مەسەلەی عوسمانی کوڕی عەففاندا بەندە روونی کردەوە، ناکرێت ئەوەی بۆ مێژوونووسانی ئیسلام بە مەزهەبە جیاجیاکانیانەوە پێش سەدان، بەڵکو زیاد لە هەزار ساڵ لەمەوپێش حەلال بووە، ئێستە کۆلکە مەلا و "بانگەوازخواز"ی کاڵفام بێن بیانەوێت لە خەڵکی حەرام بکەن.

ژیاننامە و مێژووی کارو کرداری هیچ کەس لە ئیسلامدا لە ژیانی خۆیاندا و لەلایەن کەڵەمێژوونووسانی سەردەمەکانیاندا، سیفەتی موقەددەس و ئاینییان نەخراوەتە پاڵ، خودی پێغەمبەری ئیسلام نەبێت، ئەویش خۆی بە خەڵکی گوتووە:( انتم ادری بدنیاکم). شیعە لە زۆرترین حاڵەتدا ١٢ نەوەی دوای پێغەمبەر بە دەلالەتی (طهرهم تطهیرا)ی قورئان بە موطەهەر دادەنێن و لەسەر بنەمای ئەوە بە مەعصومیان لەقەڵەم دەدەن، بەڵام لای ئەوانیش عصمة و طهارة لە مەسەلە ئاینییەکاندا بووە و چیدی نا. سوننەش لە فراوانترین لێکدانەوەدا هاوەڵەکانی پێغەمبەر و بە تایبەتی خەلیفە راشیدەکان بە (عدول) دادەنێن، لە هەمان کاتیشدا لە هەوڵدا بۆ لێکدانەوەی ئەوەی چۆن ئەم هاوەڵە (عدل)انە دژبە یەکتر جەنگاون و یەکترییان کوشتووە دەڵێن هەندێکیان ئیجتیهادی هەڵەیان هەبووە بەڵام نییەتیان پاک بووە.

کەواتە لە مەزهەبی هیچ فرقەیەکی ئیسلامدا نییە کە هەڵسوکەوتی سیاسیی هیچ کەسایەتییەکی مێژووی ئیسلام بە موقەددەس یان بەشێک لە ئایینی ئیسلام لەقەڵەم بدات (جگە لەو حاڵەتە کەمانەی کە پێشتر ئاماژەمان پێداون). ئیتر چۆن و بۆچی صەڵاحەددینی ئەیوبی بوو بەو کەسایەتییەی کە باسکردنی بە خراپە بوو بە هێرش بۆ سەر پیرۆزیی ئاینی ئیسلام؟

صەڵاحەددینی ئەیوبی زادەی دەورانێکە لە مێژووی ئیسلامدا کە دوو دەوڵەتی ئیسلامی تێیدا نازناوی خەلییفەی موسوڵمانانیان بەکار دەهێنا و زۆربەی ئەو ناوچانەی کە لە دوای رووخانی دەوڵەتی ئەمەوی بە دار الاسلام ناو دەبران لە نێوان ئەو دوو دەوڵەتەتی خەلافەتەدا دابەش ببوو. لە رۆژهەڵات خەلافەتی عەبباسی و لە رۆژئاواش خەلافەتی فاطمی. ئەمیان سەرچاوەی "ماف"ی دەسەڵاتی ئەوە بوو کە نەوەی مامەکانی پێغەمبەرن و ئەوی تریان ئەوە بوو کە نەوەی ئیمامی عەلی و فاطمە ی کچی پێغەمبەرن. هەردووکیشیان لە سەرەمەرگی دەسەڵاتیاندا بوون و بە ناو لە سەر حوکم بوون دەنا دەسەڵاتی راستەقینە بەدەست چینێکی کۆمەڵایەتیی لە بنەڕەتدا نیمچە کۆچەر و خێلەکی و بە پیشە سەرباز بوو کە خەلیفەی ئەملا و ئەولا پەنایان بۆ دەبردن تا بیانپارێزن لە سەرکردەیەکی سەربازیی پێشتر. ئەوەی کە سەرکردەی پێشووی وەلا دەنا خۆی دەبوو بە ئاغای تازەی خەلیفەکان و بەسوڵتان ناو دەبرا. ئەم دەوران دەورکردنەی دەسەڵات بە هیچ جۆرێک کارێکی ئاینی نەبوو. چاکترین نمونە بۆ روونکردنەوەی ئەو مەسەلەیە ژیاننامەی صەڵاحەددینی ئەیوبییە.

ئەو بۆ خۆی بە مەزهەب سوننە بوو و سەربازی سوڵتانێکی سوننی بوو بە ناوی نورالدین الزنكي کە بەشێکی دەوڵەتی عەباسییەکانی بۆ خۆی داپچڕیبوو. لەسەر داوای وەزیرێکی دەرپەڕێندراوی خەلافەتی شیعیی فاتیمییەکان و بە گفتی پارەوپوول و پشکی زەبەلاح لە داهاتی دەوڵەت لە قاهیرە، نورالدین خۆی و براکەی دەنێرێت بۆ دەرکرنی وەزیری تازە و دامەزراننەوەی وەزیری کۆن.لەپاش چەندین رووداوو کوشتاری فرەلایەنە، خەلیفەی فاتیمی صەڵاحەددین بە سوڵتانی میسر و وەزیری خۆی دەناسێت. لەسەر داوای خەلیفەی عەباسی و ئەمری نورالدین الزنکی، صەڵاحەددین کودەتا بەسەر خەلیفەی فاتیمیدا دەکات و کۆتایی بە دەوڵەتی فاتیمییەکان دێنێت. دوای دوو سەدە تقی الدین المقریزي سوننە و شافیعی و هاوسۆزی صەڵاحەددین ودیارترین مێژوونووسی دەوڵەتی فاطمییەکان لە باسی چۆنێتی لەباوبردنی تۆوی فاتینییەکان لە میسردا بە دەست کارمەندێکی صەڵاحەددین، کە ناوی قەرەقۆش بوو، مامەڵەی زۆر نائینسانی دەگێڕێتەوە...بە رادەیەک نائینسانی کە تا ئەمڕۆش خەڵکی هاوکولتوورمان بە زوڵم و زۆر دەڵێن حوکمی قەرەقۆش.


 صەڵاحەددین جارێکی دیکە دوای مردنی نورالدین سەڵتەنەتەکەی ئەویش قووت دەدات و کوڕی نورالدین بێبەش دەکات و بەشەڕ دەسەڵاتی خۆی بەسەر پاشماوەی زینکییە سوننەکاندا دەسەپێنێت. لە هەمان کاتیشدا لە شەڕی بەردەوامدا دەبێت لەگەڵ فرقەیەکی ئیسماعیلییکاندا کە بە حەشاشەکان ناسراون...ئەمەش جگە لەوەی کە بە فەرمانی صەڵاحەددین یەکێک لە گەورە پیرانی سۆفیزم (سەهرەوەردی) بە تۆمەتی زەندەقە دەکوژرێت. ئەمە هەمووی لە پاڵ شەڕە ناسراوەکانی لە دژی صەلیبییەکان لە کەنارەکانی سوریا و لوبنان و فەلەستین.هەموو ئەمانە لە سەرەکیترین سەرچاوە مێژووییەکانی سەردەمی صەڵاحەددین و دوای صەڵاحەددیندا هاتوون و هیچ بەشێکی بیر و بۆچوونی بەندە نییە.

هیوادارم، خوێنەری بەرێز، تێبینیی ئەوە بکەیت کە بڕیاری شەڕ و ئاشتی و دۆستایەتی و دوژمنایەتی لای صەڵاحەددین وەک هەر سەربازێکی لێهاتووی ئەو زەمانە بە خولیای دەسەڵات و فراوانکردنی، نەک بە بیر و بۆچوونی ئاینی لێکدەدرێتەوە. ئەمە مانای وا نییە کە کەسێکی بێدین بووە، بەڵکو تەنها ئەوە دەگەیەنێت کە لەو دەورانەدا، و رەنگە لە هەموو دەورانێکدا، دەسەڵات و موڵک و ماڵ بزوێنەرێکی بەهێزتر بووە لە پرانسیپەکانی ئاین و مەزهەب….لانی کەم دەتوانین بڵێین ئەوەی صەڵاحەدیین کردوویەتی هەڵوێستی مرۆڤێک بووە لە بارودۆخی مەوزووعیی سەردەمەکەیدا و هیچ شتێکی بە کەڵکی ئەوە نایەت ببێت بە موقەدددەس یان ئاینی پێ پێناس بکرێت.

ئەم چینە سەربازییەی کە شمشێری دەخستە خزمەتی دەسەڵاتدارە شکڵییەکان بەرامبەر بە پارە و موڵک و ماڵ تەنها لە مێژووی ئیسلامدا نییە، بەڵکو ئەم چینی سوارچاکان و مامڵەی بازرگانییان لەگەڵ دەسەڵاتە مەعنەوی و ئاینییەکاندا لە چاخەکانی ناوەڕاستی ئەوروپا و لە یابان و زۆربەی مێژووی مرۆڤایەتی هەبوون. ئەوانیش وەک صەلاحەددین، لە هزر و سۆزی میللیی وڵاتەکانیاندا بە شێوەیەکی رۆمانسی ئەوتۆ تەماشای ئاکاری جەنگی و کۆمەڵایەتییان کراوە کەراستییە مێژووییەکان نەک نایانسەلمێنن، بەڵکو گەلێک جار پێچەوانەیان دەسەلمێنن.

سۆزی رۆمانسی بەرامبەر بەم جۆرە کەسایەتییانەی مێژوو، کە بەشێکی سەرەکیی هاوکاتە لەگەڵ سەرهەڵدانی سۆزی نەتەوایەتیدا، بۆ خۆی بەشێکە لە پرۆسەی مانیفاکتۆرە کردنی هەستی نەتەوایەتی و هەوڵێکە بۆ بە ئەزەلی و ئەبەدی ناساندنی ئەو دیاردە مێژووییەی کە پێی دەگوترێت نەتەوە.جا لەبەر ئەوەی لە چلەکانی سەدەی رابوردووەوە کێشەی عەرەب و ئیسرائیل و لە شەستەکانیشەوە داگیرکردنی قودس لەلایەن ئیسرائیلەوە لە ئارادا بووە، مەکینەی ئیعلامیی دەوڵەتی میسر لە سەردەمی جمال عبدالناصر دا بایەخێکی گەورەی بەبەئەفسانەکردنی صەڵاحەددینی ئەیوبی دا، هەم لەبەر ئەوەی حاکمی میسر بووە و هەم لەبەر ئەوەی یەکێک لە نازناوەکانی (الناصر)بووە، کرا بە رەمزی سەرهەڵدانی عورووبە و رۆڵی لە دەرپەڕاندنی صەلیبییەکاندا لە دەرەوەی بایەخە مێژووییەکەی گەورە کرا. جا گەر دەپرسیت صەڵاحەدینی کورد و عورووبە کوجا مەرحەبا، ئەوا دەشێت بزانیت کە تەنانەت لەناو خودی نەوەی صەڵاحەددیندا وەک نەریتی ئەو سەردەمە هەوڵی ئەوە دراوە کە بە عەرەب و قورەیشی و تەنانەت نەوەی ئەمەوییەکان لەقەڵەمی بدەن. بزوتنەوەی کوردایەتیش کە لە زۆر رووەوە ئیستینساخی بیرکردنەوە و بەرهەمی کولتووریی عروبییەکان بوون، بایەخیان بە صەڵاحەددین لەسەر بنەمای کوردبوون و دەوڵەتداریی صەڵاحەددین بوو کە لە ماوەیەکی کورتی ژیانیدا لە کوردستانی ئێستاوە تا یەمەن وحیجاز و میسر لە ژێردەستیدا بوو.

بیرکردنەوە بە سۆزی رۆمانسیی مەزهەبی و ئیتنی و نەتەوەیی لە توانایدا نییە پرۆسێسی زانیاریی مێژوویی ئەوتۆ بکات کە نەگونجێت لەگەڵ‌ وێنە رۆمانسییەکەی کێشاویانە بۆ ئەو کەسایەتییەی بابەتی سۆزیانن. ئەوەی قوربانییانی دەستی کەسێک دەیبینن هەرگیز ناچێت بە عەقلی ئەوانەی بە سۆزێکی نا مەنتیقی دەڕواننە ئەو کەسایەتییە.

گەلانی ئەم ناوچەیەی ئێمە، بۆ نموونە، قوربانی بێڕەحەمیی کەمهاوتای جەنگاوەرێکی مەغۆلی بوون کە بەتەیمووری لەنگ ناسراوە. کەمیشن ئەوانەی کە دەزانن تەیمووری لەنگ موسوڵمان بووە و بە پاڵەوانێکی نەتەوەیی گەلی ئوزبەک دادەنرێت ولە مێژووشدا بە یەکێک لەسەرکردە سەربازییە هەرە بلیمەتەکانی مێژوو دەناسرێت. گەلانی ناوچەی ئێمە مافی خۆیانە بە دڕندەیی و بێڕەحمیەکەیدا بیناسین و ئوزبەک و مێژوونووسانی سەربازیش بە سەرکردەیەکی سەربازیی مەزن. کارەکتەرەکانی مێژوو  ئینسانن و زۆر لەوە ئاڵۆزترن کە بە ڕەش یان سپی، چجای موقەددەسی ئاینی لێکبدرێنەوە. بانگەوازخواز و شالیارە نیمچە خوێندەوارەکانمان رەنگە ئەمە باش بزانن، بەڵام بۆ گێلکردنی عەوام ئەوەش دەخەنە پاڵ ئەو شتانەی کە لێی بێئاگان. ئەوان لەڕێی ئەم هاتوهاوارەوە بەدوای ئەوەدا دەگەڕێن، گەر بۆیان کرا بە یاسا و بۆیانیش نەکرا بە شەرمەزارکردنی خەڵک، خۆیان بکەن بە وەصی بەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی خەڵکەوە. شینیان بۆ صەڵاحەددین و بۆ ئاین نییە، بەڵکو بۆ هەریسەکەیە.
زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×