مەلەوانی لە گۆمی داتای گشتیی ریسواکراودا

ئالان م. نوری
  2021-03-05     453


نووسینی: ئالان م. نوری

لانی کەمی هەر سیستەمێک کە بیەوێت لافی دێمۆکراسی لێبدات ئەوەیە جۆرێک لە داتا و پێوەری ژمێریاری هەبێت کەجێی متمانە و کارپێکردنی هەموو لایەنێکی بەشداری پرۆسەی سیاسیی ئەو سیستەمە بن. بە واتای ئەوەی، بۆ نموونە، کاتێک دەوترێت رێژەی ئەو منداڵانەی لە تەمەنی خوێندندان و ناخوێنن ئەمەندەیە، ئەوا ئەم داتایە وەک خزمەتگوزارییەکی گشتی بەرهەم دەهێنرێت و بە رادەیەک متمانەپێکراوە کە خاوەن دەسەڵات و بێبەش لە دەسەڵاتیش بە فاکت دەیناسن. ململانێ و پێشبڕکێی سیاسی لە سیستەمی لانی کەمی دێمۆکراسیدا دوای داننان بە فاکتە هاوبەشەکان دەستپێدەکات. هەر لایەنێک لە ململانێی سیاسیدا ئازادە چ بیروڕایەکی هەبێت،بەڵام ئازاد نییە فاکت ی تایبەت بە خۆی هەبێت.

لە هەمان کاتدا بەردەست بوونی داتای گشتیی متمانەپێکراو بۆ گشت هاووڵاتییان، لانی کەمی مافەکانی مرۆڤە لە جیهانی ئەمڕۆدا. رێز گرتنی ئەم مافە و رێز گرتنی عەقڵی هاووڵاتییان خێرێک نییە دەسەڵاتداران بە هاونیشتمانانیانی بکەن، بەڵکو خاڵی سەرەتای دەستپێکردنی سیستەمێکی سیاسیی ئەوتۆیە کە هەموو لایەنە بەشدارەکان تێیدا ئامادە بن پێشبڕکێی ئاشتییانە پەیڕەو بکەن.

ئەم پێشەکییەی سەرەوە پێویست بوو بۆئەوەی بڵێم ئەڵقەیەکی سوریالیی بەرنامەی "لەگەڵ رەنج" ی تەلەفزیۆنی رووداوم بینی کە رۆژی ٢/٢٢ بڵاو بووەوە. تێیدا، لەپاڵ چەند کسایەتییەکی دیکەدا، میوانداریی پارێزگاری سلێمانی هەڤاڵ ئەبوبەکر کرابوو. دیدارەکەش بۆ دۆزی لامەرکەزییەت و بە هەرێمکردنی پارێزگاکان و هۆکاری پاڵپشتیی تا رادەیەک جەماوەریی ئەو داوایانە، لە پارێزگای سلێمانیدا بە تایبەتی، تەرخان کرابوو.

هەر لە سەرەتای بەرنامەکەوە پارێزگاری سلێمانی خەیاڵە شیعرییە ناسراوەکەی خستەکار و بەم شێوەیە بابەتەکەی چڕ کردەوە : هەرێمی کوردستان یەک ئیدارە و دوو دەسەڵاتە، لەهەمان کاتدا دەوڵەتێکە چۆتە ناو دەوڵەتێکی تر و حاڵیشی بەوە چاک ئەبێت کە ببین بە دوو دەسەڵات و ئیدارە و نیوێک. ئەمەش بە بێ ئەوەی لە دەوڵەتی ناو دەوڵەتەکە جیا بینەوە. ئەو نیوە خواستراوەشی بەوە روون کردەوە کە پارێزگای سلێمانی (بۆنموونە)، بەڵام نەک پارێزگای پارێزگا، بەڵکو پارێزگای دیوانی پارێزگا پارە و دەسەڵاتی زیاتر بێت  (بە زمان و دەستەواژەی بودجە، نثریة : Discretionary Budget ی پارێزگار زیاد بکرێت) بەمەش عەلەم لە گیانماندا نامێنێت.

ئەگەر بە خوێندنەوەی ئەم پەرەگرافەی سەرەوە هەست دەکەیت ژوورەکە دەخولێتەوە، ئەوا دەنکێک پاراستۆڵ بخۆ و توند دەست بە شتێکەوە بگرە، چونکە هێشتا لە سەرەتای خولاندنەوەداین!

لە پێشدا پارێزگار هاوسۆزی و هاوخەمی لەگەڵ خەڵکی سلێمانیدا دەربڕی و ئەو راستییە تاڵەی خستە روو کە چالاکیی ئابووری لە سلێمانیدا لە قەیراندایە، بازاڕەکانی پەنگخواردوون و گەنجێکی زۆری پارێزگاکە بێبەشن لە هەلی کار. بەڵام لە هەمان کاتدا دەستی کرد بە هەڵڕشتنی 'زانیاری" دەربارەی ئەوەی بە هەموو پێوەرەکانی گەشە و تەندروستیی ئابووری و کۆمەڵایەتی، سلێمانی لە پێش هەموو پارێزگاکانی کوردستان و عێراقدایە!

کاتێک لێی پرسرا ئەم دوو وێنە شیعرییە چۆن لەیەک بەیتا کۆدەکاتەوە، گفتوگۆیەکی خۆی لەگەڵ کۆنسڵی فەرەنسادا بۆ باس کردین؛ کاتێک کۆنسڵ لێی دەپرسێت بۆچی لەکاتێکدا خەڵکی سلێمان خۆشگوزەرانترینی دانیشتووانی هەرێمی کوردستانن، کەچی زۆرترینی ناڕەزاییەکان لە سلێمانیدان؟ وەڵامی پارێزگارە شاعیرەکەمان ئەوەبوو: سلێمانی هەیشە باشترینی دەوێت! بە کورتییەکەی باسکردنی قەیرانی ئابووری و پشتگوێخراویی سلێمانی  بۆڵەی دانیشتووانێکی خۆشگوزەرانە کە حاڵیان باشە، بەڵام باشتریان دەوێت!

زۆری پێنەچوو، جارێکی دیکە لە درێژەی بەرنامەکەدا داوای لێکرا کە روونی بکاتەوە چۆنا هاودەنگی خەڵکە کە پارێزگاکە پشتگوێخراو و بێبەشکراوە کەچی لەهەمان کاتدا لە هەموو عێراق حاڵی باشترە؟ لێرەدا قەریحەی شاعیر بە تەواوەتی کرایەوە روونی کردەوە کە سەرەڕای هەموو تەنگوچەڵەمە ئابوورییەکانمان رێکخستنی خێزانیمان زۆر مۆدێرنە و لە هەموو پارێزگاکانی عێراق باشترین لەو بوارەدا. چۆن؟ راوەستە با جەنابی پارێزگار بۆت وردبکاتەوە:

کاک هەڤاڵ بۆ روونکردنەوەی تیۆرییەکەی دەربارەی رێکخستنی خێزان ئەم داتاتانەی خوارەوەی خستەڕوو: بە تێکڕا قەوارەی خێزانێکی پارێزگای سلێمانی ٢.٦ کەسە، بەڵام لە دهۆک، بۆ نموونە ٤.٨ ە…. ئەمە واتا زۆربەی هەرە زۆری ماڵەکانی سلێمانی تەنها دوو کەسیان تێدا دەژی (ژن و مێردێک بۆ نموونە) و بە هەر ٥ ماڵێک لە سلێمانیدا دوو منداڵیش هەیە! ئەمما لە دهۆک، زۆربەی هەرە زۆری خێزانەکان ٤ کەسن (دایک و باوکێک و دوو منداڵ بۆ نموونە) و لە پاڵ ئەمەشدا بە هەر ٥ ماڵێک  ٤ منداڵی دیکەش هەیە. جا لەبەر ئەوەی قەبارەی خێزان فاکتەرێکی سەرەکیی دیاری کردنی رادەی هەژاریی هەر کۆمەڵگایەکە، کەواتە سەرەرای بەشخوراویی سلێمانی، خەڵکەکەی لە دهۆک خۆشگوزەرانترن.
کێشەیەکی بچکۆلە هەیە لەم ئامارانەی پارێزگاردا، ئەویش ئەوەیە کە لە قوتووی هیچ عەتارێکدا نین!

ئەم هێلکارییەی خوارەوە تێکڕای قەبارەی خێزانە لە سەرانسەری جیهاندا. گەر داتاکەی پارێزگار راست بوایە، ئەوا سلێمانی لە بواری رێکخستنی خێزانیدا لە پێشکەوتووترین وڵاتانی دونیا پێشکەوتووتر دەبوو!



پەنا بردنی پارێزگاری سلێمانی بۆ خەیاڵی شیعری هۆکارەکەی ئەوەیە کە ئامارە هەرە متمانەپێکراوەکانی حاڵی گەشەی ئابووری و کۆمەڵایەتیی پارێزگای سلێمانی ناگونجێن لەگەل ئەو واقیعەی کە لە ماوەی نزیکەی ١٠ ساڵی خێروبێرە زۆرەکەی بودجەی عێراقدا زیاد لە نیوەی پارەی دەستنیشان کراو بۆ گەشە پێدانی ئابووریی پارێزگای سلێمانی چووە گیرفانی قووڵی دەسەڵاتدارانی سلێمانییەوە و بۆ پێشخستنی ژێرخانی ئابووری و خۆشگوزەرانیی خەڵکەکەی خەرج نەکرا.

بەڵام ئەی بۆچی ئەم تاوانە گەورەیە بە داتا متمانە پێکراوەکانەوە دەرنەکەوتوون؟ وەڵامی ئەمە رەنگە تاوانێکی دیکە بخاتە روو.

سەرچاوی هەرە متمانەپێکراوی داتا لە عێراقدا ئەو ئامارانەیە کە بانکی نێودەوڵەتی لە ماوەی ٤ ساڵدا( ٢٠٠٦ - ٢٠٠٩)  لە سەرانسەری عێراق ئەنجامیدان و چەندین دەیە بوو عێراق ئاماری وەها فراوانی بە خۆیەوە نەدیبوو و پێناچێت تا ماوەیەکی زۆری دیکە بە خۆیەوە ببینێت. ئەم پرۆژەیە بوو بە بنەمای زۆربەی نووسین و کارە ئامارییەکانی دواتر لە عێراق و کوردستاندا.

کێشەی ئەو پرۆژە ئامارییە مێثۆدۆلۆژی نەبوو بەڵکو لۆژستی بوو. واتە وەکو دیزاین زۆر پێشکەوتوو بوو، بەڵام لە کۆکردنەوەی داتاکاندا پشت بە بەو دەزگایانە بەسترابوو کە بە تایبەتی لە سلێمانیدا  لە حیزبەوە ئەمری چۆنێتیی کارکردنیان پێدەدرا.  حیزبیش لە بەرپێی خۆی دوورتری نەدەبینی.

گەر رۆژێک لە رۆژان لێکۆڵینەوەیەک لە چۆنێتیی پڕکردنەوەی فۆرمەکانی پارێزگای سلێمانی بکرێت رەنگە ئەوە ئاشکرا ببێت کە زۆربەی بێ گەڕان بەسەر ماڵاندا و بەو شێوەیەی حیزب دەیەوێت پڕکراونەتەوە. .. ئەی حیزب بۆ وای ویست؟

ئەوسا وا باو بوو کە ئەو توێژینەوەیەی بانکی نێودەوڵەتی دەبێتە هەوێنی بڕیاری وەبەرهێنانی بیانی لە ناوچە جیاجیاکانی عێراقدا و هەتا وێنەیەکی پرشنگدارتر بۆ توانا ئابووری و مرۆییەکانی سلێمانی بکێشرێت، چانسی راکێشانی وەبەرهێنانی بیانیی بەلای خۆیاندا زیاد دەکات.

واتا سەرەڕای قووتدانی نیوەی بودجەی چەند ساڵەی ئاوەدانکردنەوەی سلێمانی، پێدەچێت دەسەڵاتدارانی ئەم شارە ئامارە گشتییەکانی پارێزگاکەیان بەشێوەیەک شێواندبێت کە لە سەرتاسەری عێراقی لێوان لێو لە گەندەڵیدا بێهاوتا بێت.

لەم بارەیەوە جەنابی پارێزگار خۆی یەکلا کردۆتەوە… دەستدان لە دۆسێی پارە دزراوەکانی چەندین ساڵە بڤەیە، ئەوی بۆی ماوەتەوە بەشداریکرندنە لە یاریی شێواندنی داتاکان و سینگ کوتانە بۆ پارەی نەثریەی زیاتر.

رەنگە هەبن بڵێن هەڤاڵ ئەبوبەکر لە ئەڵتەرناتیڤی دەسترۆیشتووە راستەقینەکانی ئەم شارە گەلێک خەمخۆرتر و بە ویژدانترە...رەنگە ئەوە راست بێت، بەڵام بەدەری جەنانی خۆی فەرمووی سلێمانی هەمیشە باشتری دەوێت و….بێگومان شایستەی باشترە!
زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×