"کۆنگرە"و ترس لەکۆپیی بۆڵشەڤیزمی گوێ ئاگردان

ئالان م. نوری
  2023-10-07     473

لای ئەوانە نەبێت کە نانەکەیان لە گێلکردنی خەڵکدایە، لای زۆرینەی خەڵک، چەند دەیەیەکە، ئاشکرا بووە کە لە دەڤەرێکدا دەژین ناسنامەی دەسەڵاتی سیاسی تێیدا "دزسالاری"یە. بنەمای کۆمەڵایەتی و ئابووریی دەسەڵاتدارانی ئێمە بریتییە لە هاوپەیمانیی دوو دەستەی کۆمەڵایەتی؛ یەکەمیان بە درێژایی مێژووی چەند نەوەیەکیان دوژمن بوون بە هەر شتێک پێی وترابێت موڵک و ماڵی گشتی. ئەوان دەسەڵاتی خۆیان لە تاڵانکردن و دەست بەسەرداگرتن و، رێگیری لە بەهرەمەند بوونی هاوڵاتیان لە بەروبوومی ئەو موڵک و ماڵە گشتییانە بینوە و زەقترین نموونەی ئەم هەڵوێستەیان رێگری بوو لە چاکسازیی کشتوکاڵی، لە ناوەڕاستی سەدەی پێشووەوە تا ئەمڕۆ.

 هەرچی گرووپی دووەمیشە، بە هەمان شێوە، بە درێژایی مێژووی چەند نەوەیەکیان دوژمن بوون بە هەر شتێک پێی وترابێت موڵک و ماڵی تایبەت و، دەسەڵاتی خۆیان لەوەدا بەدی دەکەن کە بەهرەمەند بوونی تاکی ئەم کۆمەڵگایە لە موڵک و ماڵی خۆیان، بە فەزڵ و میننەتی ئەوان بزانن و، بە کردەوەش هەوڵ دەدەن بەهرەمەند بوونی تاکی کۆمەڵ لە موڵک و سەروەتی تایبەت، بەند بێت بە پاشکۆیی شەخسی و فەرزی تاعەتیان بۆ ئەمان. زەقترین نموونەی ئەم هەڵوێستەش پەیوەندیی شەخسی و خێزانیی و گرێبەستەیی "سەرمایەدارن" ە بە سەرانی دەسەڵاتی سیاسییەوە، لە ماوەی ئەم ٣٠ ساڵەی رابوردوودا،  کە بنەمای بەدەستهێنانی قۆرغکاری لەهەموو بوارەکانی چالاکیی ئابووریدا. بێ گومان ئەگەر لە رووی تیۆرییەوە ئەم دوو دەستە کۆمەڵایەتییە لێک جیاواز بن، ئەوا لە رووی پراکتیکییەوە زۆر لە خانەوادی دەسەڵاتدارانی ئەم دەڤەرە لە تێکەڵەی هەردوو گرووپەکە پێکدێن.

بە کورتی پێگە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان شێوازی ژیانی دەسەڵاتداران لە هەرێمی کوردستان ناکۆکن لەگەڵ بنەما سەرەکییەکانی گرێبەستی کۆمەڵایەتی و سەروەریی یاسا و مافی یەکسانی هاونیشتمانی بووندا.

ئەگەر دەسەڵاتدارانمان 500 ساڵ لەمەوبەر بژیانایە و وەک ئێستە باڵادەست بوونایە، ئەوا بە تەواوەتی لە ژینگەی گونجاوی خۆیاندا دەبوون و زۆر بە ئاسوودەیی دەژیان و، پێویستیان بە جوانکاری و رازاندنەوەی رووکەشی دەسەڵاتەکەیان نەدەبوو. بەڵام بۆ کڵۆڵیی ئێمە، ئەوجا بۆ نارەحەتیی ئەوان، لە جیهانێکی هاوچەرخدا دەژین کەتێیدا بەهاکانی وەک دێمۆکراسی، سەروەریی یاسا و، هاوڵاتیبوونی یەکسان، بوونەتە بەهای گەردوونی. دەسەڵاتدارانمان ناچارن بە مێکانیزمی رووکەشی ئەو چەمکانە و بە چەمکی نامۆی وەکو حیزبی سیاسی و کۆنگرە و پەیڕەوی ناوخۆ …تاد، درێژە بە شێوازی ژیانیان بدەن بێ ئەوەی هیچ لە ناوەڕۆکیان بگۆڕن.

سێ دیاردەی جیهانگیر، لە زیاد لە سەدەیەکی رابوردووەوە، ئەم بەردەوامییەی بۆ دەسەڵاتدارانی دەڤەرەکەمان ئاسان کرد:

 یەکەمیان بە رەوازانینی جیهانیی بوو بۆ "خەبات"ی رزگاریخوازیی نیشتمانی گەلانی ژێردەستە. ئەمەیان رەوایەتی چەک هەڵگرتن و دژاەتی کردنی یاسا و موڵکی گشتیی بەم چینە کۆمەڵایەتییە بەخشی، کە لە راستیدا، بێ بوونی خەباتی رەوایش، ئەوە شێوازی دڵخوازی ژیان و گوزەرانیان بوو.

دووەمیان جەنگی ساردی نێوان بلۆکی سۆڤێت و وڵاتانی باڵادەستی سەرمایەداریی جیهانی بوو، کە بۆ ئەم چینە کۆمەڵایەتییە و شێوازی ژیانیان بووە مایەی خێر و بەرەکەت و، لە رێی قەڵەمبازی سەنگەر گواستنەوەی  نێوان ئەم دوو بلۆکە و، شەڕکردن تاوێک بۆ دەسەڵاتی مەرکەز و تاوێکی تریش لە دژی دەسەڵاتی مەرکەزی هاوپەیمانانیان، بە درێژایی زیاد لە 60 ساڵ‌، توانییان پێداویستییە لۆجستی و نەختینەییەکانی بەردەوام بوونی شێوازی گوزەرانیان لە چوارچێوەی "خەباتی رزگاریخوازی"  و دژایەتی کردنی ئەو خەباتە، بەپێی مەسڵەحەت، بەدی بێنن.

سێیەمیان هەژموونی ئایدیۆلۆژیای ئوصولییەتی بازاڕ ە لە نەوەدەکانی سەدەی رابوردووەوە، کە لەژێر پەرچەمی ساختەی "لیبرالیزم"دا، رەوایەتی نێودەوڵەتی بەخشی بە تاڵانکردن و دەستگرتن بەسەر موڵک و ماڵی گشتی و سامانی نیشتمانی. ئەم تاڵانکاریەش  لە کڵۆڵترین کۆمەڵگاکانی وەک ئێمەدا بە ئامرازێک بۆ "دەستەبەرکردنی ئازادییە سیاسی و تاکەکەسییەکان" ناسێندرا. هەر لە ژینگەی ئەو هەژموونە ئایدیۆلۆژییەوە، تاڵانکردنی سەروەتی نیشتمانیی نەوت و گاز لە کوردستاندا یەکسان کرا بە بەردی بناغەی ئازادیی سیاسیی هەموو هاوڵاتییانی ئەم دەڤەرە و بە کۆڵەکەی ئەو دێمۆکراسییەی 30 ساڵە پێمان دەڵێن چاوەڕیی بین، پێمان فرۆشرا.

لەبەر هەموو ئەمانە، بەندە لە سەرسامی بە کاڵوکرچیی دەرهێنانی هونەریی شانۆگەریی "کۆنگرە"کانی "حیزب" ی دەسەڵاتدار، لەم زۆن و ئەو زۆن، بەولاوە هیچ جۆرە شرۆڤەکارییەکم پێ نییە بۆ ئەوەی کێ هات و بوو بە چی و کێ رۆیشت و بوو بوچی، لەم جۆرە کۆنگرانەدا، کە لە دوور و نزیک پەیوەندییان بە خودی چەمکەکانیانەوە لە جیهانی هاوچەرخدا نییە. هەروا بۆ شرۆڤەکاریی  دەرەوەی مێژوو و جیهانی هاوچەرخی ئەوانەی نانەکەیان لەم جۆرە شرۆڤەکارییە، بۆ کۆنگرەکان، دایە، لە قێزلێهاتنەوە بەولاوە چیی ترم پێ نییە.

بەڵام بە هێمنی لە پەنای خوادا دانیشتبووم کاتێک چاوم کەوت بە شرۆڤەی یەکێک لە کۆڵەکەکانی رۆژنامەوانیی کوردی، کە لەبەر "گرنگی"ی بابەتەکەی لە هەمان کاتدا لە دوو بڵاوکراوەدا دابەزێندرابوو. ئەم گەورە نووسەرەی کورد، نیگەرانی ئەوە بوو کە "کۆنگرە" ی "حیزب"ی دەسەڵاتداران، مەترسیی ئەوەی لێدەکرێت کە "حیزب" بەرەو کۆپیکردنی مۆدێلی بۆڵشەڤی بەرێت!! لێرەوە ئیتر جام لێی رژا و بە پێویستم زانی بێمە دەنگ…

میللەتێک سەرانی میدیا تێیدا لەم جۆرە زاتە بن، دەبێت زۆر دڵگران بین بە ئەگەرەکانی پاشەرۆژی. ئاخر کە لە مێژووی جیهانی هاوچەرخ و رۆڵی بۆڵشەڤیزم تێیدا هەر ئەوەندەت زانی کە لەگەڵ شەوچەرەی زستانە ساردەکاندا بەدەم وەنەوزی خەوەوە لە گوێ ئاگردان گوێت لێ بووبێت، ئەوجا بتەوێت وەک بەڵگەنەویستێک بەکاری بێنیت لە باسکردنی ژیانی ناوخۆی ئۆرگاێک لە ئۆرگانەکانی دەسەڵاتی دزسالاریی کۆمەڵگایەکی نەگبەتی وەک ئەم دەڤەرەی ئێمە، ئەوا لە هەر شوێنێکی دیکەی ئەم گەردوونە بیت دەبێت گومان لە لانی کەمی توانای تێگەیشتنت بکرێت. لەمەندەش زیاتر ناڵێم لەسەر ئەو شرۆڤەکارە گەورەیە چونکە تەنها مەبەستمە لێرەدا باسی نامۆیی بەراوردی ژیانی "حزبی"ی ئەم دەڤەرەمان بکەم بە هەر دیاردەیەکی مێژووی هاوچەرخی بەهاداری جیهانییەوە، چ جای بە بۆڵشەڤیزم کە نەک تەنها رێکخراوێکی رێچکە شکێن لە وڵاتی خۆیدا، بەڵکو  بەرهەمهێنی رەوتێکی جیهانیی مێژوویی بوو.

بۆڵشەڤییەکان بەشێک بوون لە بزوتنەوەیەکی جیهانی لە ناو ریزەکانی رێکخراوی نێودەوڵەتیی سۆسیال دێمۆکراتەکان. لەگەڵ سەرکردەکانی ئەو بزوتنەوەیە کەوتنە ململانێیەکی فیکریی دەوڵەمەند لەسەر چەپبوون لە سەروبەندی جەنگی جیهانیی یەکەمدا. ئەمان دوای بەیت و بالۆرەی یەکریزی نیشتمانی نەکەوتن کە سەرانی بزوتنەوەکە هەر یەکە لە وڵاتی خۆیدا تێیکەوتن و چوونە پاڵ دەسەڵاتدارانی شەڕانگێزی وڵاتەکانیان دژی یەکتر. ئەمان داوای ئاشتیی دەستبەجێیان دەکرد و هانی سەربازی رۆڵەی هەژارانیان دەدا شەڕ نەکەن. لەسەر ئاستی داگیرکاری و کۆلۆنیالیزمی راستەوخۆ، لەکاتێکدا سەرکردە تەقلیدییەکانی چەپی فەرەنسا دەیانگوت با شەڕ بکەین دژی کۆماری ریف ی مەغریبی بۆ گەیاندنی شارستانیی ئەورووپی پێیان، هاوخەباتانی بۆڵشەڤییەکان لە فەرەنسا بە جەستەیان رێیان بە شەمەندفەرەکانی  هەڵگری سەرباز و چەک و تەقەمەنی دەگرت تا نەگەن بە دەربەندەکانی فەرەنسا و لەوێوە نەگەن بە کەنارەکانی مەغریب.

"حیزبێک بە ستایەڵێکی نوێ" ی بۆڵشەڤییەکانی رووسیا، دوور لە هەلپەرستی سیاسی لە کاتێکدا دەستەواژەی "هەموو دەسەڵات بۆ سۆڤێتات"یان کردە پلاتفۆرمی رێکخراوەکەیان کە خۆیان کەمینە بوون لەو رێکخراوەدا….ئەمە حیزبی ستایڵی نوێ بوو. هەر لەو سەروبەندەدا، کاتێک زۆرینەی دەسەڵاتی سیاسیی مەدەنی، لەگەڵ ژەنەراڵێکی خوێنڕێژ رێکەوتن بۆ سەرکوتکردنی سۆڤێتات و بەردەوامی دان بە بەشداریی روسیا لە جەنگی جیهانیی یەکەمداو، داوایانلێکرد بە هێزی سەربازی شاری پایتەختی هاوینەی وڵاتەکەی خۆیان لە خوێنی نارەزایانی شەڕ هەڵکێشێت، ئەوە بۆڵشەڤییەکان بوون بێ خوێن رشتن چوونە ناو سەربازەکانەوە وهەڵیانگێڕانەوە دژی ژەنەڕاڵەکەیان و لەماوەیەکی زۆر کورتدا سوپاکەیان تواندەوە.

ئەم بزوتنەوە نوێیە جیهانییە لانەی گەورە تێکۆشەر و پیرمەندی جیهانی بوو. گفتوگۆ و ململانێ فکرییەکانی نێوان رابەرانی، دەربارەی تیۆریزەکردنی گۆڕانکارییەکانی جیهان لە سەردەمی نۆێ ی ئیمپێریالیزم و سەرهەڵدانی شێوازی نوێی سەرمایەداری، بوونە بەشێکی دانەبڕاوی زانستە سیاسییەکان و، لە زانکۆکانی سەرتاپای جیهاندا دەخوێندرێن.

ئەمە زۆر بە کورتی ناوەڕؤکی ئەو شێوازی سیاسەتکردن و رێکخراوبوونی بۆڵشەڤییە کە بە حیزبێک بە ستایەڵێکی نوێ ناوبرا و لە کاتی خۆیدا جیهانی هەژاند. جا وەرە ئەمە بکە بە مۆدێلێکی نەخواستراو بۆ ئۆرگانێکی دزسالاری کە کە گەورەترین کێشە ناوخۆییەکانی بریتییە لەوەی کێ هێلکەی بۆگەن دەخاتە بازاڕەوە و کێ نەوت بەقاچاخ بۆ بەندەرەکانی ئێران دەنێرێت و ماددەی هۆشبەر عایدی کامیان بووە و کامیان بە پارەی کام دەوڵەت کام هێزە لە ئەمری دەرناچێت! ئینجا وەرە بەمانە بڵێ دەترسم ببنە کۆپیی بۆڵشەڤییەکان!

دونیایەکی چ سەیرە گوڵم!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×