باش گوێ لە مەلا مەزهەر بگرن!

ئالان م. نوری
  2022-07-18     769

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی کۆچی دوایی کەریم ئەحمەد، تێکۆشەری دێرینی شاخ و شار و زیندانەکانی عێراق، کە زیاد لە حەفتا ساڵی تەمەنی 100 ساڵەی، بە بێ وچان، بۆ خەبات تەرخان کرد، لاپەڕەکانی سۆسیاڵ میدیا بوون بە دوو بەشەوە؛ زۆرینەی پۆست و نووسینەکان بە رێز و شانازییەوە باسی باجە زۆرەکانی خۆی و خێزانی لەماوەی ئەم حەفتا ساڵەدا کرد و، ژیانی سۆفییانەی تا دوا نەفەسی ئەویان بەراورد کرد بە ژیانی هایلاڤی "سەرکردە"کانی بزوتنەوەی کوردایەتی، لە دوای دەستگرتنیان بەسەر موڵک و ماڵی گشتی و سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستاندا. لەو بەراوردەشدا کەریم ئەحمەد، بە جیا لەوەی خاوەن نووسینەکان هاوڕێ و هاوڕای بووبن یان نا، وەک سومبولێکی خۆنەویستی و دەستپاکی و ویژدان پاکی نەخشێنرا لە بەرامبەر وێنەی باوی سەرکردەی سیاسی لەم هەرێمە بێ نازەدا.

ئەوەندەی کەریم ئەحمەد بناسم، پێم وایە تەنانەت ئەو بەراوردەشی بە گوناه بەرامبەر نیشتمان و هاووڵاتییان دەزانی، چونکە ئەو پێی وابوو هیچ کات مافی مننەت کردنی بەسەر میللەتەوە نەبووە… بەتایبەتی لەم زەمانەدا کە کۆنە خەباتی درۆ و راستەقینە بۆتە پاساوی ویژدانفرۆشی و تاوانی گەورە بەرامبەر بە موڵک ماڵ و سامانی گشتی.

لەو روانگەیەوە، لە بریی قەرزارکردنی نیشتمان و هاوڵاتیان، بە هاوڕێ و هاوڕاکانی کەریم ئەحمەد دەڵێم: دوای مۆدەی بە موقەددەس دانانی سەرکردەکان مەکەون….رێزی راستەقینە بۆ یادی تێکۆشەرێک هەڵسەنگاندنی بابەتییانەی کار و کردار و جیهانبینییەتی. لەم بارەیەوە چیتان هەیە، ئەوە بڵێن، باشتر و شایستەترە!

لەبەرامبەر ئەم زۆرینەیەی، کە بە رێز و شانازییەوە بە ژیان و تێکۆشانی کەریم ئەحمەد، لەگەڵ هەواڵی مەرگیدا مامڵەیان کرد، کەمینەیەکی گومڕا و بێ رێز، هیچیان نەدۆزییەوە تانەی لێبدەن لە مێژووی ئەو ئینسانەدا، ئەوە نەبێت کە لە پاش مەرگی لە مزگەوتەوە بەرەو گۆڕستان براوە! ئەوان (کە نموونەیان مەلایەکە بە ناوی مەلا مەزهەر ەوە، و بروژێنەری هەڵمەتی ئەم بێ رێزییەیە کە بە یادی کەریم ئەحمەد دەکرێت) پێیان وابوو کە کەسێک هەڵوێستی سیاسی و حیزبیی شیوعی بێت، خیزانەکەی دەبێت یان دان بە شکستی رێبازی مردووەکەیاندا بنێن، یان نابێت بیبەن لە مزگەوت کاری ئامادەکردنی بۆ ژێر خاک بەجێ بێنن.

ئەم بێپێزەش لە دوو سەرچاوەوە سەرهەڵدەگرێت؛ یەکەمیان ئەوەیە کە خاوەنی ئەو جۆرە بیرکردنەوەویە تەلەبەی ئەڵقە لە گوێکانی پرۆپاگەندای دەسەڵاتی داگیرکاری بەریتانیان کە بە خەڵکیان دەگوت دژایەتی کردنی سیستەمی دەربەگایەتی و نیمچە کۆیلایەتی و کۆلۆنیالیزمی کۆن و تازە، دژایەتی کردنی ئایین و هەستی خوا پەرستیی هاووڵاتییانە. ئەوان چاویان بەوە بەرایی نەدەهات کە ریزەکانی تێکۆشان دژ بە ستەم و زۆرداری و چەوساندنەوەی ئینسان پڕ بوو لە مەلا و شێخ و مەلازادە و شێخزادە. بگرە هەندێکیش لە دەرچووانی حوجرە و مەدرەسە ئاینییەکان سەرقافڵە و سەرکردەی ئەو خەباتە بوون و لە ریزی پێشەوەی قوربانیدان بوون. هیچکام لەوانیش، رۆژێک لە رۆژان، ئیلتیزامی رێکخراوەەیان بە خەباتی چینایەتی ناچاری نەکردوون و داوای لێنەکردوون دین و ئیمانیان واز لێبێنن. داخەکەم، ئەڵقەلەگوێکانی ئەوسا دەیانزانی ئەوەی دەیڵێن درۆی پارە وەرگیرابوو، بەڵام تەلەبەکانی ئێستایان هێندە بێ عەقڵن بە قەناعەتەوە درۆی مامۆستاکانیان کاوێژ دەکەنەوە.

سەرچاوەی دووەم، کە پێم وایە بێ عەقڵییەکی گەورەترە، ئەویە، ئەم جۆرە لە سیاسەتبازی بە ناوی ئیسلامەوە، پێی وایە مافی ئەوەی هەیە کە بڕیار بدات  کێ شایستەی بەکارهێنانی خزمەتگوزارییە گشتییەکانی مزگەوتەکانە. ئەوان دەیانەوێت مافی ئەوەیان هەبێت دەرگای ئەو خزمەتگوزارییانە بەڕووی کەسوکاری هەر مردوویەک دابخەن کە بە خواستی ئەوان بیری نەکردۆتەوە! جا ئەو جۆرە زاتانە، هێندە بێبەشن لە مەلەکەی عەقڵ‌ و مەعریفەت کە بە تەواوی بیریان لە ئاکامەکانی ئەم جۆرە گوتارەیان نەکردۆتەوە.

ئێمە لە وڵاتێکدا دەژین کە دەوڵەت بە رەسمی ئاینێکی بۆ خۆی هەڵبژاردووە و سەرپەرشتیی خزمەتگوزارییە ئایینییەکانیش بە ئەرکی خۆی دەزانێت. ئەرکی دەوڵەت مانای وایە کە لە بودجەی گشتیدا پارە بۆ ئەو خزمەتگوزارییانە تەرخان دەکرێت. دارایی گشتیش دارایی تەواوی هاوڵاتییانە، بە دیندار و کافر و مولحید و زەندیق و …تاد،ەوە. لەسەر ئەم بنەمایەش، هەر خزمەتگوزارییەک کە بەپارەی گشتی تەرخانکرابێت، دەبێت بۆ گشت هاوڵاتیان بەبێ روانینە بۆچوونی سیاسی و ئاینییان بەردەست بێت.

لە دوا بودجەی پەسەند کراوی عێراقدا کە ساڵی 2021 دەرچوو، بۆ کۆی خزمەتگوزارییەکانی هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵ و سامانە ئاوییەکان 966 ملیار دینار تەرخان کراوە. کەچی بەرامبەر بەوە ئەوقافە ئاینییەکان (واتە تێچووی ئاوەدانکردنەوە و بەگەڕخستنی مزگەوت و مەرقەد و کڵێسا و شوێنە ئایینییەکان) زیاد لە 986 ملیار دیناریان بۆ تەرخان کراوە. ئەمە جگە لە خەرجیی خوێندنە ئاینییەکان کە تێکەڵ‌ بە بودجەی وەزارەتەکانی دیکە کراون و لە خشتەی خەرجییەکاندا بە جیا ناویان نەهاتووە، تەنها دوو کۆلیژی ئیمامی صادق و ئیمامی ئەعظەم نەبێت کە بە جیا زیاد لە 41 ملیار دیناری دیکەیان بۆ تەرخان کراوە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی بە ملیارەها دۆلار لە ملیۆنەها هاوڵاتی بە ناوی زەکات و خومس…تاد دەسێنرێت و هیچ لایەنێکی فەرمیش ناپرسێتەوە لە شێوازی سەرفکردنی ئەو پارانە. مەگەر بە شێوازی ژیان و موڵک و ماڵ و ئۆتۆمبیلی درع و مثنی و ثلاث و رباع ی بانگەواز"خواز"ەکانا بزانین ئەو پارانە چییان لێ دێت!

لە زۆربەی وڵاتانی دونیا، بەوانەشەوە کە دەوڵەت تێیدا دینێکی بۆ خۆی هەڵبژاردووە، گەر پارەی داهاتی گشتی بۆ هەر دەزگایەکی ئاینی یان خۆبەخش یان قازانج نەویست سەرف کرا، ئەوا مافی هەڵبژاردنی کێ خزمەتگوزاریی پێشکەش دەکرێت و کی نا، لەو دەزگایانە دەسەنرێتەوە و گەر هەر هاوڵاتییەک لەو خزمەتگوزارییە بێ بەش بکەن، توندترین سزا دەدرێن و بەرێوەبردنی ئەو دەزگا یان شوێنە ئاینییەیان لێ دەسێنرێتەوە و دەدرێتەوە بە کەسێک کە رێز لە گشت هاوڵاتییان بگرێت.

لەو وڵاتانەشدا کە یاسا رێنادات دەوڵەت ئاینێک یان مەزهەبێکی ئاینی هەڵبژێرێت، ئەو دەزگا ئاینییانەی رەمزی کولتووری و گەشتوگوزاریی هەموو خەڵکی وڵاتەکەن، بەشێکی چاک لە مەسرەفیان رەنگە بکەوێتە ئەستۆی بودجەی گشتییەوە، بەڵام زۆربەی دەزگا ئاینییەکان بە پارەی ئیمانداران بەڕێوە دەچن. لەوێ‌و لە حاڵەتێکدا کە ئەگەر دەزگایەکی ئاینی خۆی بە دوور گرت لە داهاتی گشتی،دەتوانێت هەندێک، نەک هەموو، خزمەتگوزارییەکان لە هەر کەسێک کە ئەو پێی شایستە نییە، بێبەری بکات.

ئەوی مەلا مەزهەر وروژاندی پرسیاری ئەوەیە کە ئایا کاتێک هەموان بەشدارین لە خەرجیی بەڕێوەبردنی مزگەوتەکاندا و کاتێک کولتووری باومان مردووەکانمان بۆ مزگەوت دەبات، ئایا مافی بەرێوەبەرانی مزگەوتە کە نەهێڵن ئەو خزمەتگوزارییە پێشکەش بە کەس و کاری خەمباری هەر مردوویەک بکرێت؟ ئەگەر وایە (کە بۆ خۆی ئەوە پێچەوانەی کڕۆکی ئاینە) کەواتە با ئەرکی بەڕێوەبردنی مزگەوتەکان لە ئەستۆی خەرجی گشتی لابەین و کێ پارە دەدات ئەو بڕیار بدات کێ لە کوێ تەعزێی بۆ دابنرێت.

مەلا مەزهەر وەک مەلایەک حەزی لە ئیمتیازاتی هەڵبژاردنی دەوڵەتە بۆ ئایینێک کە ئاینەکەی خۆیەتی، بەڵام قاڵسە بە ئەرکەکانی ئەو ئیمتیازە! جا پاش ئەوەی دەفتەر و قەڵەمی گرت بە دەستەوە و سوود و زیانەکانی ئیمتیازات و ئیلتیزاماتی خستە تای تەرازووەوە و کەمێک عەقڵی خستە کار، هیوادارین پێمان بڵێ حەزدەکات پارەی داهاتی گشتیی لێ ببڕدرێت بۆ ئەوەی بە کەیفی خۆی شایستە و نا شایستەی مزگەوت دیاری بکات؟ یان خوداشی دەوێت و خورماش؟

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×