شەڕی ئۆکرانیا و… کوردی "وای لە پاشەڵێ و وای لە دۆشاوێ"!

ئالان م. نوری
  2022-03-01     475

هەفتەی رابوردوو، روسیا بۆی دەرکەوت کە داواکارییەکانی بۆ بێلایەنکردن و چەک داماڵینی ئۆکرانیا و رێزگرتنی ئەو وڵاتە لە پێکهاتە فرە ئیتنی و کولتوورییەکەی خۆی، بە ئاشتی نایەنە دی. بگرە بە پێچەوانەوەوە، هەڕەشەکانی ئەو لە ئۆکرانیا کرانە بەهانەی زیاتر پڕ چەککردن و هاندانی لە دژی روسیا و ناوچە رووسنشینەکانی دونباس کە لە دوای جەنگێکی ناوخۆی خوێنانەییەوە، لە ساڵی 2014 ەوە، خۆیان وەک دوو کۆماری جیا لە ئۆکرانیا دەناسێنن. ئیتر روسیا بڕیاری دا، پێش ئەوەی ئەو 60 هەزار سەربازە ئۆکرانییەی لە دەوری لۆگانسک و دۆنێسک (دوو کۆمارە جیابۆوەکەی دۆنباس) خڕ کرابوونەوە، بکەونە جووڵە، ئەو دەبێت دان بە سەربەخۆیی ئەو دوو کۆمارە (بە سنوورە ئیدارییەکانی پێش شەڕی 2014 ەیانەوە) بنێت و بە شێوەیەکی ئاشکرا پەلاماری ئۆکرانیا بدات بە مەبەستی چەک داماڵین و تێکشکاندنی ژێرخانی سەربازیی. ئەوجا، گەر بۆی کرا، حکومەتی ئێستای ئۆکرانیا هێندە لاواز بکات کە ناچار بێت هەموو داواکانی روسیا جێبەجێ بکات، یان بەشی ئەوەندە بێدەسەڵات ببێت لە ناوخۆی ئۆکرانیادا کە بە هەر مێکانیزمێکی ناوخۆ بێت، ئۆکرانییەکان خۆیان کۆتایی بە دەسەڵاتی بێنن.

پاش چەند رۆژێک لە ئۆپەراسیۆنەکە، تا ئێستە روسیا سەرۆکی ئۆکرانیای ناچار کردووە کە ئامادەبوون دەربڕێت بۆ دانوستان لەسەر بێلایەنکردنی ئۆکرانیا (سەرەڕای ئەوەی پلاتفۆرمی سەرەکیی خۆی و هاوپەیمانەکانی بۆ حوکمڕانی بریتی بوو لە بەستنەوەی ئۆکرانیا بە پەیمانی ناتۆ و چوونەوە ناو یانەی وڵاتانی خاوەن چەکی ئەتۆمی و چوونە ناو ئەکێتیی ئەوروپاوە) لە هەمان کاتیشدا زۆربەی جیهان لە دژی ئەو نۆرم شکاندنەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەلایەن زلهێزێکی زامنکەری ئەو نۆرمانە، رۆژ بە رۆژ بە دەنگی بەرزتر هەڵوێستی فراوانخواز و شەڕانگێزی روسیا مەحکوم دەکەن. لە پاڵ ئەوەشا جەنگێکی کاولکار بەردەوامە و، مەترسیی ئەوە هەیە بە دەیان هەزار خەڵکی سیڤیل، جگە لە سەربازی هەردوولا، تیا بچن و چەند ملیۆنێکیش ئاوارەی وڵاتانی دیکە ببن. ئەمە ئەگەر لەوە کاولکارتر نەبوو و نەبوو بە جەنگێکی قڕکەری هەموو مرۆڤایەتی، بگرە هەموو ژیان لەسەر گۆی زەوی.

لە ناو چاودێرانی رووداوەکانی ئۆکرانیادا لە جیهان، رەنگە لە هەمووان زیاتر، کوردانی بە "فیکر"ی کوردایەتی گۆش کراو، سەرسوڕماوترین و راراترینن. دڵێکیان دێژێت روسیا، روسیا…دڵەی دییان دێژێت ئۆکرانیا ئۆکرانیا! لەم وتارەدا هەوڵ دەدەم شەرحی حاڵی بنەما فیکرییەکانی ئەو رارایی و سەرسوڕمانە بکەم.

زۆربەی ئەوانەی کە تا ئێستە خاوەن هەژموونن لە نێو بزوتنەوەی کوردایەتیدا (بەوانەشەوە کە بە رووکەش ئۆپۆزیسیۆنن و لە راستیدا ئەرزوحاڵچیی ئەوانەن کەپێیان دەڵێن دەسەڵات)  لە بیرکردنەوەیاندا، لە بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، سەر بە جیهانبینییەکن کە ناسراوە بە ریالیزم (:واقیعیزم). ئەم زاراوەیەش هیچ‌پەیوەندییەکی بە مانا راستەوخۆکەی واقیعی بوون، بە مانای عەقڵانی بوون، ەوە نییە. هەروەک چۆن ماتێریاڵیزم و ئایدیاڵیزم لە فەلسەفەدا، هیچ پەیوەندییەکیان بە واتا راسەوخۆکەیانەوە نییە.

جیهانبینە ریاڵیستەکان پێیان وایە کە جیهانی ئەمڕۆ لە ناوەڕۆکدا هیچی جیاواز نییە لە سەردەمی ئیمپراتۆرییەتەکان و شەڕی کۆڵۆنیالیزمی راستەوخۆ. بۆیە جگە لە باڵانسی هێزی هەر تاکە بەشدارێک لە سەر شانۆی سیاسەتی نێودەوڵەتی لە بەرانبەر بەوانی دیکە، هیچ بونیادێکی دیکە لە ئارادا نییە و، هیچ دەسەڵاتێک لە سەرو وڵاتە تاکەکان و هێزی نیسبییان بوونی نییە. واتە جیهانی دوای دوو جەنگی کاولکاریی سەرتاسەری، هیچ‌ بنەمایەکی پەیوەندییە سەربازی و سیاسی و ئابووری و کولتوورییەکانی نەگۆڕاوە. لای ئەوان (ئانارشیزم) بە پێناسە نەرێنییەکەی، بنەمای پەیوەندیی نێوان وڵاتانە و تەنها کەتیرەیە کە جیهان پێکەوە دەلکێنێت. ئەو بکەرە سیاسییانەی بەم جۆرە لە پێوەندییە نێودەوڵەتەکان تێدەگەن، پێیان وایە لە ئەنجامی نەبوونی ستانداردی قابیلی سەپاندن بەسەر هەموواندا بۆ مامڵەکردن لە نێوان دەوڵەتانی جیهاندا، کەواتە تەنها فاکتەری بڕیاردەر لە پەیوەندییەکاندا بریتییە لە بڕی ئەو "هێز"ەی کە هەر بکەرێکی سیاسی دەتوانێت بۆ خۆی کۆ بکاتەوە بۆ سەپاندنی ئیرادی خۆی بەسەر ئەوانی دیکەدا. لەم نێوەندەشدا، بکەرە بچووکەکان، هەموو کات پێویستیان بە خۆگونجاندنە لەگەڵ‌ زۆنی کارتێکردنی یەکێک یان هەندێک لە زلهێزەکان. تا بەهۆیەوە بتوانن بەرامبەر بکەرە بچووکەکانی دیکە رابوەستن و ویستی سیاسییان لە سەرلەنوێ داڕشتنەوەی سنوورەکان بەسەریاندا بسەپێنن. ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە ئەوە فەرامۆش دەکات کە دوای ئەو دوو جەنگە چەندین دامودەزگای هاوبەش و ستانداردی پەیوەندیی نێودەوڵەتیی هاتنە کایەوە کە ٧٠ ساڵە توانیویانە (لە زۆربەی کاتدا) کۆتایی بە شێوازی تەقلیدیی ئیمپێریالیزم و کۆلۆنیالیزم بێنن. پێشێلکارانیش هەرچەند بەهێز بن، ناتوانن لە چوارچێوەی ئەو ستانداردانە دەرباز بن. بۆ نموونە، گەر بە پێوەری هێز بێت، ئەوا ئیسرائیل لە بەرامبەری نەیارانی گەلێک بەهێزترە و تۆڕی پاڵپشت و دۆستانی لە گشت جیهاندا گەلێک لە نەیارانی پتەوترە. بەڵام لە هیچ کاتێکدا جیهان و دامودەزگا هاوبەشەکانی ئامادە نەبوون و نین کە دان بە "ماف"ی دا بنێن لە خاکی ئەو وڵاتانەدا کە لە ئەنجامی شەڕ داگیری کردوون. تەنانەت سەرسەختترین هاوپەیمانەکانی ئامادە نین دان بە "سەروەری" ی ئیسرائیلدا لە جۆلان و لە کەرتی رۆژئاوا و غەززە و پێشتریش لە سینا دا بنێن. کەسیش نییە دان بە داگیرکردنی تورکیا بۆ نیوەی قوبروس بنێت، سەرەڕای ئەوەی ئەندامێکی چالاکی پەیمانی (ناتۆ)یە و ئەو نیوەی قوبروسی  لە هەڕەتی جەنگی سارددا داگیر کرد. هەروا سەرەڕای داگیرکردنی تاکڕەوانەی ئەمریکا و بەریتانیا بۆ عێراق،  نە داگیرکاران ئیدیعای "ماف" یان کرد و نە جیهانیش ئامادەبوو هیچ جۆرە مافێکیان پێ رەوا ببینێت لە عێراقدا. بۆیە دەتوانین بڵێین سەرلەنوێ‌دیاری کردنەوەی سنووری وڵاتان لە رێی هێزەوە، تا رادەیەکی زۆر بۆتە بەشێک لە رابوردوو.

ریالیستەکانی کورد هەرگیز ئامادە نەبوون دان بەو گۆڕانە گرنگەی پێکهاتەی پەیوەندییە نێودەوڵەتەکانی جیهاندا بنێن. هەمیشە لە گەڕاندان بۆ خۆلکاندن بە هێزی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی ئەوتۆ کە پێیان وایە، لە دەرەوەی نۆرمی رێوشوێنە پەسەندکراوەکانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، ئامانجەکانیان بۆ دەسەپێنن بەسەر وڵاتانی ناوچەکەدا (ئەمە سەرەڕای ئەوەی گەورەترین شکستەکانیان کە بە نسکۆ/ئاشبەتاڵ ناسراوە، بە بۆنەی ئەو جۆرە جیهانبینییەوە بوو). هەر بۆیەش ئەوان لە گەڕاندان بەدوای هەواڵی جیهانیی ئەوتۆ کە پشتگیریی جیهانبینییەکەیان بکات، تاکو بتوانن لای خەڵکی کوردستان، سەرەڕای مارانگاز بوونی چەند جارەیان بە شکستەکانیان، بە سیاسیی عاقڵ و زرنگ خۆیان بناسێنن.

بۆ ئەم جۆرە جیهانبینییە، دەبوا روداوەکانی ئێستەی ئۆکرانیا هەلێکی ئاڵتوونی بێت. ئەوەتا کەمینەیەکی ئیتنیی رووسی، پاش زیاد لە 10 ساڵ‌چەوساندنەوەی نەتەوەیی، لە وڵاتی ئۆکرانیا، کە ئەوان زیاد لە %35 ی تەواوی دانیشتوان و زیاد لە %80 ی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی وڵات پێکدێنن، پاش شەڕێکی ناوخۆی خوێناوی، بە یاریدەی دەوڵەتی روسیا، سەربەخۆییان راگەیاند و ئەوەتا ئێستە بە زەبری چەک و جبەخانە و سوپای روسیا خەریکی چۆکدادانن بە دەوڵەتی ئۆکرانیا! کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش با هەر لە ورگی خۆی هەڵدات! ئەمە ئەو خەونە هەنگوینییەیە کە سیاسییەکی دەستڕۆیشتووی کورد نییە نەیبینیبێت. جیهانێک کە جێی دۆنێسک و لۆگانسکی تێدا بێتەوە و بەشەڕ ، لە دەرەوەی نۆرمە نێودەوڵەتییەکانی دوای جەنگی جیهانیی دووەم، زلهێزێکی وەک روسیا بیانکات بە دەوڵەت، کەواتە کوردیش بە هەمان رێگە دەتوانێت بە دەوڵەت بوون بگات…هەر ئەوەندە"مان" گەرەکە کە کۆمپانیاکانی نەوتی وڵاتانی زلهێزی زیاتر رابکێشین بۆ وەبەرهێنان، تا ئەو رادەیەی وڵاتانی زلهێز ئامادە بن جوگرافیای سیاسیی ناوچەکە بە بەرژەوەندیی بە دوەڵەتبوونی کورد، بەدەر لە نۆرمە پەسەندکراوەکانی جیهان، بەسەر هەموو لایەکدا بسەپێنن! کەوا بێت، هەموو هەوادارانی کوردایەتی  هاندەری تیپی روسیان، چونکە ئاوی ئەو خەونە هەنگوینییە دەڕژن و زۆری پێ ناچێت ئێمەش پێی تێبنێین. وا نییە؟ نا… تابلۆکە لەوە ئاڵۆزترە بۆ ئەم "فیکر"ەی کوردایەتی کە بتوانێت ئەو بڕیارە ساکارە، گونجاو لەگەڵ جیهانبینییەکەی، بدات!

هەمان ئەو جیهانبینییە، پێیان دەڵێت کە دەبێت بە دوای کۆکردنەوەی سەرچاوەکانی هێزەوە بن. ئەوانیش پێیان وایە کە ئامرازی سەرەکییان بۆ راکێشانی لایەنگیریی زلهێزەکان بریتییە لە سامانی سروشتیی نەوت و گازی هەرێم. بەڵام بەهۆی بڕیارەکەی دادگای فێدراڵیی عێراق بە نا دەستووریی یاسای نەوت و گازی هەرێم و گرێبەستەکانی و، ئەگەری زۆری بردنەوەی حکومەتی عێراقی لە کەیسێکیدا لە یانەی تەحکیمی نێودەوڵەتی لە پاریس لە دژی تورکیا لەسەر رێککەوتننامەی نهێنیی هەناردەکردنی نەوت و گازی هەرێم لە رێی ئەوانەوە، بە هۆی ئەمانەوە ئاشکرا بووە کە کۆنترۆڵی دەسەڵاتدارانی هەرێم، بۆ ئەو کەرتە ئابوورییە، بەرەو لاوازی و لەدەستدان دەچێت. لەبەر ئەوە دەسەڵاتدارانی هەرێم بە چاوی بەرژەوەندییە نەوتی و گازییەکانیان سەیری ئەم شەڕەی ئێستای ئۆکرانیا دەکەن و پێیان وایە، گەر هەماهەنگی بنوێنن لەگەڵ‌سیاسەتی ئەمریکا بۆ ناچارکردنی ئەوروپا بە راگرتنی کڕینی گاز لە روسیا، ئەوا دەتوانن لە ئامرازەکانی فشاری ئەمریکا سوودمەند بن و هەر لە رێی ئەوانیشەوە عێراق ناچار بکەن چاو لە بازرگانیی نەوت و گازی هەرێم، سەرەڕای بڕیاری دادگاکەیان، بپۆشێت. هەر لەبەر ئەوە دەبینین سەرانی هەرێم هاوشانی هەوڵەکانی ئەمریکا خەریکی گەڕانن بەسەر وڵاتانی هەناردەکەری گازدا تا بتوانن گازی هەرێمی کوردستان بە جۆرێک بخەنە "مەجهود حەربی" ی جیهان دژ بە روسیاوە، کە حکومەتی عێراقی لە بەرمبەریاندا بەناچاری بێدەنگ بێت لە جێبەجێکردنی یاسا. کەواتە هاندەری روسیا نین، هاندەری ئۆکرانیان. وا نییە؟ تا رادەیەکی زۆر هێشتا نەخێر….چونکە لە هەمان کاتدا روسیا وەبەرهێنێکی گەورەی کەرتی نەوت و گازی هەرێم و قەرزدەرێکی گەورەی ئیدارە شکستخواردووەکەی کەرتی نەوت و گازی هەرێمە. تەنانەت ئەو بۆریی گازەی کە بە هۆیەوە دەسەڵاتدارانی هەرێم دەیانەوێت خوێنشیرینتر بن لای ئەمریکا، ئەوەش بەپێی ئازانسەکانی هەواڵ‌%60 ی موڵکی کۆمپانیای رۆزنەفت ی رووسییە! ئەمە جگە لە زیاد لە ملیارێک دۆلار قەرز کە کۆمپانیا رووسییەکان داویانە بە هەرێم.

کەواتە ئەم دەسەڵاتە گۆش بووە بە بیری کوردایەتی (بە تام و بۆنی نەوت و گاز) هیچی بۆ نەماوەتەوە، جگە لە پشتگیرییەکی شەرمنی ئۆکرانیا نەبێت …تا نە‌ شیش بسووتێت نە کەباب! بە واتایەکی دیکە ئەوان ئێستە داوا لە روسیا دەکەن کە نۆرمی پەیوندییە نێودەوڵەتییەکان پەیڕەو بکات و بە لۆژیکی ریالیستەکان هەڵسوکەوت نەکات! واتە دەنگیان دەخەنە پاڵ ئەو دەنگانەی کە، بە پێچەوانەی جیهانبینیی ئەمانەوە، دەیانەوێت لە جیهاندا سیاسەت بکرێت. ئەمەش داماوییەکی زۆر لە بیرکردنەوەی سەرانی کوردایەتیدا بەرهەم دێنێت.

بەڵام لەوان داماوتر لەم چەند رۆژەدا لایەنێکی ئۆپۆزیسیۆنی ئەرزوحاڵچی بوو کە دەمێکە دەیەوێت بیسەلمێنێت، لە بواری "فیکر"ی کوردایەتیدا، لە مەلیک مەلیکترە. دەمێکە بە دوای جوغزی سەربەخۆییدا، بە کوێرایی چاوی نۆرمەکانی پەیوەندی نێودەوڵەتی و جیهانی مۆدێرن، دەگەڕێت. ئەم رێکخراوە داماوە، لە رۆژی پەلاماری ئاشکرای سوپای روسیا بۆ ئۆکرانیادا، نامەیەکی ئاراستەی پارتە کۆمۆنیستەکانی جیهان کرد و، تێیدا تێگەیشتنی خۆی بۆ بارودۆخەکە روون کردەوە و داوای رێکخستنی هەڵوێست و هەماهەنگیی کرد. جا لەبەر ئەوەی دەمێکە فریکوێنسیی بیرکردنەوەی لەگەڵ‌کوردایەتییەکەی دەسەڵاتدا گونجاندووە، وەک ریاڵیستێکی پوخت، بە یەک وشە لە نامەکەیدا ئیدانەی پوتین و هێرشەکەی نەکرد و ئەوەی نامەکە بخوێنێتەوە وا دەزانێت لەو رۆژەدا ناتۆ هێرشی کرد، نەک روسیا. لە هەمان کاتیشدا خۆشحاڵیی دەردەبڕێت بەوەی کە ئەم هەورە‌ڕەشەی ئەگەری جەنگێکی قڕکەر بۆ تەواوی مرۆڤایەتی، سەرەتای دوو جەمسەرییەکی نوێی رکابەری بێت کە لە رێیەوە ئەم و ئەوانەی وەک ئەم بیر دەکەنەوە بتوانن برەو بە "خەبات"یان بدەن و سوود لەو ململانێیە ببین!!

خوا و هیممەتی چاکان کردی، ئەو پارتە کۆمۆنیستانەی جیهان کە لەگەڵ‌ئەم رێکخراوە داماوە کۆبوونەوە، عەقڵیان نەدایە دەست ئەم و بەیاننامەکەیان بە پێچەوانەی بۆچوونی نامەکەی ئەم داڕشت. لە بەیاننامەکەدا کە ئەمیش ئیمزای کرد، ئیدانەی هەردوو لایەن دەکەن و داوای پاراستنی ئاشتی جیهانی دەکەن لە شەڕانگێزیی ناتۆ و نازییە تازەکانی ئۆکرانیا و لە پوتین ی ئۆلیگارک. جا یان ئەوەتا بەشی ئەوەندە لەو کۆبوونەوەیە فێر بوون کە بە 180 پلە، لە ماوەی چەند رۆژێکدا، رایان بگۆڕن، یان ئەم را گۆڕینەیان لەبەر خاتری ئەوە بووە بە پێکەنین لە کۆبوونەوەکە دەرنەکرێن. ئەوان وەک ئەرزوجاڵچی دەسەڵات تەنها پەیوەندییە دەرەکییەکانی جارانیان بۆ ماوەتەوە کە پێی لە ئەرزوحاڵچیتیدا بچنە پێشەوە، دەنا پێناچێت دەستبەرداری جوغزەکەی جارانیان بووبن! پڕ بە دڵ لەمەدا هیوادارم هەڵە بم.

بە هەر حاڵ‌ ، ئەگەرچی هەڵوێستی شەرمنی سەرانی کوردایەتیی باڵادەستی هەرێم لە ناوەڕۆکدا پشتگیرییەکی شەرمنی لایەنێکی شەڕەنگێز و دوژمنکارە (ناتۆ و نازییە نۆێکانی ئۆکرانیا) لە شەڕێکی ترسناکدا، بەڵام داواکردنی کۆتایی هێنان بە کارەساتی ئینسانیی جەنگ لە ئۆکرانیادا و بادانیان بەلای پشتگیریی بەرگرتن بە شکاندنی نۆرمی پەیوەندییە جیهانییە هاوچەرخەکان، هەڵوێستێکی پێشکەوتوو ترە لە کۆی هەڵوێستی نزیکەی 100 ساڵی بزوتنەوەی کوردایەتی لەم بوارەدا. ماوەتەوە ئەوەی بۆ ئۆکرانیای داوا دەکەن ببێت بە قیبلەنمای هەڵوێستیان لە دۆزی گەلەکەی خۆشیاندا.

هەروەها قڵپ بوونەوەی بیرکردنەوەی ئەو لایەنە خۆ بە چەپزانەی کوردیش لە پرۆ-پوتینەوە بۆ عەقلانییەتی دژە جەنگ،  لە ناوەڕۆکدا و، گەر هەڵوێستێکی کاتی و هەلپەرستانە نەبێت و، هەڵقوڵاوی بەخۆداچوونەوەیەکی راستگۆ بێت، ئەوا هەنگاوێکە کە شایستەی دەستخۆشییە. جەنگی ئۆکرانیا زەنگێکی وریاکەرەوەیە بۆ هەموو جیهان. هیوادارم بۆ ئێمەی داماویش وا بێت.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×