سەرەتایەکی پێویست
کەرتی خزمەتگوزاریی پەیوەندی کردن (الاتصالات) لە عێراقدا لەلایەن چەند کۆمپانیایەکی زەبەلاحەوە قۆرغ کراوە و، ئەم قۆرغکارییەش بە فەرمی لەلایەن دەسەڵاتی مەدەنیی هاوپەیمانان (لەدوای داگیر کردنی عێراقەوە) وپاشان لەلایەن دەوڵەتی عێراقەوە زامن کراوە. سروشتی ئەم قۆرغکاریی کەمینەیەش بە جۆرێکە کە رەنگە باس کردنی خراپیی هەر یەکێکیان، بە پڕۆپاگەدە بۆ رکابەرەکانی حیساب بکرێت. لە بەر ئەوە، لە سەرەتاوە، دەمەوێت ئەوە بڵێم ئەگەرچی ئەم وتارە تیشک دەخاتە سەر کێشە زۆرەکانی کۆمپانیای کۆڕەک تێلێکۆم لە دادگای وڵاتان و دادگا و دەزگا ناوبژیوانییە نێودەوڵەتییەکاندا، بەڵام مەبەست لەم وتارە ئەوەیە کە شیوەی کارکردنی ئەم کۆمپانیایە وەک دەروازەیەک بەکار بێنم بۆ باسکردنی پەیوندیی کۆمپانیای دەسەڵاتدارانی چەکبەدەستی عێراق بە دامودەزگا حکومییەکانی هەرێم و مەرکەزەوە و، بۆ روونکردنەوەی کاری ئەم پەیوەندییە لەسەر شێوازی تێگەیشتنیان بۆ (و هەڵسوکەوتیان لەگەڵ) یاسا و رێکەوتننامە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکان.
بە کورتی:کۆڕەک بۆتە کەری دێز!
کورد دەڵێن: کەری دێز مەرگی خۆی و، زەرەری ساحێبی دەوێت. لەکەس شاراوە نییە کە کۆمپانیای کۆڕەک تێلێکۆم ماوەی چەند ساڵێکە لە قەیرانێکی قووڵی دارایی و یاساییدایە. رەنگە ئاشکراترین و ئاسانترین بەشی ئەم قەیرانەی ئەوە بێت کە، لەسەر نەدانی پارەی ئیجازە و باجی وەرگیراو بە بڕی 800 ملیۆن دۆلار، لە 30/8/2022 ەوە، حکومەتی عێراق ئیجازەی پەیوەندیکردنی بەشدارانی کۆرەک تێلیکۆمی بە تۆڕەکانی دیکەی ناو وڵات و دەرەوەی وڵات هەڵوەشاندۆتەوەو رێگە نادات ئەم کۆمپانیایە سیمکارتی نوێ بفرۆشێت. هەرچەندە ئەمە بۆ خۆی جۆرێکە لە حوکمی مەرگ کە بەسەر هەر کۆمپانیایەکی پەیوەندیکردندا بدرێت، بەڵام لە بەرامبەر کێشەکانی دیکەی کۆمپانیاکە و لە بەرامبەر ئەو کارەساتە داراییەی کە بەسەر خۆی و هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقیدا هێناوە، ئەمە هێشتا تەنها بەشە سەرئاوکەوتووەکەی ئەو شاخە بەفرینەیە.
ماوەی چەند ساڵێکە ئەم کۆمپانیایە لە دادگایەکی نێودەوڵەتییەوە دەردەچێت و دەکرێت بەدادگایەکی دیدا و، بە خۆیشیەوە حکومەتی هەرێم و عێراقیش پەلکێش دەکرێن بۆ ئەو دادگا جۆراوجۆرانە.
ساڵی 2017، کۆمپانیایەکی کوێتی بە ناوی (ئەجیڵیتی)، لەسەر کێشەی لەگەڵ کۆڕەک تێلیکۆم، عێراقی پەلکێش کرد بۆ (سەنتەری نێودەوڵەتی بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی وەبەرهێنان)، کە دەزگایەکی دادوەری/ ناوبژیوانیی نێودەوڵەتییە. ئەم کۆمپانیایە، لەسەر کێشەیەک کە لەم وتارەدا، بەکورتی، هەوڵی روونکردنەوەی دەدەم، داوای بڕی قەرەبووی 380 ملیۆن دۆلاری لە عێراق کرد. ئەم پڕۆسەیە 7 ساڵی پێچوو تاگەیشتە ئەنجامی بەرایی لە بەرژەوەندیی عێراق، کەچی لەم رۆژانەدا لە رۆژنامەیەکی عێراقیدا هەواڵ بڵاوبۆوە کە کۆمپانیا کوێتییەکە لە تەمییزدا چانسی سەرلەنوێ دادگایی/ناوبژیوانیی بردۆتەوە و هێشتا عێراق بە تەواوەتی لەژێر باری مەترسیی لەدەستدانی ئەو 380 ملیۆن دۆلارە نەهاتۆتە دەرێ. لە هەمان کاتدا کۆمپانیایەکی فەرەنسی بە ناوی ئۆرانج کە هاوپشکە لە کۆڕەک دا، ئەویش لە هەمان دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتیدا، لە سالی 2020ەوە بڕی قەرەبووی 500 ملیۆن دۆلار، لەسەر هەمان کێشە، لە عێراق داوا دەکات و هێشتا پرۆسەی دادگاییەکە بە شێوەیەکی بەرایی یەکلا نەبۆتەوە.
دووساڵ لەمەوبەریش، ئەجیڵیتی، لەسەر هەمان کێشەی لەگەڵ کۆڕەک تێلیکۆمدا، حکومەتی هەرێمی کوردستانی پەلکێشی دادگای دەوڵەتی کوێت کردو، لە 19/4/2022، لە دادگای تەمییزی کوێتی نزیکەی نیو ملیار دۆلاری، بەشێوەیەکی کۆتایی، لە حکومەتی هەرێم بردەوە. بە پێی بڕیاری دادگا، ساڵانە 7% سوود دەچێتە سەر بڕی ئەو سزایە و، تا ئەو رۆژەی حکومەتی هەرێم بڕی ئەو پارەیە بە سوودی کەڵەکەبووەوە بە تەواوەتی دەدات، ئەمە مێکانیزمە بەردوام دەبێت.
پاش ئەوە، کۆڕەک تێلیکۆم خۆی، یان راستتر بڵێین خاوەن پشکە کوردەکانی کۆڕەک، لە مارس ی 2023، لە دادگایی بەرایی بازرگانیی نێودەڵەتی زیاد لە 1.6 ملیار دۆلاریان، بەرامبەر هەمان کۆمپانیای کوێتی و فەرەنسیی هاوپشکیان، دۆڕاند و چاوەڕوان دەکرێت ئەو بڕیارەش بەم زووانە ببێت بە بڕیارێکی کۆتایی.
واتە شەریکەبەشە کوردەکانی کۆڕەک تێلیکۆم جگە لەوەی خۆیان نزیکەی 1.6 ملیار دۆلاریان دۆڕاندووە و، هەر خۆیشیان 800 ملیۆن دۆلار قەرزاری حکومەتی عێراقن، لەپاڵ ئەمەشدا بوونەتە مایەی دۆڕان و قەرزاربارکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە لانی کەم 500 ملیۆن دۆلار و، رەنگە ببنە مایەی لەدەستدانی 880 ملیۆن دۆلار لەلایەن حکومەتی عێراقەوە.
ئەم زانیارییانە لە ئاژانسەکانی هەواڵی جیهان و لە سایتی کۆمپانیا هاوپشکەکان و لە داتابەیسی کەیسی دادگا جیاجیاکانیشدا (لە بەشی زانیارییە ناسراوەکانی ئە کەیسانەدا، واتە ئەو بەشەی هیچ لایەکی کەیسەکان نکۆڵییان لێی نییە) هەیە و، هەرکەسێک بیەوێت بیانبینێت، لەو سەرچاوانەوە بەردەستن.
سەرچاوەی کێشەکە چییە و چۆن ئەم هەموو پارەی سزایەی لێ کەوتۆتەوە؟
ساڵی 2007 کۆمپانیای کۆڕەک (کە ساڵی 2000 لە هەرێمی کوردستان دامەزرابوو) ئیجازەی کارکردنی وەک کۆمپانیای تێلێکۆم لە عێراقدا وەرگرت. لە هەمان ساڵدا کۆمپانیای ئەجیلیتی لەڕیی یەکێک لە دامەزراوەکانییەوە بڕی 250 ملیۆن دۆلاری دا بە کۆڕەک بە قەرز بۆ ئەوەی کۆڕەک بتوانێت بەشی دووەمی پارەی ئیجازەی قۆرغکاریی کەمینەکەی بدات بە دەسەڵاتی ئیجازەدانی کەرتی پەیوەندیکردن لە عێراقدا. ئەو قەرزە بە جۆرێک داڕێژرابوو کە مافی گۆڕینی قەرزەکە بە پشک لە کۆمپانیاکەدا دەدات بە ئەجیلیتی. واتە بەپێی گرێبەستی قەرزەکە گەر کۆڕەک سەرکەتوو نەبوو، ئەوا قەرزەکەی قەرزە و پارەیە کە دەبێت بیداتەوە. بەڵام ئەگەر سەرکەوتوو بوو، ئەوا هەرکاتێک ئەجیلیتی ویستی، دەتوانێت قەرزەکەی بکات بە پشک لە کۆڕەکدا…
ئەی چی وا لە کۆمپانیایەکی وەکو ئەجیڵیتی دەکات قەرزێکی وا زەبەلاح بە کۆمپانیایەک بدات کە ئەو کاتە تەنها ٧ ساڵ بوو دامەزرابوو و، پارەی ئیجازە کڕینی قۆرغکاریشی نەبوو؟ بێ گۆمان زیرەکی و لێهانتوویی و بەژن و باڵای عەرعەریی خاوەنەکەی نەبوو، بەڵکو داخڵبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ زامنکردنی قەرزەکە. بەپێی دەقی رێکەوتننامەی قەرزەکە زامنکارییەکەی حکومەتی هەرێم "زەمانکارییەکی کۆتایی(بوو)، بە هاوبەشی یان بەجیا و، بە شێوەیەک کە قابیلی هەڵوەشاندنەوە نییە، بۆ دانی هەموو بڕی بنەڕەتی قەرزەکە لەگەڵهەموو بڕی سوودی کەڵەکە بوو لە هەر ئان و ساتێکدا کە کۆمپانیای ئەجیلیتی داوای بکات".
ئەی باشە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆچی دارایی گشتی هەرێمی خستە ژێر باری زامنکردنی قەرزی کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەتی تازە هەڵتۆقیو؟ ئەمەیان بێ گومان لەبەر بەژن و باڵای عەرعەریی خاوەنەکەی و لەبەر "ئەمنی قەومی"ی "میللەتی کورد" بوو. وا نییە؟
ساڵی 2011 لەسەر داوای کۆڕەک تێلیکۆم و بەمەبەستی فراوانکردنی کارو چالاکییەکانیان، قەرزێکی هاوبەشی ئەجیلیتی و کۆمپانیای ئۆرزانج ی فەرەنسی بە بڕی 810 ملیۆن دۆلار درا بە کۆڕەک لە بریی 44% ی خاوەندارێتی لە کۆڕەک. ئەمە لەپاڵ بڕی 285ملیۆن دۆلار وەک قەرزی خاوەن پشکە تازەکان بۆ کۆمپانیاکە. بۆ ئەم مەبەستەش هەرسێ لایەن، لەڕێی کۆمپانیای دامەزراو لەکێیمن ئایلاندز، لە دوبەی ستراکچەرێکی نۆێی خاوەندارێتییان بۆ کۆڕەک دامەزراند لە نێوان کوردەکان (خاوەنی 56% ی پشکەکان کە سێ کەسن و، ناسراوترینیان سیروان بارزانی ە کە 75% ی بەشی کوردەکان بەناویەوەیە)، وئۆرانج (خاوەنی 20.3%) و ئەجیڵیتی (خاوەنی 23.7%) . بەهۆی پێکهاتنیشیان لەسەر ئەو سترەکچەرە نوێیە، 162.5ملیۆن دۆلار وەکو قیستی ئیجازەی قۆرغکاری درا بە کۆمیسیۆنی سەرپەرشتی کەرتی پەیوەندیکردنی عێراق.
بێگومان ئەجیلیتی و ئۆرانج گێل نین و ئەمە یەکەم مامەڵەیان نەبووە لەگەڵ هاوشێوەی سیروان بارزانی. ئەوان بە هیوای ورەدە وردە قۆرغکرنی ئیدارەی کۆمپانیاکە هاتنە ناوەوە و پێویستیان بە قاوغە عێراقییەکەی کۆڕەک بوو بۆ ئەوەی ببنە خاوەن پشک لە بازاڕی پڕقازانجی پەیوەندیکردن لە عێراقدا. چونکە سترەکچەری قۆرغکارییەکەی ئەم بازاڕه بەجۆرێکە، بەم رێگەیە نەبێت ئەستەم دەبوو کۆنترۆڵی یەکێک لە سێ قۆرغکارە گەورەکانی کەرتی پەیوەندیکردنی عێراق بکەن. بۆ ئەم مەبەستە، یەکێک لە بەندەکانی ئەو رێکەوتننامەیەی دوبەی لە نێوان خاوەنە کوردەکان و هەردوو شەریکە بەشەکەیان، بریتی بوو لەوەی هەریەکێک لەو سێ لایەنە مافی بون بە خاوەنی 51% کۆمپانیا هاوبەشەکەی هەبێت.
لە کۆتایی هەمان ساڵدا خاوەن پشکە کوردەکانی کۆڕەک تێلێکۆم هاوپشکە نوێیەکانیان رازیکرد لەسەر ئەوەی قەرزی 110 ملیۆن دۆلار لە بانکی ئینتەرکۆنتینینتالی لوبنانی وەرگرن بە بڕی سوودی ساڵانەی نزیکەی (14%). ئەمەش بۆ خۆی سوودێکی زۆر و نائاساییە بۆ قەرزێکی وەها زەبەلاح، بەتایبەتی وەکو ئەجیڵیتی و ئۆرانج لە داواکەیاندا ئاماژەیان پێداوە، لە چوارچێوەی ئەم رێکەوتنەدا، قەرزی بانکە لوبنانییەکە خراوەتە پێش قەرزی خاوەن پشکەکان، لە مافی وەرگرتنەوەدا.
ئەجیلیتی و ئۆرانج، لە داواکانیاندا، دەڵێن خێرا بۆیان دەرکەوت کە رێکەوتنێکی ژێراوژێر لە نێوان سیروان بارزانی و بانکە لوبنانییەکەدا هەیە. نزیکەی 15% ی پارەی ئەو قەرزە لە هەژمارێکی تایبەتی سیروان بارزانی خۆەیەوە دەرچووە و، سیروان ژێراوژێر شەریکە بەشە لەگەڵ بانکەکەدا لەو سوودە زۆرەی کە دەبێت لە کۆڕەکی وەرگرن! پاش دواکەوتنی دانەوەی قەرزی بانکە لوبنانییەکەو، کێشە کەوتنە نێوان ئەوان و خاوەنپشکە کوردەکان، بانکە لوبنانییەکە ئەو پەیوەندییەی ئاشکراکرد. لەبەر ئەوە هەردوو شەریکە بەدبەختەکەی سیروان بارزانی لە ئەمریکا و لە لوبناندا بانکەکە و خاوەنە کوردەکانی کۆڕەک، بەتایبەتی سیروان بارزانی،یان داوە بە دادگای ناوبژیوانی.
هەر لە هەمان ساڵدا پشکی کوردەکان بە فەرمی لەلایەن دەسەڵاتی تۆماردکردنی کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستانەوە بە ناوە تازەکەیان (هۆڵدینی ئیماراتی نێودەوڵەتی)، وەک کۆمپانیایەکی ئیماراتی تۆمار کرد.
لە نیسانی ساڵی 2014 دا،کۆمپانیای ئۆرانج ی فەرەنسی بڕیاری دا مافی هەڵگرتنەوەی پشکەکان پیادە بکات و بە کۆی پشک و قەرزەکانی ببێت بە خاوەنی 51% ی کۆڕەک تێلیکۆم. لە ئەنجامی ئەوە کۆمیسیۆنی سەرپەرشتی کەرتی پەیوەندیکردنی عێراق کۆڕەک تێلیکۆمی ئاگادار کردەوە کە بەو پێیەی 51% خاوەندارێتیی کۆمپانیاکە عێراقی نییە، لەبەر ئەوە وەکو کۆمپانیایەکی عێراقی مامڵەی لەگەڵ ناکرێت و ئیجازە و باج و تیچوونی خزمەتگوزارییە حکومییەکانی بە نرخی جیاواز دەبێت کە کەمکردەنەوە بۆ عێراقییەکان نایگرێتەوە. لە هەمان کاتیشدا کۆمیسیۆن بڕیاری دا کە ئەرکەکانی ئەستۆی کۆڕەک بە یاسایی ئەنجام نەدراون و هەموو گۆڕانکارییەکانی رێکەوتننامەی دوبەی نێوان ئەجیلیتی و ئۆرانج و خاوەن پشکە کوردەکان و کۆمپانیا کەیمەن ئایلاندزی/ئیماراتییەکانیانی هەڵوەشاندەوە.
پێدەچێت ئەم بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ستراکچەری خاوەندارێتیی دوای رێککەوتنی دوبەی لەلایەن کۆمیسیۆنی سەرپەرشتیاری کەرتی پەیوەندیکردن، سەرەڕای رواڵەتی سزادانی کۆڕەک تێلێکۆم، بە شێوەیەکی گەندەڵکاری و بەبێدانانی رێ و شوێنی قەرەبوو کردنەوەی ئۆرانج و ئەجیڵیتی، یان کاراکردنەوەی گەرەنتییەکانی حکومەتی هەرێم بۆ یەکەمین قەرزی ئەجیڵیتی، درابێت. واتە لە رووکەشدا وەک ئەوە وایە بڕیاری خۆماڵیکردنی پشکە بیانییەکانی کۆڕەک تێلیکۆم بێت، کە ئەمەش زۆر دوورە لە شێوازی رەفتار و بیرکردنەوەی تەواوی دەسەڵاتی سیاسیی عێراق. بە واتایەکی دیکە بڕیارەکە جۆرێکە لە زڕەخۆماڵیکردن بۆ بەرژەوەندیی خاوەن پشکە کوردەکان، نەک کردن بە کەرتی گشتیی موڵکایەتیی کۆڕەک تێلێکۆم.
زۆری پێ نەچوو ئاشکرا بوو کە بەرتیلی کڕینی ڤیللا لە بەریتانیا بۆ کەسانی دەسترۆیشتووی ئەو دەسەڵاتە لەلایەن "خاوەن پشکە کوردەکان"ەوە لە پشت ئەم بڕیارەوەیە و دۆکۆمێنتەکانی ئەم ئاڵوگۆڕە بونەتە بەشێک لە بەڵگەکانی ئەجیلیتی لەبەردەم دادگای ناوبژیوانی دژی حکومەتی عێراق.
بەم بڕیارەی دەسەڵاتی سەرپەرشتی کەرتی پەیوەندیکردنی عێراق، بووە مایەی داواکاریی ئەجیڵیتی لە حکومەتی هەرێم کە ئەگەر گۆڕین بە پشکی قەرزەکەی هەڵوەشێنرابێتەوە، کەواتە دەبێت هەرێم بگەڕێتەوە وەک زامنکاری رەهای قەرزەکان و، داوای دانەوەی دەستبەجێی سەرجەم بڕی قەرزەکانی بۆ کۆڕەک و سوودی ئەو قەرزانەی لە حکومەتی هەرێم کرد. هەرچی ئۆرانجیشە بۆ ماوەیەکی زۆر هەوڵی ناوبژیوانی و گێڕانەوەی موڵکایەتیی 51% ی پشکەکان و لە پاڵیشیا مافی ئیدارەکردنی کۆڕەکی دەدا.
هەردوو خاوەن پشک و قەرزی سەرەکیی کۆڕەک، کە ئەجیڵیتی و ئۆرانج ن، رایانگەیاندووە لە دۆکۆمێنتەکانی دادگا جیاوازەکاندا کە لە ساڵی 2019 ەوە سیروان بارزانی و خاوەن پشکە کوردەکانی کۆڕەک تێلێکۆم، نە قەرز و نە سوود و نە قازانج و نە داهاتی پشکەکانیان، هیچیان بە هەردوو کۆمپانیای بەدبەخت نەداوە. عەرەب واتەنی مێگا بزنسە کوێتی و فەرەنسییەکان هاتن هاوپشکە کوردەکەیان بۆ ژەمی ئێوارە بخۆن، کەچی هاوپشکە کوردەکەیان لە ژەمی نیوەڕۆدا قووتی دان. بەڵام ئەوەی "بزنسمان"ە کوردەکان حسابیان بۆ نەکردبوو ئەوە بوو کە ئەمانە تۆپەڵە پاروویەکی دڕکاوین و ئێستە بەهۆی دەستڕۆیشتوویی و شارەزاییان لە سیستەمی یاسایی نێودەوڵەتیدا، لە بینەقاقای خاوەنە کوردەکاندا وەستاون، نە قووت دەدرێن و نە دێنە دەرەوە.
لەم فلیمە چی تێدەگەین؟
بزنسمانێکی کورد کە لە رێی ئاغایەتی بەسەر بەشێک لە کۆمەڵگای کوردستان و لەڕێی قەشمەری کردن بە بەهاکانی هاوڵاتی بوون و سەروەریی یاسا و ئازادیی ئابووری و بە عەقڵی دواکەوتووی خێڵەکی بۆتە ملیاردێرێکی خاوەن بزنس. بەڵام شێوازی ژیانی رێی پێنادات، بەپێی ئیلتیزامی یاسایی، باج و رسووم بدات و باجی موستەحەققی کۆکراوە، لە هاوڵاتییانەوە بۆ گەنجینەی گشتی، بداتەوە بە حکومەت…هەروا لەبەر ئەوەی بەوە فێرە کە بزنسی خۆیشی بە پرانسیپی دادۆشین بەڕێوە بەرێت، بۆیە داهاتی کۆمپانیا بۆ گیرفانی خۆی و قەرزەکانیشی بە پارەی خەڵکی دی دەدات. دەشزانێت چونکە دەسەڵاتی سیاسی بەرێوەبردنی هەرێم، بە دەست خۆی و قەوم و قیلیەوەیە، بۆیە کە قەرزی کرد، هەموو داهاتی گشتی هەرێم دەبێتە بارمتەی قەرزەکانی. وەکو خزمانی دەسەڵاتداری لە هەرێمدا فێرە، کە دەسەڵاتی ناوەند زەعیف بوو هەموو ئیلتیزامە یاساییەکانی خۆی بە مەرەکەبی سەر کاغەز و بێ قیمەت بزانێت، کە ناوەندیش بەهێز بوو هەوڵی گەندەڵاندن و کڕینی کارمەندی گشتی بە پارە بدات. چونکە ئەمە مونتەهای تێگەیشتنی خۆی و خزمانێتی بۆ چەمکی "ئیدارەدانی ململانێ".
زۆر دەمێکە ئاژانسەکانی هەواڵی بزنسی جیهانی باس لەوە دەکەن کە هەندێک لە گرانترین قەرزەکانی حکومەتی هەرێم لە جۆرێک کۆمپانیاوە بەدەست کەوتوون کە مۆدێلی بزنسەکەیان بریتییە لە شاردنەوەی سەرچاوەی راستەقینەی خاوەن قەرزەکان. پارەکە بەناوی ئەم جۆرە کۆمپانیایانەوە کۆدەکرێنەوە و دەدرێن بەو وڵات و قەوارە سیاسییانەی کە ئاستی گەندەڵی تێیاندا گەلێک بەرزە و خاوەن دەسەڵاتەکان تێیاندا لە حکومەت خۆی دەوڵەمەند ترن. زۆربەی جاریش دەرکەوتووە خاوەن پشکی سەرەکیی ئەو قەرزانە بنەماڵەی دەسەڵاتدارەکان خۆیانن. ئەگەر سیروان بارزنی وەک دۆکۆمەنتەکانی دادگاکان دەیسەلمێنن لەم جۆرە کاری قەرزی ژێراوژێر گلابێت، جێی خۆیەتی بپرسین چەندی ئەو قەرزە بێ حەد گرانانەی دراون بە حکومەتی هەرێم قەرزی ژێراوژێری ئەو و هاوشێوەکانی ئەون لەم هەرێمەدا.
تۆ نڵێیت تەنها ئەم "بزن' بێت؟
هاوشێوەکانی ئەم زاتە لە هەموو زۆنی دەرەبەگایەتییەکانی دیکەی عێراقدا هەن و رەنگە لەمیش دەوڵەمەندتر بن. هەندێکیان بازرگانی زەبەلاحیی ماددەی هۆشبەر و لەشفرۆشی و کڕین و فرۆشتنی ئینسانن و، بازرگانی چەک و تێرۆر و کاری سەربازیی لە دەرەوەی سنوورەکانی وڵاتیش دەکەن و، هەمووشیان وەک ئەم لە بنەماڵەی هێڵی سوورن (هەر یەکە بەپێی نەریتی باوی زۆنەکەی خۆی) و کەس بۆی نییە لە ئاستی ئەوان باسی یاسا و ماسا و شتی وا بکات. بۆیە جێی خۆیەتی بپرسین بۆچی تەنها ئەم وا لە ناو ئەو هەموو مەڕە پاشەڵ داپۆشراوانەدا بوو بە بزن و پاشەڵی وا دایم بە دەرەوەیە؟ رەنگە لەبەر ئەوەی ئەوانی دیکە لەگەڵ کەس و لایەنی بەینەلمیلەلی ئەوتۆ هەڵسوکەوت و شەریکایەتی دەکەن کە خۆیان قاچاغن و لە دادگا نێودەوڵەتییەکانی بزنسی جیهانی کاریان ناڕوات و لەو شوێنانە کێشەکانیان یەکلا ناکەنەوە. یان رەنگە لەبەر ئەوەی پارەی تاڵانکراوی بەردەستی ئەوانەی زۆنەکانی دیکە هێندە زۆربێت کە هێشتا خاوەن قەرزەکانیان هاواریان لێ هەڵنەستاوە. بەڵام هۆکارەکەی هەرچییەک بێت، ئەوانیش، وەک ئەم، هەر کەری دێزن و هەر بە دوای مەرگی خۆیان و زەرەری ساحێبیان دەگەڕێن. جا گەر هەر ئەم بایە لەم کونەوە بێت، ئەمڕۆ یان سبەی، زەرەری ساحێبی ئەمان، کە هەر ئێمەی گەلانی خێر نەدیوی عێراقین، گەلێک، لە زەرەری ئێستامان بەدەست ئاغاکەی لای خۆمان، رتسناکتر دەبێت.