وانەکانی ئەفغانستان… بۆ ئەوانەی عەقڵ میوانیانە!

ئالان م. نوری
  2021-09-22     673

 (3 لە 3)



وانەکانی بەشی یەکەم و دووەم:
وانەی یەکەم: شەڕی 20 ساڵەی ئەفغانستان ئەو هەموو ماوەیە بەردەوام نەدەبوو ئەگەر تێچوونی گیانیی هێزە نێودەوڵەتییەکان ئەوەندە کەم نەبوایە و ئەو پارەیەی بۆ بەردەوامی ئەو شەڕە تەرخان کرا ئەوەندە زۆر نەبوایە کە دامەزراندنی زیاد لە 300 هەزار بن دیواری ئەفغانی لە سوپا و هێزە ئەمنییەکاندا و گرێبەستی زەبەلاح بۆ کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتی بیانی لە بواری ئەمنی و لۆجستیدا لە ئەفغانستان و لەوەش زەبەلاحتر بۆ کۆمپانیاکانی دروستکردنی چەک و پێویستییە سەربازییەکان لەلایەن مۆڵگەی پیشەسازیی سەربازیی ئەمرییکا و ئەورووپای لی نەکەوتایەوە.
وانەی دووەم: توندڕەوی و بێڕەحمی و "عەدالەت" لە دابەشکردنی زوڵم و زۆر و تێکەڵکردنی دەمارگیریی خێڵەکی و نەتەوەیی و جێندەری لەگەڵ ئیمانداریدا، ئەگەرچی بەڵایەکی کەمتر بوو لە بەڵای باندە چەکدارەکانی دیکەی شەڕی ناوخۆی ئەفغانستان، بەڵام لە ناوەڕۆکدا دەستدرێژییەکی قێزەون بوو بۆ سەر کۆمەڵگا و بۆ سەر ئایین لە هەمان کاتدا. منداڵیی پڕ نەهامەتیی ئەنجامدەرانی هەرگیز نابێت بە پاساو بۆیان.
وانەی سێیەم: دژایەتیی تاڵیبان بۆ ئەمریکا، لەسەر بنەمای عەقیدەی ئایینی، خەیاڵێکە کە واقیع نایسەلمێنێت. تاڵیبان وەک هەموو بزوتنەوە (خۆچوێنەر بە فاشیزم)ەکانی جیهانی سێ‌، کە بێ ئەوەی ناچار بن توند و تیژن، قیبلەنمای عەقائیدی و سیاسییان تەنها تینوێتییە بۆ دەسەڵات و چی دی نا.
وانەی چوارەم: تاڵیبانی خۆچوێنەر بە فاشیزم و توندوتیژ بە بێ ناچاری، 20 ساڵ لەمەوپێش لای هێزە خاوەن تەئسیرەکان لە ئەمریکادا، وەک شەریکی پرۆژەیەکی ستراتیژی، قەبووڵ بوو، تەنها بە مەرجی ئەوەی  بیانتوانییایە کۆنترۆڵی هەموو ئەفغانستان بکەن… پێدەچێت لەمەودواش  ئەو بۆچوونە سەردێڕی هەڵوێستی ئەمریکا بێت بەرامبەر بە تاڵیبانی 2.0.
وانەی پێنجەم: لە رووی ئامانجە ستراتیژییەکانییەوە، ئەمریکا دەیتوانی خۆی لە داگیرکردنی ئەفغانستان لادات و دەست لەو هەموو کوشتار و وێرانکاری و تێچوونە ئابوورییانەی کە هەردوو گەلی ئەفغان و ئەمریکا دووچاری هاتن بپارێزێت، بە بێ ئەوەی هیچکام لە ئامانجە بانگەشە بۆکراوەکانی پشتگوێ بخات، تەنانەت ئەگەر بڕوا بکەین بە نیگەرانیی ئیدارەی ئەمریکا لە پێشێلکارییەکانی تاڵیبان بۆ مافی مرۆڤ بە گشتی و، مافی ئافرەتان بە تایبەتی، و رەواندنەوەیی ئەم نیگەرانییەش وەک ئامانجێکی ستراتیژیی ئەوکاتی ئەمریکا دابنێین، ئەوا تاڵیبان، کە ئامادە بوون هەموو شتێک بکەن لە پێناوی رەزامەندیی ئەمریکادا، لەلایان شتێکی قورس نەبوو کە "بۆیان دەرکەوێت" مەزهەبی فەرمییان مەزهەبی (حەنەفی) ە و. مەزهەبەکەیان ناگونجێت لەگەڵ‌زۆربەی ئەو نەریتە خێڵەکییانەی کە خۆیان بەرگی قەداسەتی ئایینییان بە بەردا کردوون.
وانەی شەشەم: داگیرکردنی ئەفغانستان، پاشان عێراق، لە لایەن ئەمریکاوە، دابڕانێکی ترسناکە لەو رێباز و تێڕوانینەی بۆ بەرپەرسیاریی، وەک هێزێکی داگیرکەر، لە هەردوو جەنگی جیهانیی یەکەم و دووەمدا، بۆخۆی نەخشاندبوو. ئەم دابڕانە لەسەر بنەمای بڕوابوون بە مێکانیزمە "سیحرئامێز"ەکانی چەمکی "ئازادیی ئابووری"یە، لە جۆرە کۆمەڵگایەکدا کە دەسەڵاتداران تێیاندا باندی چەکدارن و دوژمنن بە بیرۆکەی ملکەچیی هەموان بۆ یاسا.
وانەی حەوتەم: هەڵگەڕانەوەی ئەمریکا لە چەمکی داگیرکاریی بەرپرس لە بونیادنانی دەوڵەت و دێمۆکراسی لە جوگرافیا داگیرکراوەکاندا، بەندە بە کوودەتایەکی فیکری لە فەلسەفەی ئابووریی حکومەتی ئەمریکادا، کە لە سەردەمی سەرۆکایەتیی رۆناڵد رێیگن ەوە دەستی پێکرد. لەو کاتەوە دەسەڵاتدارانی ئەمریکا دەوڵەت خۆی بە کێشە دادەنێن و کارەکانی بە بەفیڕۆدانی سەرچاوە ئابوورییەکان دەزانن، تەنها کاتێک نەبێت کە واز لە ئەرکەکانی بەرامبەر کۆمەڵگا بێنێت و، لە ئاراستەکردنی ئابووری بگەڕێ و، ببێتە خزمەتکاری قۆرغکارە گەورەکان و، لە کۆت و بەندی دێمۆکراسی رزگاریان بکات!
وانەی هەشتەم: ئەم ئاراستەیەی لە هەشتاکانەوە باوە، مایەی خۆشحاڵیی مۆڵگای پیشەسازیی سەربازیی ئەمریکایە، چونکە بە هۆیەوە زۆربەی بودجەی جەنگ و داگیرکاریی سەربازی بەرەو کڕینی کاڵاکانی ئەوان دەچێت و قازانجیان هێندەی تر زیاد دەکات، تەنها شتێک کە مابێت مسۆگەری بکەن ئەوەیە کە ژمارەی قوربانیان لە سوپای فەرمی ئەمریکا کەم بکەنەوە، بۆ ئەوەی باسی کێشانەوەی هێز لە بیر خەڵک ببرێتەوە و بودجەی شەڕ‌ کەم نەکرێتەوە. جەنگ و داگیرکارییەکی لەم جۆرە بۆ ئەوان تا درێژتر بخایەنێت خێری زیادترە. لە ئەفغانستانیشدا 20 ساڵیان بەم جۆرە راکێشا!

کێ ئەفغانستانی رادەستی تاڵیبان کردەوە؟
لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەوادارانی مەیلی ئەمریکا بۆ میلیتاریزم و دەستێوەردانی سەربازیی راستەوخۆ،زۆرن. سەرەکیترینی ئەم هەوادارانە ئەو چینە کۆمەڵایەتییانەن کە لەم ناوچەیەدا باڵادەستن. ئەوان لەم مەیلەی ئەمریکادا گەرەنتیی مانەوەی خۆیان لە دەسەڵاتدا دەبیننەوە. مانەوەیەک کە لە جیهانێکی روو لە گۆڕاندا، ناچاری هیچ تەنازولیێکی سیاسییان نەکات بۆ کۆمەڵگا مەدەنییە گەنجەکەی وڵاتەکانیان، ئەوانەی تینووی گەشەی کۆمەڵایەتی و دێمۆکراسین. چونکە هیچ شتێک، بە ئەندازەی کەش و هەوای شەڕ و هەرەشەی سەربازی، تەگەرە ناخاتە بەردەم وەدەستهێنانی شایستەکانی گەشەی کۆمەڵایەتی و دێمۆکراسی لەم وڵاتانەدا. ئەوجا کاتێک بارگرژیی سەربازی دێتە ئاراوە، لێهاتوویی سیاسەتمەدارانی باڵادەست بە بەدیهێنانی گەشەی کۆمەڵایەتی و دێمۆکراسی ناپێورێت، بەڵکو بە رادەی توانایان بۆ پاڵنان بە مەیلی شەڕانگێزیی ئەمریکا بۆ گۆڕەپانێک کە ئەوان دیاریی بکەن و ماشێنە کاولکارییەکەی ئەمریکا ناچار بکەن، یان بە ناسکی ئاراستەی بکەن، بۆ ئەو ناوچانەی کە ئەمان دەیانەوێت. چینە دەسەڵاتدارەکانی ئێرانی ناحەزی ئەمریکا و سوعوودییەی هەواداری ئەمریکا، بۆ نموونە، هەردووکیان بە هەمان لۆژیک ئەو شەڕانگێزییەی ئەمریکا بە قازانجی خۆیان، لە ناوچەکەدا، دەسووڕێنن.
لای زۆربەی ناوەندە میللی و فەرمییەکانی وڵاتانی ئەم ناوچەیە خورافەیەک زاڵە کە دەڵێت: "بەدەر لەوەی کێ لە کۆشکی سپیدایە و لە دەسەڵاتدایە لە ئەمریکا، سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا نەگۆڕە"، بەڵام چینە دەسەڵاتدارەکانی ناوچەکە، ئەوانەی سوودمەندن لە مەیلی شەڕانگێزیی ئەمریکا، ئەوان باش دەزانن کە لە هاندانی ئەو شەڕانگێزییەدا بۆ بەرژەوەدییەکانی خۆیان، لەگەڵ دەسەڵاتی کۆمارییەکانی ئەمریکادا ئامانجەکانیان بە ئاسانتر دێتە دی. هەر بۆیە بە درێژایی ئەم 20 ساڵەی تێپەڕین، وڵاتانی وەکو ئیمارات و ئیسرائیل بە شیوەیەکی ئاشکرا و بێ هاوتا لە رابوردوودا، دەست لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا وەردەدەن و بە زەقی توانا دارایی و لۆجستی و ئیستیخبارییەکانیان دەخەنە خزمەتی سەرخستنی کۆمارییەکان!
ئەمەش تەفسیری ئەو دیاردەیە دەکات کە میدیای زاڵی ئەم ناوچەیە، هاودەنگی پارتی کۆماریی ئەمریکان لەو گوتارەی کە دەڵێت:‌ ئیدارەی کۆمارییەکان هێزی سەربازی دێننە ناوچەکە، بەڵام دێمۆکراتە "لەرزۆکەکان" لە ناوچەکە دەیانکێشنەوە. بە هەڵهاتن و کێشانەوەی هێزیش لە ناوچەکە، دەبنە هۆی دروستکردنی بۆشایی ئەمنیی گەورەی ئەوتۆ کە تێرۆریستانی ناوچەکە پڕی دەکەنەوە"
بانگەشەکەران بۆ ئەم بیرۆکەیە، پشت بەوە دەبەستن کە بیرەوەریی کوێگرانیان کورتخایەنە، دەنا راستە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و دەوروتەسلیمیان لەگەڵ‌دەسەڵاتدارانی نوێێ عێراق، لەگەڵ هاتنە سەرکاری (باراک ئۆباما)ی دێمۆکرات لە ساڵی 2009 دا دەستی پێکرد، بەڵام ئەوە بەپێی رێکەوتننامەی نێوان (جۆرج بوش) ی کۆماری لەگەڵ‌سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عێراق، کە ساڵێک پێش ئەوە مۆرکرا، روویدا. هەروەها کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستانیش ئەمساڵ روویدا، بەڵام بەپێێ رێکەوتننامەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ، (مایک پەمپێیۆ) و نوێنەری بزوتنەوەی تاڵیبان لە دۆحەی قەتەر، لە شوباتی 2020 دا بوو.
لەم رێککەوتننامەیەدا، هەر وەک لە رێککەوتننامەکەی عێراقدا، سەرۆکە دێمۆکراتەکانی ئەمریکا، ئۆبامای ئەوسا و بایدنی ئێستا، کە هاتنە سەرکار، جگە لە رازی بوون بە جێبەجێکردنی رێککەوتننامەکان، کە کۆمارییەکانی پێش خۆیان دایانڕشتبوو، بژاردەیەکی ستراتیژیی دیکەی قابیلی قەبوڵیان لەبەردەمدا نەبوو. خەڵک خێرا بیری چۆوە  کە بوش رێكکەوتنەکەی عێراقی کرد، چونکە بوش خۆی زۆر بە بێدەنگی و، بێ هەڵاو بگیری ئیعلامی، ئەنجامی دا. بەڵام رێککەوتننامەکەی ترامپ وا نەبوو، ئەو تا دوای دۆڕاندنییشی لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا،  لە پرۆپاگەندە بۆ رێککەوتننامە "مێژوویی"ەکە نەوەستا. لە دەیان فێستیڤاڵی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا، لەسەر تەلەفزیۆن خۆی بەو رێککەوتننامەیەوە با دەدا. پاش ئەوەی دۆڕا و، بایدن  6ملیۆن دەنگی لەو زیاتر هێنا و، بە ناچاری کۆشکی سپیی جێهێشت، بەردەوام بوو لە کۆڕ و کۆبوونەوەکان کە تێیاندا شانازیی بەوەوە دەکرد گوایە بە جۆرێک رێککەوتننامەکەی داڕشتووە، کە بایدن یبشیەوێت، ناتوانێت خۆی لێ بدزێتەوە!
پاش ئەوەی کە هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان کشانەوە، حزبی کۆماری، کە سەرۆکە "تاقانە"کەی ئەندازیاری هەموو پرۆسەکە بوو، زۆر زەحمەتە بۆی کە بتوانێت ئەوەی ئێستە ناوی دەنێت "شکست" بیکاتە ملی سەرۆکی نوێ، (جۆ بایدن) ەوەو.

رێککەوتنە بێهاوتاکەی ترامپ لەگەڵ تاڵیباندا
بە بەراورد بە ناوەڕۆکە سەرپێی و تاکڕەوییەکەی رێککەوتنی ترامپ، لە یەک گفتوگۆی تەلەفۆنیدا، لەگەڵ‌ ئۆردوغانی سەرۆکی تورکیا، کە لە ئاکامیدا سوپای ئەمریکا لە بەشێکی فراوانی ناوچە کوردنشینەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سوریا کشانەوە، بڕیاری گفتوگۆ لەگەڵ‌تاڵیبان و کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان بە هەماهەنگی بوو لەگەڵ کابینەکەی، بە تایبەتی لەگەڵ‌مایک پەمپێیۆ، وەزیری دەروەی ترامپ و یەکێک لە کاندیدە چاوەڕوانکراوەکان بۆ پێشبڕکێ لەسەر سەرۆکایەتی ئەمریکا لە خولی داهاتووی هەڵبژاردندا.
ئەم رێککەوتنەی ترامپ/پەمپێیۆ لەگەڵ‌تاڵیباندا، رەنگدانەوەیەکی گرنگی تێڕوانینەکانی فێرژنی زاڵی "ترامپێنراو"ی پارتی کۆماریی ئەمریکایە، کە مێژووی دانوستان و رێککەونەکانی پێشووی ئەمریکای هەموو فەرامۆش کرد و بە شێوەیەکی بنەڕەتی جیاواز بوو لێیان.
ترامپ و پومپێیۆ رازی بوون گفتوگۆ بکەن لەگەڵ تاڵیباندا بێ ئەوەی "حکومەتی ئەفغانی" بە هیچ شێوەیەک بەشدارپێبکەن، یان تەنانەت گەرەنتیی بەشدارپێکردنیان لە داهاتوودا لە تاڵیبان وەرگرن. ئەمە بە تەواوی بەڕەی لە ژێر پێی ئەو حکومەتدا راکێشا کە چەند تریلیۆن دۆلارێکیان سەرفکرد بە ئامانجی ئەوی لای رای گشتی جیهان و ناوخۆی ئەفغانستان بە حکومەتێکی دێمۆکراتی و هەڵبژێردراوی گەل بیناسێنن. ئەم ڤێرژنەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا، بە دوورخستنەوەی حکومەتەکەی کابوڵ، پێش دەستپێکردنی شەڕ، چانسی خۆڕاگریی لە بەرامبەر تاڵیبان فرە کەم کردەوە.
ڕێککەوتن لەسەر راگرتنی چالاکییە سەربازییەکان تەنها لە نێوان ئەمریکا و تاڵیبان بوو و حکومەتەکی کابوڵی نەگرتەوە. ئەمەش تاڵیبانی دەستکراوەکرد کە شەڕ بەردەوام بکات بێ ترس لە هەڵوێستی هێزەکانی ئەمریکا کە هێشتا لە ئەفغانستان بوون.
سەرتاپای خاڵەکانی رێککەوتنەکە، بۆ هەر کەسێک بیخوێنێتەوە، لەوە دەچێت کە ئەمریکا تاڵیبان بە دەسەڵاتی دەوڵەت لە ئەفغانستاندا بناسێت و باس لە ئیلتیزاماتی وەک دەوڵەتێک لە کاتێکدا دەکات،کە حکومەتەکانی هەموو جیهان دامودەزگاکانی کابوڵیان بە دەوڵەت لە ئەفغانستاندا دەناسی.
هاوکات لەگەڵ‌نەبوونی رێککەوتنی سەرتاسەری بۆ راگرتنی کاری سەربازی لە هەموو ئەفغانستاندا، بەپێی رێککەوتننامەکە، حکومەتی ئەمریکا رازی بوو زیاد لە هەزار کادێری سەربازی و سەرکردایەتیی تاڵیبان ئازاد بکات و، بێ رێگری و بێ مەرج، رەوانەی هێزە چەکدارەکانی تاڵیبانیان بکاتەەوە، ئەم پرۆسەیە مانگی ئەیلولی ساڵی رابوردوو ئەنجام درا.
ئەوەی ترسناکە لە هەڵوێستی ئەم ڤێرژنە ترامپیێنراوەی پارتی کۆماری ئەوەیە، کە بە کردەوە ئەمریکا لە ژێر دەسەڵاتی ئەواندا، سەلماندی کە  دەستبەرداری پاڵپشتییە شکڵییەکەی دەبێت بۆ ئەو حکومەتانەی کە خۆی بە دێمۆکراتی لە قەڵەمیان دەدات وفشار لەسەر ئەو حکومەتانە هەڵدەگرێت کە خودی خۆی بە دژە دێمۆکراسی ناویان دەبات، ئەمە لە کاتێکدا کە تا ئەم رێککەوتننامەیە، گوتاری (پاڵپشتی لە برەوپێدانی دێمۆکراسی لە جیهاندا) کۆڵەکەی سەرەکیی خۆناساندنی ئەمریکا بوو، هیچ نەبێت بۆ رای گشتی خۆی.
ئامانجی ترامپ ئەوەبوو کە هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان، مانگێک پێش رۆژی هەڵبژاردنی ناوخۆی ئەمریکا بکشێنێتەوە. ئەو دەیزانی کە کشاندنەوەی ئەو هێزانە خواستێکی  20 ساڵ دۆخراوی زۆربەی دەنگدەرانی ئەمریکایە. بەڵام مەبەستی ئەوە نەبوو کە سەربازە ماندوووەکانی ئەمریکا بگەڕێنێتەوە باوەشی خێزانەکانیان، بەڵکو دەیویست بیانباتە سەر سنووری مەکسیک بۆ رازیکردنی هێزو لایەنە فاشستی و رەگەزپەرستەکانی دژ بە کۆچبەران لە ئەمریکادا، ئەوانەی پێگەی سیاسیی راستەقینەی ترامپن، تا هانیان بدات دەنگی بۆ کۆبکەنەوە.
ترامپ چەمکی (لایەنگریی دێمۆکراسی و وەرچەرخان بەرەو دێمۆکراسی)ی، تەنانەت ئەگەر بە شێوەیەکی شکڵیش بێت، بە کات بەفیڕودان دەزانی و، پێی وابوو دەتوانێت ئاسانتر لەگەڵ‌ سەرکردەی ئەو وڵاتانەدا بسازێت کە بە بۆچوونی رەسمیی ئەمریکا ستەمکارن. دەوڵەتی تاڵیبانیش، لە داهاتوودا، زۆر لەگەڵ‌ ئەو جیهانبینییەی ترامپ گونجاو بوو!
جۆ بایدن لە گوتارێکی پەخشکراودا روونی کردەوە کە ئەگەر ئەو رێککەوتننامەکەی رەت بکردایەوە، مانای وابوو دەبوا شەڕی سەرلەنوێ دەست پێبکردایەتەوە لەگەڵ‌تاڵیباندا، لە جێی کشانەوە، دەبوا هێزی زیاتری بناردایە بۆ شەڕێک کە دەمێکە ئەمریکییەکان بە بێهودەی دەزانن، ئەمەش لە کاتێکدا،  کە لە ئەنجامی ئەو رێککەوتنە، تاڵیبان شەڕی سایکۆلۆژیی، پێش شەڕی فیعلیی، لە حکومەتی کابوڵ بردبۆوە. بایدن رایگەیاند کە ئەو هەوڵی ئەوەی دا چانسی ئەوە بدات بە حکومەتی کابوڵ کە کورسییەکی هەبێت لە دانوستانی داهاتووی چارەنووسی ئەفغانستاندا، هەر لەبەر ئەوەش بۆ سێ مانگ کێشانەوەی هێزەکانی ئەمریکای ، لەو وادەیەی کە بەپێی رێککەوتننامەکە دیاری کرابوو، دواخست. بەڵام هەوڵەکەی بێ‌هودە بوو، چونکە تا کاتی کشانەوە هات، هێزە حکومییەکان ویستی شەڕکردنیان لە بەرامبەر تاڵیبان لەدەست دابوو.

کەواتە ئایا ئەفغانستان ڤێتنامێکی دیکەیە لە یادەوەریی ئەمریکادا؟
هیچ خاوەن مێشکێک کە راستییەکانی لەبەردەستدا بێت، ناتوانێت وا بڵێت. لە رووی ستراتیژییەوە، ئەمریکا لە شەڕێک لە ئەفغانستان هاتە دەرەوە کە زیانی گیانیی مانگانەی بە تێکڕا لە 12 سەرباز زیادتر نەبوو، لە ڤێتنامدا مانگانە 20 ئەوەندەی ئەفغانستان سەربازی لێ دەکوژرا. لە ڤێتنام دەرچوونی ئەمریکا یەکسان بوو بە کۆتایی دەستوەردانی سەربازیی لەو وڵاتەدا.، بەڵام لە ئەفغانستان تا ئێستا و تا مەودایەکی بینراو، ئاسمانی ئەفغانستانی کۆنترۆڵ کردووە و، بە نیازە لە کاری سەربازی لە ئاسمانەوە بەردەوام بێت و، چاوەڕوانی ئەوەشە کە تاڵیبان هاوکاریی بکەن و، گفتیشیان داوە هاوکاریی بکەن، لە دژی رێکخراوی  دەوڵەتی ئیسلامی لە خوراسان. ئەمریکا لە کاتێکدا لە ئەفغانستان هاتۆتە دەرەوە کە هاوشان لەگەڵ‌ئەودا، هەموو جیهان خەریکی فشارن، تا تاڵیبان ناچار بکەن وێنەیەکی جیاواز لە 20 ساڵ لەمەو پێشی شێوازی حوکمی پیشان بدات. کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئامڕازی فشاری تاقەتپڕووکێنی لەبەردەستدایە بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە. تاڵیبان ئێستە تەنها 1/1000 ی ئەو سەرچاوە داراییانەی لەبەر دەستدایە کە بۆ حکومەتی هەڵوەشاوەی کابول بەردەست بوون. کۆمەڵگای نێودەوڵەتی داوای گارەنتیی (حسن السیر و السلوک) لە تاڵیبان دەکات تا بە شێوەیەکی تەدریجی ئەو سەرچاوە داراییانە ئازاد بکات. تاڵیبانیش لەوە گەیشتووە کە شێوازی حوکمی پێشووی بۆ ناچێتە سەر بێ ئەوەی سەرلەنوێ خۆی لە کەنارگیرییەکی گەلێک خنکێنەرتر، لە چاو 20 ساڵ لەمەو پێش، ببینێتەوە. جگە لەوە کۆمەڵگای ئەفغانستانیش، تەنانەت ئەگەر تەنها لەسەر ئاستی بەکار بردن و کواڵیتی ژیان، بارودۆخی خۆی لێکبداتەوە، ناتوانێت جارێکی دیکە بگەڕێتەوە بۆ برسێتی و زەلیلی وداپچڕاوی لە دونیای 20 ساڵ لەمەوپێش.

ئایا تاڵیبان توانای کاژ فڕێدان و گۆڕانیان هەیە، بەو شێوەیەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەیخوازێت؟
لێرەدا دەکرێت بەراورد کردن بە عێراق مەرجیعێکی چاکی وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە بێت. عێراقیش رێکخراوێکی خوێنڕێژی خۆچوێنەر بە فاشیزمی دوو جار تاقی کردەوە، کە رێکخراوی حزبی بەعس بوو، لە ساڵی 1963 و دوای ئەوە لە 1968ەوە تا 2003. لە رووی بەراوردیشەوە لێرە تەنها جێی ئەوە دەبێتەوە بڵێین لەهەر خافڵبوونێکی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی یان شل بوونی لەو ستانداردەی کە بۆ لانی کەمی حوکمڕانییەکی شارستانی بۆ تاڵیبانی داناوە، ئەوا ئاکامەکەی ،نەک تەنها لەسەر گەلانی ئەفغانستان، بەڵکو زۆر رێی تێدەچێت لەسەر ئاشتی لە جیهانیش، کارەساتبار بێت. مێکانیزمەکانی بیرکردنەوە و بڕیاردانی تاڵیبان، لە ناوخۆیدا، قابیلی گۆڕان نیە. بگرە ئامادە و خوازیاریشە کە ڤێرژنێکی نوێی هەمان حومکی خوێنڕێژی خێڵەکی و تایەفەگەری و چەوسێنەری ئافرەت (وەک بەشێک لە عەقیدەی ئایینی)، هەر کاتێک بۆی بلوێت، بەرهەم بێنێتەوە.
ڤێرژنی 1.0ی بەعس کارەساتی بەسەر عێراقدا هێنا. ڤێرژنی 2.0 ی ئەو دەسەڵاتە، سەرەڕای هەموو ئارایشتە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، کە گەڕایەوە کارەساتێکی زۆر گەورەتر لە ناخۆشترین خەوی ترسناکی عێراقییەکانی بەسەر وڵات و دەورو دراوسێیدا هێنا.

وانەکانی ئەمەی لەسەرەوە باسکرا:
وانەی نۆیەم: کۆنترۆڵکردنی تەواوی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە، ئاکامی رێککەوتنی ترامپ و پومپێیۆ لەگەڵ‌سەرکردەکانی بزوتنەوەکە. ئەم رێککەوتننامەیە ناکۆکە لەگەڵ ئەو وێنە تیپیکاڵەی کە ئەمریکا، لانی کەم لە کۆتایی جەنگی جیهانیی دووەمەوە، دەیەوێت پێی بناسرێت. ڤێرژنە ترامپێنراوەکەی پارتی کۆماری، بە پەسەند کردنی ئەو رێککەتننامەیە، بۆ هەموو جیهانی ئاشکرا کردووە کە ئەوان تەنانەت لە رووی گوتاریشەوە، پابەندی پشتگیریکردنی تەشەنەکردنی دێمۆکراسی  (بە تێگەیشتنە باوەکەی ئەمریکا) نابن و ئەوان لە رووی ئایدیۆلۆژییەوە و بەئاشکرا نزیکترن لەو دەسەڵاتانەی کە جاران پێیان دەگوتن ئیستبدادی.
وانەی دەیەم: هیچ روویەکی هاوتاکردن لە نێوان سەرکەوتنی تاڵیبان بەسەر حکومەتی کابوڵدا و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان، لەگەڵ‌دۆڕاندنی ئەمریکا لە شەڕیدا لە ڤێتنامدا نییە.
وانەی یازدەهەم: سەرەڕای ئەوەی رووداوەکانی تا ئێستە ئەوە دەگەیەنن کە تاڵیبان لەوە گەیشتووە پێویستی بە نواندی (حسن السیر و السلوک) ە لەبەردەم جیهاندا، بەڵام ئەو رێکخراوە، گەر بۆی لوا، ئامادە و خوازیارە کە سەر لە نوێ رژێمە خوێنڕێژە خێڵەکییە تایەفەگەرییە، (چەوسێنەرەی ئافرەت)ەکەی بونیاد بنێتەوە. لەبەر ئەوە پێویستە، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە کۆ، نەک تەنها دراوسێکانی ئەفغانستان و گەلانی ناوچەکە، بەردەوام چاودێریی هەڵسوکەوتی تاڵیبان بکەن و فشاری بێوچان لەسەریان بەردەوام بکەن. ئەزموونی رابوردوو لەگەڵ ئەم جۆرە رێکخراوە خۆچوێنەر بە فاشیزمانە، ئەوە دەسەلمێنێت کە تەنها لە زمانی فشار تێدەگەن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
بەغدا دەستی بەکردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم کرد
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×