پارێزگاری سۆشیال میدیا و گواستنەوەی گشتی

ئالان م. نوری
  2022-06-30     674

پارێزگاری سلێمانی لەوەتەی دەستبەکار بووە، خۆی و حیزبەکەی دەزانن کە دەسەڵاتی لە چواردیواری ژووری ئۆفیسەکەی بەولاوە، لە هیچ شوێنێکی دیکە ناخوات. هەر لەو کاتەشەوە بۆ گشت لایەک روون بۆتەوە کە دروشمی (بەروە دەسەڵات) لای خۆی و حیزبەکەی لە چەند پۆستێکی حکومی و مەعاشی مسۆگەر بۆ خەڵکی دەمەوەر و بێ ئیشی حیزبەکەی و، ئەگەر خوا دای، بۆ هەندێک لە خزم و ناسیاو و ئەحباب بەولاوە، هیچی دیکە نەبوو. جا ئەم بەڕێزە، چونکە ئیماندارە و کەمێک حەزی لەویە پارەکەی "حەڵاڵ" بێت، دەستی داوەتە "حوکمڕانی" لەرێی پۆستی فەیسبوکەوە، بەو پێیەی کە لە بێ ئیشی باشترە.

لەوەش دەچێت کە دەمێکە حەزی لەوەیە ببێت بە یەکێک لە کارتێکەرانی سۆشیال میدیا (Social Media Influencers)، ئەوانەی کە خەڵک بە "مۆدێل" ناویان دەبەن. بەڵام ئەم داماوە، بەهرە دیار و پێچراوەکانی مۆدێلی ئەم زەمانەی نییە و، تازە عومری نەشتەرگەریی جوانکاریشی نەماوە. بۆیە کانیاوی بەهرەی گەشتو گوزار و نەسیحەتی کۆمەڵایەتی تەقیوە. سەرەتا بە بە وێنەی خۆی لەسەر عەربانەی دەستگێڕی خواردنی سەر جادەکانی سلێمانی دەستی پێکرد. دوای ئەوە، بە وێنە نایابەکانی گەشتی ئێران و هیندوستان و ئەمریکا لاپەڕەکانی سۆشیال میدیای گڕ تێبەردا. لە بواری فەلسەفە و رێنمایی ئابووریدا دەستێکی باڵای هەیە و وەبەرهێنەران و سەرمایەداران بە تاسەوە چاوەڕێی ئامۆژگارییەکانی ئەون تا بزانن کەی نەوت و کەی قاڵبی سەهۆڵ بکڕن.

لەم ماوەیەدا، پاش ئەوەی ئاشکرا بوو کە بەشە بانزینی نێردراو لە لایەن بەغداوە لە پارێزگاکەی ئەودا حەپەلووش دەکرێت و بانزینە 800 دینارییەکەی حکومەتی هەرێمیش بە جۆرێک کوالیتیی خراپە کە لە ناو بازاڕدا دەڵێن تەڵاق بخۆیت بانزین نییە، تەڵاقەکەت ناکەوێت و، پاش ئەوەی بە بەرچاوی خۆیەوە شۆفێرانی تەکسیی ناڕازی بەر شەق دران، بڕیاری دا دەسەڵاتە ئیدارییەکانی بەکار بێنێت و، بۆ بنبڕکردنی کێشەی بانزین لە پارێزگاکەیدا، پۆستێکی فەیسبوک بڵاوبکاتەوە.

وەک مۆدێلێکی بەهیممەت خۆی فڕێدایە پاسێکی کۆستەرەوە و، پاش عارەق کردنەوەیەکی زۆر،داوای لە خەڵک کرد "گواستنەوەی گشتی" بەکار نێنن بۆ ئەوەی هەم بەرژەوەندییە گشتییەکانی پاراستنی ژینگە و نەهێشتنی قەرەباڵغی و ئاسوودەیی ئابووری بەدی بێنن و، هەم یاریدەی باشکردنی بژێویی شۆفێرەکانی "گواستنەوەی گشتی" بدەن.

بێ گومان ئەگەر سیفەتی پارێزگار لە خاوەنی ئەم پەیامە لە بیر خۆت بەریتەوە، ئەوا شایانی ستایش و دەستخۆشییە. بەڵام کە دێیتەوە هۆش خۆت و دەزانیت ئەمە ئەوپەڕی هەوڵی پارێزگاری دەڤەرێکە کە دەسەڵاتی فەرمیی فەرمانبەرانی گشتی تێیدا بۆتە گاڵتەجاڕ بەدەست دەسەڵاتی راستەقینەی باندی تاوانی رێکخراو کە لە گۆمی لێڵی پاشاگەردانیدا بە سەد جۆر بەستراونەتەوە بە باوکە موقەددەسەکانی کوردایەتییەوە، ئەوسا ریسی ستایش و دەستخۆشی دەبێتەوە بە خوری و ،خوریش کۆدەکەیتەوە و بەدوای مەڕەکەیدا دەگەڕێیت تا بە کەتیرە بۆی بنووسێنیتەوە بە لەشیەوە.

ئەوجا بە دەم لکاندنی خورییەوە دێتەوە یادت کە پارێزگاری نزیکەی دوو ملیۆن هاوڵاتی لە سەدەی 21 دا، لە دواکەوتووترین و دابڕاوترین سووچی دنیادا دەبێت بەشی ئەوەندە لە پرانسیپەکانی سیاسەتی گشتی (Public Policy) بزانێت کە گواستنەوەی بە کۆمەڵی لێ نەبێت بە گواستنەوەی گشتی.

گواستنەوەی گشتی سیمای شارستانی شاری گەورە و بچوکی دونیای رۆشنە و لەم شارەشدا ئەو خزمەتگوزارییە بوو کە لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابوردووەوە کرا بە قوربانی خەرجیی قادسیەی سەددام و، کۆتایی پێ هێنرا. واتە گواستنەوەی گشتی ئەو خزمەتوزارییەیە کە بە پارەی خەرجی گشتی، دەوڵەت دایدەمەزرێنێت و دەیبات بە رێوە. بەو پێیەش دەبێت هەموو ئاستێکی کار کردنی لەژێر چاودێریی هاوڵاتیانی دەنگدەر بێت و، هاوڵاتیانیش خاوەنکاری راستەقینەی بەڕێوبەرانی ئەو خزمەتگوزارییە بن.

لە دوای شەستەکانی سەدەی رابوردووەوە، لە زۆر وڵات ئەم خزمەتگوزارییە  دراوە بە بەڵێندەری کەرتی تایبەت. بەڵام مەرجی بەڕێوەچوونی بەدەست بەڵێندەری کەرتی تایبەتەوە هەموو کات ئەوە بووە کە خاوەن کار هەر خەڵکی دەنگدەر بن و، ئەو خزمەتگوزارییە خۆی بە بەردەوامی کارێکی قازانج نەویست بێت و، هەموو کاتیش بەڵێندەر بەشێک لە تێچوون و قازانجی لە لایەن بودجەی گشتییەوە پێبدرێت نەک راستەوخۆ بخرێتە ئەستۆی هاوڵاتیان.

بۆیە لە وڵاتانێکدا کە بە دەردە زۆرەکانی ئێمەوە ناناڵێنن، گواستنەوەی گشتی واتە لەهەر سووچیکی شاردا پەکت نەکەوێت و بزانیت کەی باسەکە دێت و چەندی پێ دەچێت تا دەگەیتە شوێنی مەبەست و لە وێستگەی تایبەتی دیاری کراودا نەبێت نەوەستێت و بە زستان گەرم و بە هاوین فێنک بێت. واتە خزمەتگوزارییەک بێت کە هاوڵاتی هەموو کات بتوانێت پشتی پێ ببەستێت. گەر بەڕێوبەران و بەڵێندەرانیشی نەیانتوانی لە ئاستی چاوەڕوانیی هاوڵاتیاندا بن، لاببرێن و، گەر حوکمڕانانیش کەمتەرخەمییان کرد لە دابین کردنی بودجەی سەرخستنی ئەو خزمەتگوزارییە، مافی خەڵک بێت بە دەنگدان و دەنگنەدان لە تەختی حوکمڕانی دایانگرن.

ئەم خزمەتگوزارییە کە لە سلێمانیدا ناوی پاسی مەسڵەحە بوو، یادەوەرییەکی جوانی هاوتەمەنانی بەندەیە. بەڵام، داخەکەم نەوەی تازە پێگەیشتووی ئەم زەمانە تاڵەی ئێستامان، لە پاسی بچوکی چڵکن و دووکەڵاوی و سیخناخ لە خەڵک کە بوونەتە سەرچاوەی قەرەباڵغی و زۆربەی دەمەقاڵێی هاتوچۆ لە شاردا، بەولاوە چی دیکەیان نەدیوە. تاقە رۆڵێک کە "حکومەت"، لە فەوزای گواستنەوەی بە کۆمەڵی شارەکەدا هەیەتی، بریتییە لە دابەشکردنی خەت بەسەر هەوادارانی حیزب و خزم و ئەربابدا.

تاقە پاشماوەی زەمانی پاسی مەسڵەحەی شاری سلێمانی، گەراجێکی گەورەی ئەو خزمەتگوزاری بوو کە بە موڵکی وەزارەتی گواستنەوە تا ساڵی رابوردوو مایەوە. بەڵام ئەویش بەبێ گوێدانە ماستەر پلانی شار، "درا؟" بە وەبەرهێنێک کە بیکات بە یەکەی نیشتەجێ بوون و دەنگۆ هەیە کە نەک هەر پارێزگار بەڵکو تەواوی ئەنجومەنی شار پرسیان پێ نەکرا لەم مەسەلەیەدا، کە بەو شێوەی باس دەکرێت، لە بنەڕەتدا کارێکی نایاسایی تەخشان و پەخشانی موڵکی گشتییە.

جەنابی پارێزگاری فەیسبوکەوانمان تەمەنی نزیکە لە بەندەوە و بەشی ئەوەندە فامی هەبوو لە سەرەتای هەشتاکان کە فریای پاسی مەسڵەحە کەوتبێت و، شوکور ئەوەندەش گەڕاوە، کە ئەگەر مەبەستی بێت، بزانێت گواستنەوەی گشتی لەو وڵاتانەدا مانای چی. بەڵام دیارە هێندەی خوێندکارێکی ناوەندیی هەر وڵاتێکی دونیا، کە وانەی هاووڵاتیبوون (Civics Education) لە پۆلەکانیاندا دەخوێنرێت، فوزوول و بایەخی بە پرانسیپەکانی سیاسەتی گشتی نییە کە بزانێت بۆچی لەو وڵاتانە هاتوچۆی بەکۆمەڵ‌وا رێکو پێک و رێکخراو و، لای ئێمەش وا دراوەتە دەست قەدەری ئیلاهی.

لەراستیدا کە دەڵێم هێندە بێ‌ فوزوول و بێ بایەخە، خاترم گرتووە. چونکە دیوی ئەودیوی ئەگەرەکە ئەوەیە کە باش‌بزانێت گواستنەوەی گشتی چییە و بیەوێت لە هزری خەڵکدا بیشێوێنێت. ئەوەشیان کارەساتێکی گەورەترە!

کولتوورێکی ترسناکمان هەیە کە هەموو خزمەتگوزارییەکی گشتی بە خێر و مننەتی دەسەڵاتداران پێمان دەناسێنرێت. هەر بۆیەش کاتێک کە دەسەڵاتدار دەیسێنێتەوە، هاوڵاتی رادەهێنرێت کە تەسلیمی ئەو قەردەری بێت و شوکور بێت کە پێشتر ئەو نیعمەتەی هەبووە. بەو پێێەش نەبوونی خزمەتگوزارییە گشتییەکە، نەک هەبوونی، لەلای هاوڵاتی ببێتە حاڵەتێکی ئاسایی!

پارێزگارەکەمان ئەوەیە کە هەیە و، بە بەندە ناگۆڕێت. بەڵام هیوادارم بەم نووسینە دەنگم خستبێتە پاڵ‌ تێکۆشانێکی رەوا بۆ سەندنەوەی ئاستێکی ئەوتۆی مافی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، کە هیچ نەبێت، شایستەی لانی کەمی چاوەڕوانیی هەر ئینسانێکی ئەم دونیایە بێت لە سەدەی بیست و یەکدا.

کۆتایی وتارەکەم بە یادەوەریی کەسایەتییەکی خۆشەویستی ئەم شارە دێنم، کە ناوی "قالە شێت" بوو. لە حەفتاکاندا، قالە، هەموو رۆژێک، بە پاسی مەسڵەحە بە شاری سلێمانیدا دەگەڕا. ئەو ئێوارەیەی کە خزمەتگوزاریی پاسی مەسڵەحە بۆ بەیانییەکەی کۆتایی پێهێنرا، قالە سواری پاسێک بوو. شۆفێرە خەمبارەکە پێی وت: قالە، ئەوە لەسبەینێوە پاسی مەسڵەحە نامێنێت…لەمەودوا بەچی هاتوچۆ دەکەیت؟ قالە بێ بیرکردنەوە وتی: بە مریشکی مەسڵەحە! …مریشکی مەسڵەحەش یەکێکی تر بوو لە خزمەتگوزارییەکانی دەستگیرۆیی هاوڵاتیان، بە دابین کردنی مریشکی بەستوو بە نرخی هەرزان. ئەویش‌ هەر بەدەردی پاسی مەسڵەحە برا لەم وڵاتەدا و…کەس لەسەری نەهاتە دەنگ!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
بەغدا دەستی بەکردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم کرد
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
كه‌شناسێكی كورد واده‌ی هاتنی شه‌پۆلێكی بارانباران و هه‌وره‌ بروسكه‌ی راگه‌یاند
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×