بۆ وەکو ئیسرائیل ناکەین و داکۆکیان لێ دەکەین!!

غازی حەسەن
  2024-01-13     444

بەکورتی و کوردی بەهۆی زولمی موسلمانی عەرەب و تورک و فارس هەقی خۆیەتی کورد جووی خۆش بووێت و هاوسۆزیان بێت، چونکە نەک عەرەب، بەڵکو  فەلەستینییە چەوساوەکانیش ئامادە نین ڕێز تەنیا ڕێز لەسەربەخۆیی کوردستان بگرن، وەکو چۆن بۆ خۆیان داوای دەوڵەتی سەربەخۆ دەکەن، هەندێکیان کورد بەشێرپەنجەی ناوچەکە دەزانن. بیست دەوڵەت ناتوانێت دەوڵەتێک بۆ فەلەستینییەکان دروست بکەن، کەچی کورد بەتەنیا دەیەوێت فەلەستینییەکان دەوڵەتی هەقیقی خۆیان هەبێت، لەپێناو ئەوەی بەڵکو ڕۆژگارێک بێت فەلەستینییە چەوساوەکان دەوڵەتی کوردی بەڕەوا بزانن، چ خەیاڵێکی سەراب ئاسایە.

عەلی باپیر و ئیسلامییەکان دەزانم شێتەکانیان نەبێت عاقڵەکانیان بە قسەش نەبێت نایانەوێت بچنە فەلەستین و دژی ئیسرائیل بجەنگن، کەچی یەک فەلەستینی نابینیت نەک بێتە کوردستان دژی داعش بجەنگێت، بەڵکو کورد بەهۆکار و شەیتان و جنۆکە و دابەشکردنی خاکی پیرۆزی عێراق !!!! دەزانێت. 

من دژی شەڕ و زولم و بەکۆیلەکردنی نەتەوە و مرۆڤ و ئایینەکانم، بەڵام باش باش دەزانم کورد خۆی فریو دەدات چی دیکە گۆرانی و شیعر بۆ ئازادی فەلەستینییەکان بڵێت، کە شادومانن بە لەنێو چوونی کورد و لەهەمان گاڤدا دەرکەوت ئەوانیش وەکو کورد نیوەیان کۆیلە و خزمەتکاری سیاسەتی ئێرانن.

من لەگەڵ ئەوە نیم ئێمە هاوسۆزی ئیسرائیل بین، من ئەوەم پێ ڕاستە جووەکان بە برا و مرۆڤ و مەزن بزانین، بەڵام هیچ مەرج نییە دەوڵەت هەموو شتێکی ڕاست و  ڕەوا بێت، من دەپرسم بۆ کورد دەبێت داکۆکی لە ئیسرائیل بکات؟ بەڕاشکاوی ئەمەم پێ هەڵەیە. ڕاستییەکەی لای من بۆتە پرسیار بۆ کورد چاو لە ئیسرائیل ناکات؟. لەجیاتی بردنەوە دەرەوەی پارە و کڕینی شوقە بۆ وەرگرتنی ئیقامە، باشتر نییە پارە بهێنرێتەوە کوردستان. لەجیاتی بەفیڕۆدانی داهات و سامانی کوردستان لەئاهەنگەکانی سەری ساڵ و بۆنەکانی دیکە، باشتر نییە ئەو پارەیە بە چەک بدەین و بیر لەپڕ چەککردنی پێشمەرگە بکەینەوە؟.

لەجیاتی چاو بڕینە بەدەستهێنانی داهاتی کەسی لەڕێگەی فرۆشتنی یەکەکانی نیشتەجێ بوون لە هەولێر و شارەکانی دیکە، نەفرەت لەفرۆشتنی خاک بکەین، بەپێچەوانەوە پێویستە کورد کەرکووک و مووسڵ و ناوچەکانی دیکە بکڕێت، کە باش باش باش دەزانم هەندێک دەوڵەمەندی هێندە دەوڵەمەندمان هەیە، نازانن پارە چی لێ بکەن و دەتوانن هەموو عێراق بکڕن، نەک بچن شارەکانی کوردستان لەپێناو چاوچنۆکی و نەزانین و هەرزان فرۆشکردن بفرۆشنە عەرەب.

ئیسرائیل چاودێریی هەموو بزاڤێک دژی ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەکات، نەک چاودێری هاوڵاتییەکانی. پێویستە هەرێمیش وا بێت، نەک ترسیان لەقسەی هاووڵاتییەک و دروستکردنی قیامەت بێت، کە کەسێک گوزارشت لەتووڕەیی خۆی دەکات.

پێویستە وەکو ئیسرائیل بکەین، نەک ئیسرائیلمان خۆش بووێت و هیچ جووێک نادۆزیتەوە خۆی بفرۆشێتە دەوڵەتێکی عەرەبیی، کەچی ئامادە نییە سیاسەتی هەڵەی حزبەکانی خۆیان قبووڵ بکات. ئێمە خۆمان دەفرۆشینە بێ بەهاترین هێز، بەڵام ئامادەنین جیاوازیی و ناکۆکی نێوەخۆی یەکتر قبووڵ بکەین، بۆ؟

ئیسرائیل بیست دەوڵەت پێی ناوێرن، ئێمە بەیەک دەوڵەتی شڕی داهێزراوی پر لە میلیشیای نایاسایی ناوەستین، بۆ؟ من دەمەوێت وەکو ئیسرائیل بین، نەک ئیسرائیلمان خۆش بووێت.

هەموو دونیا لەسەر ئیسرائیل بەدەنگە، ئێمە خۆشمان داکۆکی لەخۆمان ناکەین، هەولێر پێی خۆشە سلێمانی تەفروتونا بێت و سلێمانی بەشدرای لەنەهێشتن و ڕاماڵینی بەئاشکرای هەولێر دەکات، بۆ؟.

ئیسرائیل نەتەوە نییە، بەڵام هێندەی سەد دەوڵەت ستراتیژی نەتەوەیی و مانەوەیان هەیە، کورد دەوڵەتە و هێندەی هیچ عەشیرەتێک بەرگەی مانەوە ناگرێت، بۆ؟ بۆیە دەمەوێت وەکو ئیسرائیل بین، نەک ئیسرائیلمان خۆش بووێت.

ئیسرائیل لەچەندین نەتەوەی جیاواز پێکهاتووە، ئێمە یەک نەتەوەین و بۆ چەندین پارچەی جیاوازی بچووکی دژ بەیەک دابەشبووین.

ئیسرائیل بە دەرۆزە و کۆکردنەوەی دۆلار بەدۆلاری دەرەوە و جووەکان لەسەرتاسەری دونیا دروستبوو، ئێمە دەمانەوێت سامانی وڵات ئازادانە ببەینە دەرەوە و لەناوی ببەین.

ئیسرائیل یەک سوپای هەیە، ئێمە دوو هێز و هێزەکانی کاکە حەمە و عەلی باپیریش سەربار.

ئیسرائیل دادگای هەیە بۆ سزادانی گەندەڵکاران و لەیاسا دەرچووان و خیانەتکاران و ئەوانەی کردەی ئابڕووچوونیان لێ دەقەومێت. کەچی ئێمە پەنا دەبەینە بەر دادگای بەناو فیدراڵی شیعەی خاوەن بڕیاری ئێران.

ئێران شانازە بە دروست نەبوونی ئیسرائیلی دووەم (واتە هەرێمی کوردستان)، کەچی لەبەردەم ئیسرائیلی یەکەم، دەڵێی جوولەکەن. کوردیش لەپێناو هەرزانفرۆسی نیوەی هەرێم شانازی بە دۆستایەتی میلیشای حەشد و حەشدی ڕەیان دەکات بۆ ئەوەی کورسیییەکانی لە کەرکووک هاوسەنگ بکات، لە قسەکردن و نمایشدا دەڵێی ڕۆستەمی زالن!!.  

کورد دەیەوێت کیان و هەرێمەکەی خۆی بکاتە قوربانی دوژمنەکانی، ئیسرائیلیش دەیەوێت ئەوانی دیکە بکاتە قوربانی خۆی. ئەی چۆن هەقم نییە بڵێم ئیسرائیلتان خۆش نەوێت، وەکو ئیسرائیل بن. ئیسرائیل دەڵێت ئێمە دەجەنگین بۆ ئەوەی ڕۆژهەڵاتێکی نوێ دروست ببێت، کوردیش دەجەنگێت بۆ ئەوەی عێرقێکی نوێ، سوریایەکی پێشکەوتوو، تورکیایەکی خاوەن دیموکراسی و ئێرانێکی لەدەرەوەی مەزهەب هەبێت، چما نەبێژم وەکو ئیسرائیل بن، کە من هیچ حەزم لە زولمی دەوڵەت و دەسەڵات و گەندەڵی و چەوسانەوە و بە کۆیلەکردن نییە.  

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×