فشار و مشار

غازی حەسەن
  2023-01-17     431

ئەم جاری یەکەم نییە یەکێتی کشانەوەی لەحکوومەت وەکو فشارێکی سیاسی و ئیداریی و هەڕەشەیەکی جددیش دژی پارتی دیموکراتی کوردستان بەکاربهێنێت، پێش ناچێت ئەم خووە دوا ڕەفتار و بیرۆکە بێت.  پارتیش ئەم جۆرە فشارانەی لە سی ساڵی ڕابردوو لە حکوومەت و دەرەوەی حکوومەت تاقی کردۆتەوە و کەم قسەی کردووە و زۆر مەبەستەکانی بەکردەوە جێبەجێ کردووە.

 کێشە فشار نییە، بەڵکو مشارە. یەکێتی مەزەندەی ئەوەی کردووە لەجیاتی فشار مشارێکی ئاسنبڕی بەهێز و پتەو و دەمتیژی لەدەستە، گریمانەی ئەوەشی کردووە حکوومەت و پارتی ناتوانن بەئاسانی خۆی لەبەر ڕابگرن. بۆیە ناوە ناوە بن باڵی بۆ خۆپیشاندانەکان و دواتریش خۆدزینەوە لە حکوومەتایەتی و ئینجا خۆ تەجمیدکردن لە حکوومەتی پەیڕەو کردووە.  من وەکو بینەرێکی ڕووداو نادراماتییەکان، یان هەندێک لەڕووداوە دروستکراوەکان وای دەبینم برادەرانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە‌هەڵە ئەو فشارەی لەدەستیانە بە مشاری تێگەیشتوون و پێیان وایە پارتی و حکوومەتەکەی بەم مشارە پارچە پارچە دەکەن، یان بەلای کەمەوە وەکو خۆیانی لێ دەکەن، بۆ ئەوەی ببنە تەیرێکی مەعقووڵ.

من مەزەندەی ئەوەش دەکەم، کە کەسانێکی وەکو (رەیان کلدانی) وای تێ گەیاندوون بەکردەوە و بەهەقیقی فشارەکەی دەستی یەکێتی مشارێکی ئاسنینە. ئێرانیش لەوێ بووەستێت. سوێند بەگۆڕی هەموو مەشایخان، تورکیاش لە ئێران کەمزانتر نییە و ئەویش خەوێکی خۆشی نابێت، ئەگەر کورد نینۆکی هەبێت خۆی پێ بخورێنێت.

یەکێتی وەکو حزبێکی کوردستانی خاوەن هێز و پێگە و جەماوەر و دەزگای زانیاریی و  جوگرافیایە، بەهەڵەدا دەچین ئەگەر پێی بڵێین ملت شۆڕ بکە و ببە پاشکۆی پارتی دیموکراتی کوردستان، وابزانم پارتیش بەم دەرەجەیە بێ وێژدان و بەدبەخت و دابڕاو لەهزری سیاسی نییە، یەکێتی بکاتە پاشکۆیەکی داهێزراو و خراپی خۆی. ئەوان لە گوتارە فەرمییەکانیان دەردەکەوێت یەکێتییەکی جێگیر و جێ بڕوا و ساخبۆوە و خاوەن یەکقسەیان گەرەکە.

یەکێتیش ناهەق نییە، ئاخر نابێت لەناوەخۆیدا خراپ و لەگەڵ پارتی خراپ بێت و واش هەست بکات هەموو پەیوەندییە دەرەکییەکانیشی لێ کراوەتە بازنەیەکی تەسکەوە، یان هەست بەوە بکات بەرەو شوێنێکی دەبەن، مرۆڤ بۆ دوژمنەکەشی ئارەزووی ناکات. کێشەی یەکێتی لەئێستادا ئەوەیە وەکو حزبێکی ناوەخۆیی سنوورداری سلێمانی ڕەفتار بکات. لەداخی پارتیش بیەوێت هەرێمی کوردستان داخ بکات. بێگومان ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە لەکردەوەدا ڕەنگە ناسنامە و نێوبانگی یەکێتی بخاتە ژێر پرسیارەوە، بەڵام پارتی لە مشارە کۆنە کلاسیکییە دەسکشکاوەکەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بێ ئازار و ژان لێی دەرناچێت.

یەکێتی هەقیەتی گلەیی بکات، چونکە لەدۆخێک دایە هیچ لایەنێک حەسودی پێ نابات، ئەوان خۆشیان دەزانن ئەو دۆخەی پێیدا تێ دەپەڕن  مەترسیدارە و ئازر بەخشە.  ئەز وای دەبینم ئەم حزبە فشارەکەی لەگیرفانی خۆی ناوە و مشارەکەشی داوەتە دەستی پارتی دیموکراتی کوردستان، پارتیش حزبە و حزبیش لەهەندێک بواردا ناتوانێت ڕەحم بەهیچ شتێک بکات.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان (مەسرور بارزانی) ڕاشكاوانە و بێ شاردنەوە هەقیقەتەکانی گوت، لەگوتارێکی توندتر لەفشار و نیمچە مشار ئاسا ڕایگەیاند یەکێتی بۆچی دەیانەوێت نیشانی بدەن ناڕازیین و توڕەن و هەست بەغەدر لێکراوی دەکەن. نەک هەر ئەوە گوتیشی با لایەنی سێیەم، ئەو سێیەمەی یەکێتی پێی ڕازی دەبێت بەشداری لەلێکۆڵینەوەکان بکات. هەڵە لەوەدابوو هەر لەسەرەتای دامەزرانی ئەم کابینەیە، هەستی داژیەتی و کارکردن بۆ بنکۆڵی دەسەڵات و فەشەڵ پێهێنانی خودی (مەسرور بارزانی) لە حکوومەتدا وەکو مەبەست و خواست و ئارەزووە سیاسییەکانی هەندێک گروپ و لایەن ڕەنگی دابۆوە. لە ئەرزی واقیعدا شتەکان وەها دەرنەچوون، بەپێچەوانە خەریکە قازانج سەری مایە بخوات. واتە سیاسەتی ناواقیعی ئەنجامی پێچەوانەی دەبێت.  

حکوومەتی هەرێم و ژیان و گوزەران و ئاسایشی خەڵک و دواڕۆژی سیاسی و یاسایی هەرێمی کوردستان ناتوانن لە (فشار و مشار) لایەنە کوردستانییە ڕکابەرەکان سوود مەندبن. زۆر کارێکی قورس و ئاڵۆزە یەکێتی سەرکەوتوو بێت لە حکوومەت ئۆپۆزسیۆن بێت و لە ئۆپۆزسیۆنیشدا حوکمڕان. گریمانەی ئەوە دەکرێت ئەگەر یەکێتی ببێتە ئۆپۆزسیۆن، ئەو کاڤە دەبێت دەست لەهەموو ئیدارە هەڵگرێت و پارتی بێختە ژێر باری مەسئولیەت و لێپرسینەوە و تاقیکردنەوە، ئەگەر نا دەبێت ئیدارەیەکی سەربەخۆ دژی هەولێر لە پارێزگای سلێمانی دروست بکات، یان خۆی ببەستێتەوە بە بەغدا. ئەم بیرۆکانەش پێشتر تاقیکراونەتەوە و فەشەلیان هێناوە، کەواتە تاقیکردنەوەی ئاشتەوایی کە تاقیکراوەیەکی سەرکەوتوو بووە، باشترین چارەسەرە بۆ هەموو دەردە ئیداریی و سیاسیی و ئەخلاقی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان و هەتا بەرژەوەندییە کەسییەکان و مەرامە خودییەکانیش.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×