بایدن لەنێو بازنە سوورەکاندا

غازی حەسەن
  2024-02-10     204

بەپێی زانیارییەکانی نێو میدیای ئەمەریکا، کۆمارییەکان و بەتایبەتیش نوێنەری ویڵایەتی فلۆریدا (بایرۆن دۆنالز) بازنەیەکی سووری بەچواردەوری (جۆ بایدن)ی سەرۆکی ئەمەریکا کێشاوە، کە دەستەکانی دەبەستێتەوە و ناتوانێت بەئاسانی پڕۆژەی هاوکاری دارایی بۆ ئۆکرەین تێپەڕێنێت. ئەم نوێنەرەی کۆمارییەکان مەسەلەکەی بەستاوەتەوە بە سیاسەتی ئاسایشی سنووری باشووری ئەمەریکا و ژمارەیەک نوێنەری کۆنگرێسیش بەهەمان شێوە پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن، کە ئاسایشی سنووری باشووری ئەمەریکا پتەو و توند بکەن، ئەگەر نا ڕێگا نادەن هیچ پڕۆژەیەکی هاوکاری بۆ ئۆکرەین دەرباز ببێت. هەر چەندە ئەنجوومەنی پیران بە زۆرینەی ٦٧ دەنگ بەرانبەر ٣٢ دەنگ پاڵپشتی هاوکاری بۆ ئۆکرەین و ئیسرائیل و تایوان کرد، بەڵام ژمارەیەکی بەرچاوی کۆمارییەکان ئەم هێلە سوورەیان بەستاوەتەوە بە کێشەی کۆچبەری نایاسایی و ئاسایشی سنووری ئەمەریکاوە. بەپێی زانیارییەکان ڕۆژانە ٥٠٠٠ کەس بەنایاسیی دێنە نێو ئەمەریکا، واتا ساڵانە پتر لە ١.٨ ملیۆن کەسی کۆچبەر بە نایاسایی سنووری ئەم وڵاتە دەبەزێنن.

لەڕاستیدا (بایدن) هەر تەنیا ڕووبەرووی ئەم کێشەیە نەبۆتەوە، بەپێچەوانەوە لەوەتای دەسەڵاتی وەکو سەرۆکی ئەمەریکا گرتۆتە دەست، ژمارەیەک کێشەی گەورەی جیهانی ڕوویانداوە و وەکو چەند بازنەیەکی سوور ئابلووقەیان داوە. لەوانە (پەتای کرۆنا) و (کاریگەرییەکانی بڕیاری کشانەوەی ئەمەریکا لە ئەفغانستان) و (درێژەکێشانی شەڕی ئۆکرەین و ڕووسیا) و (شەڕ و ململانێ لە سوریا) و (پەلامارەکانی حەماس دژی ئیسرائیل) و (پەلاماری گروپەکانی بەرەی مقاوەمەت دژی سوپای ئەمەریکا و بەرژەوەندییەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست) و (هێرشی حوسییەکان لە دەریا و ئاڵۆزکردنی رەوشی بازرگانی) و (هەڵاوسانی ئابووری لەنێوەخۆی ئەمەریکا) و (جارێکی دیکە خۆ کاندێدکردنەوەی دۆنالد ترەمپ وەکو نوێنەری کۆمارییەکان) و (کێشەی تایوان) و (ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ چین) و (سیاسەتی پاشەکشە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست) و (شلۆقبوونی متمانە لەگەڵ دۆستەکان لە جیهاندا).. تاد. ئەمانە ژمارەیەکی هێلی سوورن هەنگاوەکانی (بایدن)یان سنووردار کردووە.

(بایدن) لەڕووی تەندروستی و زاکیرەشدا کەوتۆتە ژێر پرسیارەوە و زوو زوو هەڵەی زمان و دەربڕین و لەبیرچوونەوەی شتەکانی لێ ڕوودەدات، کە دوور نییە ئەم پرسیارانە ببنە هۆکار بۆ ئەوەی لە ڕکابەری هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پاڵپشی دەنگدەرەکانی لەدەست بدات. تەنیا گەیشتۆتە ئەوەی دادوەرێکی ئەمەریکایی بڵێت ناتوانرێت لەدادگا لێپرسینەوە لە (بایدن) بکرێت، چونکە بەتەمەنە و نەخۆشی لەبیرچوونەوەشی هەیە.

زۆر لەئاماژەکان تا ئەم ساتەی ئێمە قسەی تێدا دەکەین، ئەوە نیشان دەدەن، کە توانا و پێگە و هێز و پاڵپشتی جەماوەریی (بایدن) بەرەو شلەژان و لێژیی و لاوازییە، مەگەر شتێکی لەناکاو رووبدات، یان کارێک بکەن، متمانەی دەنگدەری بۆ بگێڕێتەوە. دوور نییە ئەم فشارە زۆرەی دژی (ترەمپ) دەیکەن، ببێتە خێر بۆ خودی (ترەمپ) و کەیسەکانی دادگا جەماوەری پتری بۆ کۆبکەنەوە. بێگومان ئەگەر (ترەمپ) لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بباتەوە، دوور نییە دۆخی پەیوەندیی و هاوکارییەکانی ئەمەریکا بۆ ئۆکرەین بگۆڕێت، چونکە بەئاشکرا کۆمارییەکان ئاماژە بە بڵاوبوونەوەی گەندەڵی دەکەن و ترەمپیش مەیلی لەوەیە بەشێوازی دیکە لەگەڵ (پۆتین) مامەڵە بکات، هەروەها بەهەمان شێوە لەگەڵ تورکیاش ڕەنگە شێوازێکی دیکە لە پەیوەندییەکان پەیڕەو بکرێت. لەهەمان کاتدا بۆ ئێران هەواڵێکی دڵخۆشکەر نابێت  و دوور نییە فشاری زۆرتری بخرێتە سەر، بۆیە ئێران لەڕووی دەروونی و سیاسییەوە پتر مەیلیان بەرەو ئەوەیە (بایدن) لەڕکابەری سەرۆکایەتی بباتەوە، ئەمەش لە خۆشەویستی ئەمەریکا و دیموکراتەکان نییە، بەڵکو پێیان وایە ئەمانە لە کۆمارییەکان نەرمترن بەرانبەر ئێران.

بەکردەوە ململانێ و دۆخی نێوەخۆی ئەمەریکا چەند ساڵێکە بەرەو توندی دەچێت، ترسی دابەشبوونی شەقام و ڕەگەزپەرستی و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی هەیە، بۆیە  ئاساییە بازنە سوورەکانی چواردەوری بایدن و دیموکراتەکان لەم قۆناغە تەسکتر ببێتەوە، چونکە دەنگدەری ئەمەریکا هەمیشە بەدوای گۆڕانکاریی و نوێبوونەوە و تاقیکردنەوەی نوێیە. کار و داهاتی تاک و بەهێزکردنی ئابووری و بایەخدان بە پرۆسەی پەروەردە و بیمەی تەندروستی و بەکارهێنانی چەک لەنێو کۆمەڵگە لەنێوەخۆ و پاراستنی پێگە و هێز و ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا لە دەرەوەی وڵاتدا لای دەنگدەر گرنگە و جێگەی بایەخە. بۆ بەختی (بایدن) ئەمانە بەشێوەیەکی گشتی بانزنە سوورەکانیان زۆرتر کردووە و لێ ناگەڕێت ئەم سەرۆکە ئازادنە هەنگاو بنێت و بێ دڵەڕاوکێ و ترس لە بازنە سوورەکان دەربازی بێت.     

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×