لەنگە شوێنێکە هاوکاری گریفانی کەسانی کەم داهات و هەژار و هەتا چینی مام ناوەندیش دەکات، لەتەک ئەوەشدا بەهۆی هاوردەکردنی کەلوپەلە جیاوازەکانەوە لە ئەوروپا و کیشوەر و وڵاتەکانی دیکەوە، خەڵک ئاشنای کەلتوور و ناو و مارکە و جۆری شتەکان و ستایل و چۆنیەتی بەکارهێنانیشیان دەکات. لەبیری نەکەین ئەم بەکارهێنانە بۆتە سەرەتایەکی کراوە بۆ ئاشنابوون بە کەلتووری جیاواز و خودان ناسنامەی تایبەت.
لەنگەی هەولێر شوێنێکە سەری هار و ماری تێدایە، بازاڕێکی گەرمە و هەمیشە جمەی دێت و بیستوومە خەڵک لەدەرەوەی هەولێریش بۆ دۆزینەوەی کەلوپەل و شتومەک و جلوبەرگی تایبەت ڕووی تێ دەکەن. دەتوانم بڵێم بازاڕێکی باشە بۆ جووڵەی بازرگانی و ئابووری خەڵکی ئاسایی، لە کردەوەشدا کەسەکان ئاشنا دەبن بە ستایل و شێوازی بەکارهێنانی کەلوپەل و شتی جیاواز و هەتا ئەمە سەرەتایەکە بۆ بیرکردنەوەی نیمچە جیاوازی نوێش.
چەند جارێکە ئەم شوێنە ئاگر دەگرێت و زیانی مادی زۆر بەر خاوەن دوکان و کاسبکارەکانیش دەکەوێت، دەتوانم بڵێم کڕیاریش، ئەو کڕیارانەی لەسەرەوە ئاماژەم پێکردوون، ئەوانیش خۆیان بە زەرەر لێکەوت دەزانن.
لە ڕاگەیاندن و شاشەی کەناڵە ئاسمانییەکاندا هەواڵ و ڕووداو و گواستنەوەی ئەم بابەتەمان بینیی. پێم سەیرە کەناڵێک گوتی نزیکەی هەزار دوکان ئاگری گرتووە، کەچی ڕۆژی دواتر بووە نزیکەی ٢٠٠ دوکان. بەدەیان کەس لەجیاتی ئەوەی ڕێگەیان لێ بگیرێت بچنە ئەم شوێنە، کە ئاگری گرتبوو، خەڵک وەکو بۆ نمایش هاتبن لەوێ هەڵسوکەوتیان دەکرد و تەنیا کەسانێک بۆ دەرکەوتن لە شاشەی تەلەڤزیۆن وەکو پاڵەوان لەم شوێنە لێدوانیان بۆ کەناڵی ئاسمانی دەدا و خۆیان وەکو شارەزا پێناسە دەکرد و بێ نیگەرانیی دەسووڕانەوە، یەکسەر سەرنجم بۆ چەند شتێک چوو:
یەکەم: چۆنیەتی گەیاندنی ژمارە و زانیارییەکان بوو، چۆن بەم خێراییە بە مانشێتی مەزن و ژێرنووسی بریقەدار ئەم ژمارە گەورانە بڵاو دەکرایەوە، لەکاتێکدا وابزانم ئەم شوێنە نزیکەی ١٢٠٠ دوکانی تێدایە.
دووەم: چۆن لایەنی بەرپرس ڕێگە بە خەڵک دەدەن بچنە نێو ئەم شوێنە، کە مەترسیدارە و ئاگری گرتووە، ئەمە مەترسی هەیە بۆ سەر گیان و ژیانی خەڵکەکە و ئینجا هێزی ئاڕ ئاڕیش دەرفەتیان دەبێت ئازادانە شت بدزن.
سێیەم: ئەم جۆرە زانیارییانە پێویستە لەلایەن لایەنی بەرپرس و پەیوەندیدار بەم شوێنە بڵاو بکرێتەوە، نەک ڕاگەیاندنکار، یان قسەی هاووڵاتی ئاسایی بکرێتە سەرچاوەی هەواڵ و ڕاپۆرتەکان، کە زانیاری دروستیان نییە، بڕیاردان کاری ڕاگەیاندکار نییە، بەڵکو تەنیا دەتوانێت هەواڵەکە بگوازێتەوە.
لایەنێکی دیکەی ئەم ڕووداوە بریتییە لە ئایدۆلۆژیای دژایەتی و دروستکردنی ئاژاوەی دروستکراو و لێکدانەوەی حزبیانە و بەستنەوەی بە فکری سیاسی لایەنێک، یان گروپێک. ئایا بەڕاستی پرسیووتانە ئەم جۆرە ڕوودانە لەبەرچی وەکو ئایدیۆلۆژیایەکی ڕقهەڵگری کورتبیانە لێک دەدرێنەوە، دەکرێت بەکورتی و کوردی بڵێم:
یەکەم: کەسانێک دەڵێن ئەمە تورکیا/ یان تورک کردوویانە، ئایا هیچ سەرچاوەیەکی بڕواپێکراو هەیە ئەمە پشت ڕاست بکاتەوە؟ بۆ دەبێت تورکیا ئەمە بکات، چ سوودێکی بۆ ئەو تێدایە؟. کە دەچینە نێو مەبەستەکانی ئەم جۆرە ئاخاوتنە، ئایدیۆلۆژیای فریودان و گوتاری ئاژاوەسازیی هەست پێ دەکرێت.
دووەم: هەیانە دەڵێت ئەمە پەیوەندی بە بازاڕی کار و قۆرغکارییەوە هەیە، ئەوەی حزب ڕێگەی پێ نەدات، ناتوانێت ببێتە خاوەنی کار و کاری دەست ناکەوێت لەم شوێنە. ئایا هیچ زانیارییەکی پشتڕاستکراوە لەم بوارەدا هەیە، یان ئەمەش بریتییە لە ئایدیۆلۆژیای حزبی و دەیانەوێت بیبەستنەوە بە ململانێی سیاسی و حزبی، یان جۆرێکە لە ئاژاوەی دروستکراو. بۆ دەبێت ئەم ئاگرە لەم شوێنە بەر بدرێت، ئەگەر قۆررغکراوە؟؟ پرسیارێکە و بەس بۆ دەبێت ئایدیۆلۆژیای دروستکردنی ئاژاوەی دروستکراو هێندە بەسانایی خۆی بخزێنێتە نێو بیرکردنەوەماندا.
سێیەم: شێوازی گواستنەوەی هەواڵ و زانیارییەکان گوزارشت لە خودی ڕووداوەکە ناکات، بەڵکو گوزارشت لە ئایدیۆلۆژیا و فکری سیاسی و حزبی شێوازی کارکردنی کەناڵەکان دەکات. ئەمەش هەندێک جار دەچێتە خانەی فریودان.
ئاگرەکەی لەنگە ئایدیۆلۆژیای لە پشت نییە، بەڵام دەکرێت بێژین هەڵەی لە پشتە، هەڵەی چەند بارە. لەوانە سستی و لاوازیی چاودێریی و کەمتەرخەمی پاسەوان، هەڵەی گواستنەوەی هەواڵ و چۆنیەتی کوژاندنەوەی ئاگرەکە و ڕێگەدان بە خەڵک بە ئارەزووی خۆیان بچنە نێو شوێنی ئاگرەکە و دوکانەکان، هەڵەی پشتگوێخستن، هەڵەی هەڵدانەوەی کەلوپەل لەسەر شۆستە و لەپێش دوکانەکان، هەڵەی نەبوونی چاودێریی و ئاگادارکردنەوە لەکاتی ئاگر کەوتنەوە. هەڵەی تەکنیکی.
بەداخەوە هەندێک فێری ئەوە بوون هەموو شتێک دەبەستنەوە بە ئایدیۆلۆژیا و حزبایەتی، ئەمە وەکو ئەوە وایە بڵێین بەداخەوە ئایدیۆلۆژیا لای هەندێک بۆتە لەنگە، هەندێک جاریش فکر و ململانێی سیاسی وەکو لەنگە دەبینن.