چێژی دەسەڵات، شێرپەنجەیە!

غازی حەسەن
  2024-11-03     164

لەڕوانگەی زمانەوانییەوە دەسەڵات توانای ئەنجامدانی کارێکە. مرۆڤ دەسەڵاتی بەسەر زۆر شتدا دەشکێت و دەتوانێت کارێک، یان پتر لە کارێک بەو توانایانەی هەیەتی ڕاپەڕێنێت. بەکردەوە دەسەڵات توانایەکی بەهێزە بۆ ئەنجامدانی مەبەستی هەمەجۆر.

چەندین جۆر دەسەڵات هەیە لەوانە: دەروونی، ئایینی، یاسایی، کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری و دەسەڵاتی تاک و دەسەڵاتی گشتی.  سەرباری ئەوانەش مرۆڤ توانا و دەسەڵات و هێزێکی شاراوەی لەناخی خۆیدا هەیە، ئەم دەسەڵاتە توانای هەیە کەسەکە بکاتە (کۆیلە و بێ ئیرادە، یان خاوەن ئیرادەیەکی سەرسوڕهێنەر و خودی خۆی).

لەڕوانگەی (میشێل فۆکۆ) دەسەڵات پەیوەستە بە (پەیوەندییەکان/ کردەی پەیوەندیکردن) و ئامانجی سەرەکی بەدیهێنانی (هاوسەنگی دەسەڵاتە)، دەسەڵات بریتییە لەململانێ لەنێوان حاکم و فەرمانڕەواکان و تواناکانی کۆنترۆڵکردن نیشان دەدات، لەگەڵ ئەوانەی دەیانەوێت بەڕەنگاری دەسەڵات ببنەوە.

کاتێک دەسەڵات لە حوکمڕانی و فەرمانڕەوایی دەگۆڕێت بۆ (کۆنترۆڵ لەپێناو سزادان و سنووردارکردنی هەموو شتێک) ئەمە بەکردەوە دەبێتە توانایەکی ڕووت بۆ خۆسەپاندن، یان لەم دۆخەدا هەندێک دەسەڵات دەگۆڕێت بۆ (چێژ)، بەمانای (پارە، سێکس، کۆیلەکردن و ئیستغلال و لەزەت). هەموو بنەمایەکی کردەی پەیوەندیکردنیش لە ڕوانگەی پراگماتیکەوە بریتییە لە ڕاپەڕاندنی مەبەست و بەدیهێنانی گوتارێکی خاوەن پەیام. دواتر مەبەستەکە دەگۆڕێت و لە فۆرم و شێواز و جۆر دەردەکەوێت (مەدەنی، دیموکراتی، یاسایی، دیکتاتۆری، حزبی، هاوبەش و هاوسەنگ... تاد).

لەهەندێک دۆخدا (چێژ) هێندە بەهێز و فراوان دەبێت، کوێربوون و تاریکی دروست دەکات و هەموو چێژێک دەبێتە هۆکار بۆ سزای ڕەوا و ناڕەوا و لەبارچوونی دادپەروەریی و یەکسانی. سزا بەواتای ملکەچکردن، کوشتن، وێرانکردن، سڕینەوە، بێدەنگکردن، بەکارهێنانی خودی دەسەڵات لەپێناو بەگەورە و مەزن نیشاندانی خودی دەسەڵاتەکە دەبێت، چێژ وەرگرتن لە خۆشییەکانی دەسەڵات هێندە کاریگەر دەبێت، هەموو کەسێک کار دەکات، ببێتە بەشێک لە دەسەڵات، لەپێناو ئەوەدا هەموو تواناکانی دەسەڵات بۆ (خۆڕەپێشکردن و هەڵپەرستی و کوێرانە بڕیاردان و سڕینەوەی ناکۆکییەکانی گەشەکردن و پێشکەوتن) پەیڕەو دەکەن. ئەم چێژە لەکردەوەدا نەخۆشییە و لە شێرپەنجە دەچێت. چێژێکی دیکە ئەوەیە دەسەڵات لەپێناو مانەوە و دروستکردن و پێشکەوتن بەکار دەهێنێت، ئەمە دەبێتە سەرچاوە بۆ گەشەکردن.

چێژی دەسەڵات لەنێوەڕۆکدا سزادانە، مردنە لەنێو جەستە، مردنە لە نێو فکر  و بریتییە لە کوشتنی هەموو وزەیەک، کە دەبێتە سەرچاوە بۆ بیرکردنەوە لەپێناو گوزارشت لە (جیاوازیی و ڕەخنە).  

چێژ لەنێو دەسەڵاتدا، هەمیشە مەیلی بەرەو سزادانی ئەوانی دیکەی هەیە، سزادانێک بۆ ئەوەی میدالیای دڵسۆزی لەسەرووی خۆی وەرگرێت، یان هێزی خۆی لە سەرکوت و سوکایەتی بە هێزەوە لەبەرانبەر بێ دەسەڵاتەکان نیشان بدات. سزا وەکو فۆکۆ ئاماژەی پێ دەکات، پەیوەندی بە زیندان هەیە، منیش پێم وایە چێژی دەسەڵات پەیوەندی بە کوشتنی ئیرادەی ئازاد و سەربەخۆ و زیندانی فکری و دەروونی و ئەخلاقییەوە هەیە. چێژ لە کردەیەکی سوودبەخش دەگۆڕێت بۆ شێرپەنجەیە ئەگەر چارەسەری نەکەیت و کۆتایی پێ نەهێنرێت، دەتکوژێت. مەبەستم ئەو دیاردانەیە، کە وەکو ڤایرۆس جەستەیەکی ساخ دەگۆڕێت بۆ جەستەیەکی شێرپەنجەدار. فکرێکی بەرهەمهێنی کاریگەر دەگۆرێت بۆ فکرێکی داتەپیویی مردوو.  

لەکردەوەدا لەبەرهەمهێنانی کردەی پەیوەنیکردن لەنێو توانای دەسەڵات و مەبەستی کۆنترۆلکردن، کە (چێژ دەبێتە ئامانجی سەرەکی) سزا دەگۆڕێت بە پاداشت، خزمەت دەگۆڕێت بە ئیستغلال و ڕۆتین و بەرتیل و گەندەڵی زیاد دەبن و دەبنە پرۆسەیەکی شەرعی بۆ خۆ دەوڵەمەندکردن و دەستەبەسەرداگرتن، پیشەیی و تەکنۆکرات دەگۆڕێت بە حزبایەتی و خزمخزمانێ و گروپ و گروپکاری، دڵسۆزی دەگۆڕێت بۆ ملکەچی و پاشکۆبوون و کۆیلەبوون و بەر شەقدانی فکر و ئیمان و ئینتما. 

کە دەسەڵات وەکو بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی بەهەموو توانایەوە لە جیاتی پەیوەندیکردن لەگەڵ کۆمەڵگا دەگۆڕێت بۆ بەرهەمهێنانی کاریگەرییەکی ترسناکی بیناکردنی (چێژ/ خواردن/ لرفکردن/ خۆ دەوڵەمەندکردن/ دابڕان لە خەڵک/ بیرکردنەوە لە ژوورە تاریکەکان/ بەڕەواکردنی هەموو پەیوەندییەک لەپێناو بەدیهێنانی بەرژەوەندی تایبەت/ دابەشکردنی دەسەڵات بۆ هێز و گروپی بچووک بچووک/ ناوچەگەریی/ دابەشکردنی دەسەڵات لەپێناو بەخشینی چێژ بە حزبەکان، کەسەکان، ....) ئەوە ئەوەمان بۆ ساخ دەکاتەوە، دەسەڵات گاڤێک دەبێتە بەرهەمهێنی چێژ و بەخشینی لەزەت، ڕاستەوخۆ هەموو شتێکی مەبدەئی دەبەستێتەوە بە(ملکەچکردنی تاک) لەپێناو درێژەدان بە مانەوە، کە مانەوەیەکی مسۆگەریش نییە، دوور نییە ئەمە هێزێکی گەورە، بەڵام تێكشکاو لەناوەوە دروست بکات.

 لەدیماهی ئەگەر چێژی شێرپەنجە ئاسا بەرهەمهێنراوی دەسەڵات بێت لەپێناو کۆنترۆل، ئایندەیەکی باش دروست ناکات. فۆکۆ شی دەکاتەوە و دەڵێت دەسەڵات سەر بە هیچ چین و توێژێکی دیاریکراو نییە، بەشێوەیەکی تەواو  و یەکجاری مولکی هیچ کەسێک نییە، بەلکو کردەی بەکارهێنانە و گوزارشت لە هێزی هەمیشەیی و هاودەنگ و گونجاو لەگەڵ یەک، یان هاودژ بەیەک دەکات، دەسەڵات بەململانێی بەردەوام دەناسرێتەوە.

 لەڕاستیدا دەسەڵات لەخوارەوە پەیدا دەبێت و سەرچاوە دەگرێت  و گەشە دەکات، بەڵام چێژ وەکو بەکارهێنانی خودی دەسەڵاتەکە  بۆ بەرژەوەندی تایبەتی لەسەرەوە دروست دەکرێت و بەکار دەهێنرێت و ئامانجی  خۆدەرخستن و خۆسەپاندن و ملکەچپێکردنی ئەوانی دیکەیە لەڕێگەی ئیستغلالی سۆز و توانای دارایی و سەربازی و ئەمنی خودی دەسەڵاتەکە بۆ ئەوەی لەبەردەم تاک خۆی بەهێز و خاوەن توانایەکی کەم وێنە نیشان بدات و لە بەرانبەر سەرووی خۆشی وەکو (دڵسۆز و  ئامێر و ملکەچ) بێت. واتە چینی خوارەوە و ناوەڕاست و سەرەوە پەیدا دەبێت، ئەگەر چینی ناوەند ئەم ڕەفتارە بنووێنێت، لەجیاتی پەرەپێدانی هێزی دیموکراسی، کۆمەڵگەیەکی خەساو دروست دەبێت و هێزێکی هەڵپەرستی مۆرانە ئاسا بەرهەم دێت.

کاتێک چێژ دەسەڵات بۆ شێرپەنجە دەگۆڕێت، واتا نەخۆشییەکی کوشندە تووشی هەموو لایەک دەبێت، پێویستی بە چارەسەرە، ئەگەر نا چێژی دەسەڵات وەکو شێرپەنجە کۆتایی بەهەموو ئەو چێژە دەهێنێت و دەسەڵاتیش وەکو جەستە دەمرێت. لەم دۆخەدا هێز دەکەوێتە دەستی (چێژ/ یان ئەوانەی گیرۆدەی چێژ وەکو مادەی هۆشبەر) دەبن، بەڕەفتار و نیەت و گوزارشتەکانیان دەسەڵات تووشی شێرپەنجە دەکەن. بەمەش بینین دەبێتە نەبینین، مەعریفە دەبێتە نەزانین و متمانە دەبێتە خۆپەرستی.   

سود لەم سەرچاوەیە وەرگیراوە:

http://e-biblio.univ-mosta.dz/bitstream/handle/123456789/20835/mimoir%20zenati.pdf?sequence=1&isAllowed=y

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×