لە ئێوارەی ١٣ تەموزی ٢٠٢٤ لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەری لە شاری (باتلەر) لە ویڵایەتی پەنسلڤانیا (دۆنالد ترەمپ)ی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا و ڕکابەری (جۆ بادین) بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە کردەیەکی تیرۆر بەڕێککەوت ڕزگاری بوو. تەقەکە بە ئاستەم سەری گوێی ڕاستی گرت و هەندێک خوێن پەڕییە سەر دەموچاوی و هێزی پاراستن یەکسەر خۆیان بەسەر (ترەمپ) داد، بۆ ئەوەی لەمەترسی تەقەکردنی دیکەی قەناس بەدەستەکان بیپارێزن. ئەوەی ڕوویدا ئاسایی نییە، بەشێکە لە بەکارهێنانی توندوتیژی سیاسی.
لە دیداری یەکەم لە (بایدن) باشتر بوو، ئەمەش وایکرد پێگەی جەماوەریی بەرز بێتەوە و لەهەمان کاتدا ناکۆکیش بخاتە نێو خودی حزبی دیموکرات، کار گەیشتۆتە ئەوەی گفتوگۆ لەبارەی توانا و بێ توانایی نوێنەرەکەیان بۆ کاندیدی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بکەن، لەکردەوەدا ئەم تەقەکردنەش قووڕەکە خەستر دەکاتەوە، نزیکەی چوار ساڵە دەیانەوێت لەڕێگەی دادگا (ترەمپ) فڕی بدەنە دەرەوەی مێژووی سیاسی، ئەوە غافلکوژیشی هاتە سەر.
ڕووداوەکە زۆر لە فیلمی سینەمایی هۆلیۆد دەچێت، ئەمە مادەیەکی گرنگی فیلمێکە و دوور نییە لەئایندەیەکی نزیک چیرۆکی (ترەمپ) و (ترەمپیزم) و چیرۆکی دادگایی و پارە و ئابڕووچوونەکان و ڕەفتارە کۆمیدیی و سەرنجڕاکێشەکانی و ئەم کردە تیرۆریستییە وەکو ڕووداوێکی مێژوویی هاوچەرخی ئەمەریکا بکرێتە فیلم.
لەو چرکەیەی تەقە لە (ترەمپ) کراوە، میدیاکانی ئەمەریکا قسە دەکەن و شیکاری دۆخەکە و هۆکار و کاردانەوە و ئەنجامەکان دەکەن. (بایدن) پەیوەندیی بە (ترەمپ) کردووە و قسەی لەگەڵ کردووە و گوتی: سوپاسگوزارم کە سەلامەتە و نزا بۆ خۆی و خیزانەکەی و هەموو ئەوانەی لەگردبوونەوەکە ئامادەبوون، دەکەم. گوتیشی (من و جێلی هاوسەرم) سوپاسی دەزگای نهێنی دەکەین، کە کاریبوون (ترەمپ) بگەیننە شوێنێکی سەلامەت و پارێزراو. بەیانی و دووبەیانی کاردانەوەکان پتر دەبن، کێشەکان قووڵتر دەبنەوە و دوور نییە ئەم غافلکوژییە بەخێر، خێرێکی رەچاونەکراو بۆ (ترەمپ) بگەڕێتەوە و کێرڤی لایەنگرانی بەرز بکاتەوە و کۆمارییەکان، کە دەبێت لە کۆنفراسی خۆیان دوا بڕیار لەبارەی کاندێدەکەیان بدەن، بە هێز و گوڕێکی پترەوە پاڵپشتی نوێنەرەکەیان بکەن.
هەر دوای ڕووداوەکە (ترەمپ) لەڕێگەی تروس سۆشیال میدیا لە بروسکە گوتارێکی کورت قسەی بۆ لایەنگرانی خۆی کرد و گوتی: "لەتەک سوپاسی هێزی نهێنیی، سوپاسی جێبەجێکردنی یاسای بەم شێوەیە خێرایە دەکەم، سەرباری هاوخەمیم بۆ ئەوانەی بوونە قوربانی و بریندار بوون. خەمتان نەبێت دەچمە (میلواکیی) بۆ بەشداری لە کۆنفرانسی نیشتمانی کۆمارییەکان".
دوای ئەوەی لەفیشەکێکی قەناس بەدەستە بکوژەکەی ڕزگاری بوو، لەیەکەمین کاردانەوەدا کە هێشتا لەژێر هێزی نهێنی پارێز بوو، قیت کرایەوە و خێرا مشتی گوشراوی خۆی بەرز کردە و قسە کرد. ئەمەش وەکو هێمایەک بۆ بەردەوامی و خۆڕاگری بوو. ئەم مشتە کوشتراوەی، کە بەرزی کردووە، دەمێکە وەکو "هێما و نیشانەی بەرەنگاربوونەوەی ستەم، یان دەسەڵات و نیشانەی سەرکەوتن" بەکاردێت. وێنەگرێک لەم ساتە وەختەدا، لەم چرکە مێژووییەدا وێنەیەکی پیاوە رزگاربووەکە لەمردنێکی هەقیقی دەگرێت، کە (ئاڵایەکی ئەمەریکا لە پشتی هەڵواسراوە) و ئەم وێنەیە بەرپەڕ و ماڵپەرەکانی سۆشیال میدیای داگیرکرد، وەکو لافاو بڵاوبۆوە. گۆڤاری بەنێوبانگی (نیوزویکی ئەمەریکی) ئاماژەی بەم حالەتە کردووە. (جۆنیۆر دۆنالد ترەمپ بڵاوی کردەوە کە "هەرگیز لە شەڕکردن بۆ ڕزگاری ئەمەریکا ناوەستێت" و (ئێریک ترەمپ)یش کە وێنەکەی لە (ئێکس) بڵاوکردۆتەوە، نووسیویەتی "ئەمە ئەو شەڕەیە، کە ئەمەریکا پێویستییەتی".
دوو ڕۆژی دیکە کۆنفرانسی نیشتمانی کۆمارییەکان دەست پێ دەکات و بێگومان ئەمە دەبێتە دەرفەتێکی زێڕین تاکو (ترەمپ) بە گوتاری ئاگرین سۆز و عەقڵ و دڵی لایەنگرانی پارتی کۆماری پتر بەلای خۆیدا ڕابکێشێت.
لەڕاسیدا تەقەکردنەکە دوور نییە (ترەمپ) بکاتە هێما و نیشانەیەکی سیاسی بەهێز بۆ بەرەنگاربوونەوەی دیموکراتەکان، یان ببێتە پاڵەوانێکی ڕاستەقینە و گوتاری (ئەمەریکا لە ستەم و زۆرداری دیموکراتەکان) ڕزگار بکەن، فراوانتر بکرێت.
هەڵبڕینی دەستی بەم شێوەیە، وەک ئایکۆن و هێمایەکی بەهێز بۆ ڕەتکردنەوەی سیاسەتی (بایدن) و سەرکەوتن بەکاردێت. دوورنییە ڕووداوێکی لەم جۆرە خزمەتێکی زۆری (ترەمپ) لە زۆر بواری وەکو کێشەی دادگا و بەدەستهێنانی متمانەی تەواوی کۆمارییەکان و ڕاکێشانی پتری دەنگدەر بکات.
(بایدن) لە یەکەمین کاردانەوەدا گوتی "با هەموومان لەپێناو بەهێز هێشتنەوەی ئەمەریکا یەکدەنگ بین" و نزیکەکانی (ترەمپ)یش دەڵێن (ئەمە ئەو شەڕە پێویستەیە، کە ترەمپ لەپێناو ئەمەریکا دەیکات". غافلکوژییەکە هێزی پتر دەداتە (ترەمپ) بۆ ئەوەی گوتاری هێرشبەر و تێکشێنەری بە خورتر ڕاپەرێنێت و ئەمە (بایدن) دەخاتە کەشێکی خراپ، کە دەبێت هێزی داکۆکی و ڕوونکردنەوە و ڕەتکردنەوەی توندوتیژی سیاسی زۆرتر بکات، لە هەڵبژاردنیش هەڵبژاردنی هێزی داکۆکی جۆرێکە لەمردن و دۆڕان.