گوتاری سۆشیال دیموکرات و شەلەکرات!

غازی حەسەن
  2022-05-03     480

یەکی ئایارێکی دیکەشمان بەڕێکرد و ئەو کرێکار و جووتیارانەی قوربانی زۆر و سەرەکیان لە شۆڕشی ڕزگاریخوازی کوردستان پێشکەشکرد بەشێکی زۆریان تاکو ئێستاش قوربانین. ئەوانەی ماون دڵنیام هێشتا کێشە و گرفتی ژیانی ڕۆژانەی زۆریان هەیە، ئەوانەی نەشماون نەوەکانیان بێگومان هێشتا بەدوای گوتاری سیاسی دادپەروەریی و یەکسانی و مووچە و ئایندەی شیاوتردا دەگەڕێن و پرسیاریشیان لەم بارەوە یەکجار زۆرە. گوتارێکی نوێ لەچوارچێوە و شێوازێکی کلاسیکیدا ڕادەپەڕێنرێت.

لەهەر ساڵێکدا دروشمەکان و گوتاری کرێکاران و خواستەکانیان دەگۆڕێت. دەپرسم کەسێک هەیە لەم سەردەمەدا پێناسەی چەمکی کرێکار و سەرمایەداریمان لە کوردستاندا بۆ بکات؟. هیچ ئابووریزانێک هەیە بتوانێت پێناسەی زانستی بازاڕ و شێوازی بەرهەمهێنان و ململانێی چینایەتی لە کوردستاندا بکات؟. ئایا کۆمەڵناسەکان دەتوانن پێناسەی دیاردەی مشەخۆری و کرێکاری کرێگرتە و چەکدار و کەسانی هەڵگەڕاوە لە چین و توێژی خۆیمان بۆ بکات؟ ئایا کەسێک بتوانێت بەوردی شیکاری شێوازی بەرهەمهێنان و هێزی کار و چەوسانەوەی چینایەتی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانمان بۆ کات؟ ئایا هیچ زمانەوانێک هەیە بتوانێت پێناسەی ئەو زاراوە نوێیە چینایەتی و کۆمەڵایەتی و کرێکاریانەمان بۆ بکات، کە ئێستا لەنێو کۆمەڵگادا باوە؟.

لە ئەوروپا دا بەهۆی گۆڕانکارییە ئابووری و سیاسیی و فکرییەکان و پێگەی چینی کرێکار لەنێو گەشەکردنی ئابووری و تەکنەلۆژیا و بەرزبوونەوە ئامێری پێشکەوتوو لەزیادکردنی ڕێژەی بەرهەمهێناندا دۆخی پارتە چەپە سۆسیالیستەکان و سۆشیال دیموکراتەکان و چەپەکانی خستۆتە دۆخی هەڵکشان و داکشانێکی بەردەوام. لەم دوایانەدا سۆشیال دیموکراتەکان بایەخ بەدروشمی خۆشگوزەرانی دەوڵەت دەدەن و لەهەڵبژادنەکاندا جەخت لەسەر بواری خزمەتگوزاری و ژیانی هاووڵاتیان دەکەنەوە.  ئەمەش هانی داون لەڕووی ئایدیۆلۆژییەوە بەرەو نێوەڕاست هەنگاو بنێن و پشت بکەنە گەلێک هەڵوێستی چەپڕەوانەی کۆن. وەکو دەرکەوتووە پشتیان بەسیاسەتی بازاڕ و پترکردنی پاڵپشتی و چاکسازیی و نەهێشتنی زەبت و ڕەبت و کەمکردنەوەی باج و دەوڵەتی خۆشگوزەران داوە. ئەمانەش وایانکردووە ئەم حزبانە کەمتر بایەخ بە دروشمی یەکسانی بدەن، لەبەر ئەوە ئەم حزبانە لەسەرتاسەری ئەوروپا دەنگەکانیان لە کەمبوون دایە. (مات پۆلاسکۆ) لەتوێژینەوەیەکی بەناوی (ئابووری میناڕەوی مۆدێرن و شکانەوەی حزبە سۆشیال دیموکراتەکان ئاماژە بەم دۆخە دەکات. هەر کاتێک حزبە سۆسیالیستەکان دەگۆڕێن بۆ حزبی ڕاستڕەو، چینی ناوەڕاست پشتیان تێ دەکەن و بێکاری و بازارێکی لەرزۆک دروست دەبێت زیان بەچینی ناوەڕاست دەگەیەنێت. ئەمەش دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی ئەم حزبانە ڕێژەی دەنگەکانیان بەرەو خوارەوە بچێت و خۆشگوزەرانی دەوڵەت ببێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی حزبەکانی دیکە گەشە بکەن.

یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە هەردەم خۆی وەکو حزبێکی فکری و ئایدیۆلۆژی مۆدێرنی چەپخوازی نێوان ماوی و سۆشیال دیموکرات و باوکی کۆمەڵەی مارکسی و لینینی  دژ بە سیستەمی بنەماڵەی لەسیاسەتدا داناوە، پشتی کردۆتە چینی ناوەڕاست و  هەژاران، ئەگەر دروشمی خانووە قوڕەکانیشی جاروبار گووتبێتەوە، بۆ ئەوە نەبووە هێزی بەرهەمهێنان و ژیانی خەڵک بەرەو پێشەوە ببات، نەخێر ئەمە تەنیا گوتارێک بووە، بۆ ئەوەی کردەی ڕاستڕەوانە و مەیلی خانەوادەیی لەکۆنترۆلی یەکێتی و سیاسەتی بازاڕ و بازرگانی سیاسی لەنێو ئەم دروشمانەدا بشارێتەوە.

وەکو گریمانەی لەوە پێشتریش یەکێتی نەیتوانیوە سنوور و دەسەڵات و سیاسەتی پارتی تێپەڕێنێت. بەپێچەوانەوە دوای چەندین ساڵ خۆ نیشاندان وەکو ئەلتەرناتیڤێکی سیاسی و فکری و پێکهاتەی بەڕێوەبردنی پارتی دیموکراتی کوردستان و هەمیشە تاوانبارکردنی پارتی بەوەی حزبێکە بنەماڵەی بارزانی بەڕێوەی دەبات. کورتیان هێناو یەکێتی تازە بەتازە دەیەوێت حزبی ماڵی تالەبانی بێت و ئێستا دەیەوێت چاو لەپارتی بکات، بەڵام لەچاولێکردنەکەشی هەژارانە هەڵسوکەوت دەکات. لەبیری نەکەین حزبە بەناو مۆدێرن و تازە و گۆڕانخوازەکانیش دەیانەوێت بنەماڵەکانیان حزبەکانیان بەڕێوە ببەن، بێ ئەوەی دان بەو ڕاستییەدا بنێن بنەماڵەی بارزانی سەد ساڵە لەپێناو دامەزراندنی نیشتمانێک تێدەکۆشن، خۆ بە ئەلتەرناتیڤزانەکانیش بانگەشەی دامەزراندنی حزب دەکەن و حزبەکانیشیان پڕە لەکێشە و کاولکاریی.    

سۆشیال دیموکرات لە ڕۆئاوادا ڕەگێکی پتەوی بەگەشەکردنی کۆمەڵایەتی و چینایەتی کۆمەڵگای ڕۆژئاواییەوە هەیە، سەرباری مێژووێکی کۆنی پەیوەست بە ڕکابەری فکریی و ئاڵوگۆڕی سیاسی. لەوێدا سۆشیال بەواتای هاوکاریی و کۆمەک و باشترکردنی گوزەرانی ئەوانە دێت، کە داهاتیان نییە، یان داهاتەکانیان بەشی ئەو شێوە ژیانە ناکات، کە بەشێوەیەکی گشتی بەرنامە و ئاستی بۆ داڕێژراوە. واتە سۆشیال ڕزگارکرنی مرۆڤەکانە لەبرسیەتی و کەوتنە سەرشەقام و ڕەزیلبوونی بەدەست قەیرانی دارایی، یان بەواتایەکی دیکە بەرنامەیەکی مرۆیی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و  نیشتەجێبوون و تەندروستی و پەروەردەییە بۆ چاودێریکردنی مرۆڤەکان لەڕوانگەیەکی مرۆییانەی پڕ بەها.

لای ئێمە سۆشیال بەواتای دەستبەسەراگرتنی موچە و داهات و پارەی بانکەکان و برسیکردنی پتری هاووڵاتیان و فشارخستنە سەریان و دواکەوتنی مووچە دێت. بریتییە لەبەکارهێنانی خواستەکانی هاووڵاتیان بۆ مەرامی سیاسی بێ ئەوەی ڕەچاوی پێویستییە سەرەکی و مافەکانیان بکرێت. خۆ ئەگەر باسی سۆشیال دیموکرات وەکو فکر و تیۆر و فەلسەفەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و خزمەتگوزاریی و پەروەردەش بکەین، ئەوە بۆمان دەردەکەوێت ئەم فکرەیە لە کوردستاندا (شەلەکراتە) نەک سۆشیال. ەبواتای ئەوەی حوکم شەل و قاچ شکاو کراوە.  

من پێم وایە ئەگەر عەقڵێکی گەورە و یەکسانیخواز  و خزمەتگوزار لەڕووی ئابووری و کۆمەڵایەتی و داراییەوە وەکو فەلسەفەیەکی مۆدێرنی پێشکەوتووی نزیک لە ئەوروپاییەکان لە هەرێمی کوردستان هەبووایە، دەتوانرا سیستەمێکی خزمەتگوزاریی (سۆشیال)ی گونجاو لەپێناو خزمەتی ئەو کەسانە دابنرێت، کە داهاتیان نییە، یان ئاستی داهاتی ساڵانەیان نزمە و ناتوانن بەو داهاتەی هەیان خۆیان و خانەوادەکانیان لەنەبوونی و برسیەتی و خۆپاراستن لەنەخۆشی و کێشەی نیشتەجێبوون بپارێزن، دابمەزرێنرێت.

دڵنیام و پێشگیرمانەی ئەوەش دەکەم کەسانێک پێم دەڵێن خۆبەراورد کردن بە ئەوروپا کاریکی ئێجگار سەقەت و لاوازە، بێ ئەوەی بڵێن کەوتە لەبنەڕەتدا هەڵگرتنی دروشمی وەکو (سۆشیال دیموکرات) و شتی دیکەش هەلەکەی کوشندەیە. من مەبەستم لایەنە فکرییەکە نییە، ەبقەد ئەوەی مەبەستم لایەنە پراگماتیکییەکەی چۆنیەتی بەکارهێنانی داهات و سەروەتی گشتییە لەقازانجی گشتی هاووڵاتیان.

داهاتێکی ئیجگار زۆر بەخەڵک دەدرێت ژمارەیەکی ئێجگار زۆری مووچەخۆر بەپارە و مووچەی زۆر بەرز ناونووس کراون لەکاتێکدا یان بوونیان نییە ، یان بندیوارن و هیچ سوودێکیان بۆ بوارەکانی خزمەتگوزاریی لەدائیرەکان و شوێنە گشتییەکاندا نییە. دەکرا ئەمانە بەبڕە پارەیەکی کەمتر لەوەی ئێستا پێیان دەبەخەشرێت، لە چوارچێوەی سیستەمێکی سۆشیال، یان بەرنامەی هاوکاریی و بژێوی دادپەروەرانە ڕێکخرابایە. ئەو کاتە هەم پێگەی حکوومەت و دەسەڵات دادپەروەرانە و خزمەتگوزارانەتر دەردەکەوت، هەمیش بنیودار و مووچەخۆری بێ بەرهەم دروست نەدەبوو، کە ئێستا هیچ هێزێك نییە و ئیرادەی ئەوە ناکات ئەو سەدان هەزار مووچەخۆرە بندیوارە زیادانەی تەنیا بۆ مووچەپێدان و ڕازیکردن و کۆکردنەوەی دەنگ کراونەتە مووچەخۆر لاببات.

لەهەمان کاتدا فکری سۆشیال دیموکرات لە کوردستاندا بەتایبەتی کە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بانگەشەی بۆ دەکات، نەک هەر خزمەتی چینایەتی و فکری و کۆمەڵایەتی هاووڵاتیان و چینی کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان باشترە بڵێم خودی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەڵگری ئەم فکرەیەشی نەکردووە، بەڵکو وەکو بیرۆکەیەکی شێوێندراو، یان چاولێکەرییەکی بریقەدار تەنیا وەکو بانگەشەی سیاسی و پڕوپاگەندەی نێو گوتارێکی هەڵگەڕاوە لەنێو کۆمەڵگا بەکاردە‌هێنرێت.

بەچاوی خۆمان لەسایەی گوتارێکی هەڵگەڕاوە لەواقیعی فکری سۆشیال دیموکرات ئەوە دەبینین لەناوچەکانی ژێر کۆنترۆلی ئەم حزبە سۆشیال دیموکراتەدا چ دەقەومێت و ژیانی هاووڵاتیان و بوراەکانی خزمەتگوزاریی و داهاتی ناوەخۆ و بیرکردنەوەی خەڵک و دۆخی دەروونیان گەیشتۆتە چ ئاستێکی داهێزراوی پڕ لەگومان و گریمانە. لەکاتێدا گوتارێکی تووڕە، ناڕازیی و ئیرادە کوژ باڵادەستە، کە لەهیچ سەردەمێکدا بەقەد ئێستا گوتاری کوردی وزە بکوژ و فریودەر و بڕکبڕ نەبووە.

هاووڵاتی تووشی چ کارەساتێکی گەورەی دارایی و مووچە کراوە. بەپێی زانیارییەکانی حکوومەت و ڕاگەیاندن و هەندێک ئەندام پەرلەمان داهاتی ناوەخۆیی و گومرگەکان و باج و خەراجی سەر هاووڵاتیان دیار نییە، بانکەکان پارەیان تێدا نییە، خانەنشینان بەدەردێک براون کەس خۆزگە بەژیانیان ناخوازێت.

سلێمانی لەلایەن خودی یەکێتی، کە خۆی بەخاوەن و ڕێبەری جەماوەری ئەم دەڤەرە دەزانێت،  لە دۆخێک دایە پارەی تێدا نییە، ئاوەدانکردنەوەی بەشێوەیەکی نەخەملێندراو دەگوزەرێنرێت و دەمێکیشە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دژی دەسەڵاتێک لەدەرەوەی دەسەڵاتی شارەکە فوو دەدرێت. گوتاری یەکێتی بۆ سلێمانی ئەوەیە کە مێژووی ئەم شارە بریتییە لەفکر و هەڵوێست و سیاسەتی حزبەکەی ئەوان. یەکێتی نیشتمانی کوردستان شانازی بەوە دەکات، کە سلێمانی سەوز کراوە. کەچی دۆخی ژیان و ئارامی و گرفت کۆمەڵایەتی و خزمەتگوزاریان لەئاستێکی یەکجار خراپە و لەنێو گوتاری سیاسیدا خۆی لەم بەرپرسیاریەتییە مێژوویی و ئەخلاقییە دەبوێرێت و دەیەوێت نیشانی بدات ئەوەی لەسلێمانی دەگوزەرێت هۆکارەی خودی یەکێتی (باڵادەست و حوکمڕان و خاوەنی ئیرادە و هێز و ئیدارە و داراییەکانی دەڤەرەکە) نییە، بەڵکو تۆمەتبار پارتییە!!. بۆیە من پێم وایە ئەو سۆشیالەی یەکێتی باسی دەکات (شەلەکراتە). سۆشیال لە ئەوروپا واتە خزمەت و ژیانێکی ئاسودەی یەکسان و بوژانەوە و هاوکاری هاووڵاتیانی کەم دەرامەتی بێ مووچە، کەچی لە سلێمانی لەسایەی بیرکردنەوە و گوتاری سیاسی یەکێتی ئەم چەمکە گۆڕاوە بۆ تێکشکاندنی دەروونی جەماوەر، بەکاردەهێنرێت بۆ بێ ئومێدکردنی هاووڵاتی و دروستکردنی دۆخێک و زەمینەیەکی هەڵگەڕاوە لەهەقیقەت و ڕاستگۆیی.

گوتاری سۆشیال دیموکرات لە سلێمانی  لەوە چڕکراوەتەوە هەرچی لە سلێمانی دقەومێت (پارتی و حکوومەتی هەولێر) لێی لەبەرپرسن. لەکاتێکدا سلێمانی هیچ موچەخۆرێک و کاربەدەستێکی بڕیاربەدەست و خاوەن قسەی (نە پارتی و نە حکوومەتی هەقیقی) تێدا نییە، ئەوەی هەیە کادیرە دیارکراوەکانی خودی یەکێتین بڕیار دەدەن و حوکمی شارەکە دەکەن. ئەوەی دەیڵێم نەتازەیە و نە هەقیقەتێكی نادیارەیە.

گوتاری ئێستای سۆشیال دیموکرات لە سلێمانی ئەوەیە: لەبەر ئەوەی من بڕوام وایە کۆمەڵگاش دەبێت هەمان بڕوا و تێگەیشتنی هەبێت. ئەوەی من لەڕووی داراییەوە دەیکەم، هەر ئەمەیە و دەبێت خودی ئەم واقیعەی ئێمە دروستمان کردووە، بگشتێنرێت بەسەر بیرکردنەوە و کەسایەتی خەڵکیشدا و بڕواشی پێ بکەن ئەوەی ئێمە دەیڵێن ڕاستە. واتە (دەیەوێت واقیعێکی تایبەتی حزبی بەزۆر سەپێنراوی دارایی و کۆمەڵایەتی و دەروونی بەسەر گشتدا جێبەجی بکات) و بیسەپێنێت.

من گومان لەڕاستگۆیی گوتاری یەکێتی ناکەم، کە بەکردەوە هەقیقەت و واقیعی سیاسی و فکری و کێشە دەروونییەکانی ناوەخۆی حزبەکە وێنا دەکاتەوە، ئەوەی دەیڵێین ڕێک ئەمە هەقیقەتی ئێستای خودی یەکێتییە. زۆر کەس و لایەن گریمانەی ئەوە دەکەن سلێمانی قوربانییە و یەکێتیش بەم هەنگاوانەی ناتوانێت خۆی بە‌هێز بکاتەوە. بۆیە کاڤێک سلێمانی دەکرێتە قوربانی واتە سەرتاپای هەرێم تووشی قەیران و ناکۆکی و ترس دەبێتەوە.

 ئایا سۆشیال دیموکرات دەیەوێت سەرتاپای هەرێم تووشی قەیران بکات، بۆ ئەوەی گوتارە سەپێنراوەکەی خۆی بسەپێنێت، یان دەیەوێت بە کێشەیەک، کێشەیەکی ئاڵۆزتر چارەسەر بکات.

یەکێتی لەدۆخی ئێستادا وەکو ئەوەیە بیەوێت بەپێبلکە سەربکەوێتە سەر کێشەیەکی بەرز و گەورەوە بە مەزەندەی خۆی لەم بەرزاییەوە  بۆ کێشەیەکی نزمتر و بچووکتر دادەبەزێت. وێنەی ئەم سەرکەوتنە بێنە بەرچاوی خۆت کە وێناکردنە سیاسییەکان چەندە ئاڵۆز و هەڵگەڕاوەن. چارەسەر لەم قۆناغەدا ئەوەیە یەکێتی لەجیاتی بەکارهێنانی سلێمانی وەکو کارتێکی فشاری سیاسی و دەروونیی و کۆمەڵایەتی و گەڕان بەدوای فشاری حزبە شیعەکانی دژی خودی کورد و متمانە بەڕەشەبا، باشتر و گونجاوترە لەدەرگای ماڵە گەورەکەی بارزانی بدات، ئەگەر دەرگایان دانەخستبێت!. هەر چۆنێک بێت بۆ هەموو لایەنەکان واباشترە لێک تێگەیشتن هەبێت، چونکە ژەهری خۆمان لەهەنگوینی ئەوانی دیکە سەلامەتترە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×