من سەرۆکم، چۆن تەلەڤیزیۆنم پێ چاک ناکرێتەوە!

غازی حەسەن
  2025-04-15     236

دەمەوێت پێش چوونە نێو باسی بابەتە سەرەکییەکەم، ئەم نوکتەیەی (عەبدولکەریم قاسم)ی سەرۆک کۆماری عێراق  بگێڕمەوە، کە ڕێک گوزارشت لە ڕەفتاری هەندێک (شڕۆڤەکار و سیاسی و نمایشکاری نێو کەناڵەکانی تەلەڤزیۆن و پێشکەشکاران.. تاد) دەکات. نووکتەکە وەهایە: "دەگێڕنەوە یەکێک تەلەڤزیۆنی تێک دەچێت و سەرۆک کۆماری عێراق عەبدولکەریم قاسمیش دەیەوێت چاکی بکاتەوە. پێی دەڵێن جەنابی سەرۆک تۆ چۆن دەزانی ئەمە چاک بکەیتەوە و کاری تۆ نییە؟ پێت ناکرێت چاکی بکەیتەوە!. ئەویش دەڵێت ئەدی من سەرۆک کۆمار نیم، مادام سەرۆک کۆمارم، واتە دەتوانم تەلەڤزیۆنیش چاکی بکەمەوە".

لەکردەوەدا هەندێک کەس لەم سەردەمە ئاڵۆز و لەهەمان کاتیشدا ئاشکراو سادەیەی هەنووکە، کە قسە دەکەن خۆیان بە شارەزای هەموو بوارە جیاوازە سەختەکان دەزانن و ڕاست و چەپ شڕۆڤەکاری دەکەن. لە تەندروستی، ئابووری، سیاسەت، ئیدارە، کۆمەڵایەتی و  ڕۆشنبیریی، لەکاتێکدا بەشێک ئەگەر زۆربەی قسەکانیشی نەبێت، وەرگیراون و ئاماژەش بە سەرچاوەکانیان ناکات. نەک هەر ئەوە ئامۆژگاری گەورە و بچووکان دەکات، خۆشی ناتوانێت دان بە مریشکێک بدات.

هەرچەندە کەسی سیاسی دەتوانێت قسە لەبارەی زۆر بابەت و کۆمەڵگە و دواڕۆژ و لایەن و کەسەکان و ئابووری بکات، بەڵام ئەویش زانیارییەکانی لە سەرچاوە جۆرجۆرەکان وەرگرتووە، بۆیە مەرج نییە خۆی هەموو شتێک بزانێت، بەڵام ئاساییە لەبارەی زۆر شت قسە بکات، لە سەرچاوەکانی خۆی (کتێب، دەستەی ڕاوێژکاری، ناوەندەکانی توێژینەوە، ڕاگەیاندن.. ) فێر دەبێت و ئاماژە بە شتەکان دەکات و قسەیان لەبارەوە دەکات، بەڵام مەرج نییە خودی خۆی هەموو شتزان بێت.

لە ڕۆمان و چیرۆکدا پاڵەوانی (هەموو شتزان) هەیە، ئەو پاڵەوانە هێز و ناوەندی سەرەکی قسەکردن و بیرکردنەوە و ئاخاوتن و گێڕانەوەیە، توانایەکی بێ هاوتای لەزۆر بواردا هەیە، بۆیە وەکو کەسێکی سەرەکی و خوادان هێزێکی کەموێنە دەردەکەوێت.

بێژەری وامان هەیە، بەشێوەیەک قسە دەکات، کە خۆی پاڵەوانی نێو ڕووداوەکانە و دەڵێت (من/  ئێمە) لەبیرتانە وامان گوت، بۆیە ئەو خۆی وەکو پاڵەوانی (هەموو شتزان) و (هەمەکار) و (تاکە قسەزان و سەرچاوەی شتزان) وەسف دەکات، ئەمە جۆرێکە شێتایەتی و لەخۆگۆڕان و غرور و لە ڕەهەندی نوکتەئامێزی میدیا و دۆخی ڕۆشنبیریی و سیاسی کوردستان پتر شتێکی دیکە ناگەیەنێت. بەداخەوە هەندێک بەجۆرێک ئەم تەمسیلی و قسە و باسانە دەخەنە بەردەم بەکارهێنەرانی زانیاریی و  شتەکان، بەجۆرێک دەردەکەون لای وەرگرەکانی ڕوونە، ئەوان (قسەکەر و هەقایتخوانن و ڕاگوێزی زانیاریی و هەواڵ و بابەتەکانن) نەک (بڕیاردەر و حاکم و  فەرماندەر). ئەوان (بەشێکن لە ژینگەی نەخۆش و دەردەدارن، نەک دکتۆر و پرۆفیسۆر و فەیلەسووف).

شڕۆڤەکارانی کورد و ئەواوەنی وەکو ئەوان ڕەفتار دەکەن و خۆیان نمایش دەکەن لەتەک ئەوەی هەڵەدەکەن و کارێکی نەشیاو دەکەن، کە خۆیان بە (هەمووشتزان) دەردەخەن، تووشی خۆناشیرنکردنیش دێن، کە وا دادەنێن ئەوان (بەشێکن، بەشێکی سەرەکین لە بابەتەکانی نێو هەواڵ و چارەسەری کێشەکان و بڕیاردەریشن لەبارەی چارەسەری دۆزەکان). هەندێک سیاسی ئامۆژگاری لایەنەکان و دەسەڵات و دەوڵەتەکان دەکەن، کەچی خۆی ناتوانێت (ئاخاوتن و گفتوگۆ لەگەڵ خودی خۆی بکات). مادام ناوی کراوەتە شڕۆڤەکار و ڕۆژنامەوان و چاودێری سیاسی دەبێت لەهەموو شتێک بزانێت، تەنیا لە چاککردنەوەی تەلەڤزیۆنیش پسپۆرە. تەیا هەندیك ڕۆژنامەنووس و پێشکەشکاری تەلەڤزیۆنیی وەها دەئاخڤ وەکو ئەوەی ئەوان نەک تەلەڤیزۆن چاک دەکەنەوە، بەڵکو خۆیان دروستکەر و داهێنەری خودی تەلەڤزیۆنەکەشە. وا دەئاخڤن و زار لێک دەکەنەوە، وەکو ئەوەی خۆیان سەرۆک وەزیران و وەزیر و دەسەڵات بن، بڕیار دەدەن، بڕیار، حووکم دەدەن، حووکم.

لەنەش نوکتەتر ئەمەیە، خۆی لە شاشە لەبەردەم بینەران دەردەکەوێت و ناوی خۆی وەکو گەورەترین و دیارترین پێشکەشکار دەهێنێت، ئاماژە بەوە دەکات کە بینەر ئەویان هەبێت، پێویستیان بە خودی کەنالەکەش نییە. لە چ ڕۆژگارێکی غەدار دەژین.          

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×