کە دەوڵەت پیر دەبێت!!

غازی حەسەن
  2024-01-22     193

دەوڵەتیش یەکێکە لەپێکهاتە و بوون و ئامرازە کۆمەڵایەتییەکان. لەدایک دەبێت و گەشە دەکات و دووچاری نەخۆشی و قەیران و ڤایرۆسی سیاسی و کۆمەڵایەتی و دەروونی و ئەخلاقی دەبێت. دەوڵەت پیر دەبێت و نەخۆش دەکەوێت و ئیفلیج دەبێت، کە دووچاری شێرپەنجەی (دەسەڵات و تاکڕەویی و خۆسەپێنی و دابڕان و لەدەستدانی عەقڵانیەت و مەزهەبگەرایی و ئایدیۆلۆژیای ڕەتکردنەوەی ئەوانی دیکە لەژێر کاریگەریی وەهمی دوژمن و ڕکابەرایەتی) دێت، نەخۆشییەکانی لێ پیس دەبێت و چاوەڕوانی شتی باشی لێ ناکرێت.

دەوڵەتیش هەیە لەڕێگەی (بیرکردنەوەی کراوە، هاوبەشیی لە دەسەڵات و بیرکردنەوە لەدەوڵەتی خزمەتگوزار نەک بەکارهێنانی دامەزراوەکانی بۆ بەرژەوەندیی کەسی و حزبی و ئایدیۆلۆژیی) لەڕێگەی ئاڵوگۆڕی ئاشتەوایانەی دەسەڵات و حووکمڕانییەکی پێگەیشتوو، هەروەها تێگەیشتووی پسپۆر و تەکنیکار دەتوانێت تەمەنی خۆی درێژ بکاتەوە، وزە ببەخشێتە جوومگە جیاوازەکانی و دەسەڵاتە جیاوازەکانی نێو دەوڵەت بپارێزێت، لەهەمان گاڤدا خۆپارێزیی لەجەنگ و داگیرکردن، پاراستنی یەکدەنگی نێوەخۆیی لەڕێگەی گفتوگۆ و لێکگەیشتن پەرە پێبدات، نەک بەزۆر سەپاندنی بیروڕای کەمینەی خۆسەپێن و دەسەڵاتی توندوتیژی، ئەم دەوڵەتە دەتوانێت بەگەنجی بمێنێتەوە، کە دەزانێت نەخۆشییەکانی حووکمڕانەکانی دەبێتە مایەی نەخۆشییەکی بکوژ لەنێو دەوڵەتدا.

کۆماری ئیسلامی ئێران وەکو دەوڵەتێکی پیربوو، هەموو ئەو نیشانە و هێمایانەی لێ بەدیارکەوتووە، کە تووشی دەوڵەتی پیربوو دێت. ئێران لەپێناو پارێزگاریی لە باڵادەستی مەزهەبی شیعە جەنگیان گواستۆتە بۆ چەند دەوڵەتێک. ئابووریەکی خراپی هەیە و داهاتی هاووڵاتییەکانی لەئاستێکی نزم دایە و خەڵک تووڕەن. ئێران هێرش و پەلاماری سەربازی بەناوی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی دەکاتە سەر ئەو شوێنانەی دوور و بێلایەنن نموونە هەرێمی کوردستان، لەهەمان کاتیشدا خۆ بێدەنگ کردن و خۆدزینەوە لەوەڵامی ڕاستەوخۆی ئەو دەوڵەت و هێزانە پەیڕەو دەکات، کە ئەندامە باڵاکانی سوپای پاسداران دەکوژن و بەفڕۆکە هێرش دەکەنە نێو خاکی ئێران و زانای ئەتۆمیان لەنێو جەرگەی وڵات لێ دەکوژن و تەقینەوەی کۆمەڵکوژیان لەنێو ئێراندا دژ ئەنجام دەدەن.. تاد. ئەمانە نیشانەی پیربوونە لە (سیاسەت و ئیدارەدانی جەنگ و قەیران و ململانێکان و بەرگری لە وڵات و بوژاندنەوەی ئابووری و گەشەپێدانی توانای هاووڵاتیان لەدابینکردنی پێویستییەکانی ژیان و پاراستنی شیرازەی کۆمەڵایەتی. من هەمیشە گوێم لێبووە مەلایە دەسەڵاتدارەکانی ئێران بەمێشک و عەقڵێکی ژیرانە لەژێر پێچەکانی سەریان سیاسەت دەکەن.

دەسەڵاتدارەکانی ئێران پیربوون، دەوڵەت پیربووە، پێگە و هێزی ئێران لەناوچەکە و ململانێ ناوچەکە بەخێرایی بەرەو پیریی دەچێت، وەکو شێرە پیرەکە هێزە پاشکۆکانی خۆی وەکو ڕاوچییەکی کارامە لە ناوچە گڕگرتووەکە بەکاردەهێنێت، بە مردنی ڕاوچییەکان سۆزی زیاتر پەیدا دەکات و بە بەدەستهێنانی نێچیریش دەستکەوت پەیدا دەکات.

(سەدام حوسین) لەدوای داگیرکردنی کوێت وەکو ئەوەی ڤایرۆسی تووشبوون بە شێرپەنجەی هەڵگرتبێت، وەکو تۆقینەرەی وڵاتەکانی کەندوای عەرەبی هەڵسوکەوتی دەکرد و دەرکەوت هەر لەو کاتدا بەرەو پیربوونێکی خێرا چوو. لەکاتی نەخۆشیدا هێندە پیربوو، توانای بیستن و گوێگرتنی ئەوانی دیکەشی نەمابوو، بۆیە نەیدەتوانی ئامۆژگاریی هیچ کەسێک تێبگات، چونکە دەیگووت من ئەوەندە ئەزموونم لە تەمەنی خۆم وەرگرتووە، ناشکێم و پێویستم بە ئامۆژگاریی و ڕاوێژی کەسیش نییە. ئەمە وایکرد نەک هەر سیستەم و حووکمڕانییەکەی تووشی پیربوون بکات، نەێر دەوڵەتەکە و سەرتاپای وڵاتیشی پیر کرد.

ئێرانییەکانیش پێ دەچێت تووشی هەمان ڤایرۆس و دەرد بووبن.. ڤایرۆسەکان جیاوازن، بەڵام نیشانەکانی پیربوون لەوەدەچێت هەمان شت و وەکو یەک بێت. ئەمانە لەکردەوەدا بەشێوەی یەک گروپ و یەک ئایدیۆلۆژیا و یەک بیروباوەڕ بێ بایەخدان بە (گفتوگۆ و ڕیزگرتنی جیاوازیی) حووکمی وڵات دەکەن، ئەم شێوازە دەوڵەت بەرەو پیریی و داتەپین و ئیفلیج بوون دەبات.

ئێران هێندە پیر بووە، ددانی خواردنی خۆراکی کوڵاوی نەرمی لەنێوەخۆی نەماوە، کەچی دەیەوێت گۆشتی کێشە پیربووەکان و مێژوویی و چیڕبووەکان لەدەرەوەی ئێران لە عێراق و سوریا و لوبنان و یەمەن و فەلەستین و پاکستان بەیەک پارووی بێ جووین بخوات.

هەموو دەسەڵاتێک پێویستی بەنوێبوونەوە و چارەسەر و چاکسازیی و پێداچوونەوە هەیە. ئێران (بەغدا و سوریا و لوبنان و یەمەن و فەلەستین و هەندێک ناوچەی دیکەی) کردۆتە گۆپاڵ و دەیەوێت بەم گۆپاڵە خواروخێچە بڕوات. واتە ئەم وڵاتانەی وەکو گۆچان دەوێت، نەک وەکو هێز و ڕیزلێگیراو و خاوەن پێگە و سەروەریی خۆیان. ئەو وەکو دەوڵەتێکی پیربوو دەیەوێت چارەسەری نەخۆشییەکانی لەدەرەوەی سنوور  و جەستەی خۆی بکات، لەکاتێکدا ئەو دەردە پیرییەی هەیەتی پەیوەندیی بەنێوەخۆی و نێو جەستەی خۆیەوە هەیە.

ئەمەریکا و ئەلمانیا و فەرەنسا و بەریتانیا و ژاپۆن و کەنەدا و ئەوانی هاوشێوەن  بەهۆی هەمیشە و بەردەوام پێداچوونەوە بە سیستەم و دامەزراوەکانیان و نوێکردنەوەیان و ئاڵگۆڕی ئاشتەوایی دەسەڵات لەنێوان حزبە سیاسیی و بەرنامە سیاسییە جیاوازەکان و پەرەپێدان و بوژانەوەی ئابووری و باشترکردنی داهاتی هاووڵاتی، بایەخدان بە پەردوەردەی زانستی و خوێندنی باڵا و توێژینەوە و دیپلۆماسیەتی بیناکردن و کرانەوە بەواتای گفتوگۆی نێوەخۆیی و ڕیزگرتنی دەرەکی دەتوانن پارێزگاری لە بەگەنج مانەوەی دەوڵەتەکانیان بکەن. دیارە هۆکاری دیکەش زۆرن، بەڵام هەنووکە خێرا و بەزوویی پیربوونی دەوڵەتەکانی ڕۆژهەڵات دەبینین، باشتر بۆمان ڕوون دەبێتەوە ئەو دەوڵەتانە چۆن پارێزگاریی لە تەمەن و هێز و کاریگەریی خۆیان دەکەن و قەیرانەکان مەترسیدارن.

نیشانەی نەخۆشیی پیری ئێران دەرکەوتووە و بەئاشکراش دەبینرێت چۆن ڤایرۆسەکانی خەریکە دەپەڕێتەوە نێو جەستەی وڵاتەکانی ناوچەکە، بۆیە ئەم جۆرە پیربوونە کاتەکانی چارەسەری بەسەرچووە، پێویستی بە گۆڕستانێکە بۆ ئەوەی دوای ناشتنی تەرمی دەوڵەتە نەخۆشەکە ڤایرۆسەکانی لەنێو کۆمەڵگەی سیاسی نەمێنێت. ئێمە دەزانین چەندین ساڵ بەر لەئێستا چاکسازیخوازەکانی ناو ئێران کۆشان چارەسەری هۆکارەکانی پیربوونی دەسەڵات و سیستەمی دەوڵەت بکەن، بەڵام بەهێز ڕێگەیان لێگرتن. هیچ کاتێک بۆ چارەسەری نەخۆشی درەنگ نییە، بەڵام پیربوون دەرمانی نییە.ئەەگر سیستەم و حکوومڕان پیر بێت، دەکرێت بە گۆڕانکاریی و چاکسازیی و گۆڕینی هێزە  هێزدارەکان چارەسەر بکرێت، بەڵام کە دەوڵەت بیر دەبێت، چارەسەرکەی جیاوازە. بوونی دەوڵەتی پیری بەهێز و گەورە و خاوەن هێز جێگەی پرسیارە!!.      

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×