هەڵبژاردنی هەڵنەبژاردن

غازی حەسەن
  2024-05-15     157

"بەخششی دنیا مەخۆ، یەعنی بە نانێکی جۆ

خۆ مەکەرە بەر منەت پیرەژنی نانەوا" (مەحوی)

 

بەکورتی و کرمانجی ئەم دۆخەی لە هەرێمی کوردستان دروستبووە، دروستکراوی زەمەنێکی لەوە پێشترە و درێژکراوەی ململانێ و ناکۆکییە حزبییە ناوەخۆییەکانە و دواتریش ئەم ناکۆکییە بۆتە هۆکار بۆ ئەوەی هێزی دەرەکی و ناحەزیش زەمینەکە پتر بکەنە قوڕێکی خەست و قیڕگرتر.

بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بکرێتە هەڵنەبژاردن، پرۆسە دیموکراسییە ئازادەکە، بکرێتە جێگەی گومان (دەرفەتی هەموارکردنەوەی یاسای کۆمیسۆنی هەڵبژاردنیان) لە پەرلەمان کردە قوربانی ئامادەبووان. دەرفەتی درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمانیان بە ئەنقەست و بەرنامەیەکی پێشینەدار خەساند و دواتریش ئەندام پەرلەمانێکی یەکێتی لە ڕێگەی تۆمارکردنی داوایەکی حزبیانە لەخەساندن خەسێندراوتریان بەسەر هەڵبژاردن هێنا و لە دادگای فیدرالی دژە سکلایەکی لەنێوان خۆمان بێت وەکو (دەرزی چارەسەری شێرپەنجە!!!) تۆمار کرد، بەم هەنگاوەش هیچیان لە هەنبانەی ئەفسوناوی هەڵبژاردنێکی خۆڕسکانەی پاک و سروشتی نەهێشتەوە.

ناتوانرێت هەست بەئازار و نیەت و کاردانەوەکانی یەکێتی نەکرێت، ئەوانیش خۆیان بە پشیلەیەکی ئابلوقەدراوی گۆشەیەکی ئەنگوستە چاو وێنا دەکەن. پارتی دەمێکە، بڕیارەکانی دادگای فیدالی بە سیاسی و دەستێوەردان حیساب دەکات، یەکێتیش کە پێشتر شایی بە بڕیارەکان دەهات، دوای نوێترین بڕیار لەبارەی هەندێک بڕگەی هەڵبژاردن، هەستیان کرد مەسەلەکە هێندە ئاسان نییە، گوتیان بڕیارەکەی دادگا (بۆنی سیاسەتی لێدێت). کاکم دەمێکە شانی بە ئاردە، تازە بەتازە شانی دادەتەکێنێت.

بڕیاری هەڵبژاردنی هەڵنەبژاردن، فرە ئاڵۆزە، هەر تەنیا گەمەیەکی سیاسی نییە، بەڵکو ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ستراتیژیی مەترسیدارە، یان هەنگاوە بۆ دەربازبوون لەو فشار و نیەتە خراپانەی نەک هەر کورتان خوار دەکات، بەڵکو ئاخوڕیش وێران دەکات. وەکو (مەحوی) شاعیر دەبێژێت، (خۆ مەکە منەتباری پیرەژنی نانەوا، لەبەر خاتری بەخششی دونیا، بۆ نانێکی جۆ).

لێکدانەوە بۆ هۆکارەکانی ئەم پەنگانەوەی دروستکردووە، دەیان چیرۆکی لەپشتە و هەریەکەش بە شێواز و تەکنیک و سەلیقەی تایبەت وبە پێی دەوروبەری ژینگەی خۆی دەیگێڕێتەوە. بۆیە دەبێژین بە کردەوەش وایە ئەمە چ هەڵبژاردنێکە هەموو (سەروەریی و یاسا و دەسەڵاتێک) بداتە (دادگای فیدرالی) و هەرێمی کوردستانیش لەهەموو دەسەڵاتێک ئاوەڕووت بکاتەوە و تەنیا نینۆکی خۆ خوراندنیشی پێوە نەهێلن، بەهەنجەت و پاساوی یەکتر شکاندن لەسنوور و رەفتار و یاساکانی گەمەی پشیلە و مشکیش دەربچن . لەهەمان گاڤیشدا پێشیان وابێت بانگەشەی (هەڵبژاردنی هەڵبژاردن) بیرۆکەیەکی دیموکراسیانەی ئازادە. ئاخر ئەمە وەکو ئەوە وایە ڕێوی بەکلکی خۆی بڵێت تەڵە نیشانی چاوم بدە.

بڕیار بوو نەخشە ڕێی هەڵبژاردن، هاوسەنگی هێز، دابەشکردنەوەی دەسەڵات و ژمارەی کورسییەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی خواستی هەندێک لایەن بێت و کورسییەکانی کۆتا کە بە پاشکۆ و کۆیلەی پارتی وەسف دەکران، فت بکرێن، یان بەلای کەمەوە (یەکێتی) لەم دۆخەی تێی کەوتووە دیوارپەستێکی نوێی بۆ دروست بکرێت و لەداڕمانی پتر دوور بخرێتەوە، ئەو لایەنۆکانەی سەری زار و بنی زاریشیان ستایشی بەغدایە دژی هەرێم قووڕ قووڕ گۆزەی سەرخۆشبوون دەنۆشن، کورد گوتەنی لە بێ خەبەران کەشکێک سەڵاوت لە خۆیان. لەهەمانکاتیشدا دەسەڵات و هێز و پێگەی براوەی یەکەم لە (پارتی) بسێنرێتەوە. چونکە (براوەی یەکەم، بە واتای دەسەڵات و هێز و بڕیاری یەکەمیش)، بەمانای (یەک سەرچاوەی بڕیار و یەک ناوەندی گفتوگۆ و بۆ گەڕانەوە) دێت، هیچ شاراوەش نییە (براوەی یەکەم ناحەزانی ترساندووە، لایەنەکانی تووشی دڵەڕاوکێ و کیچ کەوتنە کەوڵ) کردووە، ئەمەش نە تورکیا و نە ئێران و نە بەغدا و دوور نییە هەتا دۆستە ڕۆژئاواییەکانیش لەهەندێک دۆخدا دڵیان ئاوی پێ بخواتەوە. ئەم (براوەی یەکەمە خودانی گوتاری کوردستانێکی بەهێزە). بێگومان هیچ هێزێکی ناحەز و داگیرکەر پێشوازی لەم جۆرە گوتارە ناکات، کە هێز و وزە بە مانەوە و بەردەوامی و پێشکەوتن و یەکبڕیاریی و یەک سەرچاوەی بیرکردنەوە و هێز بە هەرێمی کوردستان دەدات.

بۆیە کوردیان گەڕاندەوە چوارگۆشەیەکی بەرتەسکی ئابلوقەدراوی نیمچە تاریک و هەندێک پێیان وایە چرکانیشیان بەتەواوی کوژاندۆتەوە، کە من لەگەڵ زۆر هاوڕای ئەم لێکدانەوەیە نیم، لەهەر تاریکییەکدا کزە چرا ڕەشکەیەکی ڕۆشنبەخش دەگەشێتەوە. ئەمەش لەپێناو ئەوە بوو بە فشاری هەمەجۆرەوە، وابکرێت بژاردەی (هەڵبژاردنی هەڵنەبژاردن) ببێتە یەکێک لە ئارەزووە تاڵە سەختەکان.

ئاماژە سەرەتاییەکان ئەوە دەردەخەن نە بەشداری دەنگدەر وەکو پێشووە، نە پێگە و ژمارەی لایەنەکان وەکو خۆی دەمێنێتەوە، هەڵبژاردن بە هەڵبژاردن ژمارەی دەنگەکان کەم دەکەن و ژمارەی کورسییەکان زیاد دەکەن، ئەمجارەش کە دۆخ لە جاران باشتر نییە، گۆڕان دەبێت، بەڵام مەرج نییە گۆڕانی یەکلاکرەوە بێت. دۆڕاو ئەوەیە پێش تامکردنی ئەنجام، پێی وابێت براوەیە، یان بڕیارەکانی دەستکرد و پاشکۆ و بەرهەمی کاردانەوە بێت، نەک خۆڕسک. بۆیە دەبێژم پێویستە کورد لە جیاتی گەڕان بەدوای نانی جۆ و خۆخستنە بەر منەتی پیرەژنی نانەوا، پێویستی بەوەیە شوێنێکی ئارام بۆ هێلکەکانی خۆی دروست بکات، شوێنێک مار و ئاژەلی گڕوو و دەستی منداڵی منجڕ و لاپرەسەنگی نەگاتێ. 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×