سەروەرلۆجی

غازی حەسەن
  2024-02-04     215

ئەمەریکا وەکو ئەوەی بەزۆر و لەژێر فشارێکی توندی نێوەخۆیی و ململانێی نێودەوڵەتی گۆڕانگڕ بێت، بە لێدانی ٨٥ شوێن لەعێراق و سوریا و ڕۆژی دواتیرش ٣٦ پێگەی حوسییەکان لە یەمەن و دواتریش دیاردەی خۆشاردنەوەی گروپە توندڕەوەکانی سەر بە ئێران، وەکو سەرەتایەک و وەڵامی پەلامارەکانی گروپە چەکدارە توندڕەوەکانی پاشکۆی ئێرانی نمایشکراوە. چەند ساڵێک بەر لەئێستا سعودییە و هاوپەیمانەکانی دەیانتوانی یەمەن کۆنترۆل بکەن و حوسییەکان بنێرنەوە ئێران، بەڵام ئەمەریکا کەلەکی قووڵکرد و لەئاکامیشدا ئەوەی لێشین بوو، کە ئێستا ناتوانن گێرەی تێدا بکەن.

هێزە ناوەخۆییە شڕەخۆرە گەندەڵ و چەتەگەرەکان شەڕی بەوەکالەت بۆ ئێرانی حاکمی (سوریا و لوبنان و یەمەن و عێراق)  دەکەن، ئێران بە ئارەزووی خۆی، هێز و بەرپرسە باڵاکانی لەم وڵاتە دابەش کردووە و ئینجا موشەکبارانی ناوچەکانیش دەکات، کەچی ئەوەی ئەو دەیکات پێشێلی (سەروەریی ئەو وڵاتانە نییە!!!). کەچی (ڕوسیا و ئێران و حەماس) کە یەک بەرەو ئامانجی سیاسیان پێکهێناوە، قسە لەسەر سەروەریی عێراق!!! دەکەن و گوایە ئەوەی ئەمەریکا کردوویەتی پێشێلی یاسایە.

ئەو لۆژیکە پێویستە ناو بنرێت (سەروەرلۆجی)، بۆ؟ چونکە پێ دەچێت جەمکی (سەروەریی پێویستی بە پێناسە و پیداچوونەوە و دارشتنەوەیەکی نوێ هەبێت). بەپێی لۆژیکی هەر یەکێک لەم وڵاتانە پێوانە و بنەما و یاسای سەروەریی دەگۆڕێت. لێدانی هەرێمی کوردستان لەلایەن داگیرکەرانەوە پێشێلی یاسا و دەستوور و سەروەریی ئەو وڵاتانە نییە کە کوردی داوای مافەکانی خۆیانی تێدا دەکەن، بەڵام وەڵامدانەوەی ئەمەریکا بۆ ئەم هێرشانەی دەکرێنە سەر هێزەکان توندڕە و گروپە چەتەییەکان پیشێلکارییە.

ئێران چوار وڵاتی بە کردەوە داگیرکردووە، کەجێ هیچ پێناسەیەک بۆ سەروەریی ئەو وڵاتانە ناکەن. تورکیا بەردەوام هێرش دەکات چ نییە، ڕوسیا نیوەی ئۆکرانیا داگیرکردووە و نزیکەی دووساڵە جەنگێکی کاولکارانە ئەنجام دەدات، چ نییە. لە سوریا خۆیان بڕیاری سەربازیی و  ئەمنی و هاوکێشە سیاسییەکان دەدەن، ئەوەی ئەوان دەیکەن پێشێلی سەروەریی نییە، چونکە لەکردەوەدا بەپێی پراگماتیکی سیاسی دەیسەلمێنن ئەم وڵاتانەی ئەوان جەنگی تێدا دروست دەکەن لە واقیعدا وەکو ئەوە حیساب دەکەن بوونیان نەبێت. ئەوانە پارچەیەکن لە خاک و سەروەریی و ستراتیژێکی جوگرافی و ئەمنی و سەربازیی و ئابووری ئەو وڵاتانەی بە ئارەزووی خۆیان سەروەریی وڵاتەکان بەکاردەهێنن.

عیراق پێویستە بۆ سەروەرییەکانی خۆی بگەڕێت، میلیشیا حوکمی تێدا نەکەن، ئێران نەبێتە بڕیاردەر و حاکمی سێبەر. ئەمەریکا هەموو زانیارییەکی بە بەغدا داوە، چی دەکات و ڕێککەوتنی ستراتیژی لەگەڵ ئەو وڵاتە هەیە، کەچی وەلامەکانی ئەەمریکا بەهەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە دەزانن و کردەوە تیرۆریستی و توندڕەووی پاشکۆبوون و تڕۆکردنی دەوڵەت بە سەرەوریی وەسف دەکەن. ئێمە هەموونا دەزانین بەکردەوە سەروەریی عێراق لەلایەن میلیشیاکانی ئێران و وڵاتانی دیکەوە نەک پێشێل کراوە، بەڵکو (سڕاوەتەوە و بوونی نییە).

ئەمەریکا سیاسەتی پراگماتیکی پەیڕوە دەکات، پراگماتیک بڕوای بە (باش و خراپ) لە کار و کردەوە و ڕەفتاردا نییە، بەڵکو ئیمانی بە (گونجان) هەیە. ئایا ئەوەی دەکرێت و ڕوودەدات و ڕەچاودەکرێت لەگەڵ سیاسەت و بەرژەوەندی ئەوان دەگونجێت.  سیاسەتی پراگماتیک ڕاپەڕاندنی ئەرک و مەبەست و خواستەکانە، ئەمەش پشت بە بەکارهێنانی هەموو شتێک لەپێناو بەدەستهێنانی هەموو شتێک دەبەستێت. ئەوانە بەدوای بیرۆکەی ئێکسپایەردا ناگەڕێن، لای ڕۆژهەڵاتییەکان سیاسەتی ئەمەریکا هەڵەی زۆری تێدایە، لای ئەمەریکییەکانیش سیاسەتی ئەمەریکا وەکو پێویست نییە. دیموکراتەکان دەیانەوێت لەنێو ئەمەریکاوە حوکمی دونیا بکەن، کۆمارییەکانیش دەیانەوێت لەنێو دونیادا حوکمی ناوەخۆیی ئەمەریکا بکەن.

بۆیە ئاساییە ئێرانییەکان کار بکەن و شتێک دروست بکەن، دیموکراتەکان لە هەڵبژاردن ببەنەوە، چونکە پێیان وایە بردنەوەی کۆمارییەکان هێز و بیرۆکەی لێدانی ئێران و هاوپەیمانەکانی فروان و کاریگەرتر دەکات. سیاسەت ئەوە نییە، کە ئێمە دەمانەوێت، بەڵکو ئەوەیە کە دەکرێت و ڕوودەدات. لەبەر ئەوە کە بڕیاری جەنگ هەبێت (سەروەرلۆجیا) وەکو زانستێکی خەسێنراوی درۆزنانەی پووچ مامەلەی لەگەڵ دەکرێت، وەکو چۆن عێراق و وڵاتەکانی دیکە وەکو دەولەتی خەسێنراوی ئێرانی هەڵسوکەوت دەکەن. پێداچوونەوە بە پێناسەی سەروەریی پێویستی بە زانستێکی نوێ هەیە.    

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×