لەوە دەترسم..!

غازی حەسەن
  2022-02-22     549

ترس وەکو دۆخێکی خۆوریاکردنەوە و بەئاگاهاتنەوە و ڕاچلەکاندن خراپ نییە، بۆ ئەوەی مرۆڤ بیر لەچارەسەر و دۆزینەوەی هۆکاری کێشەکان و گەیشتنە ئەنجامێکی باشتر لەوەی دەیەوێت، بکاتەوە. لەهەمان کاتدا ترس وەکو دۆخێکی دەروونی خراپە، چونکە زۆر جاران مرۆڤ لەپەلوپۆ دەخات و هەرچی وزەی بیرکردنەوە و جووڵان و بزاوتن و زاخێکی هەیەتی لەکار بکەوێت.

من ناترسم تاکو توانای بیرکردنەوەم نەمێنێت، بەڵام ترس وەکو ئەگەر و گیرمانە و بەئاگاهاتنەوە و گەڕان بەدوای ئەلتەرناتیڤێکی گونجاوتر هەمیشە وەکو گۆچانێکی هاریکار لەگەڵمە. ناترسم بکەوین، دەترسم مۆرانەی ناکۆکییەکان لەنێوەخۆدا دامانڕزێنێت.

دەترسم دەسەڵاتدارە حزبییە شیعەییە تێکشکاوەکانی هەڵبژاردن، کە نایانەوێت دان بەشکانەکانی خۆیان بنێن، بەهاوکاری ئێران بیانەوێت وەکو ڕووسیا بەرنامە بۆ داگیرکردنی ئۆکرانیا دادەنێت، ئەوانیش هەوەسی جۆرێک لەم بیرۆکانەیان هەستێت. ڕووسەکان لەڕێگەی هاندان و پاڵپشتی و کۆمەکی گروپەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا دەیانەوێت هەنجەت و پاساوی هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا شەرعیەت پێ بدەن، شەرعیەتێک، کە لایەنی بەهێز دژی لایەنی لاوازتر پاساوی بۆ دەهێنێتەوە.

ئەم بیرۆکەیە لەوەپێشتر لە کوردستاندا چەندین جار بەکارهێنراوە و ئاکامەشی بەزیان بۆ کوردستانییەکان گەڕاوەتەوە، تا دەگاتە پێکهێنانی ئیدارەی سلێمانی و لەتبوونی هەرێمی کوردستان بۆ هەردوو دیوی هێلی نێودەوڵەتی (دێگەڵە) کە ئەندازیارەکەی ئێرانییەکان بوون. لێرەدا نازانم بڵێم رووسیا دەیەوێت ئەزموونە تاڵەکانی هەرێمی کوردستان بەکاربهێنێتەوە، یان حزبە شیعییەکان دوور نییە جارێکی دیکە بیر لەهەمان هەنگاوەکانی ڕووسیا بکەنەوە و (مەسەلەی دەرهێنانی نەوت و غاز لەلایەن حکوومەتی هەرێم) بکەنە پاساوێکی دیکەی دووبارەکراوەی پێشتر و هەمان پرۆسەی ١٦ ئۆکتۆبەر دووبارە بکەنەوە. ئێمە بینیمان بەکردەوە دابەشکردنی کوردستان فەشەلی هێنا و لەڕێگەی ڕێککەوتنی ستراتیژی (پارتی و یەکێتی) بەشێکی زۆری پاشماوەی ئەم دابەشبوونە جوگرافی و ئیدارییە سڕایەوە، بەڵام بە کۆچی مام جەلال و خۆبەستانەوەی یەکێتی بەغدا و کورتهێنانی مەزەندەکانیان لەهەڵبژاردنەکاندا، خەریکە جارێکی دیکە بیرۆکە و پاشماوەکانی دوو ئیدارەیی ببوژێنرێتەوە و بەتایبەتی ئێمە دەزانین هەندێک کارەکتەری نێوەخۆیی کوردی بەئاشکرا زەمینەسازی دەروونی و ئەخلاقی بۆ ئەم جۆرە ئاراستە و بیرۆکەیە دەکەن و هەندێکیشیان تەنیا (بەکارهێنانی هێزی سەربازیش) وەکو بیرۆکەیەکی گونجاو لەڕووی (یاسایی و سیاسیی) ئاماژە پێ دەکەن و جۆرێک لەپەیام بۆ بەغدا دەنێرن، لەئەگەری تەسلیم نەبوونی (پارتی و  هەولێر) بە ئەمری واقیعی بڕیاری دادگای فیدرالی، کە بڕیاریکی بێ ئەلتەرناتیڤ و چارەسەرە، بیر لەبەکارهێنانی هێزیش بۆ داگیرکردنی بیرەنەوتەکان، کە لە بنەرەتدا داگیرکردنی خاکە بەکاربهێنن.

من دەترسم، هەموو دونیا ئامۆژگاریی ڕووسیا دەکات کارێکی لەم جۆرە نەکات، کەچی ڕووسیا بەکردەوە ئامادەیە و دەستی پێکردووە و لەڕێگەی هاندانی کۆچ پێکردنی هاووڵاتیان لەڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا دەیەوێت شەرعیەت بەهێرشی سەربازی دژی کێیف بدات و ئەمڕۆش دانی نا بەجیابوونەوەی دوو هەرێمی ناڕازیی و دژ بەکێیف. تەنیا وڵاتێكیش پاڵپشتی ڕووسیا بکات، چینە! بێگومان هەردووکیان لەدژی ئەمەریکا یەکگرتوون، دەنا دوو ناکۆک و دوژمنی ئایدیۆلۆژیی مێژوویی یەکترن.

حزبە شیعە دۆڕاوەکان و ئێران و هەندێک کەس و گروپی کوردیش لەدژی (پارتی و هەولێر) کۆک و هاوبیر و هاوکردەوەن بۆ سزادانی (هەرێمی کوردستان، تاکو ئاستی سڕینەوەشی) هاوسۆزن. پێ ناچێت بیرۆکەی حکوومەتی زۆرینەش نەعێراق لەقەیانەکانی دەرباز بکات و نەکوردیش بتوانێت هەنگاوێک بچێتە پێشەوە، بەپێچەوانەوە هەموو کارتەکان بەکارتی سووتاو دەچن.  

من دەترسم لەداخی ئەوەی ڕقێکی ئەستووریان لە پارتی هەڵگرتووە، بیانەوێت بەهەمان ئاواز و ئاهەنگی ڕووسەکان، بیر لەچارەسەری کێشە لەمێژینەکانیان لەدژی هەولێر بکەنەوە. هەموو دونیا لەگەڵ ئۆکرانیایە، بەڵام هیچ هێزێک تاکو ئێستا نەیتوانیوە ڕووسیا سنووردار بکات و بیرکرنەوەی بۆتین بگۆڕێت. هیوادارم  پارتی و یەکێتی بیر چارەیەکی هاوبەش و هەولێر بیر لەهەنگاوێکی یاسایی و دەستووری واقیعی بکەنەوە. ئەلتەرناتیڤی کورد تەنیا یەکدەنگی و یەکگوتاریی و متمانەی نێوان لایەنە کوردستانییەکانە، نەک کارت و فشار و گەران بەدوای ئەنجامێک، کە پتر لەنیو سەدەیە فەشەلی هێناوە.     

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×