لای خوێنەر ڕوونە مەبەستمان لەڕێگاکان و شێوازەکانی داڕمانی کۆمەڵگە و لەناخەوەی تاک و شێوان و داهێزرانی کەسایەتی چییە و چۆن ڕوودەدات. هەر کاتێک هەموو کۆمەڵگە بەسیاسەت سواق دەدرێت و هەموو کەسێک دەبێتە سیاسی و خۆی بە شڕۆڤەکار و سیاسەتمەدار عەیار ٢٤ دەزانێت، ئەمە نیشانەی ئەوەیە، کۆمەڵگە لەقەیرانە و پیشەیی بوون و پڕۆفیشنالی لەزۆربەی بوارەکاندا لەسەر قوڕێ تۆز دەکات.
هەندێک جار داڕمانی گشتی کۆمەڵگە بە داڕمانی لەناخەوەی تاکی نێو کۆمەڵگە دەست پێ دەکات، هەندێک جاریش بەهۆی داتەپینی حکوومەتەکان و خۆبەدەستەودانی سەرکردە و سیاسییە کورتبین و دەمقووڕدراو و هەڵپەرست و خائینەکان، سیاسییە بازرگان و نەمانی ڕای گشتی و دەستەبژێری خاوەن فکر و کارا دەوڵەت و کیانەکانیش دەسڕێنەوە و بەرەو پووکانەوە دەچن.
لەدوای سی ساڵی لە حووکمڕانی کوردیی لە هەرێمی کوردستاندا، لەسایەی حزبایەتییەکی کلاسیکی و خۆدزینەوە لە نوێبوونەی سیستەمی خۆبەرێوەبردن هەست بە داتەپین و داڕمانێکی ئاشکرای ناخ و لەناوەوەی تاکی کوردستانی دەکرێت، لەکاتێکدا پێچەوانەی بەناو سیاسییەکان هەر ئەو تاکە تاکو ئێستاش ئامادە نییە خۆی ڕادەستی قەدر و زولمی داگیرکەر و هێزە شۆڤینییەکان بکات. تاکێک بە مانای وشە لەناخدا بریندارە و بەرەو داتەپینێکی نادیار دەبرێت، کەسایەتی تاکی کورد لەبەردەم گەردەلوولێکی بەهێزی مەترسیدارە. خودی تاک خراوەتە بەردەم گریمانە و ئەگەری پڕ لەپرسیاری بێ وەڵام، زۆربەی لایەنەکان لە گومان پتر وەڵامێکی دروستی چارەسەرئامێز پێشکەش ناکەن. هێندەی قسەی ڕقاوی تۆڵە لەیەکتر کردنەوە وەکو تۆپ دەهاوێژن، نیو هێندەش لەپڕۆژەی چارەسەر نادوێن.
کێشەی هاووڵاتی کوردستانیی پارە نییە، بەڵکو مافی مووچەخۆریی و بەدەستهێنانی مافی کارکردن و هەقدەست و ئەرکەکانیەتی. کێشەی تاکی کورد هەست کردنە بەغەدری نادادپەروەریی و گرتنی بەردەوم لافاوە بە لم. هاووڵاتیان نیگەرانن لە ناکۆکیی و ڕکابەرایەتی سیاسیی نێوەخۆیی، هەر هەنگاوێکی هاوبەش و هەر گوزارشتێکی یەکگرتوو و یەکگوتاریی سیاسیی کاریگەریی لەسەر دۆخی دەروونی و فکریی و متمانەی تاک دروست دەکات.
ئەم داتەپینەی خەریکە ناخی تاک داگیر دەکات، زۆر لە داتەپینی باڵاخانە و شەقام مەترسیدارترە. بۆیە چۆن هەرێمی کوردستان پێویستی بە چاکسازیی لە عەقڵیەت و شێواز و سیستەمی بەرێوەبردن و نوێبوونەوە هەیە، ئاوهاش پێویستی بە چارەسەری ناوەوەی ناخ و شتە نادیارە پەنگخواردووەکانی تاک و ئاشناکردنەوەی تاک بە کۆمەڵگە و پرۆسەی سیاسی هەیە. هەر کاتێک متمانە بووە ئاردی نێو دڕک، سەرەتای چارەنووسێکی تەمومژاوی و نادیار چاوەڕێمان دەکات.