شەڕو سزای ئابووری خەڵکی هەژار دەهاڕێت!

غازی حەسەن
  2022-03-14     414

ئەو تیۆر و سەرکردە و دەسەڵات و دەوڵەتانەی بیرۆکەی جەنگ بەچارەسەر بۆ کێشە گەورە جیهانییەکان دەزانن، ئامانجیان چارەسەر نییە، بەڵکو دەیانەوێت هەندێک شتی تایبەتی خۆیان، کە "شتە نادیارەکانن" لەڕێگەی جەنگەوە بەدەستبهێنن. جەنگ هۆکارێکە بۆ بەدیهێنانی ئەنجام و ئامانجێکی دیاریکراو. ئێمە هەنووکە هەموومان جەنگی داگیرکردنی ئۆکرانیا لەلایەن ڕوسیا دەبینین، بەڵام مەبەست و ئامانجە شاراوەکان و کارەکتەرە سەرەکییەکانی ئەم جەنگە نابینین.

جیهان پڕە لەهەموو پێداویستی و خواستێک و شتێک کە مرۆڤ بیەوێت، ژمارەی مرۆڤ هێندە زۆر بووە، گەلێک لەوڵاتەکان پێیان وایە ناتوانن خواردن و خۆراک و ئاسایشی خۆرکیان بۆ دابین بکەن. ژمارەی کۆچبەران بەڕێژەیەک زیادی کردووە، کە لەم ساڵانەی دوایدا وەکو کارتێکی سیاسی و فشار و جۆرێک لەجەنگ لەنێوان وڵاتەکان لەڕۆژهەڵات و ئاسیا و ئەفریقا و ئەوروپا و ئەمەریکا و ڕوسیا و تورکیا هەژمار دەکرا. لەمەشدا خەڵکی هەژار و چەوساوە و هەڕەشەلێکراو زیانی پێ دەگات، کە زۆربەی ئەم خەڵکە خاوەنی داهاتێکی کەمن و هەشیانە لەدەسەت وزلمی سیاسی و نەبوونی دادپەروەریی سیاسی و کۆمەڵایەتی  کۆچ دەکەن.

جەنگی ڕوسیا دژی ئۆکرەین هاوردەکردن و ناردنی گەنم لەئاستی دونیا کەم دەکاتەوە  و نرخی نان و بەرهەمەکانی گەنم بەرز دەبێتەوە، ئەمە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر چینی دەوڵەمەند و سەرمایەداری گەورە و بەرپرسەکان نابێت، چونکە ئەوان کێک دەخۆن، دەوڵەتە گەورەکان گاڵتەیان بەکەمبوونەوەی ئەم جۆرە کەرەستانە دێت، نەک هەر ئەمەش هەیانە ئیستغلالی نەبوونی ئەم کەرەستانە دەکات و کار دەکات پارە و داهاتی زۆرتر کۆبکاتەوە. ئەوەی زیانی بەردەكەوێت کەم دەرامەت و هەژارەکانن لەسەرتاسەری دونیا. بەرزبوونەوەی نرخ ڕێژەی برسییەکان زیاد دەکات.

ئەگەر چەکی ئەتۆمی بەکاربهێنرێت، هیچ گومانی تێدا نییە لەشار و شوێنە گەورەکان دەدرێت، کە زۆرترین ژمارەی دانیشتوانی تێدایە، بۆ ئەوەی ڕێژە و ژمارەی دانیشتوان کەم ببێتەوە، بەکارهێنەرانی چەکی ئەتۆمی ئەم چەکە وێرانکەرە لە بەرپرسەکان ناگرن، بەڵکو دەیانەوێت لەم ڕێگەوە ڕێژەی خەڵکی هەژار کەم بکەنەوە، کە بەسەرچاوەی نەهامەتیان دەزانن و چی دیکە ناتوانن خزمەتگوازیی پێویستیان پێشکەش بکەن.

لەجەنگ کەسانی هەژار دەبنە قوربانی، لەسزای ئابووری خەڵکی هەژار دەبێتە قوربانی و برسیتر دەکرێن. بینیومانە لەسەردەمی سەدام حوسین، لە ئێران، لە کۆریا باکوری و لە ڕوسیای ئێستادا هیچ لەدۆخ و ژیانی دەوڵەمەند و سەرمایەدار و بەپرسەکان سەرەکییە دیارەکان ناگۆڕێت، بەپێچەوانەوە ئەوان لەسایەی سزا ئابووریەکان دەوڵەمەندتر دەبن، ئەوەی زیانی بەر دەکەوێت چینی هەژار و کەم دەرامەت و منداڵ و ئافرەتانی چینە هەژارەکانن. داهاتیان بۆ ئاستێکی مەترسیدار دادەبەزێت، لەخزمەتی تەندروستی دادەبرێن، ئاستی پەروەردە و فێرکردن دادەبەزێت، ئارامی و ئاسایش خراپ دەبێت و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان ئاڵۆز دەبن و ڕێژەی تاوان و تاوانکاریی بەرز دەبێتەوە. خەڵکی هەژار لەپێناو دابینکرنی ژیانێکی باشتر بیر لەکۆچی بەکۆمەڵ و گەڕان بەدوای وڵاتێکی ئارامتر و باشتر لەڕووی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی دەکاتەوە.

سەرمایەدارەکان لەپێناو دابینکردنی سەرمایەی زیاتر جەنگ دەست پێ دەکەن، سووتەمەنی جەنگ هەژارەکانن، کە بەردەوام هەژارەکان هەژارتر دەکات، نەک هەر برسیان دەکات، بەڵکو لەڕووی مەعریفە و تەندروستی و ئاسایشەوە هەژارتریان دەکات و لەسەرچاوەی لەزەت و گونجاو و شیاو، لە ژیانێکی گونجاو دایان دەبڕێت.

جەنگی ئێستا لەپێناو دابینکردنی ئارامی و ئاسایش و پارێزگاریی لەکەرامەتی مرۆڤ و مرۆڤایەتی نییە، داکۆکی لەئاسایشی و سنووری  نیشتیمان و دوورخستنەوەی مەترسی و فشارە دەرەکییەکان نییە، بەڵکو ئامانجی جەنگ سڕینەوەی بەهای مرۆڤایەتی و چەوسانەوە و گەڕانە بەدوای خۆسەپاندن و سڕینەوەی ئەوانی دیکە.

سەرمایەدار و دەسەڵاتدار و بەرپرسەکانی هەڵگیرساندنی جەنگ، لەڕێگەی درۆی ڕاست، وای وێنادەکەن ئەوان لەپێناو هەژارەکان (میللەت) و بەپاڵپشتی ئەوانیش سەرکەوتوون و دەجەنگن، کەچی لەکردەوەدا ئەوان هەژارەکان وەکو کارت و کەرەستەیەکی هەرزانی هەژار لەفکر و لاواز لەکەسایەتی بەکاردەهێنن.  هەموویان بەناوی میللەت میللەت دەکوژن، سەرمایەدارەکان بەناوی هەژارەکان هەژارەکان دەکوژن. بۆیە کەرەستەی جەنگ و قوربانی جەنگ خودی هەژارەکان و خاوەنی داهاتی مام ناوەندین ، نەک سەرمایەدار و دەسەڵاتدار و دەوڵەمەندەکان. ئەوەی لەجەنگ دەباتەوە بازرگانەکانی جەنگن. بازرگانەکانی بواری ئابووری و سیاسی و چەک لەپێناو پاراستنی نێوبانگ و هێز و دەسەڵاتی تاکەکەسی خۆیان، شانازی بەجەنگ دەکەن.

ئاشتی و ئاسایشی جیهانیی، بانگەشەیەکی لاوازە، زۆر ئەم بیرۆکەیە لەلایەن دەوڵەتە گەورەکان وەکو پەڕۆیەکی پیس سەیر دەکرێت، لەپێناو بەدیهێنانی شتە نادیارەکانی خۆیان، جەنگێکی ئاشکرا و دیار گڕ دەدەن. دەوڵەتە گەورەکان، دەوڵەتە بچووکە هەژارەکان قووت دەدەن و وەکو دیلکراوێک مامەلەیان لەگەڵ دەکەن. هیچ هاوسەنگییەکی ڕەوا لەدابەشکردنی سەروەت و ئابووری و  ئازادی و دیموکراسی و بەختەوەریی لەنێو کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا نییە. شەڕ هیچ کاتێک چارەسەر نەبووە، ئەوەی چارەسەرە گەڕانەوەیە بۆ عەقڵ و بوژانەوەی ڕۆحی مرۆڤایەتی و وازهێنان لەدەمارگیری و لۆژیکی هێز و قووتدانی زۆرەملێ.       

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×