گوتاری ڕاگەیاندن و نەگەیاندن

غازی حەسەن
  2024-03-15     239

گوتار بریتییە لە ڕاپەڕاندن و بەکردەوە ئەنجامدانی هەندێک شت، هەر تەنیا کردەی پەیوەندیکردن و کارتێکردن و جووڵاندنی هەستی وەرگر و جەماوەر و ورووژاندن نییە، بەڵکو بەکردەوە ئەنجامدانی (مەبەست و خواست و ویستەکانە) لەڕێگەی کەناڵ و شێواز و فۆرمی جیاواز و زمانی گونجاوە.

دووجۆر گوتاری سەرەکی، یان پتر لە دوو گوتار و شێواز و فۆرمی ڕاگەیاندن لە هەرێمی کوردستان هەیە:

یەکەمیان گوتاری ڕاگەیاندنی حزبەکانی دەسەڵات و حوکمڕانی (بەرپرسیاریەتی و لێپرسینەوە) یە.

دووەمیان گوتاری ڕاگەیاندنی ئۆپۆزسیۆن و ناڕازییەکان (ڕەخنەگرتن و هێرش و ڕیسواکردن) ە.

لەتەک ئەم دوو جۆرەدا، گوتاری دیکەش هەیە کە لەنێوان هەردوو ئاراستەدا هەڵسوکەوت دەکەن. هەردوو گوتاری ڕاگەیاندن بەدوو پێوانە و شێوازی جیاواز، ڕەنگە لەهەندیک دۆخدا دژ بەیەکیش کار بکەن. لە کورتە باسەدا تەنیا دوو نموونە دەهێنمەوە:

یەکەم: ڕاگەیاندنی دەسەڵات ڕاپۆرت و زانیاریی لەبارەی نادادپەروەریی لەناوچەکانی (عەرەبنشین و حوکمڕانی بەغدا) یان وڵاتەکانی دونیا بڵاو دەکەنەوە، یان هەڵوێستی هاووڵاتی هەژار و نەدار لەبارەی هەڵبژاردن و کێشەی ئابووری و نەداری و  گرفت کۆمەڵایەتی و سیاسی بڵاودەکەنەوە، کەچی هیچ ئاماژەیەک بە هەڵوێستی نێوەخۆیی هەرێم و هەڵوێست و دۆخی هاووڵاتیان ناکەن. لەکاتێکدا ئەوەی یەکەم کتوموت لە هەڵوێست و بابەت و ڕووداو و کێشەی هاووڵاتی هەرێم دەچێت. ئەمە گوتارێکی (دژ بەیەک، نەگونجاو، نیمچە ناڕاستگۆ) نمایش دەکات، دەبێتە هاندەر بۆ ئەوەی وەرگر و بەکارهێنەرەکانی ئەم جۆرە دەزگایانە پشتیان تێ بکەن و متمانە و سەلیقە و بەکارهێنانی ئەم چەشنە گوتارە لاواز و سست ببێت.

دووەم: گوتاری ناڕازیی و ئۆپۆیسۆنەکانی هەرێم ئەوەی بەهەموو توانا و شێواز و تەکنیک و فۆرمێکەوە (دەسەڵاتی هەرێم لاواز و تێکشکاو و هەڵە و تاوانبار) نمایش دەکەن، بۆ ڕاستاندنی بۆچوون و ڕقەکانیان (ستایشی دەسەڵاتی بەغدا و بڕیارەکانیان دژی هەرێم) دەکەن. لەکردەوەدا جۆرێک لە گوتاری ئایدۆلۆژیی تێکشکێنەر و هەڵوەشاندنەوە و بەدگومان و زانیاری هەڵە بەرهەم بهێنێت.  

ئەم جۆرە گوتارانە جێگەی بەزەین، چونکە گوتارێکی هەژار و کەمدەسەڵات و لاوازن، بەهیچ شێوەیەک ناتوانن ببنە جێگەی متمانەی وەرگر و جەماوەری لە سەردەمی پێشکەوتن و مۆدێرنە و فراوانبوونی هۆکارەکانی گەیاندن و پەیوەندیکردن و سەردەمی دەرکەوتنی تاکی (هوشیار و خاوەن ئیرادە و فکر). کورد گوتەنی گوتاری یەکەم کاریتە لەچاوی خۆی نابینێت، بەڵام پووشکە لەچاوی ئەوانی دیکە دەبینێت، گوتاری دووەمیش کچی خۆی دەکاتە قوربانی کوڕی خەڵک و بێگانە و ئامادەیە سیاسەتی (دێزە) و (زیان گەیاندن بە هەموو شتێک) پیادە بکات، بۆ ئەوەی دەسەڵات ڕیسوا بکات و سووک نیشانی بدات.

ئەم شێوازانە لە گوتار، لە کردەوەدا گوتارێکی ئایدیۆلۆژین، گوتاری ئایدیۆلۆژیش بەشێک لە لەدەستدانی لۆژیک و ڕاستی و دروستی، لاوازبوونی متمانە، خود تڕۆکردن. بۆیەشە گوتاری ڕاگەیاندنی لایەنەکانی دەسەڵات وەکو (گوتارێکی کلاسیکی و جوواوە و دووبارە و نیمچە خاوی بێ زانیاریی نوێ) دێنە بەرچاو، ئەوەی دیکەش وەکو گوتارێکی (ڕقهەڵگری ئایدیۆلۆژیی و شەڕانگێزی هێرشبەرێکی بی فکر و رووخێنەر) دێتە بەرچاو، کتومت لە لەشکرێکی وێرانکەر دەچێت.

ئەم جۆرە گوتارانە ڕوخێنەرن، وەکو مۆرانەی دژ بەمتمانە دێنەبەرچاو، ناتوانن بیناکەر و دروستکەر بن، بۆیەشە بەردەوام گوتارەکانیان بە گومان و نیگەرانکەر و ورووژێنەرەکی سلبی دێنە بەرچاو.

پێویستە هەردوو گوتار پێداچوونەوەیان تێدا بکرێت، نابێت دژە سەردەم بن و ناکرێت گوتاری دەسەڵات هەمان گوتاری تەقلیدیی کلاسیکی بێت و گوتاری ئۆپۆزسیۆنیش وەکو دوژمنکار و ڕووخێنەر و ڤایرۆسێکی پەتا ئاسا سەیر بکرێت. گوتار بڕیار و حوکم ڕادەپەڕێنێت، گوتار هەر تەنیا قسەکردن و وشەڕێزکردن و گەرمکردنی هەواڵ و نمایشێکی کاتی نییە، بەڵکو دەسەڵات و بەها و ستراتیژی دەروونی و کۆمەڵایەتییە.  هەر کاتێک وەرگر و بەکارهێنەرانی گوتار هەستیان کرد، ئەم جۆرە گوتارانە کاریان دەبێتە نەگەیانن و ڕانەگەیاندنی ئەو شتانەی ڕاستن و پێویستە خەڵک بیانزانێت، دەبنە کەرەستەیەکی بێزارکەر.       

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×