نەخۆشی لەبیرچوونەوەی سیاسی

غازی حەسەن
  2023-04-21     446

نەخۆشی لەبیرچوونەوە، یان (زەهایمەر) یەکێکە لەو دەردە باوانەی مرۆڤ لەڕێگەی تووشبوون بە مردنی خانەکانی مێشک، دووچاری لەبیرچوونەوە دەبێت، دوور نییە ئەمە مرۆڤ بەرەو دینبوون بەرێت. ئەڤەژی مرۆ دەخاتە نێو کەتواری لەدەستدانی توانای بیرکردنەوە و هەندێک هەڵسوکەوتی نەشیاوی کۆمەڵایەتی و کارکردن بەشێوەیەکی ناڕێکوپێک.

پیربوون و لەبیرچوونەوە وەکو تای تەرازووی ئەم دەردە سەیر دەکرێت، تووشبوو لەکاتی گفتوگۆ و قسەکردن شتەکانی لەبیر دەچێتەوە، ژبەر ئەوە هەندێک دەبێژن ئەو کەسەی نەخۆشی لەبیرچوونەوەی هەیە، زۆر قورسە شتەکانی خۆی و دەوروبەری بیربێتەوە و بیروبۆچوونەکانی خۆی بەڕێکوپێکی دەربڕێت. بۆیەشە وەکو سەرچاوە پزیشکییە جیهانییەکان باسی دەکەن ئەوەی تووشی ئەم دەردە دەبێت، ئەم دیاردانەی لێ بەدیار دەکەوێت: "دووبارکردنەوەی قسەکانی و دووبارەکردنەوەی پرسیارەکان، یان ژوانەکانی لەبیر دەچێتەوە. هەمیشە شتەکان لەشوێنی نەگونجاو دادەنێت و هەندێک جاریش لەشوێنی نالۆژکیان دادەنێت. شوێنی خۆی پێ نازانێتەوە و ناوی خانەوادەکەی خۆی لەبیر دەکات، لەهەمووی گرنگتریش ئەوەیە: لەکاتی قسەکردن وشەی دروست و گونجاوی بۆ ناخرێتە نێو ڕستەکانییەوە، یاخود ناتوانێت گوزارشت لەبیروباوەڕەکانی خۆی بکات و یانژی بە گونجاوی بەشداری لەگفتوگۆکان بکات".

ئەگەر قسە لەبارەی دواین دیاردەی ئەم نەخۆشییە، کە پەیوەندیی بە (قسەکردن و بیرۆکە و گوزارشت و شێوازی گفتوگۆکان و هەڵبژاردنی دەستەواژە گونجاوەکانەوە هەیە) بکەین. دەبینین بەشێکی دیاری ڕاگەیاندنی کوردی، هەروەها بەشێکی سیاسییەکان و حزبەکان و تەنیا هەندێک دامەزراوەش تووشی (نەخۆشی لەبیرچوونەوە) بوون، چۆن؟

ئەو بڕیار و هەواڵ و زانیاریانەی دوێنێ بڵاویان کردۆتەوە، ئەمڕۆ لەبیریان نامێنێت و پێچەوانەی لێدوان و قسەکانی خۆیان دەئاخڤن، وەکو ئەوەی بەهیچ شێوەیەک لەزار و هەڵسوکەوت و بیری ئەواندا گوزارشتی لێ نەکرابێت. ڕووداوە گەورە مێژووییەکان کە پێویستە وەکو پەند و ئامۆژگاریی و وانەی گرنگ بیرخۆیان و خەڵکی بهێننەوە، ببڕای ببڕای بیریان نایەتەوە، پێویستە کەسانێکی بێگانە و نامۆ بیریان بخاتەوە. ئەگەر توانای ئەوەیان هەبێت دەستەواژەی گونجاوی بۆ بەکاربهێنن، ئاخر ئەم دەردە  سندان کوشتووە، مێشک دادەڕزێنێت و دەیکاتە زبڵدان.

هەندێک لەسیاسییە گەنجەکان بەتایبەتی بەهۆی تووشبوون (یان خۆنمایش کردنەوە) وەکو ئەوە وایە دووجاری ئەم دەردە دەروونییە، فسیۆلۆژییە کاریگەرە بووبن، ئەوەی دەیڵێن، نایڵێنەوە، قسەی وا دەکەن، حەمە شێتیش وای نەگوتبێت. هەندێک بەنێو سیاسی کە لەکردەوەدا فەریکە سیاسین و تازە دەستیان بە سیاسەت کردووە، یان لەپێناو دەستکەوتی ڕۆژانە وەکو کاسبی سیاسەت دەکەن، هەروەسا هەندێک ڕۆژنامەنووس، کە هێشتا لاپەڕەی یەک ڕۆژنامەیان نەخوێندۆتەوە، بەهۆی نەخۆشی لەبیرچوونەوە خۆیان لێ دەبێتە (دۆنکیشیۆت) و (پاشا) و (گەورەترین ڕۆژنامەنووسی نێودەڵەتی) و(بەهێزترین سیاسی دونیا) نالۆژیکانە شتەکان لەنێو مانشێت و سەرهەواڵەکانیان دادەنێن، کە خەڵکی سەر بەقوڕیشیان پێ پێبکەنێت ... تاد. دەست بەلێدوان دەکەن، شڕۆڤەکاری وان ڕستەی دووەمیان ڕستەی یەکەمی لەبیر دەچێتەوە. دەستی ڕاستی دەستی چەپی ناناسێتەوە، گوێی چەپی گوێی لەقسەکانی گوێی ڕاستی نابێت. چاوی ڕاستی سپی و چەپیشی ڕەش دەبینێت.. دڵی بەتاڵ بۆتەوە لەعەقڵ.

لەکاتێکدا، کە قسە دەکەن ناوی باوکیان بیر نایەتەوە، ژمارەی پێڵاوەکانیان لێ دەگۆڕێت و دۆستەکانی بە مشک و دوژمنەکانی بەشێر دێتە پێش چاو.. ئەم دەردە سەگباب خێوە تووشی هەر کەسێک بێت، زمانی خوار و عەقڵی دەگەچرێنێت و فکری دەئاڵۆزێ و گوزارشتەکانی وەکو ئاردی نێو دڕکی لێ دێت و دەربڕینەکانی وەکو ئەوە وایە نیسکێنە بە دەست بخوات!

باشە ئەگەر نەخۆشی لەبیر چوونەوە نەبێت، مەعقوڵە ئەنفالمان تەنیا لەیەک ڕۆژ بیر بێتەوە و (یادی بکرێتەوە لەجیاتی ئەوەی کردەوەکە ڕیسوا و رەفز بکرێت) خۆیان لەپەنای وشەکانەوە نمایش دەکەن. (هەڵەبجە) لەیەک ڕۆژدا دەقەیەک بۆی بووەستین و هەموو ساتەکانی دیکە، سەمای بۆ بکرێت. هیچ ڕێککەوتنێکیان بیر نەیەتەوە، هیچ کارەساتێکیان بەمێشکدا گوزەر نەکات، تەنیا دوای کارەسات نەبێت. ئەگەر نەخۆشی لەبیرچوونەوە نەبێت چۆن ئەم هەموو (جوێن و هەڕەشە و قسە نابەجێ و وشەی هەڵبزڕکاو و فکری قوندە و هەڵسوکەوتی داینەسۆرانە و جرتوفرتی پشیلە و مشک و ڕاوە تەپکە... تاد) لەنێو زاری قسەکردن و ئاخاوتنەکانی ڕاگەیاندن لەنێو فکری بەنێو (سیاسەتمەدارە دەق نەشکاوەکان) بڵاو دەکرێتەوە.

چارە؟ بۆتە پارە!. پارەش بۆتە ڤایرۆسێکی مەترسیداری گەشەکردنی نەخۆشی لەبیرچوونەوە و گەندەڵکاریی دیاردە نالۆژیکییە نابەجێیەکە. ئەگەر نا (گەندەڵکاری چۆن بەیاسا شەرعیەتی پێ دەدرێت و بە سیاسەتیش زەمینەی بۆ خۆش دەکرێت). کەی ڕەوای هەقە، کەی ئەمە دەرمانی دەردانە (هەموو ڕێگاکان ببەینەوە سەر پارە).

ئەم دەردە دەروونییە، خەریکە مێشکی سیاسەت و ڕاگەیاندن کلۆر دەکات، وزەی بیرکردنەوە دەخوات و پانتاییەکانی نێو مێشک، کە پانتاییەکی هەزار بەهەزاری فراوانە، جێگەی ملیۆنان بیرۆکەی تێدا دەبێتەوە، مۆرانەی ڕق و لەبیرچوونەوە دەیخوات و دای دەڕزێنێت.     

لە ئەمەریکا پێنج ملیۆن و هەشت سەد هەزار کەس تووشی ئەم نەخۆشییە بوون، کە تەمەنیان لەسەرووی ٦٥ ساڵییەوەیە، پەنجا ملیۆن کەسیش لەجیهاندا دووچاری تێکچوونی دەروونی و لەبیرچوونەوە و نیمچە شێتبوونێک بوون. لە ئەمەریکادا بۆ ئەوەی هاووڵاتی شتەکانی لەبیر نەچێتەوە هەموو کارەساتەکانی ڕەگەزپەرسی دژی ڕەشپیستەکان دەخوێنن و لەسەدان فیلمدا بیر خەڵک دەهێنرێنەوە، کەچی هێشتا مەیلی توندوتیژی کۆتایی نەهاتووە و کەسانێک هەن تووشی لەبیرچوونەوە بوون مەترسیدارترینیان نەخۆشی لەبیرچوونەوەی نێو سیاسییەکانە. گەلێک جۆر نەخۆشی سیاسیی لەنێو جڤاتدا هەیە، ترسناکترینیان لەبیرچوونەوەی سیاسییە، نەک بەخشندەیی و لەبیرکردن و سڕینەوەی پاشماوەکانی ڕق و کینە و تۆڵە و شەڕ و یەکتر بڕینەوە.

کە سیاسییەکان دووچاری ئەم دەردە دەبن، ئیدی بنەماکانی (گفتوگۆ و یەکتر دواندن و کردنەوەی دەرگاکان بۆ قسەکردن و دیالۆگ) دادەخەن، چونکە بەهۆی تووشبوون بەم دەردە پێیان وایە ئەوان لەنێو لۆژیکێکدا دەژین وەکو دەشتێکی  بێ کۆتایی بێ دەرگا و پەنجەرەیە، لەکاتێکدا ئەوان خۆیان لەنێو زیندانی سیاسەتدا دەژین. بەهۆی لەبیرچوونەوە پێیان وایە دۆزەخی ناداپەروەریی و یەکتر سڕینەوە و نایەکسانی کتومت بەهەشتە ڕازاوە خەیاڵییەکەیە. بەهۆی نەخۆشی لەبیرچوونەوە پێیان وایە هەموو ماستاوچییە نەزان و نەخوێندەوارەکانی دەربار، فەیلەسوفن. چارە بیرکردنەوەیە، چارە گفتوگۆیە، چارە خۆشەویستیی و ڕێزگرتنە... چارە کارە بۆ ئەوەی لۆژیک لەنێو پووچبووندا دروست بکرێت.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×